راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پلانی‌ دووه‌م
داعش به‌هاوپه‌یمانی نوێوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دیاله‌

موسته‌فا حه‌بیب
دوو ساڵه‌ داعش دیاله‌ی‌ له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام ئێستا سه‌رله‌نوێ‌ له‌ڕێی چه‌ند هاوپه‌یمانیه‌كی نوێوه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌كی دیاری هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراقه‌.
27.04.2017  |  به‌غدا
چەکدارانی داعش
چەکدارانی داعش

شه‌ممه‌ی رابردوو چه‌ند هێزێكی هاوبه‌شی سوپا‌و "حه‌شدی شه‌عبی" ئۆپراسیۆنێكیان له‌پارێزگای دیاله‌ ده‌ستپێكرد كه‌ گه‌وره‌ترین ئۆپراسیۆنه‌ له‌وه‌ته‌ی پێش دوو ساڵ توندڕه‌وان له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌ركران، مه‌به‌ستی ئۆپراسیۆنه‌كه‌ش به‌پێی قسه‌ی مازن ته‌میمی فه‌رمانده‌ی مه‌یدانی له‌ هێزه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی"، راوه‌دوونانی شانه‌كانی داعشه‌.

 

ته‌میمی به‌ "نیقاش"ی وت "ئۆپراسیۆنه‌كه‌ هێزه‌كانی سوپا له‌فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كانی دیجله‌‌و لیوای 24ی هێزه‌كانی حه‌شد ئه‌نجامی ده‌ده‌ن‌و ئامانجه‌كه‌شی ناوچه‌كانی دۆڵی سلاب‌و ئیمام وه‌یس‌و نه‌فتخانه‌ی باكووری خۆرهه‌ڵاتی به‌عقوبه‌یه‌ به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و تیرۆریستانه‌ی به‌مدواییانه‌ دزه‌یان كردۆته‌ ناو شاره‌كه‌‌و توانیویانه‌ مۆڵگه‌ بۆ حه‌شاردانی تیرۆریستان دروست بكه‌ن".

 

كۆتایی مانگی رابردوو چه‌ند ئه‌ندامێكی داعش له‌كاسێتێكی ڤیدیۆییدا له‌دیاله‌وه‌ ده‌ركه‌وتن‌و پێكهێنانی "كه‌تیبه‌ی فارسی"یان بۆ دژایه‌تیكردنی ئێران راگه‌یاند، داواشیان له‌گه‌لی ئێران كرد له‌دژی رژێمی ویلایه‌تی فه‌قیه راپه‌ڕن، دواتر ئه‌ندامانی رێكخراوه‌ له‌ڤیدیۆكه‌دا ته‌قه‌یان له‌وێنه‌ی چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی‌و ئایینی ئێران كرد.

 

سه‌یر له‌وه‌دایه‌ رێكخراوه‌كه‌ دیاله‌ی هه‌ڵبژاردووه‌ بۆ راگه‌یاندنه‌ نوێیه‌كه‌ی‌و وادیاریش بوو كه‌ چه‌كداره‌كانی له‌ره‌وشێكی ئارامدان كه‌بتوانن كاسێتی ڤیدیۆیی له‌شارێكدا تۆماربكه‌ن كه‌ پێویست بوو خاڵی بێت له‌توندڕه‌وان، چونكه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2015دا رایانگه‌یاند داعشیان له‌ناوبردووه‌‌و ئاسایشیان له‌شاره‌كه‌دا سه‌پاندووه‌.

 

هه‌ندێك كه‌س گومانیان له‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ كرد‌و ئێرانیان به‌دروستكردنی تۆمه‌تبار كرد، به‌ڵام واقیعی ئه‌منی له‌دیاله‌ ئاماژه‌ بۆ هه‌ڵكشانی مه‌ترسیه‌ تیرۆریستیه‌كان ده‌كات له‌دژی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق له‌و شاره‌ ئه‌ویش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ كاردانه‌وه‌ی چه‌ند گرووپێكی چه‌كدار كه‌ دۆسێی ئه‌منیان كۆنترۆڵ كردووه‌‌و كاری كوشتن‌و رفاندنیان ئه‌نجام داوه‌و ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ فشه‌ڵی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌و شاره‌كه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی 10ساڵی رابردوودا په‌ناگه‌ی رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كان بووه‌.

 

به‌گوێره‌ی قسه‌ی ئه‌فسه‌رێكی هه‌واڵگری وه‌زاره‌تی ناوخۆ، گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌مجاره‌ی داعش دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ هاوپه‌یمانی نوێی له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی رێكخراوه‌ چه‌كدارییه‌ دێرینه‌كان به‌ست كه‌ سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌هه‌ڕه‌تی به‌هێزییه‌كه‌یدا كوده‌تای به‌سه‌ردا كردن، له‌وانه‌ش رێكخراوی قاعیده‌‌و چه‌ند گرووپێكی جیهادی عێراقی توندڕه‌و.

 

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ كه‌ داوایكرد ناوی نه‌هێنرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی لێدوانی نیه‌، به‌ "نیقاش"ی وت "زانیاری دروست هه‌یه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات چه‌ند شانه‌یه‌كی چه‌كداره‌ عه‌ره‌ب‌و بیانیه‌كان له‌دوای هه‌ڵاتنیان بۆ موسڵ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌‌و ئه‌ركی ئه‌وانه‌ دۆزینه‌وه‌ی زه‌مینه‌یه‌كه‌ بۆ گه‌رٍانه‌وه‌یان بۆ دیاله‌".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "كاتێك هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق داعشیان له‌شاره‌كه‌ ده‌ركرد ده‌مانزانی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر سه‌رقاڵی به‌ڕێوه‌بردنی چه‌ند شارێكی ته‌واو بوون له‌سه‌ڵاحه‌دین‌و ئه‌نبار‌و نه‌ینه‌وا‌و ئێستاش حوكمیان له‌ده‌ستداوه‌‌و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ هێرشه‌ هه‌ڕه‌مه‌كیه‌كان، دیاله‌ش به‌هۆی سروشته‌ لادێیه‌ كشتوكاڵیه‌كه‌ی ژینگه‌یه‌كی له‌باره‌ بۆ ئه‌و كاره‌‌و خۆحه‌شاردان تێیدا ئاسانه‌".

 

چه‌كداره‌ گه‌ڕاوه‌كانی داعش بۆ دیاله‌ سه‌ركرده‌ی دیاریان تێدایه‌‌و ئه‌ركیان دانوستانه‌ له‌گه‌ڵ پاشماوه‌ی ئه‌ندامانی رێكخراوی قاعیده‌‌و گرووپه‌ چه‌كداریه‌ خۆجێییه‌كان له‌پێناو پێكهێنانی هاوپه‌یمانیه‌كی نوێدا، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ئه‌فسه‌ره‌كه‌ وتی "ناكۆكی نێوان ئه‌و گرووپانه‌ گه‌وره‌یه‌ دوای ئه‌وه‌ی داعش ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تی راگه‌یاند‌و گرووپه‌كانی دیكه‌ی ناچار كرد به‌یعه‌تی پێبده‌ن یاخود چه‌كه‌كانیان ته‌سلیم بكه‌ن یان ده‌كوژرێن، به‌ڵام ئێستا داعش لاوازه‌‌و به‌دووری نازانین هاوپه‌یمانیه‌ك له‌نێوان خۆیاندا ببه‌ستن، چونكه‌ چه‌كداره‌ عه‌ره‌ب‌و بیانیه‌كان پێویستیان به‌هاوپه‌یمانێكه‌ شاره‌زای جوگرافیای شاره‌كه‌ بێت".

 

به‌گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ دواوه‌، دیاله‌ یه‌كه‌م پایته‌ختی رێكخراوه‌ جیهادیه‌كان بوو له‌عێراق، چونكه‌ له‌ساڵی 2004دا یه‌كه‌م گرووپی توندڕه‌و له‌عێراق له‌دوای داگیركاری ئه‌مریكا دروست بوو، ئه‌بو موسعه‌ب زه‌رقاوی سه‌ركرده‌ له‌رێكخراوی قاعیده‌ له‌و كاته‌دا گرووپی "ته‌وحید‌و جیهاد له‌ وڵاتی رافیده‌ین" باڵی ناوخۆیی رێكخراوی قاعیده‌ی جیهانی راگه‌یاند.

 

زه‌رقاوی دیاله‌ی كرده‌ باره‌گای خۆی‌و شارۆچكه‌ كشتوكاڵیه‌ چڕوپڕه‌كانی كرده‌ وێستگه‌ی پشوودانی چه‌كداره‌ عه‌ره‌ب‌و بیانیه‌كان كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه‌ هاتبوون، هه‌ر له‌وێش مه‌شقیان پێ ده‌كرا‌و ئاماده‌ ده‌كران بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق تا له‌بۆردومانێكی ئاسمانی ئه‌مریكادا زه‌رقاوی له‌باره‌گاكه‌ی خۆی له‌ شارۆچكه‌ی هه‌بهه‌بی سه‌ر به‌ شاری خاڵس له‌دیاله‌ كوژرا.

 

مه‌ترسی نوێی داعش ده‌كه‌وێته‌ زنجیره‌یه‌ك گوندی كشتوكاڵی چڕوپڕ كه‌ له‌ناوچه‌یه‌كی جوگرافیدا درێژده‌بێته‌وه‌ به‌ "سه‌نسل" ناسراوه‌ له‌باكووری شارۆچكه‌ی میقدادیه‌ تا ده‌گاته‌ ده‌وروبه‌ری شارۆچكه‌ی خاڵس له‌شێوه‌ی هیلالێكدا ده‌وری شاری به‌عقوبه‌ی ناوه‌ندی پارێزگاكه‌‌و باره‌گای حكومه‌تی خۆجێیی‌و ئه‌و فه‌رمانگه‌ حكومیانه‌ی داوه‌ كه‌ حزبه‌ شیعه‌كان تێیدا باڵاده‌ستن‌و پێشتر به‌ر له‌ساڵی 2014 هێزه‌ سوننه‌كان حوكمیان ده‌كردن.

 

له‌و ناوچانه‌وه‌ چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كان هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هێزه‌كانی سوپا‌و "حه‌شدی شه‌عبی" كه‌ له‌بازگه‌كانی پشكنین له‌گونده‌ كشتوكاڵیه‌ چڕوپڕه‌كاندا جێگرن.

 

هه‌روه‌ها ئه‌و ناوچانه‌ وه‌ك شاری خێو وان، چونكه‌ ماوه‌ی دوو ساڵه‌ خاڵین له‌دانیشتووان ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی دانیشتووانه‌ سوننه‌كان له‌ترسی داعش‌و ئه‌و گرووپه‌ شیعانه‌ی به‌هاوكاریكردنی توندڕه‌وان تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن، ناوچه‌كه‌یان چۆڵكردبوو. دوای ئه‌وه‌ی دووساڵ له‌مه‌وبه‌ریش داعش له‌ دیاله‌ ده‌ركرا، رێگه‌ نه‌درا دانیشتووانه‌كه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌وه‌ش بواری بۆ توندڕه‌وه‌كان فراوانكرد تا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌.

 

حه‌قی جبوری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی خۆجێیی دیاله‌ به‌ "نیقاش"ی وت "شتێكی مه‌ترسیداره‌ ده‌یان گوندی باكووری میقدادیه‌ خاڵی بن له‌دانیشتووانه‌كه‌یان كه‌ ژماره‌یان به‌نزیكه‌ی 1700 خێزان مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، چونكه‌ ره‌نگه‌ تیرۆریستان ئه‌وه‌ بقۆزنه‌وه‌‌و ده‌ستبكه‌ن به‌دروستكردنی حه‌شارگه‌ بۆ ئه‌و ئه‌ندامانه‌یان كه‌ له‌شاره‌كانی دراوسێیه‌وه‌ دێن.. له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ هه‌موو ئاواره‌كان بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانیان بۆ هێنانه‌دی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێوان پێكهاته‌كانی پارێزگاكه‌دا".

 

ئه‌و قه‌یرانانه‌ی له‌دوو ساڵی رابردوودا دیاله‌یان گرته‌وه‌، ترسێكی ئه‌منیان دروستكردووه‌ كه‌ ره‌واندنه‌وه‌ی زه‌حمه‌ته‌‌و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی نێوان دانیشتووانه‌كه‌یان تێكداوه‌، عشیره‌ته‌ شیعه‌كان هاوتا سوننه‌كانیان به‌هاوكاریكردنی تیرۆر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، له‌پاش هه‌ر رووداوێكی تیرۆریستیش كاردانه‌وه‌ی به‌دوادا دێت له‌ڕێی كاری كوشتنه‌وه‌، پارێزگاكه‌ش پڕه‌ له‌رووداوی له‌و جۆره‌.

 

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراو هێرشیان كرده‌ سه‌ر بازگه‌یه‌كی هێزه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی" له‌ده‌وروبه‌ری شارۆچكه‌ی وه‌جیهیه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر رێگای نێوان به‌عقوبه‌ی زۆرینه‌ شیعه‌‌و میقدادیه‌ی زۆرینه‌ سوننه‌، له‌هێرشه‌كه‌دا كه‌س بریندار نه‌بوو، به‌ڵام كاردانه‌وه‌كه‌ له‌ڕێی چه‌ند گولله‌ هاوه‌نێكه‌وه‌ بوو ئه‌و گوندانه‌ی ده‌وروبه‌ریان كرده‌ ئامانج كه‌ چه‌كداره‌كان به‌ره‌و میقدادیه‌ بۆی هه‌ڵاتبوون.

 

پێده‌چێت ستراتیژی نوێی داعش له‌دیاله‌ نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ی تایفه‌گه‌ری بێت، چونكه‌ دركی به‌وه‌ كردووه‌ ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێوان دانیشتوواندا فشه‌ڵه‌‌و ئه‌گه‌ری ته‌قینه‌وه‌ی هه‌یه‌.

 

باسم عه‌زاوی مولازم له‌پۆلیسی دیاله‌ له‌په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا به‌"نیقاش"ی وت: "داعش چیتر جبه‌خانه‌ی سه‌ربازی نیه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی گه‌وره‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌ستیكردووه‌ به‌جوڵاندنی هه‌ستی تایفه‌گه‌ریی بۆئه‌وه‌ی عه‌شیره‌ته‌كانی شاره‌كه‌ له‌نێو خۆیاندا شه‌ڕ بكه‌ن".

 

هه‌روه‌ها ره‌عد ده‌هله‌كی په‌رله‌مانتاری پارێزگای دیاله‌ له‌ فراكسیۆنی "یه‌كێتی هێزه‌ عێراقیه‌كان" (سوننه‌) دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر رایگه‌یاند كرده‌وه‌كانی راگواستن‌و رفاندن‌و دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمی كه‌سانی كوژراو گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ شارۆچكه‌كانی میقدادیه‌‌و به‌له‌دروز‌و به‌عقوبه‌‌و گوسه‌یبه‌ له‌ دیاله‌.

 

ئه‌و پێشهاته‌ مه‌ترسیدارانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوانیان له‌به‌غدای دراوسێدا هه‌بوو، چونكه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی كه‌ له‌حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران‌و وه‌زیرانی ناوخۆ‌و به‌رگری‌و ئاسایشی نیشتمانی پێكدێت، له‌پاڵ شه‌ڕی موسڵدا، كێشه‌ی دیاله‌ی خسته‌ كارنامه‌یه‌وه‌.

 

راگه‌یه‌ندراوێكی ره‌سمی حكومه‌ت له‌دوای ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ كه‌ رۆژی 10ی مانگی رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، روونیكردۆته‌وه‌ "ئه‌نجومه‌ن گفتوگۆی له‌باره‌ی راپۆرتێكی تێروته‌سه‌ل كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌بارودۆخی ئه‌منی له‌دیاله‌‌و چه‌ند رێوشوێنێك گیرانه‌به‌ر كه‌ یارمه‌تیده‌ر ده‌بن له‌سه‌قامگیركردنی بارودۆخی شاره‌كه‌".

 

گه‌ڕانه‌وه‌ی توندڕه‌وان بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق له‌م سێ ساڵه‌ی دواییدا ئازادیان كردوون، تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌خته‌ بۆ حكومه‌تی عێراق له‌قۆناغی دوای داعشدا، ئه‌م ئالنگاریه‌ نوێیه‌ش خۆی له‌پێویستی رێكردن له‌گه‌ڵ ته‌كتیكه‌ نوێیه‌كانی داعش ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌گه‌رچی توندڕه‌وان جبه‌خانه‌ سه‌ربازیه‌كه‌یان بۆ شه‌ڕی ئاشكرا له‌گه‌ڵ سوپا له‌ده‌ست دابێت، ئه‌وا ستراتیژی داهاتوویان جیاواز ده‌بێت‌و پێویسته‌ حكومه‌تیش خۆی بۆ ئاماده‌ بكات‌و سه‌ركه‌وتنه‌ سه‌ربازیه‌كانی بپارێزێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌