راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ترس‌و دڵه‌راوكێ‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌
لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان به‌بۆمی‌ ده‌نگی‌ په‌یام بۆ یه‌كتر ده‌نێرن

سه‌لیم وه‌ززان
کەم‌ هه‌فته‌ هه‌یه‌ له‌به‌سره‌ ده‌نگی‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ نه‌بیسترێت، دواتر روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ بۆمبی‌ ده‌نگی‌ بووه‌و به‌مه‌به‌ستی‌ هه‌ڕه‌شه‌ به‌كارهێنراوه‌.
11.05.2017  |  به‌سره‌

ئه‌حمه‌د جه‌بر فه‌رمانبه‌رێكی‌ كه‌رتی‌ ته‌ندروستییه‌و ماڵه‌كه‌ی‌ زیانێكی‌ گه‌وره‌ی‌ پێكه‌وتووه‌، پاش ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ نه‌ناسراو به‌بۆمبی‌ ده‌نگی‌ هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر دراوسێكه‌ی‌.

 

ئه‌حمه‌د به‌"نیقاش"ی‌ وت "ده‌مانزانی‌ دراوسێكه‌مان بازرگانی‌ به‌خواردنه‌وه‌ كهولییه‌كانه‌وه‌ ده‌كردو له‌لایه‌ن گروپێكی‌ ئاینی‌ توندڕه‌وه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ لێكرابوو، به‌ڵام ئه‌وان به‌دزییه‌وه‌ به‌رده‌وام بوون له‌كاره‌كه‌یان، تا دره‌نگانێكی‌ شه‌و ده‌نگێكی‌ به‌هێز ماڵه‌كه‌مانی‌ له‌رانده‌وه‌و هه‌موو په‌نجه‌ره‌كانی‌ شكاندین، دوایی‌ زانیمان ئه‌وه‌ هێرشێك بووه‌ كراوه‌ته‌ سه‌ریان".

 

یه‌كێك له‌تیپه‌ میوزیكه‌ میللییه‌كان كه‌ به‌شداری‌ ئاهه‌نگی‌ هاوسه‌رگیری‌ به‌سره‌ی‌ ده‌كرد له‌لایه‌ن گروپێكی‌ چه‌كداره‌وه‌ فشاریان خرابووه‌ سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ كاره‌كه‌یان رابگرن، بۆ ئه‌وه‌ش به‌بۆمبی‌ ده‌نگی‌ هێرشیان كرابۆ سه‌ر.

 

ئه‌سعه‌د ته‌میمی‌ ژه‌نیاری‌ ئامێری‌ عود له‌تیپه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ هێرشیان ده‌كرێته‌ سه‌رو ساڵانی‌ 2008و 2010 جاری‌ دیكه‌ هێرشیان كراوه‌ته‌ سه‌ر، بۆیه‌ ناچار بوون بۆ راهێنان روو له‌بیابانه‌كان بكه‌ن.

 

ته‌قینه‌وه‌كان گه‌یشتووه‌ به‌ماڵی‌ كه‌سایه‌تییه‌ دیارو حیزبییه‌كان‌و چه‌ند قاوه‌خانه‌و گازینۆیه‌كی‌ ناوداری‌ گرتووه‌ته‌وه‌، له‌كامێراكانی‌ چاودێریشدا ده‌ركه‌وتووه‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ ده‌موچاو هه‌ڵبه‌ستراو به‌و كاره‌ هه‌ستاون.

 

ئه‌فسه‌رێك له‌پۆلیسی‌ به‌سره‌ كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوه‌كه‌ی‌ ئاشكرا نه‌كرێت به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند زۆربه‌ی‌ ئه‌و بۆمبانه‌ له‌ناوخۆدا دروست ده‌كرێن، به‌شێك له‌وانه‌ له‌تی‌ ئێن تی‌ دروستكراون‌و مه‌ترسییان زۆره‌، به‌شێكی‌ تریشیان ته‌نیا ده‌نگن‌و وه‌ك ناردنی‌ په‌یامێك به‌كار ده‌هێنرێن، جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چه‌ند كه‌سێك ده‌ستگیركراون له‌وانه‌ی‌ به‌و كاره‌ هه‌ستاون.

 

غانم حه‌مید مه‌یاحی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئاسایش له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌سره‌ ره‌تی‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ باری‌ ئه‌منی‌ به‌سره‌ خراپ بێت‌و ده‌ڵێت "هه‌ندێكه‌س بۆ شێواندنی‌ بارودۆخه‌كه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن".

 

له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌ ده‌زانین ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن ده‌یانه‌وێ په‌یاممان بۆ بنێرن كه‌ گوایه‌ بارودۆخی‌ شاره‌كه‌ ئارام نییه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ بگه‌نه‌ مه‌رامه‌كانی‌ خۆیان".

 

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ په‌رله‌مانتاری‌ پێشوو وائیل عه‌بدولله‌تیف كه‌ به‌بۆمبی‌ ده‌نگی‌ هێرش كرایه‌ سه‌ر ماڵی‌ كوڕه‌كه‌ی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ ده‌وترێت گوایه‌ نه‌ناسراون، له‌راستیدا سه‌ر به‌و حیزبانه‌ن كه‌ به‌سره‌ به‌ڕیوه‌ ده‌به‌ن".

 

سه‌ره‌تای‌ دروستكردنی‌ بۆمبه‌ ده‌ستكرده‌كان له‌به‌سره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ 2003 كه‌ چه‌ند گروپێك دژی‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا وه‌ستانه‌وه‌‌و ئیتر چه‌ندین كه‌س فێری‌ ئه‌و كاره‌ بوون.

 

ماجید ساری‌ پسپۆڕی‌ ئه‌منی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌موو ئه‌وه‌ی‌ كه‌ روو ده‌دات له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ فشار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر یه‌كتری‌، كاری‌ دروستكردنی‌ ئه‌م بۆمبانه‌ش ئاسانه‌، ئه‌وه‌ی‌ دروستی‌ ده‌كات به‌ 150 هه‌زار دینار ئه‌یفرۆشێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆشی‌ هێرشه‌كه‌ ئه‌نجام بدات ئه‌وا نرخه‌كه‌ی‌ ده‌گاته‌ 250 هه‌زار دینار".

 

به‌هۆی‌ ئه‌م بۆمبه‌ ده‌نگیانه‌وه‌ زۆر ناوچه‌ی‌ به‌سره‌ ئارامی‌ لێ‌ بڕاوه‌، به‌ڵام هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش ناتوانن دیارده‌كه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن، چونكه‌ به‌ئاسانی‌ ده‌ستیان ناگات به‌و گروپه‌ ده‌ست رۆیشتووانه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌