راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گوندی‌ مه‌ته‌ڵه‌كه‌
داعش به‌هێرشی كتوپڕ له‌سه‌ڵاحه‌دین سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌

غه‌زوان حه‌سه‌ن جبوری‌
گوندی "متێبیجه‌" له‌پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین بووه‌ته‌ مه‌ته‌ڵێك كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراقی تووشی سه‌رسوڕمان كردووه‌، چونكه‌ ئه‌و گونده چۆڵه‌، بووه‌ته‌ بنكه‌یه‌ك بۆ هێرشه‌ كتوپڕه‌كانی‌ داعش.
12.04.2017  |  تكریت
ئاڵای‌ گروپێكی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌تكریت، ئه‌و ناوچه‌یه‌ پێشتر به‌ده‌ست داعشه‌وه‌ بووه‌. ( :وێنه يونس البيياتي)
ئاڵای‌ گروپێكی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌تكریت، ئه‌و ناوچه‌یه‌ پێشتر به‌ده‌ست داعشه‌وه‌ بووه‌. ( :وێنه يونس البيياتي)

داخستنی ده‌روازه‌كانی هاتن‌و چوون بۆ شاره‌كه‌‌و رێگاكانی له‌گه‌ڵ چڕكردنه‌وه‌ی خاڵه‌كانی پشكنین كه‌ به‌رۆژ‌و شه‌و به‌شه‌قامه‌كاندا ده‌گه‌ڕێن‌و ئۆتۆمبێلی مه‌ده‌نی‌و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی كه‌ چه‌كداری عه‌شایریان هه‌ڵگرتووه‌، ئه‌مانه‌ گرنگترین ئه‌و دیاردانه‌ن كه‌ ماوه‌ی دوو مانگه‌ له‌ناوچه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی سه‌ڵاحه‌دیندا له‌ئارادان.

 

ئه‌ندامانی رێكخراوی داعش به‌به‌هێزی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ تا ئه‌و هێرشه‌ خێرا‌و كاریگه‌رانه‌ ئه‌نجام بده‌ن كه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان‌و پیاوانی عه‌شیره‌ته‌كانی نێو ریزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كه‌نه‌ ئامانج له‌وه‌شدا پشت به‌سروشتی جوگرافی‌و مۆڵگه‌یه‌ك ده‌به‌ستن كه‌ تائێستاش له‌ژێر كۆنترۆڵیاندایه‌ له‌ناوچه‌كانی چیای حه‌مرین.

 

ناوچه‌كانی باشوور‌و خۆرهه‌ڵاتی سامه‌ڕا‌و دور‌و ناحیه‌ی عه‌له‌م له‌مه‌ترسیه‌كی ئاشكرادان له‌گه‌ڵ دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و كرده‌وانه‌ی داعش ئه‌نجامیان ده‌دات كه‌ له‌یه‌كێكیاندا كه‌متر له‌یه‌ك كیلۆمه‌تری مابوو بگاته‌ سه‌نته‌ری قه‌زای دور (25 كم له‌باشووری خۆرهه‌ڵاتی تكریت) هه‌روه‌ك رێكخراوه‌كه‌ چه‌ند گوندێكیشی كۆنترۆڵ كردووه‌ وه‌ك ته‌ل گوسه‌یبه‌‌و ره‌بیح‌و حه‌سان‌و سه‌ڵابخه‌‌و متێبیجه‌و زۆربه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ش له‌ناوچه‌كانی چیای حه‌مرینه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێن كه‌ زیاتر له‌دوو ساڵ‌و نیوه‌ مۆڵگه‌ی رێكخراوه‌كه‌یه‌.

 

"متێبیجه‌" ئه‌و گونده‌ دووره‌ده‌سته‌ شاراوه‌یه‌یه‌ (35 كم له‌ خۆرهه‌ڵاتی زڵوعیه‌) كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر كه‌ناری رووباری عوزێمی سنووری جیاكه‌ره‌وه‌ی نێوان هه‌ردوو پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین‌و دیاله‌یه‌‌و سروشتێكی كشتوكاڵی‌و جوگرافیایه‌كی سه‌ختی هه‌یه‌ كه‌ ره‌زی ترێ‌و كێڵگه‌ی دانه‌وێڵه‌‌و سه‌وزه‌ له‌رووبه‌رێكی فراوانیدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.

 

هه‌روه‌ها گونده‌كه‌ كانی چه‌و‌و لم‌و ئامێری پاڵاوتنی ئاوی تێدایه‌‌و زیاتر له‌دوو ساڵیشه‌ هیچ دانیشتووانێكی تێدا نییه‌، چونكه‌ بووه‌ته‌ گرنگترین مۆڵگه‌كانی داعش‌و زۆرترین ئه‌و ناوچانه‌ی رێكخراوه‌كه‌ هێرشی لێوه‌ ئه‌نجام ده‌دات، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق چوار هه‌ڵمه‌تیان بۆ پاككردنه‌وه‌ ئه‌نجام داوه‌، به‌ڵام ئه‌و هێزانه‌ هیچ گردبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگی داعشیان تێدا نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ش توانای چه‌كداره‌كان دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ له‌خۆدزینه‌وه‌‌و هه‌ڵاتن‌و شاره‌زاییان له‌سروشتی ناوچه‌كه‌ كه‌ ده‌وه‌ن‌و قامیش‌و زۆنگاوی به‌رفراوانی هه‌یه‌‌و تێیدا به‌گرووپی بچووك جموجوڵ ده‌كه‌ن.

 

دانیشتووانی گونده‌كه‌ له‌عه‌شیره‌ته‌كانی ئه‌لبو عیسا له‌به‌ر زۆری ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كان شوێنه‌كه‌یان به‌جێهێشتووه‌‌و له‌لای خزمه‌كانیان له‌ده‌وروبه‌ری سامه‌ڕا نیشته‌جێ بوون، چونكه‌ گوندی متێبیجه‌ بووه‌ته‌ مه‌ته‌ڵێك وه‌ك زیاد خه‌ڵه‌فی پۆلیس ده‌ڵێت "هه‌ر جارێك هه‌ڵده‌كوتینه‌ سه‌ر گونده‌كه‌ هیچ كه‌سێكی تێدا نابینین‌و پاش چه‌ند سه‌عاتێكیش رووبه‌ڕووی هێرش ده‌بینه‌وه‌‌و چه‌ند هاوكارێكمان ده‌كوژرێن، به‌راستی ئه‌مه‌ بووه‌ته‌ مه‌ته‌ڵێكی سه‌رسوڕهێنه‌ر".

 

ئه‌حمه‌د جبوری پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین داوای له‌حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق‌و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان كردووه‌ ناوچه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی پارێزگاكه‌ بپارێزێت‌و له‌چه‌ند لێدوانێكیدا بۆ میدیای ناوخۆیی وتوویه‌تی ناوچه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی رووباری دیجله‌‌و قه‌زای دوری خۆرهه‌ڵاتی سه‌ڵاحه‌دین به‌ده‌ست زنجیره‌ هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی داعشه‌وه‌ ده‌ناڵێنن‌و زیاتر له‌ 600 خێزان له‌سه‌نته‌ری شاره‌ نزیكه‌كانی دور‌و تكریت‌و سامه‌ڕاوه‌ له‌ترسی به‌ئامانجگرتنیان ئاواره‌ بوون.

 

ئه‌ندامانی داعش له‌هێرشه‌ به‌به‌رنامه‌كانیاندا بنكه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌نه‌ ئامانج‌و له‌مانگه‌كانی كانونی دووه‌م‌و شوباتی رابردوودا رێگای نێوان تكریت كه‌ركوكیان له‌زیاتر له‌شوێنێك‌و بۆ زیاتر له‌جارێك گرت، ره‌نگه‌ دیارترین ئه‌و كرده‌وانه‌ش بریتیبن له‌كردنه‌ ئامانجی بنكه‌ی پۆلیسی "ئه‌لبو خدۆ"ی خۆرهه‌ڵاتی سامه‌ڕا‌و كوژرانی شه‌ش پۆلیس‌و سوتاندنی بنكه‌ی پۆلیسی گوندی"نایب"‌و ئه‌و ته‌قینه‌وه‌ خۆكوژیه‌ی باره‌گای ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی دیجله‌ی كرده‌ ئامانج‌و 33 كوژراوی له‌هێزه‌ ئه‌منیه‌كان لێكه‌وته‌وه‌، هه‌روه‌ها ته‌قاندنه‌وه‌ی 12 تاوه‌ری گواستنه‌وه‌ی ته‌زووی كاره‌با كه‌ بووه‌ هۆی پچڕانی كاره‌با له‌ناوچه‌كانی دور‌و خۆرهه‌ڵاتی تكریت‌و عه‌له‌م بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌هه‌فته‌یه‌ك.

 

جاسم جه‌باره‌ سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین به‌ "نیقاش"ی وت "داعش له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كه‌وه‌ دێت كه‌ تائێستا بۆشایی ئه‌منی به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن‌و به‌مۆڵگه‌ی خۆی داده‌نرێن‌و له‌چیاكانی مه‌كحولی باكووری بێجی‌و حه‌مرینی خۆرهه‌ڵاتی پارێزگاكه‌وه‌ دێن بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی تیرۆریستی له‌پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین".

 

وتیشی "ئازادكردنی ئه‌و ناوچانه‌ پێویستی به‌هێرشێكی وشكانی‌و ئاسمانیه‌ بۆ تێكشكاندنی ئه‌و شانانه‌ی رێكخراوه‌كه‌كه‌ له‌م ناوچه‌یه‌‌و به‌تایبه‌تیش له‌ناوچه‌كانی نێوان هه‌ردوو پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین‌و دیاله‌ دان‌و به‌بنكه‌ی هێرشه‌كانی داده‌نرێن".

 

له‌نزیك چه‌قی ئاڵۆزییه‌ ئه‌منییه‌كان له‌متێبیجه‌، شێخ عه‌لی سایر فه‌رحان سه‌ركرده‌ی عه‌شایری كه‌ گه‌نجێكی 38 ساڵانه‌‌و ماوه‌ی دوو ساڵه‌ فه‌رمانده‌یی كۆمه‌ڵێك ئه‌ندامی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كات، سه‌ره‌ڕای پشتیوانی نه‌كردنی له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ حكومیه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌رده‌وامه‌ له‌به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرشه‌ دووباره‌بووه‌وه‌كان بۆسه‌ر گونده‌كه‌ی كه‌ زیاتر له‌ 300 ماڵ له‌خۆده‌گرێت‌و ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر سنووری نێوان هه‌ردوو پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین‌و دیاله‌‌و به‌ده‌روازه‌ی دزه‌كردنی چه‌كداره‌كان داده‌نرێت بۆسه‌ر باره‌گاكه‌یان له‌متێبیجه‌.

 

فه‌رحان به‌ "نیقاش"ی وت "گه‌یشتووینه‌ته‌ قۆناغێكی مه‌ترسیدار‌و به‌ڕێوه‌ین به‌ره‌و دانانی چه‌ك‌و ئاواره‌بوون‌و چۆڵكردنی شوێنه‌كه‌، چونكه‌ زیاتر له‌دوو مانگه‌ داعش به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام بۆدومانمان ده‌كات‌و دانیشتووانی بێ تاوان ده‌كوژێت".

 

ته‌ڕاد موسعیف شممه‌ری پیاوێكی په‌نجا ساڵانه‌ی خه‌ڵكی گوندی حه‌سانی خۆرهه‌ڵاتی قه‌زای دوره‌‌و له‌ماڵێكی ته‌واونه‌كراودا ده‌ژی له‌تكریت، ئه‌و به‌ "نیقاش"ی وت "ناچاری ئاواره‌بوونیان كردین، چونكه‌ چه‌كدارانی داعش ئاژه‌ڵه‌كانمان ده‌كوژن‌و ده‌ست به‌سه‌ر مه‌ڕوماڵات‌و ئۆتۆمبێله‌كانماندا ده‌گرن‌و خانووه‌كانمان ده‌ستووتێنن‌و ژیانمان بووه‌ته‌ دۆزه‌خێك كه‌ به‌رگه‌ی ناگیرێت".

 

له‌گرنگترین ئه‌و هۆكارانه‌ی ناوچه‌كانی متێبیجه‌‌و به‌رزاییه‌كانی حه‌مرین‌و چیاكانی مه‌كحولیان كردووه‌ته‌ په‌ناگه‌یه‌كی ئارام‌و بنكه‌یه‌ك بۆ كرده‌وه‌كانی داعش به‌پله‌ی سه‌ره‌كی سروشته‌ جوگرافیه‌ سه‌خته‌كه‌یه‌ كه‌ ناوچه‌یه‌كی سه‌خت‌و به‌رز‌و به‌رفراوانه‌‌و درێژده‌بێته‌وه‌ بۆ چه‌ند پارێزگایه‌ك، له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌ندامانی داعش له‌خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ كه‌ شاره‌زاییه‌كی باشیان له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌‌و رێگا‌و ئه‌شكه‌وت‌و دۆڵه‌ تێكه‌ڵاوبووه‌كانی شاره‌زان‌و ئه‌مه‌ش واده‌كات هێرشكردنه‌ سه‌ریان له‌و ناوچانه‌دا كارێكی بێ ئه‌نجام‌و قورس بێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌