راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئاو‌و موزیك پێكه‌وه‌ كۆده‌بنه‌وه‌
به‌ری چه‌پی موسڵ نهێنی ژیان به‌ده‌ستده‌هێنێته‌وه‌

تایبه‌ت
یه‌كه‌م ته‌وژمی ئاو له‌تۆڕی بۆریه‌كاندا، یه‌كه‌م گڵۆپی رووناككه‌ره‌وه‌ی رێگاكان، یه‌كه‌م رووداوی بچووكی موزیكی، هه‌موویان نیشانه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیانن بۆ به‌ری‌ چه‌پی‌ موسڵ.
27.04.2017  |  موسڵ
 ( :وێنه UNDP)
( :وێنه UNDP)

هێشتا ده‌نگی شه‌ڕ له‌به‌ری چه‌پ ئاماده‌یی به‌هێزی هه‌یه‌ كه‌ ته‌نیا رووباری دیجله‌ له‌ به‌ری راستی جیاده‌كاته‌وه‌‌وله‌ 19ی شوباتی رابردووه‌وه‌ توندترین شه‌ڕی له‌نێوان هێزه‌ عێراقیه‌كان‌و چه‌كدارانی رێكخراوی توندڕه‌وی داعش تێدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش به‌شه‌ ئازادكراوه‌كه‌ له‌ڕیی گه‌ڕانه‌وه‌ی ورده‌ ورده‌ی خزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌كیه‌كان ژیانی به‌ده‌ستهێناوه‌ته‌وه‌.

 

هه‌ر كه‌ مانگی هه‌نگوینی له‌گه‌ڕه‌كه‌ ئازادكراوه‌كان كۆتایی هات، دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ به‌چه‌ند كێشه‌یه‌كی ئاڵۆز به‌ئاگاهاتنه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ژیانه‌وه‌ هه‌یه‌‌و پێویسته‌یه‌كی زۆریان به‌ئاو‌و كاره‌با‌و سووته‌مه‌نی‌و كردنه‌وه‌ی رێگاكان هه‌یه‌.

 

له‌ئاوی بیره‌وه‌ بۆ به‌لوعه‌

ئاو به‌بێ ركابه‌ر، گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگی به‌رده‌م دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ بوو، چونكه‌ له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگی رابردووداپه‌نایان بۆ بیره‌كان برد كه‌ چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه‌ پێشهاتی وا رووی نه‌داوه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئاو هه‌رچه‌نده‌ رووباره‌كه‌ شاره‌كه‌ی كردووه‌ به‌ دوو به‌شه‌وه‌، ئه‌ویش له‌دوای راوه‌ستانی ئه‌و پێنج پرۆژه‌یه‌ی به‌ری چه‌پ به‌ ئاو ته‌یار ده‌كه‌ن.

 

كاتێك له‌دوای دوو هه‌فته‌ له‌ كۆتاییهاتنی شه‌ڕه‌كان ماراسۆنی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، تارق فه‌تحی یه‌كێك بوو له‌و سه‌دان هه‌زار كه‌سه‌ی له‌ ریزی دوورودرێژدا له‌به‌رده‌م بیره‌كانی ئاودا له‌ به‌ری خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه‌ ده‌وه‌ستان.

 

هه‌ر كاتێك فه‌تحی ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌‌و ده‌به‌یه‌ك ئاوی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، سه‌یرێكی بۆری ئاوه‌كه‌ی ده‌كرد‌و خه‌فه‌تی ده‌خوارد.

 

ئه‌و به‌ "نیقاش"ی وت: "نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌ گرنگه‌كان هه‌ر زوو كه‌شی ئاهه‌نگئامێزی ئازادبوون‌و رزگاربوون له‌ تونده‌ڕه‌وانی لێ تێك داین، ئێستا مانگانه‌ نزیكه‌ی بڕی 20 دۆلار بۆ كڕینی ئاوی خواردنه‌وه‌ خه‌رج ده‌كه‌ین كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێت، ئه‌وه‌ش بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆره‌ به‌ به‌راورد به‌ ئاستی داهاتی ئێستا، خێزانی هه‌ژاریش هه‌ن ئاوی سوێری بیر ده‌خۆنه‌وه‌".

 

ئه‌و دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌كارهێنانی ئاوی رووبار یان بیره‌كان بۆ خواردنه‌وه‌‌و ئیشوكاری ماڵه‌وه‌ بووه‌ته‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی پێست‌و نه‌خۆشی دیكه‌ش، به‌تایبه‌تی له‌نێو منداڵاندا، هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "له‌وه‌ ده‌ترسین تووشی گه‌ڕی یان هه‌ستیاری درێژخایه‌ن ببین". كه‌مێك ده‌وه‌ستێت‌و به‌شێوه‌یه‌كی شانۆگه‌ریانه‌ پشتی ده‌خورێنێت‌و به‌زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ قسه‌كانی: "ئاوی نه‌پاڵێوراو‌و چاره‌سه‌رنه‌كراو ئاوامان پێده‌كات، به‌درێژایی رۆژ خۆمان ده‌خورێنین".

 

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ هیچ بژارده‌یه‌كی تریان له‌به‌رده‌مدا نه‌بوو، ئه‌و جه‌نگه‌ی له‌ به‌ری راست له‌ئارادایه‌ بێبه‌شی كردوون له‌ گه‌یشتن به‌ رووباری دیجله‌‌و سوودوه‌رگرتن له‌ ئاوه‌ سازگاره‌كه‌ی ته‌نیا له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌ نه‌بێت، بۆیه‌ به‌لانی كه‌مه‌وه‌ هه‌ر شه‌قامێك بیرێك یان زیاتری تێدایه‌ به‌پێی چڕی دانیشتووانه‌كه‌ی، ته‌نانه‌ت كاری بیر هه‌ڵكه‌ندن بووه‌ته‌ پیشه‌، چونكه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵكه‌ندنی یه‌ك بیر نزیكه‌ی 700 دۆلاری تێده‌چێت كه‌ئه‌وانه‌ ده‌یده‌ن كه‌ گوزه‌رانیان باشه‌ یاخود به‌ به‌شداری خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك.

 

ئه‌و نه‌هامه‌تیه‌ی نزیكه‌ی شه‌ش مانگ درێژه‌ی كێشا خه‌ریكه‌ له‌زۆربه‌ی ناوچه‌كانی به‌ری خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه‌ كۆتایی دێت، ئه‌ویش دوای به‌گه‌ڕخستنی پرۆژه‌ی ئاوی كوبه‌ كه‌ له‌سه‌دا 60ی ئه‌و به‌ره‌ی شاره‌كه‌ به‌ ئاو ته‌یار ده‌كات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ به‌گه‌ڕخستنی چوار پرۆژه‌كه‌ی دیكه‌ وه‌ك مه‌رعی قه‌له‌نده‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی نه‌ینه‌وا به‌ "نیقاش"ی راگه‌یاند.

 

قه‌له‌نده‌ر ده‌ڵێت: "له‌به‌رده‌م ئاڵنگاریه‌كی گه‌وره‌دا بووین‌و ده‌بووایه‌ به‌ یه‌ك ده‌ست كاربكه‌ین به‌هۆی كه‌می تواناكانی به‌رده‌سته‌وه‌، به‌ڵام وه‌ك ده‌بینن – ئاماژه‌ بۆ هاتنی ته‌ژمی ئاوی بۆرییه‌كان ده‌كات – توانیمان ئاو بگه‌یه‌نینه‌ به‌شێكی زۆری ماڵان‌و له‌ڕێگاشداین بۆ به‌گه‌ڕخستنی ئه‌وپه‌ڕی توانای".

 

هه‌ندێك له‌ دانیشتووانی گه‌ڕه‌كه‌ جیاوازه‌كانیش ئه‌وه‌یان بۆ "نیقاش" دووپات كرده‌وه‌‌و خۆشحاڵی خۆیان به‌ گه‌یشتنی ئاو ده‌ربڕی، ئه‌گه‌رچی به‌رده‌وامیش نییه‌، به‌ڵام هه‌واڵه‌ ناخۆشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كان هێشتا ئاویان پێ نه‌گه‌یشتووه‌، چونكه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵێنجانی ده‌ریخستووه‌ كه‌ تۆڕی دابه‌شكردن به‌هۆی ئه‌و بۆردومان‌و شه‌ڕانه‌ی له‌نێوان هێزه‌ عێراقیه‌كان‌و چه‌كدارانی توندڕه‌وی داعش له‌ئارادابووه‌،زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه‌ له‌كاتێكیشدا تارق فه‌تحی‌و دراوسێكانی له‌ ریزدا له‌به‌رده‌م بیره‌كه‌دا وه‌ستابوون شه‌قامه‌كان پڕبووبوون له‌و ئاوه‌ی له‌ بۆریه‌كانی گواستنه‌وه‌ی ئاو ده‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌.

 

یه‌كه‌م گڵۆپی دوای ئازادی

دوای گرێكوێره‌ی ئاو، له‌رووی گرنگیه‌وه‌ وزه‌ی كاره‌با دێت‌و ئه‌ویش ئاماژه‌یه‌كی روونتری تێدایه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیان بۆ شاره‌كه‌. كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر تۆڕی دابه‌شكردنی وزه‌ی كاره‌یا كه‌وتوون زۆر گه‌وره‌ن‌و پێویستیان به‌ دوو هێنده‌ توانای وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنان‌و تۆڕه‌كانی دابه‌شكردن هه‌یه‌.

 

ئه‌ندازیار ئه‌حمه‌د سه‌عید له‌ كۆمپانیای دابه‌شكردنی كاره‌با قه‌باره‌ی زیانه‌كانی تۆڕه‌كه‌ به‌ زیاتر له‌ سه‌دا 50 مه‌زه‌نده‌ ده‌كات، "چونكه‌ ته‌له‌كان پچڕاون‌و محه‌ویله‌كانی گوێزه‌ره‌وه‌ی وزه‌شبه‌هۆی بۆردومان‌و ته‌قینه‌وه‌‌و پێكدادانه‌كانه‌وه‌ له‌كاركه‌وتوون، هه‌روه‌ك سه‌دان عه‌مود‌و تاوه‌ریش كه‌وتوون‌و تێكشكاون، بۆیه‌ چوار مانگه‌ ئێمه‌ كارێكی نائاسایی ده‌كه‌ین".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "له‌ دوو هه‌فته‌ی رابردوودا به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌زموونی كاره‌بامان گه‌یانده‌ ژماره‌یه‌ك گه‌ڕه‌ك‌و شه‌قامه‌ سه‌ره‌كیه‌كانمان رووناك كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتێكی گرنگ بوو كه‌ شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ ته‌نیا چه‌ند گڵۆپێك نه‌بوو، به‌ڵكو په‌یامێك بوو سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیان، ئێستاش رۆژانه‌ 12 سه‌عات كاره‌با ده‌ده‌ینه‌ زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كان".

 

مه‌حمود سالم كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ دانیشتووانی گه‌ڕه‌كی حه‌دبا، ده‌ڵێت كاره‌با پێش 10 رۆژ گه‌یشتووه‌ته‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان، به‌ڵام هێڵی گوێزه‌ره‌وه‌ی ته‌زووی كاره‌بای تایبه‌ت به‌ گه‌ڕكه‌كه‌یان له‌كاركه‌وتووه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌قه‌یان لێكردووه‌‌و ئێستا تیمه‌كانی كاره‌با كار له‌سه‌ر چاككردنه‌وه‌ی ده‌كه‌ن.

 

ئه‌و به‌گه‌شبینیه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ئاو‌و كاره‌با گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان ئه‌مه‌ش وه‌ك كاری لابردنی په‌چه‌ی سه‌پێندراو به‌سه‌ر ژنان له‌لایه‌ن توندڕه‌وانه‌وه‌ وابوو، دواجار شاره‌كه‌ خه‌ریكه‌ ئه‌و تاریكیه‌ له‌سه‌ر خۆی لاده‌بات كه‌ زیاتر له‌ دوو ساڵ به‌رده‌وام بوو".

 

سوپرایزێكی موزیكی!

ده‌ستكه‌وتنی په‌رداخێك ئاوی پاك له‌ ژوورێكی رووناك به‌ كاره‌با به‌ ده‌ستكه‌وتێكی مه‌زن داده‌نرێت له‌ تۆماری شارێكدا كه‌ كاولكاریه‌كی گه‌وره‌ به‌ر ژێرخانه‌كه‌ی كه‌وتووه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌ن مانای زۆری نییه‌ به‌تایبه‌تی كه‌ هێشتا هه‌واڵی ئه‌و جه‌نگه‌ سه‌خته‌ی له‌نێوان هێزه‌ عێراقیه‌كان‌و رێكخراوی داعش له‌ئارادایه‌ جێگای بایه‌خ‌و چاودرێریكردنه‌.

 

له‌نێو ئه‌م ململانێ گه‌رموگوڕه‌ له‌پێناو ژیاندا چ به‌ شه‌ڕكردن له‌دژی تونده‌ڕه‌وان بێت له‌ به‌ری خۆرئاوای موسڵ یاخود به‌ هه‌وڵی دابینكردنی پێداویستیه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی به‌شه‌ ئازادكراوه‌كه‌ی، پێناچێت موزیك گوێی لێ بگیرێت، به‌ڵام ئه‌مین میقدادی كه‌مانچه‌ژه‌ن‌و سامر خه‌لیلی كلارنێت ژه‌ن له‌م جه‌نگه‌دا كه‌مێك سه‌رنجیان بۆ خۆیان راكێشا كاتێك له‌موسڵ یه‌كه‌م ئاهه‌نگی موزیكیان له‌دوای كۆنترۆڵكردنی شاره‌كه‌ له‌لایه‌ن توندڕه‌وانه‌وه‌ له‌ حوزه‌یرانی 2014 رێكخست.

 

ئه‌مین میقداد كه‌ دوو ساڵی له‌ژێر حوكمی داعش به‌سه‌ر بردووه‌ بۆ "نیقاش"ی دووپات كرده‌وه‌ كه‌ دانیشتووانی موسڵ پێویستیان به‌ موزیكیشه‌ تا هه‌ست به‌ دڵنیایی بكه‌ن نه‌ك ته‌نیا خواردن‌و خواردنه‌وه‌.

 

ئه‌و وه‌سفی ئه‌و ساته‌ ده‌كات كه‌ له‌سه‌ر گردی ته‌وبه‌ی مێژوویی راوه‌ستاوه‌ كه‌ داروپه‌ردووی مزگه‌وتی یونس پێغه‌مبه‌ری لێیه‌ كه‌ رێكخراوه‌ توندڕه‌كه‌وه‌ ته‌قاندیه‌وه‌‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "له‌و شوێنه‌ به‌رزه‌وه‌ دووكه‌ڵی شه‌ڕه‌كانم ده‌بینی‌و ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌كانم ده‌بیست كه‌ زۆر دوور نه‌بوون لێمه‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌ڕاستی دڵخۆشی كردم ئه‌وه‌ بوو ئه‌وانه‌ی ئاماده‌ی ئاهه‌نگه‌ ئاساییه‌كه‌ بوون ده‌ستیان به‌ ژیانه‌وه‌ گرتبوو، پشتیان له‌ جه‌نگ كردبوو و خۆشییان له‌ موزیك ده‌بینی".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌