راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گروپه‌ چه‌كداره‌كان بڕیار ده‌ده‌ن
پۆلیسی‌ عێراقی‌ ده‌سه‌ڵات‌و شكۆی له‌ده‌ست داوه‌

موسته‌فا حه‌بیب
بارودۆخه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ لێهاتووه‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ عێراق شوێنی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و دادگایان گرتووه‌ته‌وه‌و خۆیان بڕیار له‌هه‌موو شتێك ده‌ده‌ن‌و پۆلیس ده‌سه‌ڵاتی‌ كه‌مبووه‌ته‌وه‌.
19.01.2017  |  به‌غدا

جه‌عفه‌ر عه‌بودی به‌په‌له‌ خۆی كرد به‌یه‌كێك له‌نوسینگه‌كانی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌حه‌شدی شه‌عبی له‌ناوچه‌ی شوعله‌ی خۆرهه‌ڵاتی به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ دراوسێیه‌كیدا، دوای ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ی له‌شه‌ڕێكدا له‌یه‌كێك له‌گازینۆ گه‌نجانه‌كان ده‌ستی كوڕی دراوسێكه‌ی شكاند، به‌وه‌ش پێش دراوسێكه‌ی كه‌وت كه‌ هه‌وڵی ده‌دا یاسای عه‌شایری جێبه‌جێ بكات‌و داوای "خوێنبایی" وه‌ك قه‌ره‌بووی ئه‌و ئازاره‌ی له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا به‌ری كه‌وتووه‌.

 

به‌رپرسی نووسینگه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه‌وته‌ نێوانی جه‌عفه‌ر عه‌بودی‌و دراوسێكه‌یه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كه‌ دوور له‌بنكه‌ی پۆلیس، به‌كرده‌وه‌ش نێوه‌ندگیریه‌كی سه‌ریگرت‌و هه‌ردوو دراوسێكه‌ له‌دانیشتنێكی دۆستانه‌دا ئاشتبوونه‌وه‌و هه‌ردوو گه‌نجه‌كه‌ باوه‌شیان به‌یه‌كداكرد دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستدرێژیكه‌ر داوای لێبوردنی كردو باوكیشی به‌ڵێنیدا خه‌رجی چاره‌سه‌ری كوڕه‌ دراوسێكه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵام گه‌نجه‌ ده‌ستدێژی لێكراوه‌كه‌ رازی نه‌بوو ئه‌وه‌ قبوڵ بكات وه‌ك رێزێك بۆ به‌رپرسه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی.

 

جه‌عفه‌ر عه‌بودی نووسینگه‌ی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵبژارد بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ دراوسێكه‌ی له‌بری ئه‌وه‌ی بچێت بۆ بنكه‌ی پۆلیس، هۆكاری ئه‌وه‌ش وه‌ك خۆی به‌ "نیقاش"ی وت ئه‌وه‌یه‌ "پۆلیس به‌رتیلخۆرو گه‌نده‌ڵن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ كوڕه‌كه‌م چه‌ند رۆژێكی له‌زینداندا به‌سه‌ر ده‌برد تا كێشه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر ده‌كرا، ئه‌وان به‌دوای ئه‌م كه‌یسانه‌دا ده‌گه‌ڕێن بۆ پاره‌ په‌یداكردن، نه‌ك بۆ جێبه‌جێكردنی یاسا".

 

به‌ڵام عه‌باس ساعیدی به‌رپرسی نووسینگه‌ی ئه‌و گروپه‌ چه‌كداره‌ له‌ناوچه‌كه‌ به‌ "نیقاش"ی وت "ئێمه‌ ده‌ست له‌كاری پۆلیس وه‌رناده‌ین، به‌ڵام دانیشتووان خۆیان دێن بۆ لامان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان‌و وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن خۆیان له‌گه‌نده‌ڵی ئه‌فسه‌ره‌كانی پۆلیس به‌دوور ده‌گرن، هه‌فتانه‌ چه‌ندین كه‌س له‌خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ ده‌بینین كه‌ داوای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌و كێشانه‌ له‌گه‌ڵ خودی ئه‌فسه‌رانی پۆلیسیشدایه‌".

 

ساعیدی هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر خاوه‌نی چێشتخانه‌یه‌ك له‌ناوچه‌ی كه‌ڕاده‌ی ناوه‌ڕاستی به‌غدا سكاڵای ئه‌وه‌ی له‌لامان كرد كه‌ ئه‌فسه‌ری پۆلیسی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌ست له‌كاره‌كه‌ی وه‌رده‌دات له‌ڕێی ناچاركردنی به‌پاره‌دان‌و ژه‌مه‌خواردنی خۆڕایی، ئێمه‌ش چووین‌و كاره‌كه‌مان راگرت... سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پۆلیس شكستی هێناوه‌ له‌سه‌پاندنی ئاسایشدا كه‌چی به‌رتیل له‌دوكان‌و بازاڕه‌ بازرگانیه‌كان وه‌رده‌گرن، گه‌نده‌ڵی رۆچووه‌ته‌ ناو ده‌زگای پۆلیس‌و حكومه‌تیش ئه‌وه‌ باش ده‌زانێت".

 

ئه‌و گروپه‌ چه‌كداره‌ شیعانه‌ی له‌ژێر سایه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیدا كۆبوونه‌ته‌وه‌و نووسینگه‌یان له‌زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كاندا بڵاوبووه‌ته‌وه‌، نه‌ك ته‌نیا له‌به‌غدا، به‌ڵكو له‌هه‌موو پارێزگاكانیشدا، چه‌ند ئه‌ركێكی ئه‌منی راده‌په‌ڕێنن هه‌ندێكیان له‌ڕێی یارمه‌تیدانی پۆلیسی ناوچه‌كه‌وه‌و هه‌ندێكیشیان به‌ناڕاسته‌وخۆ له‌ڕێی هه‌واڵده‌ره‌كانیانه‌وه‌ كه‌ به‌جلوبه‌رگی ئاساییه‌وه‌ له‌بازاڕو ناوچه‌ نیشته‌جێكاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.

 

ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌شی كه‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌دژی داعش له‌دوو ساڵی رابردوودا به‌ده‌ستیان هێناوه‌، ئاستی جه‌ماوه‌ریانی له‌ناو دانیشتوواندا به‌رزكردۆته‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌نێو گه‌نجاندا كه‌ به‌هه‌زارانیان له‌بێكاران وه‌ك خۆبه‌خش چوونه‌ته‌ نێو هێزه‌كانی حه‌شد به‌بێ ئه‌وه‌ی پاره‌ بده‌ن یاخود واسته‌یان هه‌بێت، له‌كاتێكدا ده‌ستكه‌وتنی كارێك له‌ناو پۆلیس‌و سوپادا پێویستی به‌به‌تیل‌و پاره‌دانه‌.

 

هه‌روه‌ها شكستهێنانی ئه‌و هێزانه‌ی سوپاو پۆلیس كه‌ له‌نێو شاره‌ سه‌قامگیره‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌پایته‌ختدا له‌ڕێگریكردن له‌ته‌قینه‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان ئه‌و ره‌خنانه‌ی زیاتر كردووه‌ كه‌ ئاڕاسته‌ی هێزه‌ ره‌سمیه‌كان ده‌كرێن، چونكه‌ له‌سه‌ره‌تای ساڵی نوێوه‌ زیاتر له‌300 كه‌س له‌و زنجیره‌ ته‌قینه‌وه‌ خۆكوژیانه‌دا كوژراون‌و برینداربوون كه‌ ناوچه‌ نیشته‌جێكان‌و سه‌نته‌ره‌ بازرگانیه‌كانیان له‌وڵاتدا كردۆته‌ ئامانج.

 

دوای چه‌ند رۆژێكیش له‌و ته‌قینه‌وانه‌ی مه‌دینه‌ سه‌دری به‌ری خۆهه‌ڵاتی به‌غدایان گرته‌وه‌، ده‌یان كه‌س له‌كه‌سوكاری قوربانیان مانگرتنێكیان له‌گۆڕه‌پانی ته‌حریری ناوه‌ڕاستی به‌غدا رێكخست‌و چادریان بۆ مانه‌وه‌ هه‌ڵدا وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك له‌به‌رامبه‌ر ته‌قینه‌وه‌كاندا، به‌ڵام هێزه‌كانی پۆلیس به‌به‌كارهێنانی بۆمبی فرمێسكڕێژ بڵاوه‌یان به‌مانگرتووان كردو چادره‌كانیشیان رووخاندن.

 

دۆسێی ئه‌منی به‌غدا له‌ساڵی 2006وه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ییه‌كی باڵای ئه‌منیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت كه‌ پێی ده‌وترێت "فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كانی به‌غدا"و هێزی هاوبه‌ش له‌سوپاو پۆلیسی فیدراڵی‌و پۆلیسی خۆجێیی‌و ده‌زگاكانی هه‌واڵگری له‌خۆده‌گرێت‌و ژماره‌شیان نزیكه‌ی 70 هه‌زار ئه‌ندامی ئه‌منی ده‌بێت‌و له‌ژێر فه‌رمانی یه‌ك ئه‌فسه‌ری سه‌ربازیدان كه‌ به‌رپرسه‌ له‌ئاسایشی پایته‌خت.

 

به‌ڵام ئه‌م پلانه‌ خه‌ریكه‌ رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك ره‌خنه‌ی جه‌ماوه‌ری‌و ته‌نانه‌ت ره‌سمیش ده‌بێته‌وه‌، هه‌فته‌ی رابردووش محه‌مه‌د به‌یاتی سه‌ركرده‌ له‌هێزه‌كانی به‌در كه‌ یه‌كێكه‌ له‌پێكهاته‌كانی حه‌شدی‌ شه‌عبی‌  هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی پایته‌ختی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ له‌لایه‌ن دوژمنانه‌وه‌ دزه‌ كراوه‌ته‌ نێویانه‌وه‌ وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ تیرۆریستان، له‌راگه‌یه‌ندراوێكی ره‌سمیشدا وتی "فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كانی به‌غدا ناده‌ستووریه‌"و داوایشی له‌حكومه‌ته‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی كرد "چاو به‌ئاسایشی به‌غدا بخشێنێته‌وه‌و حه‌شدی شه‌عبی له‌پاراستنی به‌غدا له‌هێڵی یه‌كه‌م‌و دووه‌مدا به‌شداری پێبكات".

 

ئه‌م تۆمه‌تانه‌ یه‌كه‌م تۆمه‌تی فه‌رمانده‌كانی حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ نین له‌دژی هێزه‌كانی پۆلیس‌و دوا تۆمه‌تیش نابن، چونكه‌ له‌مانگی ئه‌یلولی ساڵی رابردوودا هێزه‌كانی "نوجه‌با"ی سه‌ر به‌حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌راگه‌یه‌ندراوێكی ره‌سمیدا رایانگه‌یاند كه‌ "پێكدادانی چه‌كداری له‌نێوان هێزه‌كانیان‌و هێزه‌كانی پۆلیس له‌ناوچه‌ی زه‌عفه‌رانیه‌ی باشووری به‌غدا رووی داوه‌ كه‌ ویستوویانه‌ كۆمه‌ڵێك له‌ئه‌ندامانی پۆلیسی تێوه‌گلاو له‌گه‌ڵ داعش ده‌ستگیر بكه‌ن، به‌ڵام ده‌زگای پۆلیس ئه‌و تۆمه‌ته‌ی ره‌تكرده‌وه‌.

 

له‌به‌رامبه‌ردا پۆلیس رووبه‌ڕووی سه‌ختی ده‌بێته‌وه‌ له‌راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانیدا له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌ی له‌نێو گه‌ڕه‌كه‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌و رێگرن له‌جێبه‌جێكردنی یاسا، چونكه‌ ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی له‌بنكه‌كانی پۆلیسی ناوچه‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ ناچارن مامه‌ڵه‌و هاوكاری له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی نوسینگه‌كانی حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ بكه‌ن له‌و پانتاییه‌ جوگرافیه‌ی ده‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی تایبه‌تمه‌ندی كاریانه‌وه‌، وه‌ك ئه‌سعه‌د تائی ئه‌فسه‌ر ده‌ڵێت.

 

تائی ئه‌فسه‌ره‌ به‌پله‌ی نه‌قیب‌و له‌یه‌كێك له‌بنكه‌كانی پۆلیس له‌به‌ری كه‌رخی به‌غدا كارده‌كات، ئه‌و به‌ "نیقاش"ی وت "بنكه‌ی پۆلیس ناچاره‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ نووسنگه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ناوچه‌كه‌ بكات، به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌كه‌ش ناتوانێت ئه‌وه‌ نه‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ئازادی ته‌واوه‌وه‌ كار ناكه‌ین".

 

وه‌ك تائی ده‌ڵێت هه‌ندێكجار ئه‌فسه‌رانی پۆلیس ناچارن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ زیاتر له‌گروپێكی چه‌كدار له‌ناوچه‌كه‌دا بكه‌ن "چونكه‌ هه‌ندێك ناوچه‌ نوسینگه‌ی چه‌ندین گروپی چه‌كداری لێیه‌و ناتوانین لێپرسینه‌وه‌ له‌و سه‌رپێچیانه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌نجامیان ده‌ده‌ن، بۆ نموونه‌ به‌ئۆتۆمبێلی بێ ژماره‌و جامڕه‌شه‌وه‌ ده‌سووڕێنه‌وه‌و پێناسی تایبه‌تیمان پیشان ده‌ده‌ن كه‌ به‌ئاسانی ساخته‌ ده‌كرێت، له‌راستیشدا ئه‌ندامانی پۆلیس له‌خاڵه‌كانی پشكنیندا ناتوانن رایانبگرن‌و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن".

 

هه‌ندێكجاریش پێكدادان له‌نێوان گروپه‌ چه‌كداره‌كاندا له‌ناوچه‌كان رووده‌ده‌ن‌و هێزه‌كانی پۆلیسیش ناچارن بێلایه‌ن بن‌و نه‌چنه‌ پێشه‌وه‌ بۆ راگرتنی، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی روونه‌ بۆ پاشه‌كشه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان له‌سه‌پاندنی یاسادا.

 

فره‌یی پێكهاته‌ ئه‌منیه‌كان فه‌وزایه‌كی نیگه‌رانكه‌ری له‌ناو پایته‌ختدا دروستكردووه‌، دانیشتووانیش ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ ده‌گرن كه‌ چۆن به‌ڕۆژی رووناك كاری دزی‌و رفاندن ده‌كرێت‌و ده‌شپرسن چۆن رفێنه‌ران ده‌توانن به‌ئاسانی ده‌یان خاڵی پشكنین ببڕن، زۆرجاریش ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ پێناسی ساخته‌ی سه‌ر به‌ لایه‌نی ئه‌منی باڵا یاخود حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ یان هه‌ڵگرتووه‌.

 

رۆژی دووی ئه‌م مانگه‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق به‌ندكردنی ژنێكی بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ راگه‌یاند دوای ئه‌وه‌ی تۆمه‌تباركرا به‌وه‌ی‌ خۆی كردبوو به‌ئه‌فسه‌ر به‌پله‌ی عه‌مید له‌حه‌شدی‌ شه‌عبی‌، هه‌روه‌ك له‌كاتی ده‌ستگیكردنیدا 14 ناسنامه‌ی ئه‌منی ساخته‌شی پێوه‌گیرا كه‌ یه‌كێكیان گوایه‌ له‌سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانه‌وه‌ ده‌رچووه‌، ئه‌مه‌ش نموونه‌یه‌كه‌ له‌ده‌یانی تر سه‌باره‌ت به‌و فه‌وزا ئه‌منیه‌ی له‌وڵاتدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ فه‌رمانده‌كانی حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ پابه‌ندبوونیان به‌یاساكانه‌وه‌ دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام زه‌حمه‌ته‌ چاودێری ئه‌و كادره‌ لاوه‌كیانه‌ بكرێت كه‌ له‌ ناوچه‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌و خه‌ریكه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئه‌منی په‌یدا ده‌كه‌ن‌و زۆرجاریش یاساكان پشتگوێ ده‌خه‌ن‌و به‌شێوه‌یه‌كی نه‌رێنی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوپاو پۆلیس ده‌كه‌ن.

 

رۆژی حه‌وتی ئه‌م مانگه‌ موقته‌دا سه‌دری سه‌ركرده‌ی ره‌وتی سه‌در كه‌ گروپێكی چه‌كداری به‌ناوی "سه‌رایا ئه‌لسه‌لام" هه‌یه‌، وتی "پێویسته‌ هه‌مووان رێز له‌و هێزه‌ ئه‌منیانه‌ بگرن كه‌ له‌خاڵه‌كانی پشكنیندان، كه‌س مافی ئه‌وه‌ی نیه‌ ده‌ستدرێژیان بكاته‌ سه‌ر ئه‌گه‌ر له‌ژێر ناونیشانی حه‌شدیشدا بێت".

 

كێشه‌كه‌ ته‌نیا په‌یوه‌ست نییه‌ به‌پارێزگاكانی شیعه‌وه‌، به‌ڵكو پارێزگاكانی سوننه‌ش ده‌گرێته‌وه‌، چونكه‌ هێزی ده‌زگای پۆلیس تێیاندا له‌پاشه‌كشه‌دایه‌ له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵكشانی هه‌ژموونی پێكهاته‌ عه‌شایریه‌ چه‌كداره‌كاندا كه‌ كۆنترۆڵی ئاسایشیان له‌نێو گه‌ڕه‌كه‌كانی ئه‌نبارو سه‌ڵاحه‌دیندا كردووه‌.

 

ماجید زیابی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك هاوكاریدا له‌شاری رومادی ناوه‌ندی ئه‌نبار به‌شداری ده‌كه‌ن له‌پاراستنی ئاسایشدا له‌به‌ری باكووری شاره‌كه‌ شانبه‌شانی هێزه‌كانی سوپاو پۆلیس، چونكه‌ رۆڵی جه‌نگاوه‌رانی هۆزه‌كان له‌پاراستنی ئاسایشدا بووه‌ته‌ شتێكی پێویست له‌به‌ر لاوازی هێزه‌كانی پۆلیس‌و كه‌می ژماره‌یان.

 

زیابی به‌ "نیقاش"ی وت "خه‌ڵكه‌كه‌ سكاڵای گه‌نده‌ڵی پۆلیسمان له‌لا ده‌كه‌ن كه‌ تێوه‌گلاوان له‌گه‌ڵ تیرۆریستان ده‌ستگیرناكه‌ن، به‌ڵام ئیمه‌ به‌بێ گوێدانه‌ یاساكانی پۆلیس تێوه‌گلاوان ده‌ستگیر ده‌كه‌ین، گرنگترین شت له‌ئێستادا سه‌لامه‌تی دانیشتووان‌و ده‌ستگیركردنی تیرۆریستانه‌، نه‌ك پابه‌ندبوون به‌و یاسا بیرۆكراتیانه‌ی چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی گه‌نده‌ڵ جێبه‌جێیان ده‌كه‌ن".

 

له‌مانگی تشرینی دووه‌می رابردوودا په‌رله‌مان ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر یاسای حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ده‌ربڕی كه‌ ته‌نیا سێ مادده‌ی یاسایی له‌خۆگرتبوو به‌وردی سروشتی ئه‌ركه‌ ئه‌منییه‌كانی ئه‌م هێزانه‌یان روون نه‌كردووه‌ته‌وه‌، یاساكه‌ ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حه‌شد هێزێكی ئه‌منی ره‌سمیه‌، به‌ڵام روونی ناكاته‌وه‌ كه‌ ئایا هێزی سه‌ربازی هاوشێوه‌ی هێزه‌كانی سوپان كه‌ تایبه‌تمه‌ندن به‌شه‌ڕی به‌ره‌كان یاخود هێزێكی پۆلیسن‌و تایبه‌تمه‌ندن به‌پاراستنی ئاسایش له‌ناو شاره‌كاندا؟

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌