راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

دیسكۆ‌و كچه‌ قه‌ناس به‌ده‌سته‌ روسیه‌كه‌
دوای جه‌نگ هه‌واڵی ناڕاست له‌موسڵه‌وه‌ زۆربوون

موسته‌فا حه‌بیب
په‌ندێكی به‌ناوبانگ هه‌یه‌ ده‌ڵێت "دوای جه‌نگ پاڵه‌وانه‌كان زۆر ده‌بن"، به‌ڵام له‌سه‌رده‌می ئه‌مڕۆماندا ئه‌م په‌نده‌ گۆڕاوه‌ بۆ "دوای جه‌نگ هه‌واڵی درۆ زۆر ده‌بن"، شه‌ڕی موسڵیش نموونه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌.
20.07.2017  |  به‌غدا
وێنەی ئەو کچەی گوایە قەناس بەدەستی روسی بوو
وێنەی ئەو کچەی گوایە قەناس بەدەستی روسی بوو

له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی شه‌ڕی موسڵ‌و راگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعشدا له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ 10ی ئه‌م مانگه‌دا له‌دوای نۆ مانگ له‌شه‌ڕی سه‌خت، ده‌یان هه‌واڵی درۆ له‌كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی ناوخۆ‌و عه‌ره‌بی‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبوونه‌وه‌ كه‌ هه‌زاران عێراقی كارلێكیان له‌گه‌ڵ كردن‌و باوه‌ڕیان پێكردن تا بوونه‌ بابه‌تی گفتوگۆی شه‌قام.

 

كاتێك شه‌ڕی موسڵ له‌ 17ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو ده‌ستیپێكرد فه‌رمانده‌یی سوپا له‌ڕووی میدیاییه‌وه‌ خۆی بۆ ئه‌و رووداوه‌ گرنگه‌ ئاماده‌كرد‌و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ لێدوانه‌ ره‌سمییه‌كان ته‌نیا له‌ ده‌ستی "ئۆپراسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وا"دا ده‌بێت، داوایشی له‌كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن كرد زانیارییه‌كان له‌لایه‌نه‌ ره‌سمییه‌كانه‌وه‌ پشتڕاست بكه‌نه‌وه‌ له‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌نگۆ‌و واته‌وات وه‌ك چۆن له‌ شه‌ڕه‌كانی پێشوودا له‌ فه‌لوجه‌‌و تكریت‌و شه‌ڕه‌كانی دیكه‌دا روویدا.

 

به‌ڵام كۆنترۆڵكردنی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌زاران هه‌واڵی به‌رده‌وام ئه‌ركێكی ئه‌سته‌م بوو، به‌تایبه‌تی كه‌ زۆرینه‌ی عێراقییه‌كان پشت به‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌به‌ستن به‌تایبه‌تیش فه‌یسبووك بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌واڵ له‌بری كه‌ناڵه‌ ئاساییه‌كانی راگه‌یاندن وه‌ك كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆن‌و رۆژنامه‌كان‌و ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ.

 

كچه‌ قه‌ناس به‌ده‌سته‌ روسیه‌كه‌

دوای كۆتاییهاتنی شه‌ڕی موسڵ، سوپا كیۆماڵكردنی شاره‌كه‌ی ده‌ستپێكرد بۆ دۆزینه‌وه‌ی پاشماوه‌كانی داعش‌و له‌و ماوه‌یه‌شدا هه‌واڵێك بڵاوبووه‌وه‌ ده‌ڵێت هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كچه‌ قه‌ناس به‌ده‌ستێكی روسییان ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ داعش كاری كردووه‌، سه‌دان بڵاوكراوه‌ی فه‌یسبووك‌و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی ناوخۆ‌و عه‌ره‌بی هه‌واڵه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ وێنه‌ی كچێكی سپی پێستی ته‌مه‌ن بیست ساڵان بڵاوكرده‌وه‌.

 

پاش چه‌ند رۆژێكی كه‌م هه‌واڵێكی دیكه‌ بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت ئه‌و كچه‌ قه‌ناس به‌ده‌سته‌ روسییه‌ كچێكی ئێزدیی بووه‌ ناوی نیزاله‌‌و داعش له‌كاتی هێرشی بۆ سه‌ر شاری شنگال له‌هاوینی 2014دا له‌گه‌ڵ هه‌زاران كچی ئێزدی دیكه‌دا رفاندوونی‌و كردوونیه‌ كه‌نیزه‌ك‌و كڕین‌و فرۆشتنی پێوه‌كردوون.

 

په‌یجه‌ گشتییه‌كانی فه‌یسبووك هه‌واڵێكیان بڵاوكرده‌وه‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی له‌خۆگرتبوو كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن نیزال كچێكی ئێزدیه‌‌و وێنه‌ی كچه‌كه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌ته‌مه‌نێكی منداڵتردایه‌ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی، دوای ئه‌وه‌ عێراقییه‌كان سه‌رقاڵبوون به‌پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كچه‌كه‌ ئێزدیه‌‌و وێنه‌‌و به‌ڵگه‌نامه‌كانی نیزالیان له‌لاپه‌ڕه‌ تایبه‌تییه‌كانیان ده‌خسته‌ڕوو، به‌ڵام ده‌ركه‌وت  ته‌نانه‌ت ئه‌و هه‌واڵه‌ش درۆبووه‌.

 

یه‌كشه‌ممه‌ی رابردووش ڤیان ده‌خیل په‌رله‌مانتاری عێراق ئه‌و مشتومڕه‌ میللییه‌ی یه‌كلاكرده‌وه‌‌و له‌ڕێگه‌ی ئه‌كاونتی ره‌سمی خۆی له‌ تویته‌ر رایگه‌یاند ئه‌و كچه‌ی ده‌ستگیر كراوه‌ نه‌ روسی‌و نه‌ ئێزدیه‌، به‌ڵكو كچێكی ئه‌ڵمانیه‌ له‌به‌رلینه‌وه‌ هاتووه‌‌و به‌زمانی ئه‌ڵمانی قسه‌ده‌كات‌و شووی به‌چه‌كدارێكی چیچانی ریزه‌كانی داعش كردووه‌.

 

سه‌ره‌ڕای ده‌ركه‌وتنی راستی كچه‌كه‌ش، به‌ڵام ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی راگه‌یاندن‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌ هه‌واڵه‌ درۆكه‌یان بڵاوكرده‌وه‌ نه‌ هه‌واڵه‌كه‌یان سڕیه‌وه‌‌و نه‌ راستیان كرده‌وه‌‌و نه‌ داوای لێبوردنیشان كرد له‌سه‌ری.

 

دیسكۆ له‌موسڵ

دیارترین هه‌واڵی درۆ كه‌ چه‌ند سه‌عاتێك دوای راگه‌یاندنی ئازادكردنی موسڵ بڵاوكرایه‌وه‌، كردنه‌وه‌ی دیسكۆ بوو له‌شاره‌كه‌دا، هه‌رزووش هه‌واڵه‌كه‌ له‌نێو عێراقییه‌كاندا بڵاوبووه‌وه‌ تا بووه‌ جێی قسه‌‌و باس‌و له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا به‌شیكردنه‌وه‌‌و پێشوازی لێكردنیه‌وه‌ سه‌رقاڵبوون، هه‌ندێكیان وتیان ئه‌وه‌ هه‌نگاوێكی باشه‌‌و له‌كردنه‌وه‌ی مزگه‌وت باشتره‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌واڵه‌كه‌ش درۆ بوو، هه‌روه‌ك هه‌ندێك له‌عێراقییه‌كانیش گومانیان له‌بابه‌ته‌كه‌ هه‌بوو.

 

دوای وردبوونه‌وه‌ش له‌و وێنه‌یه‌ی هاوپێچی هه‌واڵه‌كه‌ كرابوو، ده‌ركه‌وت كه‌ وێنه‌ی دیسكۆیه‌كه‌ له‌ویلایه‌تی ئه‌ریزۆنا له‌ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا.

 

دانپێدانان له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا

به‌ربڵاوترین دیمه‌ن ئه‌وه‌بوو كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق چه‌ند كه‌سێكیان ده‌ستگیركردووه‌ كه‌ گومانی ئه‌ندامێتی داعشیان لێده‌كرێت، له‌زۆربه‌ی گرته‌كاندا هێزێكی ئه‌منی ده‌رده‌كه‌ون كه‌ ده‌وری كه‌سێك یان كۆمه‌ڵێك كه‌سیان داوه‌‌و له‌ژێر لێدان‌و جوێنداندا لێپرسینه‌وه‌ی لێده‌كه‌ن.

 

ئه‌و دیمه‌نانه‌ له‌ڕێی كامێرای مۆبایلی سه‌ربازه‌كانه‌وه‌ دزه‌یكردووه‌‌و له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ تایبه‌ته‌كانیان بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌ یان ناردوویانه‌ بۆ هاوڕێیانیان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی له‌و په‌یجه‌ گشتییانه‌دا كه‌ له‌نێو عێراقییه‌كاندا به‌ربڵاون.

 

یه‌كێك له‌و گرتانه‌ كۆمه‌ڵێك سه‌رباز پیشان ده‌دات كه‌ ده‌وری پیاوێكی چاوبه‌ستراویان داوه‌‌و لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، هاوكات پیاوه‌كه‌ باسی ئه‌و په‌یوه‌ندی كاره‌ ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتار جه‌میله‌ عوبێدی نوێنه‌ری موسڵ له‌په‌رله‌مانی عێراق هه‌یه‌تی، هه‌رزووش عێراقییه‌كان باوه‌ڕیان به‌وه‌ كرد‌و په‌رله‌مانتاره‌كه‌یان به‌تیرۆر تۆمه‌تبار كرد.

 

هه‌روه‌ها چه‌ند وێنه‌یه‌ك له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ كه‌ كۆمێنتێكیان له‌سه‌ر نووسراوه‌ ده‌ڵێت "هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق ئه‌ندامێكی داعش ده‌ستگیرده‌كه‌ن كه‌ له‌ئاوه‌ڕۆكاندا خۆی شاردبووه‌وه‌" یه‌كێك له‌وێنه‌كانیش ئاماژه‌ بۆ پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن ده‌كات كه‌ پشتێنێك له‌جه‌سته‌ی كراوه‌‌و یه‌كێك له‌سه‌بازه‌كان رایده‌كێشێت.

 

به‌ده‌یان گرته‌ی ڤیدیۆیی دیكه‌ش هه‌ن له‌تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبوونه‌ته‌وه‌‌و سه‌ربازانی عێراق پیشان ده‌ده‌ن كه‌ ده‌وری كه‌سێك یان كۆمه‌ڵێك كه‌سیان داوه‌ گوایه‌ ئه‌ندامی داعشن‌و وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌ندێكیان دووچاری لێدان‌و ئه‌شكه‌نجه‌ هاتوون.

 

له‌پزیشكه‌وه‌ بۆ ئه‌ندامێتی داعش

له‌نێو وێنه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌كاندا وێنه‌یه‌ك هه‌یه‌ له‌شێوه‌ی هه‌واڵێكدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئه‌ندامێكی داعشیان ده‌ستگیركردووه‌ پزیشك بووه‌، دوو وێنه‌ش هاوپێچی هه‌واڵه‌كه‌ كراون یه‌كێكیان وێنه‌ی پیاوێكه‌ به‌رگی سپی پزیشكی له‌به‌ردایه‌‌و ئه‌وی دیكه‌ش وێنه‌ی هه‌مان كه‌سه‌ كه‌ ریشی هه‌یه‌‌و هه‌ردوو ده‌ستی به‌ستراون، راستی هه‌واڵه‌كه‌ش نه‌زانراوه‌‌و هیچ لایه‌نێكی ره‌سمیش راستییه‌كه‌ی رانه‌گه‌یاندووه‌.

 

ژنێكی خۆكوژ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌یدا هه‌وڵی خۆته‌قاندنه‌وه‌ ده‌دات

له‌نێو هه‌واڵه‌ سه‌رچاوه‌ نادیاره‌كاندا كه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوانی له‌نێو عێراقییه‌كاندا هه‌بوو، ئه‌و هه‌واڵه‌ بوو كه‌ ده‌ڵێت ژنێكی خۆكوژی سه‌ر به‌ داعش كه‌ دزه‌ی كردبووه‌ نێو ئاواره‌كان له‌موسڵ، هه‌وڵی داوه‌ خۆی به‌چه‌ند سه‌ربازێكی عێراقدا بته‌قێنێته‌وه‌، هاوپێچی هه‌واڵه‌كه‌ش وێنه‌ی ژنێك دانراوه‌ كه‌ منداڵێكی هه‌ڵگرتووه‌، هیچ لایه‌نێكی ره‌سمیش راستی هه‌واڵه‌كه‌ی رانه‌گه‌یاندووه‌.

 

لیستی توندڕه‌وان له‌فه‌یسبووك

مه‌ترسیدارترین هه‌واڵیش له‌میانی شه‌ڕی موسڵ‌و دوای كۆتاییهاتنی، بڵاوبوونه‌وه‌ی لیستی ناو‌و وێنه‌ی كه‌سانێك بوو كه‌ گوایه‌ ئه‌ندامی داعشن، چه‌ند په‌یجێكی نه‌ناسراویش كه‌ هه‌زاران فۆڵۆیان هه‌یه‌ ناوی كه‌سانێكیان بڵاوكرده‌وه‌ گوایه‌ ئه‌ندامی داعشن‌و سه‌دان فۆڵۆیان له‌ڕێی لایك‌و كۆمێنتی خراپ‌و شێركردنی له‌په‌یجه‌ تایبه‌ته‌كان به‌ده‌ستهێنا، كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ بۆ ژیانی كه‌سانێك به‌كوشتن یاخود ده‌ستگیركردن دروست ده‌كات.

 

ئه‌م نموونانه‌ له‌هه‌واڵ‌و وێنه‌‌و گرته‌ی ڤیدیۆیی كه‌ سه‌دانیان به‌بێ سه‌رچاوه‌ی ره‌سمی بڵاوبوونه‌وه‌، بوونه‌ جێی باوه‌ڕی عێراقییه‌كان‌و بابه‌تێكی به‌پێز بۆ گفتوگۆی دوور‌ودرێژی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌ خاڵی نه‌بوون له‌جنوێدان‌و هه‌ڕه‌شه‌ له‌یه‌ككردن‌و ده‌سته‌واژه‌ی رقلێبوونه‌وه‌، تا وای لێهات بوونه‌ مه‌ترسی بۆ ئاشتی‌و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌عێراقیش.

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌