راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هۆزه‌كان بۆ واشنتۆن‌و حه‌شد بۆ تاران
ململانێی نوێی ئه‌مه‌ریكاو ئێران له‌سه‌ر سنووری عێراق‌و سوریایه‌

موسته‌فا حه‌بیب
ئاماژه‌ی ململانێیه‌كی نوێ له‌نێوان ئه‌مه‌ریكاو ئێران ده‌ركه‌وتووه‌، ململانێی‌ ئه‌مجاره‌یان له‌سه‌ر سنووری نێوان عێراق‌و سوریایه‌، واشنتۆن هۆزه‌ سوننه‌كان‌و تارانیش حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌كارده‌هێنێت.
12.01.2017  |  به‌غدا
عنصر امني عراقي ( :وێنه ازهار صلال :جيتي)
عنصر امني عراقي ( :وێنه ازهار صلال :جيتي)

له‌كاتێكدا هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق له‌شه‌ڕێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌دان له‌دژی داعش له‌شاری موسڵی دوا پێگه‌ی توندڕه‌وان له‌عێراق، حكومه‌تی به‌غدا بیر له‌چۆنێتی پاراستنی سنووری له‌گه‌ڵ سوریا ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ مانه‌وه‌ی سنوور به‌به‌ره‌ڵایی له‌به‌ر ده‌ستی توندڕه‌واندا له‌مه‌ودای دووردا مه‌ترسی له‌سه‌ر شاره‌ ئازادكراوه‌كان ده‌هێڵێته‌وه‌.

 

هێزه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی"یش ده‌ستیان كردووه‌ به‌پلاندانان بۆ كۆنترۆڵكردنی سنووری نێوان عێراق‌و سوریا له‌ڕێی هه‌زاران جه‌نگاوه‌ره‌وه‌ به‌پشتیوانی ئێران، هه‌روه‌ك ئه‌مه‌ریكاش ده‌ستی به‌جموجوڵ كردووه‌ به‌ئاراسته‌ی ئه‌و سنووره‌و هۆزه‌ سوننه‌كانی هانداوه‌ بۆئه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌ستپێبكه‌ن، چونكه‌ ئه‌و سنووره‌ بایه‌خێكی جیۆسیاسی هه‌یه‌.

 

به‌ڵام شه‌ڕ له‌پێناو ئه‌و سنووره‌دا ته‌نیا سه‌ربازی نیه‌، به‌ڵكو سیاسیشه‌، چونكه‌ شه‌ڕ له‌سنووری نێوده‌وڵه‌تیدا سه‌ره‌تا پێویستی به‌هاوئاهه‌نگی نێوان عێراق‌و سوریاو پاشان هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و ئێران هه‌یه‌، چونكه‌ ئێران ساڵانێكه‌ هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی رێگایه‌كی وشكانی ده‌دات له‌نێوان خۆی‌و سوریای هاوپه‌یمانیدا، هاوكات ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و هاوپه‌یمانه‌كانیشی كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌هه‌ر نرخێك بێت ئه‌وه‌ روو نه‌دات.

 

كاتێك هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری موسڵ له‌ده‌ستی توندڕه‌وان له‌ 17ی تشرینی یه‌كه‌می رابردوو ده‌ستیپێكرد، گروپه‌ شیعه‌كانی عێراق كه‌ نزیكن له‌ئێران پێداگریان كرد له‌سه‌ر به‌شداریكردن له‌شه‌ڕه‌كه‌دا سه‌ره‌ڕای ته‌حه‌فوزی ناوخۆیی‌و نێوده‌وڵه‌تی له‌وباره‌یه‌وه‌و توانیشیان ویستی خۆیان بسه‌پێنن، به‌ڵام له‌موسڵ دووركه‌وتنه‌وه‌و روویان له‌ناوچه‌یه‌كی گرنگتر كرد له‌رووی ستراتیژیه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ری نزیك سنووری سوریایه‌.

 

له‌تشرینی دووه‌می رابردووشدا حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی "سنووری نێوان عێراق‌و سوریا پێویستی به‌رێوشوێنی ئه‌منی هه‌یه‌ بۆ رێگرتن له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی توندڕه‌وان بۆ عێراق دوای ده‌ركردنیان له‌موسڵ"و وه‌فدێكیشی به‌سه‌رۆكایه‌تی فالح فه‌یاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ره‌وانه‌كرد بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سوریا له‌وباره‌یه‌وه‌.

 

دوای ئه‌وه‌ش ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ی گروپه‌ شیعه‌كان ئاماده‌یی خۆیان راگه‌یاند بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی جه‌نگاوه‌ره‌كانیان له‌سه‌ر سنوور له‌گه‌ڵ سوریاو داوایه‌كیشیان پێشكه‌شی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران كرد تا ئه‌و ئه‌ركه‌یان پێ بدات، به‌ڵام عه‌بادی تائێستا ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و داواكاریه‌ ده‌رنه‌بڕیوه‌.

 

رێكخراوی به‌در به‌سه‌ركردایه‌تی هادی عامری كه‌ خاوه‌نی گروپێكی چه‌كداری به‌هێزه‌و نوێنه‌رایه‌تی سیاسی له‌حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی عێراقدا هه‌یه‌، داوایكرد هێزه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی" سنووری عێراق له‌گه‌ڵ سوریا بپارێزن.

 

له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ره‌زاق حه‌یده‌ری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌فراكسیۆنی به‌در" به‌ "نیقاشی وت "پاراستنی سنوور گرنگه‌ بۆ رێگرتن له‌هاتنی هاوكاری بۆ داعش، حه‌شدی شه‌عبیش ده‌توانێت یارمه‌تی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بدات بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌، چونكه‌ هێزێكی باش راهێنراوه‌ له‌سه‌ر شه‌ڕكردن له‌دژی توندڕه‌وان".

 

هه‌روه‌ها نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو كه‌ به‌په‌یوه‌ندی نزیكی له‌گه‌ڵ "حه‌شدی شه‌عبی" ناسراوه‌، له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ تاران له‌هه‌فته‌ی رابردوودا رایگه‌یاند "حه‌شدی شه‌عبی ده‌توانێت له‌سنوور بپه‌ڕێته‌وه‌ به‌ره‌و سوریا بۆ یارمه‌تیدانی برایانمان له‌ له‌ناوبردنی ئه‌و رێكخراوه‌دا".

 

ئه‌و لێدوانانه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانیان نیگه‌ران كردو هێنده‌ی نه‌برد پلانی بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی له‌سه‌ر سنووری نێوان عێراق‌و سوریا له‌پارێزگای ئه‌نبار دانا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پلانه‌كه‌ی ئێران سه‌باره‌ت به‌بردنی "حه‌شدی شه‌عبی" به‌ره‌و سنووری نێوان عێراق‌و سوریا له‌ڕێی پارێزگای موسڵه‌وه‌.

 

سنووری نێوان عێراق‌و سوریا زیاتر له‌600 كیلۆمه‌تره‌و له‌پارێزگای ئه‌نبار له‌خۆرئاوای عێراقه‌وه‌ درێژده‌بێته‌وه‌ تا ده‌گاته‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌باكوورو سنورێكی بیاباناوی سه‌خته‌و ته‌نیا سێ ده‌روازه‌ی سنووری له‌خۆده‌گرێت ئه‌وانیش بریتین له‌ده‌روازه‌ی ئه‌لوه‌لید كه‌ سوپای عێراق كۆنترۆڵی كردووه‌و ده‌روازه‌ی قائیم كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی داعشدایه‌ له‌گه‌ڵ ده‌روازه‌ی ره‌بیعه‌ كه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كۆنترۆڵیان كردووه‌.

 

له‌ئابی ساڵی 2014یشدا داعش له‌میانی ئۆپه‌راسیۆنی "شكاندنی سنوور"دا "ویلایه‌تی فورات"ی راگه‌یاندو به‌وه‌ش سنووری سایكس پیكۆی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ كه‌ 100 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر سنووری نێوان عێراق‌و سوریای دیاری كردبوو، ئه‌و كاته‌ توندڕه‌وان ساتره‌ گڵینه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵاتیان رووخاندو له‌وكاته‌شه‌وه‌ سنووره‌كه‌ بووه‌ته‌ رێگایه‌كی ستراتیژی كه‌ به‌ئاسانی چه‌ك‌و چه‌كداری پێدا ده‌گوازرێته‌وه‌.

 

پێنجشه‌ممه‌ی رابردووش جه‌نگاوه‌رانی هۆزه‌كانی ئه‌نبار ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازیان بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی سێ شار ده‌ستپێكرد كه‌ تائێستا له‌ژێر كۆنترۆڵی توندڕه‌واندان ئه‌وانیش بریتین له‌عانه‌و راوه‌و قائیم كه‌ پێگه‌یه‌كی گرنگی سه‌ركرده‌كانی داعش پێكده‌هێنن، سه‌یره‌كه‌ش له‌وه‌دایه‌ كه‌ حكومه‌تی عێراق ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی رانه‌گه‌یاندو راگه‌یه‌ندراوی رۆژانه‌ی له‌باره‌ی به‌ڕێوه‌چوونی شه‌ڕه‌كانیشیه‌وه‌ بڵاونه‌كرده‌وه‌.

 

به‌ڵام جه‌نگاوه‌رانی هۆزه‌كان له‌ئه‌نبار وتیان ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌ت‌و به‌هاندانی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌بنكه‌ی "عه‌ین ئه‌لئه‌سه‌د"ی خاوه‌ن پێگه‌ی ستراتیژی‌و نزیك له‌سنوور بووه‌.

 

عومه‌ر مه‌حلاوی جه‌نگاوه‌رێكی هۆزه‌كانه‌ له‌شارۆچكه‌ی حه‌دیسه‌ كه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ لێیه‌وه‌ به‌ره‌و سنوور ده‌ستیپێكرد، ئه‌و به‌"نیقاش"ی وت "هێزێكی هاوبه‌ش له‌هۆزه‌كان كه‌ ژماره‌ی ده‌گاته‌ زیاتر له‌دوو هه‌زار جه‌نگاوه‌رو هێزی دیكه‌ له‌فیرقه‌ی حه‌وتی سه‌ر به‌سوپای عێراق هێرشێكی كتوپڕیان كرده‌ سه‌ر شارۆچكه‌ی عانه‌ له‌چواچێوه‌ی پلانێكی نهێنی رانه‌گه‌یه‌ندراودا تا بوار به‌توندڕه‌وان نه‌درێت خۆیانی بۆ ئاماده‌ بكه‌ن".

 

مه‌حلاوی ده‌شڵێت "ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ به‌هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی پایه‌به‌رزی سوپای ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجامدراوه‌ كه‌ له‌بنكه‌ی عه‌ین ئه‌لئه‌سه‌د ئاماده‌كاری بۆ كراوه‌، هه‌روه‌ك هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا زانیاری هه‌واڵگری گرنگیان سه‌باره‌ت به‌شوێنه‌كانی داعش داوه‌ته‌ هێزه‌كانی عێراق‌و هۆزه‌كان‌و بۆشیان دووپات كردوونه‌ته‌وه‌ كه‌ فڕۆكه‌كانیان به‌چڕی به‌شداری له‌ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت چه‌ند سه‌ربازێكی هێزه‌ تایبه‌ته‌كانی ئه‌مه‌ریكاش به‌شداریان له‌ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌دا كردووه‌".

 

وه‌ك مه‌حلاویش ده‌ڵێت له‌چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا هێرشه‌ ئاسمانیه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌سه‌ركردایه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆسه‌ر ناوچه‌كانی خۆرئاوای ئه‌نبار له‌سه‌ر سنوور له‌گه‌ڵ سوریا سنوورداربوون، به‌ڵام چه‌ند رۆژێكه‌ هێرشه‌ ئاسمانیه‌كان به‌چڕی زیادیان كردووه‌و یارمه‌تیده‌ر بوون له‌پێشڕه‌ویكردنی فه‌وجه‌كانی هۆزه‌كان به‌ره‌و شارۆچكه‌ی عانه‌ كه‌ یه‌كه‌م شارۆچكه‌یه‌ له‌سه‌ر رێگا به‌ره‌و سنوور له‌گه‌ڵ سوریا.

 

ململانێ له‌سه‌ر سنووری عێراق‌و سوریا له‌نێوان ئه‌مه‌ریكاو ئێراندا هێشتا له‌سه‌ره‌تایدایه‌و قسه‌كردنیش له‌سه‌ر سنووری نێوان نه‌ینه‌واو سوریا به‌نده‌ به‌كۆتاییهاتنی شه‌ڕ له‌موسڵ كه‌ وادیاره‌ هه‌ندێك كاتی ده‌وێت‌و دواتریش له‌شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ر كه‌ توركمانی شیعه‌و سوننه‌ی تێدا نیشته‌جێن.

 

توركیاش به‌شداریكردنی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌شه‌ڕه‌كانی خۆرئاوای نه‌ینه‌وا ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ هه‌روه‌ك هێزی پێشمه‌رگه‌ش كه‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی له‌وێ كۆنترۆڵ كردووه‌، هاوپه‌یمانێكی به‌هێزی هێزه‌كانی حه‌شد نییه‌و ره‌نگه‌ پێكدادانی چه‌كداری له‌نێوانیاندا رووبدات وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ شارۆچكه‌ی خورماتوو له‌باكووری سه‌ڵاحه‌دین روویدا.

 

هه‌رچی شه‌ڕیشه‌ له‌سه‌ر سنوور له‌ئه‌نبار، ئه‌وا هێشتا له‌سه‌ره‌تایدایه‌و له‌چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا سه‌ختتر ده‌بێت به‌تایبه‌تی كاتێك شه‌ڕ نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌قائیم ئه‌و شاره‌ی پایته‌ختی نهێنی سه‌ركرده‌كانی داعشه‌و ماوه‌ی دووساڵه‌ رووبه‌ڕووی هیچ ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی وشكانی نه‌بووه‌ته‌وه‌.

 

وه‌ك ئه‌فسه‌رێكی گه‌وره‌ی سوپا له‌خۆرئاوای ئه‌نبار ده‌ڵێت داعش شاری قائیمی هه‌ڵبژاردووه‌ تا ببێته‌ باره‌گای نهێنی سه‌ركرده‌كانی‌و گه‌وره‌ترین كارگه‌ی دروستكردنی بۆمب له‌خۆده‌گرێت‌و له‌وێوه‌ پێشوازی له‌و خۆبه‌خشانه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌هه‌موو لایه‌كی جیهانه‌وه‌ ده‌چنه‌ ریزه‌كانی، هه‌روه‌ك گرنگترین سه‌ربازگه‌كانی راهێنانیشی تێدایه‌، له‌و شاره‌دا سه‌ركرده‌كانی داعش له‌عێراق‌و سوریا كۆبوونه‌وه‌ی ده‌وری ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ تاووتوێكردنی بارودۆخی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یان.

 

ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ به‌"نیقاش"ی وت "شه‌ڕی ئازادكردنی هه‌ردوو شارۆچكه‌ی عانه‌و راوه‌ ئاسان دیاره‌، به‌ڵام كێشه‌ راسته‌قینه‌كه‌ له‌قائیم ده‌بێت‌و پێشبینی ده‌كه‌ین توندڕه‌وان به‌توندی به‌رگری لێبكه‌ن به‌هه‌مان ئه‌و شێوازه‌ی ئێستا له‌موسڵ ده‌یكه‌ن".

 

كێبڕكێی نێوان ئێران‌و ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر سنووری عێراق‌و سوریا له‌دوای شه‌ڕی موسڵ توند ده‌بێت‌و هه‌ر لایه‌نێك هاوپه‌یمانه‌ خۆجێییه‌كانی له‌و كێبڕكێیه‌دا به‌كار ده‌هێنێت، ئێران هاوپه‌یمانه‌كانی له‌گروپه‌ شیعه‌كان به‌كارده‌هێنێت، هاوكات ئه‌مه‌ریكاش هاوپه‌یمانه‌كانی له‌جه‌نگاوه‌رانی هۆزه‌ سوننه‌كان به‌كارده‌هێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بێگومانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاراستنی ئه‌و سنووره‌ كلیلی سه‌ركه‌وتنی عێراقیه‌كانه‌ به‌سه‌ر داعشدا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌