راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بیرهێنانه‌وه‌ی‌ یاده‌وه‌رییه‌كانی‌ قاعیده‌
سێڵفی سه‌ربازانی عێراق‌و ئه‌مریكا له‌موسڵ كۆده‌كاته‌وه‌

موسته‌فا حه‌بیب
هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زین‌و له‌سه‌ر زه‌وی به‌شداریان له‌شه‌ڕی‌ موسڵدا كرد، ئه‌م رووداوه‌ یاده‌وه‌ری كاری هاوبه‌شی چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ری شه‌ڕی‌ قاعیده‌ی‌ بیری‌ ئه‌فسه‌ره‌ عێراقیه‌كان هێنایه‌وه‌.
22.03.2017  |  به‌غدا
پۆلیسی فیدرالی لەخۆرئاوای موسڵ ( :وێنه Staff Sgt. Jason Hull)
پۆلیسی فیدرالی لەخۆرئاوای موسڵ ( :وێنه Staff Sgt. Jason Hull)

له‌سه‌نگه‌رێكی سه‌ربازیدا كه‌ له‌ناوچه‌كانی خۆرئاوای موسڵ به‌په‌له‌ دروستكراوه‌، ئه‌حمه‌د جبوری ئه‌فسه‌ر له‌سوپای عێراق له‌سه‌ر مێزێك دانیشتووه‌ كه‌ به‌نه‌خشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی شاره‌كه‌ داپۆشراوه‌‌و تێیدا ئاماژه‌ بۆ چۆنێتی به‌ڕێوه‌چوونی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كان كراوه‌، له‌ته‌نیشتیشیه‌وه‌ چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی ئه‌مریكی دانیشتوون بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی پلانه‌كانی شه‌ڕه‌كه‌، چونكه‌ شه‌ڕه‌كان له‌دوای هه‌ماهه‌نگی نێوان هێزه‌كانی ئه‌مریكا‌و هێزه‌ وشكانیه‌كان، مۆركێكی نوێیان وه‌رگرتووه‌.

 

جبوری كه‌ له‌فیرقه‌ی نۆی زرێپۆشی سوپای عێراق كارده‌كات به‌"نیقاش"ی وت "شه‌ڕی خۆرئاوای موسڵ جیاوازه‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی، له‌خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه‌ به‌ته‌نیا له‌سه‌ر زه‌وی شه‌ڕمان ده‌كرد، بۆیه‌ زیانی زۆرمان له‌سه‌رباز‌و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازیدا لێكه‌وت، كاتێك رووبه‌ڕووی كێشه‌یه‌ك له‌ته‌كتیكه‌ سه‌ربازیه‌كانی داعش ده‌بووینه‌وه‌، پێویستمان به‌چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ده‌بوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی هێزه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ ته‌نیا چه‌ند سه‌عاتێكمان پێویست ده‌بێت".

 

كاتێك ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ئابی 2014دا شه‌ڕی له‌دژی داعش راگه‌یاند، ته‌نیا هێرشی ئاسمانی به‌كارده‌هێنا، به‌ڵام پاش سێ ساڵ، مانگی رابردوو بڕیاریدا به‌هێزی شه‌ڕكه‌ر‌و تۆپخانه‌ به‌شداری له‌شه‌ڕی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌دژی توندڕه‌وان بكات له‌موسڵی پایته‌ختی داعش، سوپای عێراقیش ئێستا چه‌ند مه‌ترێك له‌و مزگه‌وته‌وه‌ دووره‌ كه‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی خه‌لافه‌ته‌ ئیسلامیه‌كه‌ی لێوه‌ راگه‌یاند‌و خۆی به‌خه‌لیفه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی دانا.

 

له‌مانگی شوباتی رابردوودا فیرقه‌ی نۆی سوپای عێراق فه‌رمانی له‌حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ وه‌رگرت كه‌ تێكه‌ڵ به‌لیوای دووه‌می شه‌ڕكه‌ری سه‌ر به‌ فیرقه‌ی 82ی په‌ڕه‌شوتی ئه‌مریكا ببن، وه‌ك جبوری ده‌ڵێت یه‌كه‌م دیداری ئه‌فسه‌ره‌ عێراقی‌و ئه‌مریكییه‌كان دوور‌ودرێژ بوو، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ماوه‌یه‌كی دوورودرێژمان به‌سه‌ر برد باسی ئه‌و یاده‌وه‌ریانه‌مان ده‌كرد كه‌ پێكه‌وه‌ كۆیان كردبووینه‌وه‌ كاتێك چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر شانبه‌شانی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌دژی رێكخراوی قاعیده‌ شه‌ڕمان ده‌كرد".

 

له‌كۆتایی ساڵی 2011یشدا هێزه‌كانی ئه‌مریكا دوای نۆ ساڵ له‌داگیركردنی عێراق، لێی كشانه‌وه‌، زۆرجاریش شرۆڤه‌كاران سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی رێكخراوی داعش له‌هێرشی بۆسه‌ر عێراق‌و داگیركردنی سێ یه‌كی وڵاته‌كه‌ بۆ كشانه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ سوپای عێراقیان به‌جێهێشت له‌كاتێكدا ژماره‌ی سه‌ربازانی زیاتر له‌نیو ملیۆن كه‌س بوو، به‌ڵام به‌بێ چه‌كی ته‌واو‌و فڕۆكه‌ی جه‌نگی.

 

به‌ڵام جه‌نگی دژ به‌داعش ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و عێراقی هاندا سه‌رله‌نوێ هێزه‌كانی ئه‌مریكا بگێڕنه‌وه‌، ئێستاش زیاتر له‌نۆ هه‌زار سه‌ربازی شه‌ڕكه‌ری ئه‌مریكا له‌بنكه‌ سه‌ربازیه‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌ندێكیان دوورن له‌شوێنی به‌ڕێوه‌چوونی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كان‌و هه‌ندێكی تریشیان له‌به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كاندان وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له‌موسڵ له‌ئارادایه‌.

 

مازن مه‌یاحی ئه‌فسه‌ر له‌پۆلیسی فیدراڵی كه‌ یه‌كه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هێزه‌ وشكانیه‌كانی ئه‌مریكا له‌شارۆچكه‌ی "حه‌مام عه‌لیل"ی باشووری موسڵ تێكه‌ڵ بووه‌، خۆشحاڵی ده‌رده‌بڕێت به‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ هاوبه‌شه‌ی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مریكا هه‌یه‌‌و به‌فاكته‌رێكی گرنگی داده‌نێت بۆ په‌له‌كردن له‌شكستپێهێنانی توندڕه‌وان.

 

ئه‌و هێزانه‌ی پۆلیسی فیدراڵی عێراق كه‌ شاره‌زاییان له‌شه‌ڕی نێو شه‌قامدا كه‌متره‌، له‌شه‌ڕه‌كانی خۆرئاوای موسڵ له‌بری هێزه‌كانی ده‌زگای دژه‌تیرۆر به‌شداریان كرد كه‌ به‌باشی له‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ شه‌ڕانه‌ راهێنراون، به‌ڵام ئه‌و زیانه‌ زۆره‌ی له‌شه‌ڕه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی موسڵ لێیان كه‌وت، حكومه‌تی ناچار كرد په‌نا بۆ پۆلیسی فیدراڵی ببات.

 

مه‌یاحی به‌ "نیقاش"ی وت "چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌شێوه‌یه‌كی ئاڵۆز‌و دوورودرێژ به‌ڕێوه‌ده‌چوو، چونكه‌ ئه‌و سه‌ربازه‌ عێراقییانه‌ی له‌هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌بوون زانیاریان له‌سه‌ر شوێنی چه‌كدارانی داعش بۆ ئه‌فسه‌ری مه‌یدانی ده‌نارد‌و ئه‌ویش له‌لای خۆیه‌وه‌ ده‌ینارد بۆ ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدا‌و راده‌ستی لایه‌نی ئه‌مریكی ده‌كرا‌و پاشان لایه‌نی ئه‌مریكی هێرشی ئاسمانی ئه‌نجام ده‌دا، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ چه‌ند سه‌عاتێكی ده‌خایاند‌و زۆرجاریش توندڕه‌وان به‌خێرایی جووڵه‌یان ده‌كرد‌و شوێنه‌كانیان ده‌گۆڕی".

 

به‌ڵام ئیستا بارودۆخه‌كه‌ جیاوازه‌ وه‌ك مه‌یاحی ده‌ڵێت "زانیاری له‌باره‌ی شوێنی توندڕه‌وان راسته‌خۆ له‌سه‌ربازه‌ عێراقیه‌كانه‌وه‌ ده‌گاته‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا كه‌ به‌چه‌ند كیلۆمه‌ترێك له‌پشتیانه‌وه‌ جێگیربوون‌و هه‌رخێراش له‌ڕێی تۆپخانه‌ یاخود به‌هێرشی ئاسمانی به‌وردی وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌".

 

مه‌یاحی وتیشی "شه‌ڕه‌كه‌ له‌خۆرئاوای موسڵ ئاسانتر دیاره‌ به‌به‌راورد به‌شه‌ڕه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی موسڵ، چونكه‌ ئه‌مریكا شاره‌زاییه‌كی زۆری هه‌یه‌‌و زۆربه‌ی كات له‌چه‌ند سه‌عاتێكی كه‌مدا ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن كه‌ له‌گه‌ڕه‌كه‌ به‌رته‌سكه‌كان رووبه‌ڕووی سه‌ربازه‌كان ده‌بنه‌وه‌".

 

بۆ نموونه‌ش ئه‌و فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانانه‌ی داعش له‌رۆژانی سه‌ره‌تای شه‌ڕه‌كه‌دا به‌كاری ده‌هێنان‌و چاودێری جموجوڵه‌كانی سوپایان ده‌كرد‌و بۆمبیان به‌سه‌ردا ده‌خستنه‌ خواره‌وه‌، له‌مه‌ودوا نابنه‌ كێشه‌، ئه‌ویش پاش ئه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا سیستمی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و فڕۆكانه‌ی جێگیركرد كه‌ به‌ "Blighter AUDS Counter-UAV system" ناسراوه‌، له‌ كاتێكدا سوپای  عێراق ئه‌و سیستمه‌ی نییه‌ وه‌ك مه‌یاحی ده‌ڵێت.

 

دوور له‌شه‌ڕ‌و له‌كاتی پشوودانیشدا، سه‌ربازه‌ عێراقیه‌كان كاته‌كانیان به‌ گفتوگۆی دوورودرێژ له‌گه‌ڵ سه‌ربازانی ئه‌مریكا به‌سه‌ر ده‌به‌ن سه‌باره‌ت یاده‌وه‌ری شه‌ڕكردنیان شانبه‌شانی یه‌كتر له‌دژی رێكخراوی قاعیده‌‌و پشكنینی كه‌لوپه‌له‌ سه‌ربازیه‌ ئه‌مریكیه‌ نوێیه‌كان‌و به‌گرتنی وێنه‌ی سێڵفی له‌گه‌ڵ سه‌ربازانی ئه‌مریكا شاد ده‌بن.

 

عه‌بدوڵڵا به‌درانی ئه‌فسه‌ر له‌سوپای عێراق به‌"نیقاش"ی وت"یه‌كه‌ سه‌ربازیه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ساڵانی 2006‌و 2007 به‌شداری له‌شه‌ڕی ئه‌نبار كرد له‌دژی رێكخراوی قاعیده‌، ئێستاش پێكه‌وه‌ له‌دژی رێكخراوی داعش شه‌ڕ ده‌كه‌ین، هێزه‌كانی ئه‌مریكا شاره‌زاییه‌كی زۆریان هه‌یه‌‌و زۆرجار له‌به‌ره‌كاندا سوود له‌پلان‌و چه‌كه‌كانیان وه‌رده‌گرین".

 

به‌درانی هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "كاتێك هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ساڵی 2011دا له‌عێراق كشانه‌وه‌، بنكه‌ سه‌ربازیه‌ رێكوپێكه‌كانیان به‌ته‌واوی كه‌لوپه‌له‌كانه‌وه‌ راده‌ستكردین، به‌ڵام به‌هۆی گه‌نده‌ڵی كارگێڕی‌و دارایی وڵاته‌وه‌ ئه‌و بنكانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌ره‌ باڵاكانه‌وه‌ فه‌رامۆشكران، ته‌نانه‌ت كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌ندێك له‌و بنكانه‌ له‌به‌غدا بۆ مه‌شقپێكردنی سوپا‌و ئه‌و بارودۆخه‌ خراپه‌یان بینی، سه‌ریان سوڕما".

 

سه‌ربازه‌ عێراقیه‌كان له‌نێو خۆیاندا ده‌پرسن ئایا ئه‌مجاره‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌مێننه‌وه‌؟ تائێستا كه‌س وه‌ڵامه‌كه‌ نازانێت، چونكه‌ حكومه‌تی عێراق نایه‌وێت بچێته‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌ ئاڵۆزه‌وه‌، له‌كاتێكدا مانگی رابردوو جیمس ماتیس وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا وتی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌دوای له‌ناوبردنی داعش له‌عێراق ده‌مێننه‌وه‌، به‌ڵام پێویسته‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دوژمنێكی دێریندا بكه‌ن كه‌ گرووپه‌ شیعه‌كانی عێراقن.

 

یه‌كێك له‌و گرووپانه‌ش كه‌ به‌كرده‌یی شانبه‌شانی فیرقه‌ی نۆی سوپای عێراق به‌شداری له‌ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كانی موسڵدا ده‌كات "فیرقه‌ی شه‌ڕكه‌ری عه‌باس"ه‌ كه‌ سه‌ر به‌عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی شیعه‌یه‌ نه‌ك ئێران، ئه‌و گرووپه‌ش به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ رێز له‌حكومه‌تی عێراق ده‌گرێت‌و سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی به‌رگریه‌، ره‌نگه‌ هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌ بێت كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا دڵنیابن له‌شه‌ڕكردن له‌و ناوچه‌یه‌.

 

گرووپه‌ شیعه‌كانی سه‌ر به‌ئێران ئه‌مریكا به‌دوژمنی سه‌رسه‌ختی خۆیان داده‌نێن‌و هه‌ردوولاش مێژوویه‌كیان هه‌یه‌ له‌شه‌ڕ دژی یه‌كتر، ئه‌و كاته‌ی چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر سه‌ربازانی ئه‌مریكا عێراقیان داگیر كردبوو له‌لایه‌ن گرووپه‌ شیعه‌كانه‌وه‌ لێیان ده‌كوژرا، تائێستاش لێدوانی گرووپه‌ شیعه‌كان سه‌باره‌ت به‌ره‌تكردنه‌وه‌ی بوونی ئه‌مریكا به‌رده‌وامه‌، كه‌واته‌ ئایا عێراق رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی نوێ له‌نێوان گرووپه‌ شیعه‌كان‌و هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ئاینده‌دا به‌خۆوه‌ ده‌بینێت؟

 

تێبینی‌: ناوی ئه‌فسه‌ره‌ عێراقییه‌كان گۆڕاوه‌، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی لێدوانیان پێنه‌دراوه‌

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌