راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ژیانی‌ سه‌خت‌و ئاینده‌ی‌ نادیار
خێزانی داعشه‌كان له‌تكریت له‌چاوه‌ڕوانییه‌كی‌ بێ‌ كۆتادان

غه‌زوان حه‌سه‌ن ئەلجبوری
پێده‌چێت گه‌ڕان به‌دوای ئاشتیدا له‌كامپی شه‌هامه‌ی‌ باكوری‌ تكریت شتێكی ئاسان نه‌بێت كه‌ تێیدا خێزانی داعشه‌كان بوونه‌ته‌ دراوسێی ئه‌و خێزانانه‌ی دیكه‌ كه‌ له‌ ترسی زوڵم‌و زۆری ئه‌و رێكخراوه‌ ئاواره‌بوون.
15.06.2017  |  تكریت
چەند منداڵێک لە کەمپی شەهامە
چەند منداڵێک لە کەمپی شەهامە

حاجی ئه‌بو عه‌لی ته‌مه‌ن شه‌ست ساڵان‌و هاوسه‌ره‌كه‌ی كه‌وتوونه‌ته‌ خێمه‌یه‌كی بچووكی ناو كامپی شه‌هامه‌ كه‌ پێداویستییه‌كانی ژیان تێیدا ساده‌ن‌و له‌ سووچێكیشیدا یارمه‌تیه‌كانی رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان كه‌ڵه‌كه‌كراوان، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی ئه‌ندامێتی كوڕه‌كه‌ی له‌ رێكخراوی داعشدا له‌ خانووه‌كه‌ی راگوێزرا بۆ كامپی ده‌ركراوان.

 

ئه‌بو عه‌لی ده‌ڵێت: "هه‌وڵمدا رێگری له‌ كوڕه‌ 16 ساڵانه‌كه‌م بكه‌م تا په‌یوه‌ندی به‌ داعشه‌وه‌ نه‌كات‌و لێی توڕه‌بووم،به‌ڵام ئه‌و حه‌سبه‌ی بۆ بانگ كردم‌و له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆمدا لێیاندام‌و وتیان ئه‌و بووه‌ته‌ كوڕی رێكخراوه‌كه‌‌و چیتر كوڕی تۆ نییه‌، دواتر له‌ فه‌یسبووك خوێندمه‌وه‌ كه‌ ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر كوژراوه‌، به‌ڵام من هه‌ر باجی سه‌ره‌ڕۆیی ئه‌و ده‌ده‌م‌و له‌ماڵه‌كه‌م رایانگواستم بۆ ناو كامپ".

 

به‌ده‌گمه‌ن گه‌نجێك له‌نێو كامپه‌كه‌دا ده‌بینیت له‌وانه‌ش ئه‌حمه‌د مه‌حمود كه‌ گه‌نجێكی بیست ساڵانه‌‌و پێنج مانگ له‌مه‌وبه‌ر له‌ گونده‌كه‌ی له‌ باكووری شه‌رگات ده‌ستگیركراوه‌‌و به‌ته‌نیا خراوه‌ته‌ كامپه‌كه‌ پاش ئه‌وه‌ی له‌ هاوسه‌ركه‌ی‌و منداڵه‌كه‌ی‌و خێزانه‌كه‌ی جیاكراوه‌ته‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی زڕبراكه‌ی سه‌ر به‌ داعش بووه‌، ئه‌حمه‌د به‌ "نیقاش"ی وت: "پێنج مانگ له‌مه‌وبه‌ر حه‌شدی شه‌عبی‌و سوپا له‌ شه‌رگات ده‌ستگیریان كردم‌و له‌ خێزانه‌كه‌م دایانبڕیم‌و كه‌س لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌كردووم، هه‌روه‌ك نه‌دراومه‌ته‌ دادگا‌و چاره‌نووسی براكه‌شم نازانم كه‌ به‌جێیهێشتین‌و چوو بۆ موسڵ تا شانبه‌شانی داعش شه‌ڕ بكات".

 

سه‌میره‌ مه‌حمود (47 ساڵ) كه‌ هاوسه‌ركه‌ی له‌ ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی لكێندراو به‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌یه‌وه‌ كوژرا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پۆلیس بوو، مووچه‌ی خانه‌نشینی وه‌رده‌گرت كه‌ یارمه‌تی ده‌دا له‌ دابینكردنی بژێوی منداڵه‌كانی، به‌ڵام ماوه‌یه‌كه‌ ئه‌و مووچه‌یه‌ی بڕاوه‌ ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی كوڕه‌ 12 ساڵانه‌كه‌ی كاتێك رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كه‌ هاته‌ بۆ ناو قه‌زای شه‌رگاته‌وه‌ كاری له‌گه‌ڵ كردن.

 

سه‌میره‌ ده‌ڵێت: "خانووه‌كه‌مان رووخێندرا‌و گواستراینه‌وه‌ بۆ ئێره‌ ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی داعش رۆیشت بۆ موسڵ، هه‌رچه‌نده‌ ته‌مه‌نیشی منداڵ بوو، به‌ڵامئه‌ندامانی رێكخراوه‌كه‌ وانه‌ی شه‌ریعه‌تیان پێده‌وت‌و مه‌شقیان پێده‌كرد‌و له‌گه‌ڵ خۆیان بردیان بۆ موسڵ، له‌و كاته‌شه‌وه‌ چاره‌نووسی نازانم".

 

زۆربه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی له‌ كامپه‌كه‌دان خێزانی داعشه‌كانن‌و له‌ قه‌زای شه‌رگات (125 كم له‌ باكووری خۆرئاوای موسڵ) هێنراون‌و هه‌ندێكی دیكه‌شیان وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن كه‌ سوپای عێراق‌و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی تر هاتوونه‌ته‌ قه‌زاكه‌وه‌، كۆچیان كردووه‌ بۆ موسڵ‌و له‌ به‌ری چه‌پ یاخود راستی شاره‌كه‌دا ماونه‌ته‌وه‌ تا سوپا چووه‌ته‌ شاره‌كه‌‌و ئیتر خۆیان راده‌ست كردووه‌‌و گواسترانه‌ته‌وه‌ بۆ كامپه‌كه‌، هه‌ندێكی دیكه‌شیان به‌زۆر راگوێزراون.

 

رۆژی 30ی ئابی رابردوو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین بڕیاری دا به‌ ده‌ركردنی خێزانی ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ داعشه‌وه‌ كردووه‌ بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ‌و رێگرتن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه‌كان، به‌ڵام په‌له‌ له‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ نه‌كرا ئه‌ویش به‌هۆی گوشاری رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تی‌و مرۆییه‌كان‌و به‌تایبه‌تیش نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق (یونامی) كه‌ مانگی ئه‌یلولی رابردوو نامه‌یه‌كی ناڕه‌زایی بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نارد‌و تێیدا بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینی به‌ نایاسایی‌و پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری عێراق‌و په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تی‌و مرۆییه‌كان‌و مافه‌كانی مرۆڤ له‌قه‌ڵه‌م دا‌و به‌ "بڕیارێكی تۆڵه‌ئامێز" وه‌سفیكرد كه‌ زیان به‌ ئاشته‌وایی له‌ عێراق‌و په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ پارێزگاكه‌دا ده‌گه‌یه‌نێت.

 

فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كانی سه‌ڵاحه‌دینیش بڕیاریدا ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین كارا بكات‌و خێزانی داعشه‌كان له‌ یه‌ك كامپدا كۆبكاته‌وه‌ ئه‌ویش دوای ئه‌و شه‌پۆلی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وانه‌ی له‌ كۆتایی ساڵی 2016 له‌ قه‌زای شه‌رگات له‌دژیان روویدا، ئیتر هێزه‌كانی سوپا‌و حه‌شدی عه‌شایری به‌ده‌یان خێزانیان بۆ ناو كامپه‌كه‌ راگواست.

 

ته‌نیا منداڵان له‌وه‌ تێنگه‌یشتن كه‌ له‌ده‌وروبه‌ریان رووده‌دات‌و كاتی خۆیان به‌ یاریكردن له‌ناو كامپه‌كه‌دا به‌سه‌ر ده‌به‌ن‌و دیارترین نیشانه‌ی سه‌ر روخساریشیان ئه‌و ره‌نگه‌ برۆنزیه‌ تۆخه‌یه‌ كه‌ به‌سه‌ر ده‌موچاویاندا زاڵه‌، هه‌روه‌ك قژیشیان زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوه‌ به‌هۆكاری تیشكی سووتێنه‌ری خۆر‌و بای وه‌زری.

 

یه‌كێك له‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی پاراستنی كامپه‌یانپێ سپێردراوه‌ وتی رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌كان رێگه‌ ناده‌ن هیچ كه‌سێك كه‌ مۆڵه‌تی پێنه‌درابێت بچێته‌ لای خێزانه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ خودی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیش بێت، ته‌نیا رێگا به‌ رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان ده‌درێت یارمه‌تی پێشكه‌ش بكه‌ن.

 

چالاكوانی مه‌ده‌نی بیلال عه‌بدوڵڵا كه‌ له‌ یه‌كێك له‌و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ كارده‌كات كه‌ یارمه‌تی پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌كانی كامپه‌كه‌ ده‌كات، ده‌ڵێت: "بارودۆخی مرۆیی ده‌ستبه‌سه‌ركراوان زۆر سه‌خته‌، به‌ڵام له‌وه‌ش سه‌ختتر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م دۆسێیه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئاڵۆزترین ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی له‌ قۆناغی دوای داعشدا رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ خێزانی ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ داعش كارده‌كه‌ن به‌هه‌زارانن كه‌ له‌ چه‌ند پارێزگایه‌كدان‌و پێویسته‌ پلان‌و ستراتیجێكی روون هه‌بێت بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و توێژه‌ له‌ڕووی ئه‌منی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌ ئاینده‌دا نه‌وه‌یه‌كی توندڕه‌و تیرۆریست دروست نه‌كه‌ن".

 

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌