راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كوشتنی‌ منداڵ به‌تانك‌و په‌لاماردانی‌ سوپا له‌موسڵ
ساخكردنه‌وه‌ی‌ دوو به‌ناوبانگترین ڤیدیۆ كه‌ ناكۆكی‌ تایفیان پێ گڕ ده‌درێت

تایبه‌ت
دوان له‌به‌ناوبانگترین ئه‌و ڤیدیۆیانه‌ی‌ له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌عێراق بڵاوبوونه‌ته‌وه‌و بۆ گڕدانی‌ ناكۆكی‌ تایفی‌ به‌كارده‌هاتن، ده‌ركه‌وت راست نین‌و به‌كات‌و ناوه‌ڕۆكی‌ هه‌ڵه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌.
28.12.2016  |  به‌غدا، موسڵ

له‌عێراق به‌هۆی‌ ناكۆكی‌ تایفییه‌وه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌به‌رفراوانی‌ به‌كاردێن بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر یه‌كتری‌، له‌م رووه‌شه‌وه‌ چه‌ندین وێنه‌و ڤیدیۆو ناوه‌ڕۆكی‌ ره‌سه‌ن ده‌شێوێندرێن‌و به‌مه‌به‌ست‌و ئامانجی‌ تر به‌كاردێن.

 

تیمی‌ "نیقاش" دوان له‌و ڤیدیۆ زۆر به‌ناوبانگانه‌ی‌ ساخكرده‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگ‌و ساڵی‌ رابردوودا به‌ناوی‌ جیاوازو ناوه‌ڕۆكی‌ ده‌ستكاریكراوه‌وه‌ به‌كارهاتوون.

 

ڤیدیۆی‌ یه‌كه‌میان رووداوی‌ كوشتن‌و شێلانی‌ مێردمنداڵێكه‌ به‌تانك، ئه‌م ڤیدیۆیه‌ كه‌ "نیقاش" له‌به‌ر هه‌ستیاری‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ جارێكی‌ تر بڵاوی‌ ناكاته‌وه‌، تیایدا ژماره‌یه‌ك چه‌كدار مێردمنداڵێك له‌ناوچه‌یه‌كی‌ بیابانیدا ده‌ستگیر ده‌كه‌ن‌و دواتر به‌فیشه‌ك ده‌یكوژن‌و به‌تانك به‌سه‌ریدا ده‌ڕۆن.

 

دوای‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ڤیدیۆكه‌ له‌لایه‌ن زۆر كه‌سه‌وه‌ وا باسكرا كه‌ ئه‌وه‌ هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبین خه‌ڵكی‌ سوننه‌ له‌ده‌وروبه‌ری‌ موسڵ به‌و شێوه‌یه‌ ده‌كوژن، هه‌ندێكی‌ تریش ئاماژه‌یان بۆ سوپا ده‌كرد، له‌به‌رامبه‌ردا سوپاش رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وه‌ داعشه‌ ئه‌و كاره‌ی‌ كردووه‌، له‌رێی‌ ئاماژه‌كانی‌ ناو ڤیدیۆكه‌وه‌ "نیقاش" ورده‌كارییه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی‌ ده‌خاته‌ روو.

 

ڤیدیۆی‌ دووه‌م چه‌ند كه‌سێكن به‌به‌رد په‌لاماری‌ كاروانێكی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌ده‌ن، بۆ دوو ساڵه‌ ئه‌م ڤیدیۆیه‌ وا بڵاوده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ خه‌ڵكی‌ موسڵن‌و پشتگیری‌ داعش ده‌كه‌ن‌و په‌لاماری‌ سوپا ده‌ده‌ن، به‌ڵام "نیقاش" ساخیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و رووداوه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌موسڵ نه‌بووه‌.

 

 

هه‌موو ئاماژه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن سه‌ربازانی‌ سوپای‌ عێراقی‌ منداڵه‌كه‌یان به‌تانك شێلاوه‌

له‌ 11ی تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی به‌شێوه‌یه‌كی فراوان له‌عێراق بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ تێیدا چه‌ند كه‌سێك به‌جلوبه‌رگی سه‌ربازیه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ون له‌منداڵێكی 13 بۆ 16 ساڵان ده‌ده‌ن‌و به‌ گولله‌ ده‌یكوژن‌و پاشان به‌ تانكێك ده‌یشێلن.

 

گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ دوای 26 رۆژ له‌ ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری موسڵ بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ 17ی تشرینی یه‌كه‌می رابردوو ده‌ستیپێكرد، سوپای عێراقیش به‌رپرسیارێتی خۆی له‌رووداوه‌كه‌ ره‌تكرده‌وه‌و داعشی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ له‌پشت رووداوه‌كه‌یه‌.

 

"هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقیه‌كان" (كه‌ هێزه‌ سیاسیه‌كانی سوننه‌ له‌خۆده‌گرێت) ئیدانه‌ی رووداوه‌كه‌ی كردو له‌راگه‌یه‌ندراوێكی ره‌سمیدا له‌دوای یه‌ك رۆژ له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ رایگه‌یاند "به‌توندی ئیدانه‌ی ئه‌و تاوانه‌ دڕندانه‌یه‌ ده‌كه‌ین كه‌ چه‌ند كه‌سێك به‌ جلوبه‌رگی سه‌ربازیه‌وه‌ ئه‌نجامیان دا به‌شێلانی مێردمنداڵێك له‌ڕێی تانك‌و شێواندنی ته‌رمه‌كه‌ی له‌یه‌كێك له‌ناوچه‌كانی موسڵ". رووداوه‌كه‌شی به‌وه‌ وه‌سفكرد كه‌ "تاوانێكی جه‌نگه‌و ده‌بێت ئه‌نجامده‌رانی له‌تۆڵه‌ی عادیلانه‌ ده‌ربازیان نه‌بێت".

 

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ هه‌روه‌ها تێیدا هاتبوو كه‌ "ئه‌م تاوانه‌ نوێیه‌ش چووه‌ سه‌ر ئه‌و تاوانه‌ زۆرانه‌ی پێشتر له‌دژی هاووڵاتیانی بێتاوانی خه‌ڵكی ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان ئه‌نجام دراون وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌شاری فه‌لوجه‌و شاره‌كانی تر روویدا".

 

به‌ڵام فه‌ریق روكن عه‌بدولئه‌میر یاره‌ڵڵا فه‌رمانده‌ی هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی سوپای عێراق له‌موسڵ ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ ئه‌ندامانی سوپای عێراق له‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌دا تێوه‌گلابن‌و وتی "ئه‌وه‌ هی ئه‌ندامانی رێكخراوی "داعشه‌" بۆئه‌وه‌ی میدیا چه‌واشه‌ بكه‌ن" داواشی له‌كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن‌و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نی‌و یاساییه‌كان كرد "له‌ راستی ئه‌و جۆره‌ گرتانه‌ دڵنیاببنه‌وه‌و هاوكاری فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان بكه‌ن".

 

تیمی "نیقاش" به‌دواداچوونێكی دیجیتاڵی سه‌باره‌ت به‌ناوه‌رۆكی گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ ئه‌نجام داوه‌ كه‌ ماوه‌كه‌ی (1:28 ده‌قیقه‌)یه‌و گه‌یشته‌ چه‌ند ئه‌نجامێك كه‌ ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق به‌رپرسیارن له‌و رووداوه‌.

 

گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان له‌سایته‌كانی "یوتیوب"و "فه‌یسبوك"و "تویته‌ر" بڵاوبووه‌وه‌و به‌دواداچوونه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی یه‌كه‌م كه‌س كه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌ رۆژنامه‌نووسی كورد بارزان سادق بووه‌، وا دیاریشه‌ ئه‌و گرته‌یه‌ كه‌ له‌په‌یجی خۆی بڵاوی كردۆته‌وه‌ له‌و گرته‌ ڤیدیۆییانه‌ی تر روونتره‌ كه‌ پاشتر بڵاوكرانه‌وه‌.

 

به‌دواداچوونه‌كه‌ ئه‌و تانكه‌شی له‌خۆگرتوه‌ كه‌ له‌گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا ده‌ركه‌وتووه‌و له‌جۆری (T72)ی دروستكراوی روسیایه‌و زانراویشه‌ كه‌ سوپای عێراق چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان به‌كاریان ده‌هێنێت‌و تائێستاش له‌شه‌ڕه‌كانی له‌دژی توندڕه‌وان به‌كاری ده‌هێنێت، هه‌روه‌ك هێزه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی"یش ژماره‌یه‌كیان له‌و تانكه‌ هه‌یه‌.

 

له‌ كاتی هێرشی داعش بۆسه‌ر موسڵ له‌حوزه‌یرانی 2014دا توانی ده‌ست به‌سه‌ر جبه‌خانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی چه‌كی سوپاو پۆلیسی فیدراڵیدا بگرێت كه‌ له‌شاره‌كه‌ هه‌ڵاتن به‌تایبه‌تی ئه‌و چه‌كانه‌ی له‌سه‌ربازگه‌ی غزلانی خۆرئاوای شاره‌كه‌دا بوون‌و چه‌كی قورس‌و مامناوه‌ندو سووكی تێدابوو.

 

 

له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابردووشدا داعش توانی ده‌ست به‌سه‌ر چه‌كی قورس به‌تایبه‌تی تانكی سوپای عێراق‌و سوریا بگرێت، هه‌روه‌ها ئه‌و رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌ چه‌ندین نمایشی سه‌ربازی ئه‌نجامدا هه‌روه‌ك وێنه‌ی له‌باره‌ی ئه‌و تانكانه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌، به‌ڵام تانكی (T72)ی تێدا نه‌بوو، به‌ڵكو تانكه‌كانی داعش بریتی بوون له‌تانكی (ئه‌برامز)ی دروستكراوی ئه‌مریكا كه‌ له‌عێراق ده‌ستی به‌سه‌ردا گرت، هه‌روه‌ها تانكی (BMP-1)و تانكی (PT-76)ی دروستكراوی روسیا كه‌ له‌سوریا ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتن.

 

به‌دواداچوونه‌كه‌ هه‌روه‌ها ئه‌و گفتوگۆیه‌شی له‌خۆگرتووه‌ كه‌ له‌گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌دا له‌نێوان سه‌ربازه‌كان‌و منداڵه‌كه‌دا كراوه‌، ئه‌و شێوه‌زاره‌ میللیه‌ی سه‌ربازه‌كان قسه‌ی پێده‌كه‌ن ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ره‌چه‌ڵه‌كیانله‌ باشووری عێراقه‌، بۆ نموونه‌ یه‌كێك له‌سه‌ربازه‌كان بانگی كه‌سێك ده‌كات كه‌ وادیاره‌ شۆفێری تانكه‌كه‌یه‌ به‌ناوی "حه‌یده‌ر" له‌سه‌ر شێوه‌ی عه‌شایره‌كانی باشووری عێراق به‌قه‌ڵه‌وكردنی پیتی یا، له‌كاتێكدا دانیشتووانی ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق ده‌ربڕینی پیتی یا له‌ناوی حه‌یده‌ردا سووك ده‌كه‌ن.

 

هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌سه‌ربازه‌كان قسه‌ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌ ده‌كات به‌ر له‌ كوشتنی‌و به‌ شێوه‌زاری میللی لێی ده‌پرسێت "وێن چنت لابد؟" به‌مانای "له‌ كوێ خۆت حه‌شاردابوو؟"، وشه‌ی "لابد" كه‌ مانای خۆ حه‌شاردانه‌، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان ته‌نیا له‌نێو دانیشتووانی باشووری عێراق به‌كارده‌هێنرێت.

 

له‌سه‌ره‌تای گرته‌ ڤیدیۆیه‌كه‌دا منداڵه‌كه‌ به‌سه‌ربازه‌كان ده‌ڵێت "شوێنیانتان پێ نیشان ده‌ده‌م" مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شوێنی داعش پیشانی سه‌ربازه‌كان ده‌دات، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كه‌ دڵنیایه‌ له‌وه‌ی سه‌ربازه‌كان سه‌ر به‌سوپای عێراقن‌و ئامانجیان بنبڕكردنی داعشه‌، هه‌روه‌ها منداڵه‌كه‌ هه‌وڵ ده‌دات خۆی رزگار بكات به‌وه‌ی كه‌ ده‌ڵێت شوێنی چه‌كدارانی داعش پیشانی سه‌ربازه‌كان ده‌دات.

 

دوای ئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ سه‌ربازه‌كان منداڵه‌كه‌ به‌ره‌و شوێنی تانكه‌ وه‌ستاوه‌كه‌ راده‌كێشێت، یه‌كێك له‌هاوكارانی به‌رهه‌ڵستی ده‌كات‌و پێی ده‌ڵێت "ده‌یبه‌ین بۆ باره‌گای فه‌وج" كه‌ مه‌به‌ستی یه‌كه‌ی سه‌ربازیه‌كه‌یانه‌، به‌ڵام یه‌كێك له‌سه‌ربازه‌كان به‌وه‌ رازی نابێت‌و به‌توندی بانگی شۆفێری تانكه‌ ده‌كات كه‌ بیشێلێت، به‌ر له‌وه‌ی تانكه‌كه‌ش بكه‌وێته‌ جووڵه‌ یه‌كێك له‌سه‌ربازه‌كان ته‌قه‌ له‌منداڵه‌كه‌ ده‌كات‌و پاشان تانكه‌كه‌ ده‌یشێلێت.

 

"فه‌وج" یه‌كێكه‌ له‌به‌شه‌ ره‌سمیه‌كانی سوپای عێراق له‌كاتێكدا گروپه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی" ئه‌و دابه‌شكاریه‌ ئیداریه‌یان نیه‌، به‌مه‌ش پێده‌چێت ئه‌و سه‌ربازانه‌ له‌سوپای عێراق بن نه‌ك "حه‌شدی شه‌عبی".

 

تائێستاش حكومه‌تی عێراق ورده‌كاری دیكه‌ی سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كه‌ رانه‌گه‌یاندووه‌ و ته‌نیا راگه‌یه‌ندراوێكی هه‌بووه‌ كه‌ فه‌رمانده‌ی سوپا له‌موسڵ ده‌ریكردووه‌و تێیدا به‌رپرسیارێتی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق له‌و رووداوه‌ ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.

 

ڤیدیۆ به‌ناوبانگه‌كه‌ی‌ موسڵ ده‌ركه‌وت مه‌دینه‌ سه‌دری‌ به‌غدایه‌

موسڵ مشتومڕێكی میدیایی به‌رفراوانی ورووژاند سه‌باره‌ت به‌ هۆكاره‌كانی كه‌وتنی به‌ده‌ستی داعش، هه‌میشه‌ دوو جه‌مسه‌ریش هه‌ن یه‌كێكیان ئۆباڵی ئه‌وه‌ی روویدا ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ئه‌وی دیكه‌، چه‌كی هه‌ردووكیشیان وێنه‌و ڤیدیۆی ساخته‌یه‌ كه‌ وه‌ك ئاگری ناو كا بڵاوده‌بنه‌وه‌، "نیقاش"یش نموونه‌یه‌كی هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌وه‌ی به‌دواداچوونێكی خێرا له‌باره‌ی ناوه‌رۆكه‌كه‌ی بكات.

 

موسڵ یه‌كێكه‌ له‌دیارترین شاره‌كانی عێراق شانبه‌شانی به‌غدای پایته‌خت‌و به‌سره‌ و هه‌ولێر، گرنگترین شاریشه‌ بۆ سوننه‌ له‌عێراق، بۆیه‌ كه‌وتنی به‌ده‌ستی توندڕه‌وانی داعش ئاكامی خراپی لێ كه‌وته‌وه‌، چونكه‌ وه‌ك یه‌كه‌م پولی دۆمینۆ بوو هه‌موو ئه‌و شارانه‌ی خست كه‌ ناسنامه‌یه‌كی سوننه‌یان هه‌یه‌، بێ جگه‌ له‌سامه‌ڕا له‌سه‌ڵاحه‌دین‌و حه‌دیسه‌ له‌ئه‌نبار.

 

چه‌كدارانی داعش چوونه‌ ده‌وره‌به‌ری به‌غداو هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركردنیان كرد، ئه‌وه‌ش قه‌یرانێكی تایفی لێكه‌وته‌وه‌و هێنده‌ی نه‌مابوو وڵات بگێڕێته‌وه‌ بۆ شه‌ڕی تایفی ساڵی 2006 له‌به‌غدا، پاشان قه‌یرانه‌كه‌ له‌ڕێی هه‌ندێك كه‌ناڵی ئاسمانی‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌تایبه‌تی فه‌یسبوك سه‌ریهه‌ڵدا.

 

"نیقاش" نموونه‌یه‌كی له‌و بابه‌تانه‌ هه‌ڵبژارد كه‌ بره‌وێكی زۆریان هه‌بووه‌ له‌حوزه‌یرانی 2014وه‌، ئه‌ویش بریتیه‌ له‌گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی كورت (2:42 ده‌قیقه‌) كه‌ تێیدا ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی مه‌ده‌نی ده‌رده‌كه‌ون به‌ به‌رد هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هێزه‌ عێراقیه‌كان، پاش لێكۆڵینه‌وه‌و گه‌ڕانیش ده‌ركه‌وت ئه‌و رووداوه‌ی له‌ڕێی ئه‌و ڤیدیۆیه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ له‌موسڵ رووی نه‌داوه‌.

 

نموونه‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ له‌زۆرێك له‌كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كان‌و لاپه‌ڕه‌كانی فه‌یسبوك بڵاوبووه‌وه‌ به‌ئامانجی ره‌واج په‌یداكردن بۆ رووداوی هێرشی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی له‌موسڵ بۆ سه‌ر هێزه‌كانی سوپا عێراق له‌كاتی كشانه‌وه‌یان له‌شاره‌كه‌و هاتنه‌ناوه‌وه‌ی داعش بۆ شاره‌كه‌، له‌ڕێی سێرچی google به‌ پشتبه‌ستن به‌ تایبه‌تمه‌ندی گه‌ڕان به‌دوای وێنه‌، ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و ڤیدیۆیه‌ له‌دوای كه‌وتنی موسڵ به‌ده‌ستی داعش، به‌لانی كه‌مه‌وه‌ پێنج جار له‌یوتیوب بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ دوایه‌مینیان له‌ 22ی تشرینی یه‌كه‌می 2016دا بووه‌ وه‌ك له‌م لینكانه‌دا روونكراوه‌ته‌وه‌:

https://www.youtube.com/watch?v=NqTtKBYUGDw

https://www.youtube.com/watch?v=r066ILnGOvE

https://www.youtube.com/watch?v=0vRX4QWsG_E

https://www.youtube.com/watch?v=5fcuaGpVvCY

https://www.youtube.com/watch?v=OmTzvyESCUs

 

له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گه‌ران له‌ڕێی وشه‌ی كلیلی هاوشێوه‌ی ئه‌و ناونیشانانه‌ی له‌ناوی ڤیدیۆكان له‌یوتیوبدا نراون ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌وه‌ی ڤیدیۆیه‌ك پێده‌چێت كۆنترین ڤیدیۆی بڵاوكراوه‌ بێت له‌باره‌ی رووداوه‌كه‌، مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 30ی حوزه‌یرانی 2013 واته‌ سالًێك به‌ر له‌ كه‌وتنی موسڵ‌و ژماره‌ی بینه‌رانیشی گه‌یشتۆته‌ ملیۆنێك‌و 445 هه‌زار كه‌س.

كاتێك پشتمان به‌ یه‌كێك له‌ هاووڵاتیانی موسڵ به‌ست بۆ ده‌ستنیشانكردنی شوێنی تۆماركردنی ڤیدیۆكه‌، بۆچوونی ئه‌وه‌ بوو كه‌ ئه‌و شوێنه‌ی له‌ڤیدیۆكه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت ناو موسڵ نییه‌، هه‌ر كه‌سێكیش له‌موسڵیه‌كان كه‌ ڤیدیۆكه‌ ده‌بینێت هه‌ر وای بۆ ده‌چێت، لێره‌دا قۆناغی دووه‌می لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ دیاریكردنی شوێنی رووداوه‌كه‌ ده‌ستی پێكرد.

 

به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڤیدیۆ كۆنه‌كه‌ كه‌ پله‌ی روونی وێنه‌كه‌ی باش بوو به‌به‌راورد به‌پێنج گرته‌كه‌ی دیكه‌ كه‌ دواتر بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، هه‌ندێك ئاماژه‌ ده‌ستنیشان كراون ئه‌م بۆچوونانه‌ پته‌وتر ده‌كه‌ن، دیارترینیشیان ئاڵای ره‌ش‌و سه‌وزی حسێنیه‌یه‌ كه‌ شیعه‌ی عێراق له‌سه‌ر عه‌مودی كاره‌باو سه‌ربانی بیناو ماڵاندا هه‌ڵی ده‌كه‌ن واته‌ ڤیدیۆكه‌ له‌ناوچه‌یه‌كی شیعه‌نشیندا وێنه‌ی گیراوه‌، له‌موسڵیشدا شوێنێكی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ نییه‌، به‌وپێیه‌ی شارێكی ته‌واو سوننه‌نشینه‌، هه‌روه‌ها شێوه‌زاری ئه‌و گه‌نجانه‌ی له‌ڤیدیۆكه‌دا قسه‌ ده‌كه‌ن ته‌واو جیاوازه‌ له‌ شێوه‌زاری موسڵی.

 

شتێكی زۆر پێویست‌و به‌سوودیشه‌ هۆكاره‌كانی گه‌ڕان له‌ڕێی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و سێرچی googleو نه‌خشه‌وه‌ هه‌مه‌جۆر بكرێت بۆ به‌راوردكردنی شێوه‌ی شه‌قام‌و بیناكان، دواجار قولاپه‌كه‌ گرتی، تابلۆیه‌كی هه‌ڵواسراوی چێشتخانه‌یه‌ك له‌ناوه‌ڕاستی شه‌قامه‌كه‌دا هه‌بوو، بووه‌ ئه‌و سه‌ره‌داوه‌ی گه‌یاندینیه‌ شوێنی رووداوه‌كه‌.

 

ناوی چێشتخانه‌كه‌ (هه‌پی تایم) بوو، شوێنه‌كه‌ی له‌ڕێی گه‌ڕان له‌سایتی فه‌یسبوك دۆزرایه‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك په‌یج لابران كه‌ هه‌مان ناویان هه‌ڵگرتبوو، ئه‌ویش به‌پشتبه‌ستن به‌ناوه‌رۆكی ئه‌و په‌یجانه‌و وێنه‌ی رووكاری چێشتخانه‌كان، وێنه‌ی ئه‌و چێشتخانه‌یه‌ی مه‌به‌ست بوو له‌پۆستی هه‌ندێك له‌سه‌ردانیكه‌رانیدا هه‌بوو كه‌ چوونه‌ژووره‌وه‌یان له‌ڕێی تایبه‌تمه‌ندی (نه‌خشه‌)وه‌تۆمار كردبوو، ئه‌و وێنانه‌شكه‌ بڵاویان كردبوونه‌وه‌و رووكاری چێشتخانه‌كه‌و بیناكانی نزیكی به‌روونی تێدا ده‌ركه‌وتبوو، ته‌واو وه‌ك ئه‌وه‌ وابوو كه‌ له‌و ڤیدیۆیه‌دا هه‌یه‌ كه‌ ئێستا له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌.

 

له‌كۆتاییدا ئه‌نجامه‌كان گه‌یاندیانینه‌ ده‌ستنیشانكردنی شوێنی چێشتخانه‌كه‌ كه‌ له‌به‌غدای پایته‌خت – مه‌دینه‌ سه‌در – شه‌قامی داخله‌، له‌ڕێی پرۆسه‌یه‌كی خێرای گه‌ڕان‌و شیكردنه‌وه‌ به‌و ئامڕازانه‌ی بۆ هه‌مووان به‌رده‌ستن له‌یوتیوب‌و google فه‌یسبوك‌و  ئامڕازه‌كانی دیكه‌ی گه‌ڕان‌و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی به‌ئاسانی توانای گه‌یشتن به‌راستیه‌كان ده‌ڕه‌خسێنن.

 

ئامانج له‌ئه‌نجامدانی ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌ ساده‌یه‌ ده‌ركردنی حوكمی بێتاوانی یان تاوانباركردنی ئه‌م لایه‌ن یان ئه‌و لایه‌ن نیه‌، هێنده‌ی هانده‌رێكه‌ بۆ گه‌ڕان‌و به‌دواداچوون بۆ ئه‌و وێنه‌و ڤیدیۆیانه‌ی بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌رئه‌نجام‌و كاردانه‌وه‌ی خراپیان لێده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ئاشتی ناوخۆیی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی ده‌كه‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌