راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

دەستگیرکردنی بەلێشاو
هەموو مانگێک حەوت هه‌زار بێتاوان له‌زیندانه‌كان ئازاد ده‌كرێن

موسته‌فا حه‌بیب
ئاماره‌كانی عێراق ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن مانگانه‌ هه‌زاران بێتاوان ده‌ستگیرده‌كرێن‌و چه‌ند رۆژو مانگێك له‌زینداندا به‌سه‌رده‌به‌ن به‌رله‌وه‌ی ئازاد بكرێن، له‌ماوه‌ی 22 مانگی رابردووشدا 156 هه‌زار كه‌س ئازادكراون.
15.12.2016  |  به‌غدا
گرتووخانەی ئەبوغرێب ( :وێنه واثق الخزاعي )
گرتووخانەی ئەبوغرێب ( :وێنه واثق الخزاعي )

په‌یامنێری "نیقاش" به‌دواداچوونێكی بنكۆڵكاری كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌پرۆسه‌كانی ده‌ستگیركردن كه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق له‌سوپاو پۆلیس‌و ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، له‌ڕێی به‌دواداچوونی ئه‌رشیفی ئه‌لیكترۆنی سایتی ده‌سه‌ڵاتی باڵای دادوه‌ری فیدراڵی له‌كانونی دووه‌می 2015وه‌ تا تشرینی یه‌كه‌می 2016، ئه‌نجامه‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ له‌ماوه‌ی 22 مانگدا 156 هه‌زار كه‌سی بێتاوان ده‌ستگیركراون كه‌ زیاتر له‌ 17 هه‌زار كه‌سیان تۆمه‌تی تیرۆریان رووبه‌ڕوو كراوه‌ته‌وه‌.

 

به‌دواداچوونه‌ بنكۆڵكاریه‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری‌و ناوخۆو دادو ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌و پرۆسه‌ی ده‌ستگیركردنانه‌ راناگه‌یه‌نن كه‌ فه‌رمانگه‌ ئه‌منیه‌كانیان ئه‌نجامیان ده‌ده‌ن، به‌ڵام ته‌نیا سایتی ئه‌لیكترۆنی ره‌سمی ده‌سه‌ڵاتی باڵای دادوه‌ریه‌ كه‌ چه‌ند ئامارێك بڵاوده‌كاته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ژماره‌ی ئه‌و به‌ندكراوانه‌ی ئازادكراون پاش ئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وتووه‌ بێتاوانن له‌و تۆمه‌تانه‌ی رووبه‌ڕوویان كراوه‌ته‌وه‌.

 

سایتی ئه‌لیكترۆنی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق ئامارێكی مانگانه‌ی ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئازاد ده‌كرێن، به‌ڵام شتێكی زۆر له‌باره‌ی هۆكاری ده‌ستگیركردنیان‌و ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ئاشكرا ناكات كه‌ رووبه‌ڕوویان كراوه‌ته‌وه‌ چ تۆمه‌تی تیرۆریستی بن یاخود جینائی، هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌ مانگانه‌كانیدا ئاماژه‌ بۆ زانیاری سنووردار سه‌باره‌ت به‌كێشه‌ تیرۆریستیه‌كان ده‌كات.

 

له‌ساڵی 2016دا له‌كانونی دووه‌مه‌وه‌ تا دوا ئامار له‌تشرینی یه‌كه‌م، راگه‌یه‌ندراوه‌ ره‌سمیه‌كان كه‌ به‌دواداچوونی بنكۆڵكاریان بۆ كراوه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق (67749) كه‌سی بێتاوانی له‌زیندانه‌كاندا ئازادكردووه‌ له‌وانه‌ (8810)یان تۆمه‌تی تێوه‌گلانیان له‌كاری تیرۆریستی ئاڕاسته‌كراوه‌ به‌تێكڕای (67749) پرۆسه‌ی ده‌ستگیركردن له‌مانگێكداو (226) ده‌ستگیركردن له‌یه‌ك رۆژدا.

 

له‌ مانگی حوزه‌یرانی 2016یشدا به‌رزترین رێژه‌ی ئازادكردنی به‌ندكراوانی بێتاوان تۆماركراوه‌ كه‌ ژماره‌یان گه‌یشتۆته‌ (10791) كه‌س (1608)یان به‌تۆمه‌تی تیرۆر بووه‌، دوای ئه‌ویش مانگی ئایار دێت كه‌ ژماره‌یان گه‌یشتۆته‌ (10373)كه‌س (3456)یان به‌تۆمه‌تی تیرۆر بووه‌.

 

مانگی ئایارو حوزه‌یرانیش ئۆپراسیۆنی سوپای عێراق‌و پۆلیسی فیدراڵی‌و "حه‌شد شه‌عبی" بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاری فه‌لوجه‌ی ئه‌نباریان تێدا به‌ڕێوه‌چوو شه‌ڕه‌كه‌ له‌23ی ئایار ده‌ستیپێكردو پاش سێ هه‌فته‌ له‌ 17ی حوزه‌یراندا كۆتایی هات.

 

له‌ساڵی 2015یشدا ئاماره‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ دادگاكانی عێراق له‌كانونی دووه‌مه‌وه‌ تا كانونی یه‌كه‌م (88297) كه‌سی بێتاوانیان ئازادكردووه‌ كه‌ (8515)یان تۆمه‌تی ناڕاستی تیرۆریان دراوه‌ته‌ پاڵ، به‌تێكڕای (7358) پرۆسه‌ی ده‌ستگیركردن له‌مانگێكداو (245) پرۆسه‌ی ده‌ستگیركردن له‌رۆژێكدا.

 

مانگی ئه‌یلول به‌رزترین رێژه‌ی ئازادكردنی به‌ندكراوانی بێتاوان له‌ساڵی2015دا تۆمار كراوه‌و ژماره‌یان گه‌یشتۆته‌ (9480) كه‌س، دوای ئه‌ویش مانگی كانونی یه‌كه‌م دێت كه‌ ژماره‌یان گه‌یشتۆته‌ (9268) كه‌س، راگه‌یه‌ندراوه‌كانیش ژماره‌ی ئه‌وانه‌یان روون نه‌كردۆته‌ كه‌ تۆمه‌تی تیرۆریان رووبه‌ڕوو كراوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری له‌هه‌ندێك له‌ مانگه‌كاندا ته‌حه‌فوزی له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و ورده‌كاریانه‌ هه‌یه‌.

 

كۆی گشتی ژماره‌ی به‌ندكراوانی بێتاوان له‌ساڵانی 2015 و 2016دا كه‌ ماوه‌ی 22 مانگی گرتۆته‌وه‌ تا رێكه‌وتی‌ ده‌رچوونی دوا ئاماری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراق، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ژماره‌ی گشتی ده‌گاته‌ (156046) كه‌س به‌ڕێژه‌یه‌ك كه‌ ده‌گاته‌ (7000) له‌مانگێكداو (236) له‌رۆژێكدا.

 

ئه‌م ئاماره‌ سه‌رنجڕاكێشه‌ ئاماژه‌ بۆ كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌سیستمی ئه‌منی‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌عێراق ده‌كات، چونكه‌ هه‌زاران پرۆسه‌ی ده‌ستگیركردنی هه‌ڕه‌مه‌كی ئه‌نجام ده‌درێن بۆ به‌رگرتن له‌زیادبوونی كاری توندوتیژی، ئه‌م ده‌ستگیركردنانه‌ش ده‌بنه‌ هۆی كێشه‌ له‌ئاشتی كۆمه‌ڵگه‌و ناكۆكی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان، چونكه‌ هێزو لایه‌نه‌ سوننه‌كان ده‌زگا ئه‌منییه‌كان به‌تایفه‌گه‌ری تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا هێزو لایه‌نه‌ شیعه‌كان دانیشتووانی پارێزگا سوننه‌كان به‌ له‌ئامێزگرتنی توندڕه‌وان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.

 

چه‌ند سیاسی‌و په‌رله‌مانتارێكیش هه‌ندێك گرووپی چه‌كداری شیعه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌ زیندانی تایبه‌تیان هه‌یه‌و حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری ئاگایان لێ نیه‌، هه‌روه‌ك به‌وه‌ش تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن كه‌ پرۆسه‌ی تایبه‌تی ده‌ستگیركردن به‌پێی زانیاری خۆیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن نه‌ك به‌پێی فه‌رمانی دادوه‌ر. هاوكات ده‌سته‌ی "حه‌شدی شه‌عبی" كه‌ سه‌رپه‌رشتی گروپه‌كان ده‌كات روودانی كاری وا ره‌ت ده‌كاته‌وه‌.

 

ئه‌حمه‌د سه‌لمانی په‌رله‌مانتاری ئه‌نبار كه‌ بایه‌خ به‌ كاروباری به‌ندكراوان ده‌دات ده‌ڵێت سێ‌ هه‌زار كه‌س له‌دانیشتووانی ئه‌نبار له‌لایه‌ن گروپه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی" ده‌ستگیر كراون كه‌ (2000) كه‌سیان له‌ناوچه‌ی ره‌زازه‌ له‌مانگی تشرینی یه‌كه‌می 2015 ده‌ستگیركراون‌و (800) كه‌سیان له‌مانگی ئایاردا ده‌ستگیركراون و تائێستا چاره‌نووسیان نه‌زانراوه‌.

 

په‌رله‌مانی عێراق له‌ئه‌یلولی رابردوودا یاسای "لێبوردنی گشتی" سه‌باره‌ت به‌به‌ندكراوان ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش كه‌ تاوانی دیاریكراویان ئه‌نجام داوه‌، ده‌ركرد ئه‌ویش له‌چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی ئاشته‌وایی سیاسی له‌وڵات له‌نێوان حیزبه‌ شیعه‌و سوننه‌كاندا، به‌ڵام یاساكه‌ باسی ئه‌و پرۆسه‌ به‌رفراوانه‌ی ده‌ستگیركردنی نه‌كردووه‌ كه‌ له‌وڵاتدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، چونكه‌ هه‌رچه‌ند مانگێك دوای به‌تاڵكردنه‌وه‌ی زیندانه‌كان سه‌رله‌نوێ پڕده‌بنه‌وه‌ له‌به‌ندكراو.

 

ره‌نگه‌ ئاسان نه‌بێت به‌راوردی‌ ژماره‌كانی‌ عێراق به‌هیچ وڵاتێكی‌ تر بكرێت، به‌ڵام بابه‌تی‌ ده‌ستگیركردنی‌ خه‌ڵكه‌ بێتاوانه‌كان به‌شێوازی‌ تر نموونه‌ی‌ هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ له‌به‌ریتانیا ساڵی‌ 2015 له‌كۆی‌ ده‌ستگیركراوه‌كان زیاتر له‌ ده‌ هه‌زار كه‌س بێتاوان ده‌رچوون.

http://www.prisonreformtrust.org.uk/Portals/0/Documents/Bromley%20Briefings/summer%202016%20briefing.pdf

http://straightstatistics.fullfact.org/article/compelling-statistics-how-many-innocent-people-remand

 

هه‌روه‌ها له‌ئه‌مه‌ریكاش نزیكه‌ی‌ پێنج یه‌كی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌ستگیرده‌كرێن، سه‌ره‌نجام بێتاوان ده‌رده‌چن‌و ئازاد ده‌كرێن.

http://www.americasquarterly.org/aborn-prisons

 

پاشكۆ:

ئه‌و راگه‌یه‌ندراوانه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریه‌وه‌ ده‌ركراون سه‌باره‌ت به‌ئازادكردنی بێتاوانان له‌ 2016دا:

http://www.iraqja.iq/view.3553/

http://www.iraqja.iq/view.3399/

http://www.iraqja.iq/view.3352/

http://www.iraqja.iq/view.3323/

http://www.iraqja.iq/view.3292/

http://www.iraqja.iq/view.3244/

http://www.iraqja.iq/view.3202/

 

ئه‌و راگه‌یه‌ندراوانه‌ی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریه‌وه‌ ده‌ركراون سه‌باره‌ت به‌ئازادكردنی بێتاوانان له‌ 2015دا:

 

http://www.iraqja.iq/view.3164/

http://www.iraqja.iq/view.3126/

http://www.iraqja.iq/view.3091/

http://www.iraqja.iq/view.3080/

http://www.iraqja.iq/view.3027/

http://www.iraqja.iq/view.3002/

http://www.iraqja.iq/view.2911/

http://www.iraqja.iq/view.2890/

http://www.iraqja.iq/view.2876/

http://www.iraqja.iq/view.2848/

http://www.iraqja.iq/view.2838/

http://www.iraqja.iq/view.2822/

http://www.iraqja.iq/view.2805/

http://www.iraqja.iq/view.2787/

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌