راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

دیواری ئەمنی دروست دەکرێت
له‌فه‌لوجه‌ سه‌رانه‌ی ره‌سمی وه‌رده‌گیرێت

که‌مال عه‌یاش
وه‌ك به‌شێك له‌و رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌ نوێیه‌ی‌ گیراوه‌ته‌ به‌ر، دیوارێك به‌ده‌وری گه‌ڕه‌كی پیشه‌سازی خۆرهه‌ڵاتی فه‌لوجه‌ دروست ده‌كرێت، به‌و مه‌رجه‌ی خاوه‌ن كارگه‌‌و وه‌رشه‌ پیشه‌سازییه‌كان تێچوونه‌كه‌ی بگرنه‌ ئه‌ستۆ.
1.06.2017  |  ئه‌نبار
ناوچەی پیشەسازی فەلوجە
ناوچەی پیشەسازی فەلوجە

گه‌ڕه‌كی پیشه‌سازی له‌ شاری فه‌لوجه‌ (60 كم له‌ خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) به‌دووه‌م كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازی له‌ عێراق داده‌نرێت له‌دوای گه‌ڕه‌كی پیشه‌سازی له‌ پارێزگای نه‌جه‌ف‌و به‌ شا خوێنبه‌رێكی ئابووری گرنگ بۆ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ داده‌نرێت به‌تایبه‌تی كه‌ سه‌رچاوه‌ی بژێویه‌ بۆ زیاتر له‌سه‌دا 60ی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ سوودمه‌ندبووان له‌و خزمه‌تگوزارییه‌ پیشه‌سازی‌و میكانیكیانه‌ی پێشكه‌ش به‌ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ی ده‌كات.

 

ئه‌و میكانیزمه‌ی حكومه‌تی خۆجێیی په‌یڕه‌وی كردووه‌ ئه‌گه‌رچی كه‌مێك دره‌نگیش كه‌وت، داواده‌كات ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌چنه‌ دوكانه‌ پیشه‌سازییه‌كان تێچووی بنیاتنانی ئه‌و دیواره‌ ئه‌منییه‌ بگرنه‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵام (100 بۆ 300) هه‌زار دیناری دیاری كردووه‌ وه‌ك به‌شدارییه‌ك ئه‌و خاوه‌ن وه‌رشه‌‌و كارگانه‌ بیگرنه‌ ئه‌ستۆ كه‌ به‌نیازن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كاری خۆیان له‌و ناوچه‌یه‌دا كه‌ ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن سوودمه‌ندبووانه‌وه‌ پێشوازی لێ نه‌كرا‌و به‌ سه‌رانه‌یه‌كی ره‌سمییان له‌قه‌ڵه‌م دا كه‌ ناچاركراون بیده‌ن.

 

ئه‌حمه‌د عیساوی (58 ساڵ) كه‌ خاوه‌نی وه‌رشه‌ی ئاسنگه‌رییه‌ به‌ "نیقاش"ی وت:"پێموابوو ئه‌و رێوشوێنانه‌ زۆر ئاسانن‌و سه‌رله‌نوێ وه‌رشه‌كه‌م ده‌كه‌مه‌وه‌‌و پێشوازی له‌ كڕیاره‌كانم ده‌كه‌م، به‌ڵام هه‌ر له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی ئه‌و میكانیزمه‌دا كه‌ رێگه‌مان پێده‌دات بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانمان، تووشی شۆك بووم، به‌ڵام به‌ په‌له‌ مامه‌ڵه‌كه‌م رێكخست‌و سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌نامه‌ داواكراوه‌كانم هاوپێچ كرد وه‌ك ره‌زامه‌ندی ئه‌منی‌و ئه‌و پسوڵانه‌ی خاوه‌ندارێتیم بۆ ئه‌و وه‌رشه‌یه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی پیشه‌سازی ده‌سه‌لمێنن، ئه‌وه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ مانگێكیشه‌ چاوه‌ڕێین ئه‌و ناوچه‌یه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ به‌ دیوارێكی كانزایی ده‌وره‌ دراوه‌".

 

عیساوی وتیشی "منیش وه‌كو خاوه‌ن وه‌رشه‌كانی تر كه‌ هیچ كارێكی دیكه‌یان نییه‌ جگه‌ له‌و كاره‌ی به‌هره‌مه‌ندن تێیدا‌و به‌ تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی بژێوییان داده‌نرێت، به‌په‌له‌ وه‌رشه‌یه‌كم له‌ ناوه‌ڕاستی شاره‌كه‌دا كرده‌وه‌ تا بتوانم خێزانه‌كه‌م بژیێنم له‌ شارێكدا كه‌ بووه‌ته‌ هۆی راوه‌دوونانی دانیشتووانه‌كه‌ی، هه‌ر كه‌ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی كردنه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كی پیشه‌سازیش راگه‌یه‌ندرا ئاگاداركراینه‌وه‌ كه‌ وه‌رشه‌كانمان دابخه‌ین، ئه‌وه‌ زیاتر له‌ دوو مانگیشه‌ هه‌ر چاوه‌ڕوانین، وه‌رشه‌ كاتیه‌كانمان داخران له‌ چاوه‌ڕوانی به‌ده‌ستهێنانی ره‌زامه‌ندی ئه‌منیدا بۆ كردنه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كی پیشه‌سازی كه‌ به‌ناچاری تێچووی بنیاتنانی دیواره‌ ئه‌منیه‌كه‌یمان گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ".

 

ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌وانه‌ی له‌ دوكانه‌كانی ناو گه‌ڕه‌كی پیشه‌سازیدابوون ناچاربوون چۆڵی بكه‌ن‌و وه‌رشه‌ی نوێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ دابمه‌زرێنن كه‌ بووه‌ته‌ هۆی راوه‌دوونانی كڕیاره‌كانیان، له‌وانه‌ش مازن عه‌بود (35 ساڵ) كه‌ بووه‌ته‌ فیته‌رێكی گه‌ڕۆك‌و پشت به‌ ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی ده‌به‌ستێت بۆ جێبه‌جێكردنی داواكاری مه‌عمیله‌كانی‌و چیتر پێویستی به‌ وه‌رشه‌ بچووكه‌كه‌ی نییه‌ كه‌ به‌ ناچاری به‌هۆی ئه‌و رێوشوێن‌و میكانیزمانه‌وه‌ به‌جێی هێشتووه‌، كاتێك قسه‌مان له‌گه‌ڵ كرد به‌ ئاماژه‌كردن بۆ وه‌رشه‌كه‌ی كه‌ وادیاره‌ به‌ته‌واوی خاپور كراوه‌، وتی: "ئه‌و رێوشوێنانه‌ پرۆژه‌ی سه‌رانه‌ بوون له‌ژێر رووپۆشێكی ره‌سمیدا".

 

عه‌بود قسه‌ی بۆ "نیقاش"كرد‌و پرسی: "سوودی چیه‌ پاره‌ی نه‌خت بده‌یته‌ حكومه‌تی خۆجێیی بۆ بنیاتنانی دیوارێكی ئه‌منی كه‌ ته‌گه‌ره‌ بۆ هاتن‌و چوونی مه‌عمیله‌كانمان بۆ ناوچه‌كه‌ دروست بكات، یاخود بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و وه‌رشانه‌ی زۆربه‌یان خاپوور كراون، ئه‌و پارانه‌ ته‌نیا به‌ بنیاتنانی دیواره‌ ئه‌منیه‌كه‌وه‌ ناوه‌ستێت، به‌ڵكو وه‌كو پێشتر پاره‌ی پاككردنه‌وه‌‌و لابردنی بۆمبه‌كان‌و زۆر شتی تریش ده‌ده‌ین وه‌ك كرێی خزمه‌تگوزاری شاره‌وانی‌و ته‌ندروستی".

 

هه‌روه‌ها وتیشی: "هه‌مووان لێره‌ له‌ ئیداره‌ی خۆجێیی یاخود هێزه‌ ئه‌منییه‌كان وا له‌ گه‌ڕه‌كی پیشه‌سازی ده‌ڕوانن كه‌ مۆڵگه‌یه‌كی تیرۆریستییه‌‌و به‌شداره‌ له‌ دروستكردنی بۆمبی چێندراو‌و بۆمبه‌كانی تردا، ئێمه‌ نكوڵی له‌وه‌ ناكه‌ین كه‌ كه‌سانێك هه‌ن ئه‌م ناوچه‌یه‌ بۆ كاری تیرۆریستی به‌كار ده‌هێنن، به‌ڵام ئێمه‌ به‌رپرسیارێتی ئه‌و پێشێلكاریه‌ ناگرینه‌ ئه‌ستۆ، ئێمه‌ خاوه‌نی وه‌رشه‌‌و كارگه‌ین، كاری خۆمان ده‌كه‌ین به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی پارووه‌ نانێكی سه‌ربه‌رزانه‌‌و په‌یوه‌ندیمان به‌ پیلانه‌ تیرۆریستییه‌كان‌و ده‌رئه‌نجامه‌كانیانه‌وه‌ نییه‌".

 

عیساوی ده‌شڵێت: "ده‌بێت ده‌وڵه‌ت تێچووی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه‌‌و پاراستنی بگرێته‌ ئه‌ستۆ، نه‌ك دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ تێچوویه‌ك بگرنه‌ ئه‌ستۆ كه‌ بارگرانیان بۆ دروست بكات، ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ئه‌و پارانه‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ بووایه‌ ئه‌وا دوانه‌ده‌كه‌وتین له‌ یارمه‌تیدانی حكومه‌تی خۆجێیی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌یبینین ئاماژه‌ نییه‌ بۆ رێوشوێنی جددی كه‌ یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ كردنه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كه‌، بۆیه‌ بڕیارم داوه‌ نه‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌‌و سه‌رله‌نوێ وه‌رشه‌كه‌م له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌  داده‌مه‌زرێنمه‌وه‌".

 

زیانه‌ ماددییه‌كان له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی كه‌سی‌و ژێرخانی گه‌ڕه‌كی پیشه‌سازی باس نه‌كراون، ئه‌گه‌رچی ئیداره‌ی خۆجێیی ته‌نیا چه‌ند ئاماژه‌یه‌كی له‌ زیاتر له‌ بۆنه‌یه‌كدا خستووه‌ته‌ڕوو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی توانیویه‌تی چه‌ند محه‌ویله‌یه‌كی كاره‌با دابنێت‌و بڕێكی زۆری داروپه‌ردو‌و بۆمب لاببات، به‌ڵام واقیع ئه‌وه‌مان پێ ناڵێت، به‌تایبه‌تی كه‌ گه‌ڕه‌كی پیشه‌سازی هێشتا له‌ڕووی ژینگه‌ییه‌وه‌ به‌مه‌ترسی داده‌نرێت به‌هۆی ئه‌و ته‌رمه‌ تێكچووانه‌ی تائێستاش له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانیدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ جگه‌ له‌و وێرانكاری‌و كاولكارییه‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌ر هه‌موو جومگه‌كانی ناوچه‌كه‌ كه‌وتووه‌.

 

ماجید عه‌كاشی پیاوێكی چل ساڵانه‌‌و خاوه‌نی كارگه‌یه‌كه‌ به‌م دواییانه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌‌و به‌ دڵخۆشییه‌كی زۆره‌وه‌ پێشوازی له‌ میكانیزمی كردنه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كی پیشه‌سازی كرد‌و به‌ هه‌نگاوێكی راستی دانا كه‌ یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ژیان بۆ گه‌ڕه‌كه‌كه‌ كه‌ پێشتر‌و ئێستاش مایه‌ی شانازی زۆربه‌ی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ بووه‌ به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی له‌خزمه‌تگوزارییه‌كانی سوودمه‌ندبوون.

 

عه‌كاشی به‌ "نیقاش"ی وت: "ناتوانین ده‌ستبه‌رداری گه‌ڕه‌كی پیشه‌سازی‌و دامه‌زراوه‌كانی ببین، چونكه‌ نیشانه‌یه‌كی جیاكه‌ره‌وه‌ی  شاره‌كه‌یه‌ به‌هۆی ئه‌و كارگه‌‌و وه‌رشانه‌ی له‌خۆی گرتووه‌‌و خزمه‌تگوزاری گه‌وره‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن نه‌ك ته‌نیا بۆ شاره‌كه‌، به‌ڵكو بۆ شار‌و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری شاری فه‌لوجه‌ش، بۆیه‌ هیچی تێدا نییه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ندێك له‌ تێچووه‌كان بگیرێته‌ ئه‌ستۆ، چونكه‌ متمانه‌مان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و حكومه‌تی خۆجێیی هه‌وڵ ده‌ده‌ن رێگا‌و میكانیزم بدۆزنه‌وه‌ بۆ یارمه‌تیدان له‌ پشتیوانیكردنی گه‌ڕه‌كی پیشه‌سازی‌و گێڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌رده‌می جارانی".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له‌و گه‌ڕه‌كه‌دا كارمان كردووه‌ له‌ ژێر سایه‌ی پارێزگاری ئه‌و هێزه‌ ئه‌منیانه‌ی میكانیزم‌و پلانی ئه‌وتۆی  دیارده‌كه‌ن یارمه‌تیده‌ر ده‌بن بۆ ئه‌وه‌ی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان كۆنترۆڵی گرنگترین كۆمه‌ڵگه‌ی یشه‌سازی له‌ عێراق نه‌كه‌ن ئه‌و هه‌نگاوه‌ش پێویستی به‌ پشتیوانی هه‌مووان هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی ئێمه‌ی خاوه‌ن وه‌رشه‌‌و كارگه‌كان".

 

زیاتر له‌ مانگێكه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خاوه‌ن وه‌رشه‌و دوكانه‌ پیشه‌سازییه‌كان سه‌ردانی بنكه‌كانی رێكخستنی فۆرمی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ گه‌ڕه‌كی پیشه‌سازی ده‌كه‌ن ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش ده‌ده‌ن كه‌ ئیداره‌ی خۆجێیی بۆ هه‌موو سوودمه‌ندبووان ده‌ستنیشانی كردووه‌.

 

به‌پێی قسه‌ی عیسا سایر قایمقامی فه‌لوجه‌ تا ئێستا رێككاره‌ یاساییه‌كان‌و ره‌زامه‌ندییه‌ ئه‌منییه‌كان رێگه‌یان نه‌داوه‌ گه‌ڕه‌كی پیشه‌سازی بكرێته‌وه‌، ئه‌و له‌ میانی ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی كارگه‌ی گازی حكومی فه‌لوجه‌دا دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی كه‌می داهاتوودا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و ئیداره‌ی خۆجێیی سه‌رجه‌م ره‌زامه‌ندییه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ كردنه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كی پیشه‌سازی به‌ده‌ست ده‌هێنن كه‌ پلانی پاراستنی به‌ دیوارێكی ئه‌منی‌و ساترێكی گڵین ته‌واو كراوه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌