راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌به‌ر خۆرهه‌ڵات بیر له‌خۆرئاوا ناكرێته‌وه‌
شانه‌ نوستووه‌كان له‌موسڵ سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ سوپا ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌

موسته‌فا حه‌بیب
به‌ری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ موسڵ ئازادكرا، به‌ڵام شه‌ڕ تێیدا ته‌واو نه‌بووه‌، چونكه‌ پاراستنی ئاسایشی ده‌یان گه‌ڕه‌ك له‌ده‌ستی شانه‌ نوستووه‌كان‌و كرده‌وه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌، ئه‌ركێكی ئاسان نیه‌ بۆ حكومه‌تی عێراق.
2.02.2017  |  به‌غدا
هێزه‌كانی‌ دژه‌تیرۆری‌ عێراقی‌ ئاڵای‌ داعشیان سه‌ر به‌ره‌وخوار گرتووه‌ ( :وێنه موقع الجيش العراقي)
هێزه‌كانی‌ دژه‌تیرۆری‌ عێراقی‌ ئاڵای‌ داعشیان سه‌ر به‌ره‌وخوار گرتووه‌ ( :وێنه موقع الجيش العراقي)

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئازادكردنی به‌ری خۆرهه‌ڵاتی موسڵی به‌ته‌واوی راگه‌یاند ئه‌ویش دوای چه‌ند شه‌ڕێكی سه‌خت له‌زیاتر له‌ 60 ناوچه‌دا كه‌ زیاتر له‌سێ مانگی خایاندو تێیدا هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق زیانێكی زۆریان به‌ركه‌وت، چونكه‌  توندڕه‌وان له‌نێو خه‌ڵكه‌كه‌دا سه‌نگه‌ریان لێدابوو بۆ شه‌ڕی پارتیزانی، به‌ڵام سه‌ره‌نجام شه‌ڕه‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی سوپای عێراق شكایه‌وه‌.

 

هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌زانن قۆناغی دوای ئازادی ئاسان نابێت‌و ململانێی سیاسی‌و فاكته‌ری سه‌ربازیشی تێده‌كه‌وێت، چونكه‌ پاراستنی سه‌قامگیری له‌ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان قورسترین ئه‌ركه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێویستی به‌رێوشوێنی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌و خزمه‌تگوزاری به‌په‌له‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌هێزێكی ئه‌منی باوه‌ڕپێكراو كه‌ ئه‌ركه‌كانی پۆلیس بگرێته‌ ئه‌ستۆ.

 

شانه‌ نوستووه‌كانی سه‌ر به‌توندڕه‌وان‌و ئه‌گه‌ری روودانی كرده‌وه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌، گه‌وره‌ترین ترسی حكومه‌تی عێراقه‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی موسڵ، له‌كاتێكدا چه‌ندین هێزی چه‌كداری نه‌گونجاو له‌ڕووی هێزو چه‌ك‌و شاره‌زایی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دانیشتووان به‌شاره‌كه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.

 

شه‌ڕی موسڵ له‌وه‌دا له‌شه‌ڕه‌كانی پێشتر له‌دژی توندڕه‌وان جیاوازه‌ كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی به‌پشتیوانی حكومه‌تی عێراق مانه‌وه‌یان له‌ماڵه‌كانیاندا هه‌ڵبژارد، له‌كاتێكدا شه‌ڕه‌كانی پێشوو له‌فه‌لوجه‌و رومادی‌و تكریت كاتێك ده‌ستیان پێكرد كه‌ دانیشتووانه‌كانیان ماڵه‌كانیان به‌جێهێشت‌و چوونه‌ كامپه‌كانی ئاواره‌یی دواتر گه‌ڕانه‌وه‌ پاش پرۆسه‌یه‌كی وردبینی ئه‌منی توند بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی شانه‌ی نوستوویان تێدا نییه‌، وه‌ك سه‌یف روبه‌یعی ئه‌فسه‌ر له‌هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر ده‌ڵێت.

 

روبه‌یعی به‌ "نیقاش"ی وت "ده‌ستمانكردووه‌ به‌خستنه‌گه‌ڕی ده‌وریه‌ی ئه‌منی له‌گه‌ڕه‌كه‌ ئازادكراوه‌كاندا بۆ پشكنینی ماڵه‌كان‌و دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ناسنامه‌ی دانیشتووان‌و گه‌ڕان به‌دوای ئه‌ندامانی داعشدا كه‌ ره‌نگه‌ له‌نێو دانیشتوواندا خۆیان شاردبێته‌وه‌، توانیویشمانه‌ ژماره‌یه‌كیان لێ ده‌ستگیر بكه‌ین‌و عه‌مباری چه‌كیشمان له‌ماڵه‌ چۆڵكراوه‌كاندا دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئاماده‌كرابوون بۆ ئه‌وه‌ی دواتر له‌لایه‌ن توندڕه‌وانه‌وه‌ به‌كاربهێنرێن بۆ نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ له‌گه‌ڕه‌كه‌ ئازادكراوه‌كاندا".

 

ئه‌وه‌ی كه‌ زیاتر روبه‌یعی‌و هاوكاره‌كانی لێی ده‌ترسن ئه‌وه‌یه‌ توندڕه‌وان له‌پشته‌وه‌ له‌هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بده‌ن له‌كاتی په‌ڕینه‌وه‌ له‌رووباری دیجله‌ بۆ ئازادكردنی به‌ری خۆرئاوای شاره‌كه‌، بۆیه‌ هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر له‌هه‌وڵدان بۆ پاراستنی ئاسایش‌و رێگرتن له‌ته‌قینه‌وه‌ له‌دوای ئازادكردنی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ وه‌ك چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌فه‌لوجه‌و رومادی روویدا.

 

روبه‌یعی كه‌ هێزه‌كه‌ی هاوینی رابردوو به‌شداری له‌شه‌ڕه‌كانی ئازادكردنی فه‌لوجه‌دا كردو دواتر لێی كشایه‌وه‌ به‌ره‌و موسڵ بۆ به‌شداریكردن له‌شه‌ڕێكی نوێدا، به‌نیگه‌رانی‌و دڵته‌نگیه‌وه‌ له‌و هه‌واڵانه‌ ده‌ڕوانێت كه‌ له‌ ئه‌نباره‌وه‌ دێن، چونكه‌ فه‌لوجه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و رێوشوێنه‌ ئه‌منیانه‌ی تێیدا گیراونه‌ته‌به‌ر، حه‌وت ته‌قینه‌وه‌ی به‌ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو به‌خۆوه‌ بینیوه‌ كه‌ دوایینیان شه‌ممه‌ی رابردوو بوو، هه‌روه‌ها سێ ته‌قینه‌وه‌ی دیكه‌ش له‌رومادی روویانداوه‌.

 

له‌ئێستاشدا پێنج هێزی چه‌كدار له‌به‌ری خۆرهه‌ڵاتی موسڵ بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر، پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی خۆجێیی، هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێراو هێزه‌كانی "پاسه‌وانی نه‌ینه‌وا"، ئه‌م هێزانه‌ش نه‌گونجاون له‌ڕووی شاره‌زایی‌و پڕچه‌ككردن‌و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دانیشتوواندا، هه‌روه‌ك ناكۆكی قووڵیش له‌نێوان هه‌ندێكیاندا هه‌یه‌.

         

هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر دۆسێی ئه‌منی به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن‌و چه‌كدارانیشیان له‌سه‌نته‌ری شاره‌كه‌ جێگیربوون، له‌كاتێكدا هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی‌و پۆلیسی خۆجێیی‌و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی خۆرهه‌ڵاتدا جێگربوون، هاوكات هێزه‌كانی "پاسه‌وانی نه‌ینه‌وا" و چه‌ند فه‌وجێكی سوپا له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی باكووردان.

 

هه‌ینی رابردوو ئه‌سیل نوجێفی پارێزگاری پێشووی نه‌ینه‌وا كه‌ سه‌ركردایه‌تی هێزه‌كانی "پاسه‌وانی نه‌ینه‌وا" ده‌كات رایگه‌یاند حكومه‌تی عێراق ده‌سه‌ڵاتی پاراستنی ئاسایشی له‌ 30 ناوچه‌دا داوه‌ته‌ هێزه‌كانی له‌چوارچێوه‌ی پلانێكی حكومه‌تدا بۆ كێشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی دژه‌تیرۆرو رێكخستنه‌وه‌یان به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كاری بۆ شه‌ڕی داهاتوو له‌لایه‌كه‌ی دیكه‌ی شاره‌كه‌.

 

به‌ڵام پاش چه‌ند سه‌عاتێكی كه‌م حكومه‌ت له‌م پلانه‌ پاشگه‌ز بووه‌وه‌و بڕیاریدا هێزه‌كانی "پاسه‌وانی نه‌ینه‌وا" له‌شاره‌كه‌ ده‌ربكات، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند سیاسه‌تمه‌دارێك‌و ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی گر‌وپه‌ شیعه‌كان داوایانكرد "پاسه‌وانی نه‌ینه‌وا" له‌پاراستنی ئاسایشدا به‌شداری پێنه‌كرێت، هه‌روه‌ها وته‌بێژ به‌ناوی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقیشه‌وه‌ رایگه‌یاند كه‌ نوجێفی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریه‌وه‌ داواكراوه‌و ئه‌گه‌ر جارێكی تر بچێته‌وه‌ ناو شاره‌كه‌ ده‌ستگیرده‌كرێت.

 

هێزه‌كانی "پاسه‌وانی نه‌ینه‌وا" تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌پۆلیسی خۆجێیی پێشوو كه‌ نوجێفی دوای كه‌وتنی موسڵ له‌سه‌ربازگه‌یه‌كی باكووری شاره‌كه‌دا كۆیكردنه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی دووباره‌ رێكخستنه‌وه‌یان، به‌ڵام حكومه‌ت متمانه‌ی زۆری به‌و هێزه‌ نییه‌، چونكه‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ پشتیوانی ده‌كرێت، هاوكات هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی‌و "حه‌شدی شه‌عبی" رازی نین ئه‌و هێزه‌ به‌شداری له‌گرتنه‌ده‌ستی ناوچه‌كه‌دا بكات هه‌روه‌ك به‌خیانه‌تیش تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن.

 

"كه‌تائیب بابلیون" كه‌ هێزێكی سه‌ربازیه‌ چه‌كداره‌كانی له‌مه‌سیحیه‌كانن‌و له‌لایه‌ن هه‌ردوو گروپی شیعه‌ "عه‌سائیب ئه‌هل ئه‌لحه‌ق"و رێكخراوی "به‌در"وه‌ پێكهێنراوه‌، له‌راگه‌یه‌ندراوێكی ره‌سمیدا داوای له‌حكومه‌ت كرد پشكنینێكی ئه‌منی بۆ ئه‌ندامانی هێزی "پاسه‌وانی نه‌ینه‌وا" بكات، چونكه‌ ئه‌ندامی تیرۆریستی دزه‌كروویان تێدایه‌، هه‌روه‌ك داوایكرد ئه‌و بڕیاره‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری جێبه‌جێ بكرێت كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ده‌ستگیركردنی ئه‌سیل نوجێفی سه‌ركرده‌ی "پاسه‌وانی نه‌ینه‌وا"و "حه‌شدی شه‌عبی"یش به‌شداری له‌گرتنه‌ده‌ستی ناوچه‌كه‌دا بكات.

 

ئه‌م ناكۆكیه‌ سیاسیانه‌ی نێوان هێزه‌ چه‌كداره‌كان ئاسته‌نگێكی نوێیه‌ له‌به‌رده‌م حكومه‌تی عێراقدا، بۆیه‌ فه‌ریقی روكن عه‌بدولئه‌میر ره‌شید یاره‌ڵڵا فه‌رمانده‌ی هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی ئازادكردنی موسڵ بریاریدا ئه‌ركی پاراستنی ئاسایش له‌گه‌ڕه‌كه‌ ئازادكراوه‌كاندا له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌یی باڵای هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی سوپاوه‌ به‌رٍِێوه‌ببرێت كه‌ هێزه‌كانی دژه‌تیرۆرو هێزه‌كانی دیكه‌ش له‌ژێر فه‌رمانیدان.

 

به‌ڵام هێزه‌كانی سوپاو دژه‌تیرۆر ژماره‌ی هێزی پێویستیان بۆ پاراستنی ئاسایش له‌خۆرهه‌ڵاتی موسڵ‌و ده‌ستپێكردنی قۆناغی داهاتووی شه‌ڕی ئازادكردنی خۆرئاوای موسڵیان له‌یه‌ك كاتدا نییه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ره‌نگه‌ واده‌ی ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی لایه‌كه‌ی دیكه‌ی موسڵ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك دوابكه‌وێت.

 

به‌ر له‌داگیركردنی موسڵ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ له‌حوزه‌یرانی 2014دا نزیكه‌ی 25 هه‌زار پۆلیسی خۆجێیی هه‌بوون جگه‌ له‌نزیكه‌ی 40 هه‌زار له‌سوپاو پۆلیسی فیدراڵی كه‌ ئه‌ركی پاراستنی ئاسایشیان له‌شاره‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆدا بوو، به‌ڵام پاش كه‌وتنی موسڵ پۆلیسی خۆجێیی به‌ته‌واوی هه‌ره‌سی هێناو ئه‌مڕۆش نزیكه‌ی 8 هه‌زار پۆلیسی خۆجێیی هه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌یان تائێستاش ئاماده‌نین بۆ كاركردن.

 

هه‌روه‌ها پاراستنی ئاسایش له‌به‌ری خۆرهه‌ڵاتی موسڵ پێویستی به‌سه‌رله‌نوێ كردنه‌وه‌ی بنكه‌كانی پۆلیسی ناوچه‌كان هه‌یه‌ تا بتوانن چاودێری هه‌موو گه‌ڕه‌كه‌كان بكه‌ن‌و رێ له‌سه‌رهه‌ڵه‌دانی شانه‌ نوستووه‌كان بگرن‌و رێگریش بكه‌ن له‌و كرده‌وه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وانه‌ی له‌نێو دانیشتوواندا رووده‌ده‌ن به‌هۆی بوونی په‌یوه‌ندی به‌داعشه‌وه‌، به‌ڵام تائێستا حكومه‌ت بڕیاری كردنه‌وه‌ی بنكه‌كانی پۆلیسی نه‌داوه‌.

 

له‌م رۆژانه‌دا موسڵ رووبه‌ڕووی هه‌مان كێشه‌ی ئه‌و شاره‌ ده‌بێته‌وه‌ كه‌ چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر ئازادكران وه‌ك تكریت، بێجی، شه‌رگات، دور، عه‌له‌م، سینیه‌و یه‌سریب له‌پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین‌و رومادی، فه‌لوجه‌، هیت، كوبه‌یسه‌و روتبه‌ له‌پارێزگای ئه‌نبار، چونكه‌ ئه‌و شارانه‌ له‌ژێر هه‌ژموونی هێزه‌ چه‌كداره‌ پێكه‌وه‌ نه‌گونجاوه‌كاندا ده‌ژین دوور له‌چاودێری حكومه‌ت له‌به‌غداو كاری كوشتن‌و رفاندنیان به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی‌و به‌بێ ئاگاداری كه‌س تێدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌