راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شه‌ڕی‌ به‌وه‌كاله‌تی‌ هێزه‌ كوردییه‌كان
چه‌قی‌ ناكۆكییه‌كانی‌ داهاتوو "قه‌ندیلی‌ دووه‌م" ده‌بێت

هه‌ستیار قادر
ئه‌گه‌ره‌كانی‌ رووبه‌روونه‌وه‌ی‌ په‌كه‌كه‌و پارتی‌ زۆرن، ئه‌وه‌ی‌ له‌شنگال روویدا زه‌نگێكی‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ بوو، هه‌رچه‌نده‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان پێشبینیان ده‌كرد، به‌ڵام باوه‌ڕیان نه‌بوو به‌و زووییه‌ بێت.
15.03.2017  |  هه‌ولێر
شەڕڤانێکی یەپەشە ( :وێنه الموسوعة الحرة)
شەڕڤانێکی یەپەشە ( :وێنه الموسوعة الحرة)

ئه‌و مه‌ترسیه‌ له‌سه‌ر دروستبوونی‌ شه‌ڕی‌ كوردو كورد دوای‌ داعش له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا، هاوڵاتیانی‌ ئه‌و هه‌رێمه‌ی‌ توشی‌ دڵه‌راوكێی‌ دروستبوونی‌ كێشه‌یه‌كی‌ نوێ كردۆته‌وه‌، له‌پاڵ قه‌یرانی‌ سیاسی‌‌و داراییدا كه‌ تائێستاش لێی‌ ده‌رنه‌چوون.

 

چه‌كداره‌كانی‌ یه‌كنیه‌كانی‌ به‌رخۆدانی‌ شنگال (یه‌به‌شه‌)و له‌شكری‌ (رۆژ)ی‌ سه‌ر به‌هێزه‌كانی‌ زێره‌ڤانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ناوچه‌ی‌ (خانوسور)ی‌ قه‌زای‌ شنگال ته‌نها 300 مه‌تر له‌یه‌كه‌وه‌ دوورن، ئه‌وان په‌نجه‌یان له‌سه‌ر په‌له‌پیتكه‌ی‌ تفه‌نگه‌كانیانه‌ بۆ ئه‌گه‌ری‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی‌ پێكدادانی‌ نێوانیان كه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ وه‌ك ئه‌و پێكدادانه‌ی‌ له‌ 3ی‌ ئه‌م مانگه‌ رویداو قوربانی له‌نێوان ئه‌و دوو هێزه‌ كوردییه‌ی لێكه‌وته‌وه‌.

 

یه‌به‌شه‌ كه‌ نزیكه‌ له‌پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان (په‌كه‌كه‌)و له‌شكری‌ (رۆژ) یش كه‌ له‌كوردانی‌ سوریا پێكهاتووه‌‌و سه‌ر به‌حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانن‌و به‌دیاریكراوی‌ له‌پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌ نزیكن، ناكۆكی‌ هه‌ردولا له‌سه‌ر بونیانه‌ له‌قه‌زای‌ شنگال كه‌ له‌ساڵی‌ 2014دا به‌هۆی‌ هێرشی داعشه‌وه‌ هه‌زاران هاوڵاتی‌ ئێزدی‌ ناوچه‌كه‌ ئاواره‌بوون‌و سه‌دانیشیان لێكوژرا یان له‌لایه‌ن ئه‌و گروپه‌ به‌دیل گیران.

 

قادر شێخ مه‌می‌ فه‌رمانده‌ له‌ له‌شكری‌ (رۆژ) پێبیشنی‌ دووباره‌بونه‌وه‌ی‌ شه‌ڕی‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ یه‌به‌شه‌ ده‌كات گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بڕوات بێ چاره‌سه‌ركردنی‌، ئه‌و به‌"نیقاش"ی وت "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ شه‌ڕی‌ برا كوژیدا نین، به‌ڵام  ئه‌گه‌ر كوڕه‌كه‌شت لاساری‌ بكات لێی‌ ده‌ده‌یت" ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر یه‌به‌شه‌.

 

قادر شێخ مه‌می‌ یه‌به‌شه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵی‌ په‌كه‌كه‌دان‌و ده‌ڵێت "ئه‌وان خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ توركیان با بچن دووشاخ له‌وێ رزگابكه‌ن".

 

هه‌ركام له‌و دوو هێزه‌ ئۆباڵی‌ شه‌ڕه‌كه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ ئه‌وی‌ تر، به‌وته‌ی‌ ئه‌و به‌رپرسانه‌ی‌ له‌شكری‌ (رۆژ) كه‌ "نیقاش" دواندونی ئه‌وان ویستویانه‌ بچنه‌ ئه‌وسنوره‌ تا له‌رێگه‌ی‌ شنگاله‌وه‌ هێڵی‌ سنوری‌ نێوان عێراق‌و سوریا  بپارێزن له‌دژی‌ چه‌كدارانی‌ داعش، به‌ڵام یه‌په‌شه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ چونی‌ ئه‌وان بۆ ده‌ركردنیان بووه‌.

 

سه‌رحه‌د شنگالی به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ یه‌به‌شه‌ ده‌ڵێت هێزی‌ (رۆژ) ئاماده‌كارییان كردووه‌ بۆ  ئه‌وه‌ی‌ جارێكی‌ تر هێرش بكه‌نه‌وه‌ سه‌ریان‌و  هێزی‌ سه‌ربازییان هێناوه‌ته‌ سنوره‌كه‌ به‌پشتیوانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

 

سه‌رحه‌د شنگالی كه‌  ئێزدییه‌كی‌  قه‌زاكه‌یه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "پاساوی‌ ئه‌وان بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌ستمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چه‌كداری‌ په‌كه‌كه‌ی‌ لێیه‌ له‌كاتێكدا ئه‌وان ژماره‌یان له‌ 100 كه‌س تێپه‌رنابن‌و كاریان راوێژكاریی‌ سه‌ربازییه‌و مه‌شق به‌هێزه‌كانمان ده‌كه‌ن".

 

پێده‌چێت هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ پێكدادانه‌كان ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ خۆیان باسی ده‌كه‌ن‌و روداوه‌كه‌ی‌ خانه‌سۆر ته‌نیا ده‌ره‌نجامبێت، ئه‌و ناكۆكییه‌ی‌ نێوان په‌كه‌كه‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كه‌ پاڵپشتی‌ له‌شكری‌ (رۆژ) ده‌كات ره‌هه‌ندی‌ هه‌رێمی‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ناكۆكی‌ نێوان ئه‌و دوو هێزه‌ په‌لی كێشاوه‌ بۆ ناو كوردستانی‌ سوریاش به‌وپێیه‌ی‌ چه‌ندینجار هه‌رێم  پارتی‌ یه‌كێتی‌ دیموكرات (یه‌په‌ده‌)ی‌ تۆمه‌تبار كردووه‌ به‌تاكڕه‌وی‌ له‌و به‌شه‌ی‌ كوردستان‌و رێنه‌دان به‌كاركردنی‌ ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ی‌ نزیك له‌پارتی دیموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌.

 

ئاگربه‌ستی‌ شه‌ڕی‌ نێوان دووهێزه‌ سه‌ربازییه‌ كوردیه‌كه‌ی‌ شنگال كاتییه‌و ئه‌گه‌ری‌ دووباره‌ رودانه‌وه‌ی‌ زۆره‌ هه‌رچه‌نده‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ ئه‌و كات نێوه‌نگیری‌ كرد بۆ راوه‌ستانی‌.

 

جه‌مال ئیمینكی‌ سوپا سالاری‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌ خۆی‌ به‌شداربوو له‌دانوستانی‌ وه‌ستانی‌ شه‌ڕی‌ نێوان دوو هێزه‌ كوردییه‌كه‌دا، به‌"نیقاش"ی‌ وت "شنگال به‌شێكه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و په‌كه‌كه‌ ده‌رفه‌تی‌ هاتنی‌ داعشیان قۆستۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ بگرن، ئه‌گه‌ر له‌و ناوچه‌یه‌ خۆیان به‌خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بزانن لێیان قبوڵناكه‌ین، چونكه‌ ئه‌وان پارتێكی‌ سه‌ر به‌هه‌رێمی‌ كوردستان نین تا له‌و ناوچه‌یه‌ بن".

 

جه‌مال ئیمنیكی‌ كه‌ ئه‌ویش كاندیدی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌ له‌و پۆسته‌ فه‌رمیه‌دا وتیشی‌ "تائێستا هیچ رێكه‌وتنێك ئیمزا نه‌كراوه‌ بۆ كۆتایی‌ هێنان به‌و ناكۆكییه‌و ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ به‌رده‌وام بێت هه‌موو رۆژێك رودانه‌وه‌ی‌ شه‌ڕ ئه‌گه‌رێكی‌ به‌هێزه‌، ئه‌وان رێناده‌ن له‌شكری‌ (رۆژ) كه‌سه‌ر به‌ رۆژئاوایه‌ له‌و به‌شه‌ی‌ كوردستان بن  كه‌ له‌شنگالیش رێگریان لێبكه‌ن ئه‌ی‌ بچنه‌ ئاسمان".

 

ئه‌وه‌ جاری‌ یه‌كه‌م نییه‌ ناكۆكی‌ نێوان پارتی‌‌و په‌كه‌كه‌ بگاته‌ ئاستی‌ پێكدادان، له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 1992 دا پێكدادانی‌ نێوان یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ئه‌و دووهێزه‌ له‌شاری‌ دهۆك قوربانی لێكه‌وته‌وه‌و له‌ساڵی‌ 1994 یشدا پێكدادانی‌ ئه‌و دووهێزه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئاستی‌ بانگهێشتكردنی‌ سوپای‌ توركیا بۆ ناو خاكی‌ هه‌رێم بۆ رووبه‌روو بونه‌وه‌ی‌ كه‌ تائێستاش بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانیان له‌سنوری‌ دهۆك ماوه‌.

 

په‌كه‌كه‌ دروستبونی‌ ئه‌و ناكۆكییه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌نزیكبوونه‌وه‌ی‌ نێوان پارتی‌‌و حكومه‌تی‌ توركیاوه‌ كه‌ دووه‌میان له‌ململانێیه‌كی‌ سه‌ربازی‌ زیاتر له‌سی ساڵیداییه‌.

 

سه‌رحه‌د ڤارتۆ وته‌بێژی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌كه‌كه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌وهێزه‌ی‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر به‌یه‌شه‌ له‌لایه‌ن پارتی‌‌و توركیاوه‌ مه‌شقیان پێده‌كرێت به‌و چه‌كه‌ ئه‌ڵمانیانه‌ هێرشین كرده‌ سه‌ر ئێزدییه‌كان كه‌ دراونه‌ته‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بۆ پاراستنی‌ ئه‌و پێكهاته‌یه‌ له‌شنگال".

 

ناكۆكی‌ نێوان په‌كه‌كه‌و پارتی پاڵنه‌رێكی‌ گه‌وره‌تری‌ له‌پشته‌وه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌هاوكێشه‌ی‌ ململانێ هه‌رێمیه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌.

 

توركیا بوونی‌ په‌كه‌كه‌ له‌كوردستانی‌ سوریا به‌هیڵی‌ سور ده‌زانێت‌و چه‌ندین جاریش ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ رێناده‌ن ده‌وڵه‌تێكی‌ كوردی‌ له‌سه‌ر سنوری‌ له‌گه‌ڵ سوریا دروستبكرێت‌و جاربه‌جاریش هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر یه‌كینه‌كانی‌ پاراستنی‌ گه‌ل (یه‌په‌گه‌)، له‌ناوچه‌ی‌ باشیكی‌ سنوری‌ موسڵیش توركیا یه‌كه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ هه‌یه‌‌و چه‌ندین جاریش جه‌ختی‌ له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ رێنادات "قه‌ندیلێكی‌ تر" تر له‌و سنوره‌ دروست بێت ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ بوونی‌ چه‌كدارانی‌ په‌كه‌كه‌ له‌شنگال به‌هاوشێوه‌ی‌ بونیان له‌چیای‌ قه‌ندیلی‌ هاوسنوری‌ توركیاو عێراق‌و ئێران. 

 

 له‌به‌رانبه‌ردا په‌كه‌كه‌ ناراسته‌وخۆ له‌به‌ره‌ی‌ ئێران ده‌بینرێت له‌ناوچه‌كه‌دا به‌تایبه‌ت كه‌ له‌سه‌ر كێشه‌كانی‌ عێراق‌و هه‌رێمی‌ كوردستان‌و سوریا ئه‌و دوو به‌ره‌یه‌ ناكۆكن.

 

واسق هاشمی‌ به‌رێوه‌به‌ری‌ ناوه‌ندی‌ عێراقی‌ بۆ لێكۆلێنه‌وه‌ ستراتیژیه‌كان پێیوایه‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر یه‌به‌شه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌ی‌ نزیكن له‌پارتیه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌هاوكێشه‌یه‌كی‌ گه‌ورتره‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كاریگه‌ریی‌ توركیایه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا به‌تایبه‌ت كه‌ روداوه‌كه‌ له‌پاش چوار رۆژ رویدا له‌سه‌ردانی‌ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ توركیا.

 

واسق هاشمی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ناوخۆی‌ ماڵی‌ كوردی‌ له‌ئێستادا كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ تیایه‌ به‌تایبه‌ت به‌هۆی‌ بوونی‌ دووئیداره‌ی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێره‌وه‌و گرنگیدانی‌ بارزانی‌ به‌توركیا‌و شه‌ڕی‌ نێوان په‌كه‌كه‌‌و پارتی‌ لایه‌نه‌ كوردیه‌كان دابه‌ش ده‌كات".

 

هاشمی‌ پێیوایه‌ قۆناغی‌ دوای‌ داعش ناكۆكی‌‌و كێشه‌ی‌ زۆر گه‌وره‌تر به‌رێوه‌یه‌و ده‌ستگرتن به‌سه‌ر كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ باكور له‌كه‌ركوكدا دریژكراوه‌ی‌ روداوه‌كانی‌ شنگاله‌و ره‌نگه‌ ده‌رهاویشه‌ی‌ تری‌ له‌شوێنی‌ تر هه‌بێت‌و گه‌مه‌كه‌ری‌ ده‌ره‌كیش رۆڵی‌ سه‌ره‌كی‌ ده‌بێت به‌تایبه‌ت ئێران‌و توركیاو ئه‌مریكا.

 

هێشتا هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌قه‌یرانی‌ دارایی‌و ناكۆكی‌ سیاسی لایه‌نه‌كان ده‌رنه‌چوون به‌هۆی‌ پرسی پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و په‌ككه‌وتنی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌، زه‌نگی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ قه‌یرانێكی‌ تر لێدراوه‌ كه‌ له‌وانه‌ی‌ تر مه‌ترسیدار تره‌، ئه‌ویش شه‌ڕی‌ كوردو كورده‌.

 

محه‌مه‌د بازیانی‌ توێژه‌ری‌ سیاسی به‌"نیقاش"ی وت "دوای‌ داعش كێشه‌ی‌ زۆر رووبه‌رووی‌ كوردستان ده‌بێته‌وه‌و مه‌ترسی شه‌ڕی‌ كوردو كورد هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ توشی دڵه‌ راوكێ كردووه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ په‌كه‌كه‌و پارتی‌ چه‌كی‌ به‌هێزیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ بۆ رووبه‌روونه‌وه‌ له‌كاتێكدا هاوڵاتیان هێشتا به‌ده‌ست كێشه‌ی‌ بودجه‌و دواكه‌وتنی‌ موچه‌وه‌ ده‌ناڵێنن".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌