راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گه‌ڕان به‌دوای ده‌رزی له‌نێو پوشدا
دیكۆمێنته‌كانی‌ داعش سه‌ره‌داوی‌ زۆر گرنگ بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئاشكرا ده‌كات

موسته‌فا حه‌بیب
له‌خۆرئاوای موسڵ شه‌ڕ به‌رده‌وامه‌و له‌خۆرهه‌ڵاتیش ململانێیه‌كی‌ نوێ‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئه‌ویش راوه‌دونان‌و ده‌ستگیركردنی‌ ئه‌ندامه‌ هه‌ڵاتووه‌كانی‌ داعشه‌، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی‌ كۆدی‌ دێكۆمێنته‌ ئه‌منییه‌كان ئاشكرا بوون.
6.04.2017  |  به‌غدا

چه‌ند سه‌عاتێك دوای ئه‌وه‌ی سوپا له‌كۆتایی كانوونی دووه‌می رابردوودا كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی به‌ری خۆرهه‌ڵاتی موسڵی له‌ده‌ستی توندڕه‌وان راگه‌یاند، چه‌ند هێزێكی ئه‌منی كه‌ له‌به‌غداوه‌ هاتبوون چوونه‌ ناو شاره‌كه‌ ئه‌و هێزانه‌ش له‌ناوخۆدا به‌ "ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی" ناسراون، كه‌سانێكی ده‌مامك كردوو كه‌ چه‌كی سووكیان له‌شاندایه‌‌و لاپتۆپیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، ئه‌ركی ئه‌مانه‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی حسابێكی ئاڵۆزه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی داعش ئه‌وه‌ش ئه‌ركێكی ئاسان نییه‌ له‌نێو نیو ملیۆن كه‌سدا.

 

عه‌لا زه‌یدی ئه‌فسه‌ر له‌ئاسایشی نیشتمانی ده‌ڵێت "دوو مانگه‌، رۆژ نییه‌ كه‌سانێك له‌ئه‌ندامانی داعش یاخود هاوكارانیان له‌خۆرهه‌ڵاتی موسڵ ده‌ستگیر نه‌كه‌ین"، ئه‌و به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌ركه‌كه‌مان قورسه‌‌و گه‌ڕان به‌دوای توندڕه‌وان له‌ نێو نیو ملیۆن كه‌سی نیشته‌جێی به‌ری خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ له‌ نێو پوشدا به‌دوای ده‌رزیه‌كدا بگه‌ڕێیت".

 

به‌پێی قسه‌ی زه‌یدی ئه‌و كاته‌ی هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی موسڵ، چه‌كداره‌ بیانیه‌كانی داعش له‌ڕێی رووباری دیجله‌وه‌ كه‌ شاره‌كه‌ ده‌كات به‌ دوو به‌شه‌وه‌، هه‌ڵاتن بۆ به‌ری راست، هاوكات چه‌كداره‌ خۆماڵیه‌كان له‌نێو خه‌ڵكه‌كه‌دا خۆیان شارده‌وه‌، ریشیان تاشی‌و ئه‌و به‌ڵگانه‌یان له‌ناوبرد كه‌ هاوكاریكردنیان له‌گه‌ڵ توندڕه‌وان ده‌سه‌لمێنن، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان به‌فێڵ هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ بۆ پێشوازیكردن له‌سوپا، به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌وانه‌ تاوانبارن‌و ده‌ستیان له‌كوشتنی ده‌یان كه‌س له‌دانیشتووانی موسڵدا هه‌بووه‌‌و هه‌ندێكیشیان تائێستا پشتیوانی داعش ده‌كه‌ن‌و به‌نهێنی له‌ڕێی شانه‌ی نووستووه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن.       

 

ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی دامه‌زراوه‌یه‌كی ئه‌منی سه‌ربه‌خۆیه‌ له‌ساڵی 2003دا دامه‌زراوه‌‌و ئه‌ركه‌كه‌ی زیاتر هه‌واڵگریه‌ له‌وه‌ی سه‌ربازی بێت‌و فالح فه‌ییاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، ئه‌ندامانی ئه‌م ده‌زگایه‌ له‌به‌ری خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه‌ هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕانیان به‌دوای ئه‌و شانه‌ نووستووانه‌دا ده‌ستپێكردووه‌ كه‌ دانیشتووانیان نیگه‌ران كردووه‌.

 

به‌كرداریش ته‌نیا دوای سێ هه‌فته‌ له‌راگه‌یاندنی ده‌ركردنی توندڕه‌وان له‌به‌ری خۆرهه‌ڵاتی موسڵ، چه‌ند هێرشێكی خۆكوژی روویاندا كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی دانیشتووان‌و چێشتخانه‌‌و بازاڕه‌كانیان كرده‌ ئامانج، هێرشه‌كانیش له‌كاتێكدا بوون كه‌ هه‌زارن سه‌رباز له‌هێزه‌كانی سوپا‌و پۆلیس له‌ناو شاره‌كه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.

 

ئه‌و كێشه‌یه‌ی رووبه‌ڕووی "ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی" ده‌بێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ داتابه‌یسێكی دروستی سه‌باره‌ت به‌توندڕه‌وان‌و هاوكارانیان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌، چونكه‌ موسڵ ماوه‌ی زیاتر دوو ساڵ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراقدا نه‌مابوو، هێزه‌ خۆجێییه‌كان به‌ته‌واوی هه‌ره‌سیان هێنا، هه‌روه‌ك داعش سه‌دان ئه‌ندامی سوپا‌و پۆلیسی كوشت تا رێ له‌ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر شاره‌كه‌ بگرێت.

 

بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌ "ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی" ناچار بوو  له‌چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا ژماره‌یه‌ك له‌دانیشتووان بگرێته‌خۆی كه‌ له‌ژێر حوكمی توندڕه‌واندا له‌شاره‌كه‌ ژیاون تا وه‌كو هه‌واڵده‌ر كاربكه‌ن، ئه‌ركی ئه‌مانه‌ پێدانی زانیاریه‌ له‌سه‌ر توندڕه‌وان له‌ناو شاره‌كه‌دا، زۆر جاریش هه‌واڵده‌ره‌ نوێیه‌كان به‌جلوبه‌رگی مه‌ده‌نیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌بن له‌كاتی هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌كان‌و ده‌توانرێت جیابكرێنه‌وه‌ كه‌ به‌جه‌مه‌دانه‌ ده‌موچاویان هه‌ڵپێچاوه‌ تا نه‌ناسرێنه‌وه‌‌و دووچاری تۆڵه‌لێسه‌ندنه‌وه‌ نه‌بنه‌وه‌ وه‌ك زه‌یدی ده‌ڵێت.

 

جگه‌ له‌هه‌واڵده‌ره‌كان، ئه‌ندامانی ئاسایشی نیشتمانی ژماره‌ ته‌له‌فۆنیان له‌زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كان‌و خاڵه‌كانی پشكنیندا بڵاوكردۆته‌وه‌ تا خه‌ڵك هانبده‌ن بۆ خه‌به‌ردان له‌توندڕه‌وان، به‌پێی قسه‌ی زه‌یدی زانیاری باشیان له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ له‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ پێده‌درێت، به‌ڵام زانیاری سنوورداره‌‌و له‌ئاست خواستی هێزه‌ ئه‌منیه‌كاندا نییه‌‌و وه‌ك زه‌یدی ده‌ڵێت "ره‌نگه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ بترسن له‌وه‌ی خۆیان بخه‌نه‌ كێشه‌وه‌ له‌ترسی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌".

 

وه‌لید جبوری یه‌كێكه‌ له‌دانیشتووانی گه‌ڕه‌كی كه‌رامه‌ی خۆرهه‌ڵاتی موسڵ، مانگی رابردوو هێزه‌ ئه‌منیه‌كان به‌تۆمه‌تی هاوكاریكردنی داعش ده‌ستگیریان كرد‌و گواسترایه‌وه‌ بۆ یه‌كێك له‌باره‌گاكانی هه‌وڵگری سه‌ر وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌ باشووری شاره‌كه‌‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كرا، لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ش له‌لایه‌ن چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی شاره‌زاوه‌ ئه‌نجام درا‌و دوای ئه‌وه‌ی بۆی سه‌لماندن كه‌ هاوكاری داعشی نه‌كردووه‌، ئازادیان كرد.

 

به‌قسه‌ی جبوری له‌ناو موسڵدا چه‌ند چه‌كدارێكی گرووپه‌ شیعه‌كان كه‌ یاوه‌ری ئه‌ندامانی ئاسایشی نیشتمانی ده‌كه‌ن، هه‌ڵسوكه‌وتی ناشرین ده‌نوێنن‌و ترسیان خستۆته‌ دڵی خه‌لكه‌كه‌وه‌، ئاڵا تایبه‌ته‌كانیان هه‌ڵده‌كه‌ن‌و به‌ئۆتۆمبێله‌ ده‌بڵ ئه‌كسله‌كانیانه‌وه‌ ده‌سوڕێنه‌وه‌‌و سروود‌و گۆرانی ئاینی به‌ده‌نگی به‌رز لێده‌ده‌ن.

 

جبوری بڕیاری داوه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌كه‌ی له‌ناو موسڵ‌و به‌باشی زانی له‌كامپێكی ئاواره‌كاندا بمێنێته‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی موسڵ كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌رپه‌رشتی ده‌كات‌و دواتریش خێزانه‌كه‌ی هاتن بۆلای، ئه‌و به‌"نیقاش"ی وت:"بارودۆخ له‌خۆرهه‌ڵاتی موسڵ ترسێنه‌ره‌، بێسه‌روبه‌ره‌یی‌و كاری تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ئارادایه‌، هه‌واڵده‌رێكی نهێنی به‌درۆ تۆمه‌تباری كردم به‌وه‌ی هاوكاری توندڕه‌وانم كردووه‌، به‌ڵام بێتاوانی خۆم سه‌لماند، داعش برایه‌كی كوشتم كه‌ پۆلیس بوو، خۆیشم له‌سه‌ر جگه‌ره‌كێشان جه‌ڵده‌م لێدرا، چۆن ده‌چێته‌ عه‌قڵه‌وه‌ توندڕه‌وان رێگه‌ بده‌ن كاریان له‌گه‌ڵ بكه‌م كه‌ به‌گومان بن لێم".

 

جبوری به‌ر له‌ئازادكردنی دوو هه‌فته‌ی له‌و گرتووخانانه‌دا به‌سه‌ر برد كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كاتی له‌باشووری شاره‌كه‌ دروست كراون، ئه‌و ده‌ڵێت "بارودۆخی به‌ندكردن خراپه‌، رۆژانه‌ ده‌یان ده‌ستگیركراو ده‌هێنن، هه‌ندێكیان ده‌ناسم كه‌ بێتاوانن، وادیاره‌ ده‌ستگیركردنه‌كان هه‌ڕه‌مه‌كی‌و به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تاییانه‌‌و به‌بێ رێنمایی روون‌و ئاشكرا ئه‌نجام ده‌درێن".

 

هه‌رچی قاسم عوبه‌یدیشه‌ كه‌ ئه‌ویش چه‌ند رۆژێك ده‌ستگیركرا‌و دواتر ئازاد كرا، ئه‌وا سكاڵای ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ مه‌رجی مرۆیی له‌جیاكردنه‌وه‌ی توندڕه‌واندا نییه‌، ئه‌و له‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌فسه‌رانی لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو ناگرن كه‌ سه‌دان كه‌س له‌دانیشتووان هه‌ن داعش ناچاری كردوون كاریان له‌گه‌ڵ بكه‌ن له‌شاره‌كه‌دا‌و وه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێن كه‌ تۆمه‌تبارن به‌كاری كوشتن‌و به‌یعه‌تدان به‌ داعش، ئه‌مه‌ بێ ویژدانیه‌‌و نیگه‌رانمان ده‌كات".

 

هه‌روه‌ها عوبه‌یدی ده‌ڵێت "ده‌یان كه‌س له‌دانیشتووانی شاره‌كه‌ ناچاربوون كار له‌گه‌ڵ داعش بكه‌ن له‌كاری مه‌ده‌نیدا بۆ دابینكردنی بژێوی خێزانه‌كانیان ئه‌گه‌ر نا له‌برساندا ده‌مردن، بۆ نموونه‌ كه‌سانێك هه‌ن كاریان له‌پاككردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كان‌و كۆكردنه‌وه‌ی خۆڵ‌و خاشاكی ناو گه‌ڕه‌كه‌كان‌و چاككردنی ترومپای ئاو‌و موه‌لیده‌ی سه‌ره‌كی كاره‌بای شاره‌كه‌دا كردووه‌، ئایا دادپه‌روه‌ریه‌ به‌توندڕه‌و له‌قه‌ڵه‌م بدرێن؟".

 

دۆكیۆمێنته‌كانی داعش گه‌نجینه‌ی زانیارین

ئه‌ركی "ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی" ته‌نیا ده‌ستگیركردنی توندڕه‌وان نییه‌، به‌لًكو گه‌ڕانیشه‌ به‌دوای باره‌گا ئیداریه‌كانی داعش‌و كارگه‌ سه‌ربازییه‌كانیدا، بۆ به‌ده‌ستهێنانی هه‌ر زانیاریه‌ك كه‌ بیانگه‌یه‌نێت به‌زانینی نهێنیه‌كانی رێكخراوه‌كه‌، بۆیه‌ ده‌وریه‌ ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وامن له‌كاری گه‌ڕان له‌ناوچه‌ نیشته‌جێكان‌و ناوچه‌ چۆڵكراوه‌كانی ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌دا.

 

هه‌فته‌ی رابردوو هێزه‌ ئه‌منیه‌كان دۆزینه‌وه‌ی گه‌وره‌ترین كارگه‌ی دروستكردنی بۆمب‌و موشه‌كیان له‌خۆرهه‌ڵاتی موسڵ راگه‌یاند كه‌ له‌ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌ له‌ژێر زه‌ویدا بوو، ئه‌و كاره‌ش به‌پێی زانیاری هه‌والًگری ئه‌نجام درا.

 

به‌ڵام به‌پێی قسه‌ی عومران خوزاعی نه‌قیب له‌سوپا ئه‌وه‌ی وره‌ی ئه‌ندامانی ئاسایش زیاتر ده‌كات دۆكیۆمێنته‌كانی داعشه‌، چونكه‌ گه‌نجینه‌یه‌كن له‌زانیاری، ئه‌و ده‌ڵێت "تا ئێستا هه‌زاران دۆكیۆمێنتی نهێنی رێكخراوی داعشمان له‌خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه‌ دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ گرنگترین شت بوون به‌لای ئه‌و رێكخراوه‌وه‌، چونكه‌ موسڵ پایته‌ختی بووه‌‌و له‌وێوه‌ كاروباری ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی له‌عێراق‌و سوریا به‌ڕێوه‌براوه‌".

 

خوزاعی وتیشی "چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر هێزه‌ ئه‌منیه‌كان زیاتر له‌سێ هه‌زار دۆكیۆمێنتی گرنگیان له‌ناوچه‌ی موسه‌ننای خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه‌ دۆزیه‌وه‌ كه‌ وه‌ك سندوقی ره‌شی ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌ بوون، سێدی‌و لاپتۆپ‌و به‌ڵگه‌نامه‌ی كاغه‌زیان تێدابوو كه‌ ناوی هه‌زاران چه‌كداری داعش‌و ناونیشان‌و ره‌گه‌زنامه‌یان له‌عێراق‌و سوریا‌و تۆماری دارایی سه‌باره‌ت به‌بازرگانی داعشیان له‌خۆگرتبوو".

 

لێكۆڵینه‌وه‌ له‌هه‌زاران دۆكیۆمێنت‌و شیكردنه‌وه‌یان پێویستی به‌چه‌ند مانگێك هه‌یه‌ وه‌ك خوزاعی ده‌ڵێت "ئه‌م دۆكیۆمێنتانه‌ له‌موسڵه‌وه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ به‌غدا‌و لێره‌ش له‌پایته‌خت ده‌زگا ئه‌منییه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان شیكردنه‌وه‌یان بۆ ده‌كه‌ن‌و سوودیان لێوه‌رده‌گرن بۆ گه‌یشتن به‌نهێنیه‌كانی رێكخراوه‌كه‌".

 

*له‌به‌ر هۆكاری ئه‌منی ناوی ئه‌و دوو كه‌سه‌ گۆڕدراوه‌ كه‌ ده‌ستگیركراون‌و دواتر ئازاد كراون.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌