راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

فه‌رمانده‌ی‌ هێزی‌ ئاڵتونی‌ عێراق:
شوێنی‌ به‌غدادی‌ ده‌زانین‌و تائێستا 2230 داعشمان له‌موسڵ كوشتووه‌

ئاواره حه‌مید
فه‌رمانده‌ی‌ هێزی‌ ئاڵتونی‌ عێراقی‌ رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئامانجی‌ سه‌ره‌كییان له‌شه‌ڕه‌كه‌ی‌ موسڵ سه‌ره‌ڕای‌ وه‌ده‌رنانی‌ داعش، پاراستنی‌ گیانی‌ هاوڵاتیانه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌سه‌رخۆی‌ پێشڕه‌وی‌ ده‌كه‌ن.
13.12.2016  |  هه‌ولێر
لیوا فازڵ به‌رواری‌ فه‌رمانده‌ی‌ هێزی‌ ئاڵتونی‌ ( :وێنه آواره حميد)
لیوا فازڵ به‌رواری‌ فه‌رمانده‌ی‌ هێزی‌ ئاڵتونی‌ ( :وێنه آواره حميد)

لیوا فازڵ به‌رواری‌ فه‌رمانده‌ی‌ هێزی‌ ئاڵتونی‌ عێراق كه‌ خۆی‌ كورده‌، له‌سه‌ره‌تای‌ دامه‌زراندنی‌ هێزی‌ تایبه‌تی‌ عێراقی‌ كه‌ دواتر به‌"فیرقه‌ی‌ ئاڵتونی‌" ناسرا دامه‌زرێنه‌رو فه‌رمانده‌ی‌ دیاری‌ ئه‌و هێزه‌ بووه‌و دواتر گه‌یشتووه‌ به‌پۆستی‌ كه‌سی‌ یه‌كه‌م‌و ئێستاش له‌ژێر سایه‌ی‌ هێزی‌ دژه‌ تیرۆری‌ عێراقیدا رێبه‌رایه‌تی‌ هێزه‌كه‌ی‌ ده‌كات‌و كاریگه‌رترین ئه‌و ده‌ستانه‌ن كه‌ راسته‌وخۆ به‌شداری‌ شه‌ڕی‌ موسڵ ده‌كه‌ن.

 

به‌رواری‌ له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ تایبه‌تی‌ "نیقاش"دا باس له‌به‌ڕێوه‌چوونی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ موسڵ ده‌كات‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ شوێنی‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌ رابه‌ری‌ داعش پێده‌زانن‌و ئاگاداریشن كه‌ له‌جموجۆڵ‌و خۆگۆڕینی‌ به‌رده‌وامدایه‌.

 

هه‌روه‌ها باس له‌ژماره‌ی‌ كوژراوانی‌ داعش‌و ئاسته‌نگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ شه‌ڕه‌كه‌ی‌ موسڵ ده‌كات‌و روونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ پێشوازی‌ گه‌رمیان لێده‌كه‌ن.

 

نیقاش: دوو مانگ زیاتر به‌سه‌ر ده‌ستپێكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ موسڵ تێپه‌ڕیوه‌، ئێستا پێشڕه‌ویه‌كانی ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌كوێ گه‌یشتوون؟

فازڵ به‌رواری‌: قۆناغی‌ گرنگمان بڕیوه‌و سه‌ره‌ڕای‌ پاككردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌یه‌كی‌ به‌رفراوان تائێستا 2330 ته‌رمی‌ چه‌كدارانی‌ داعش له‌به‌رده‌ستی‌ ئێمه‌دایه‌و چه‌ندین تانك‌و كه‌لوپه‌ل گیراون، ئه‌وه‌ی‌ تێبینیمان كردووه‌ شه‌ڕی‌ موسڵ وه‌ك شه‌ڕه‌كانی‌ رومادی‌‌و فه‌لوجه‌ نییه‌، چونكه‌ چه‌كدارانی‌ داعش خۆ ناگرن‌و به‌رده‌وام راده‌كه‌ن.

 

نیقاش: به‌ڵام زۆر كه‌س پێی‌ وایه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ به‌سستی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ده‌كرێت موسڵ خێراتر پاك بكرێته‌وه‌؟

فازڵ به‌رواری‌: ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نی‌ تێدا نه‌بوایه‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ ئه‌وه‌نده‌ زه‌حمه‌ت نه‌ده‌بوو، چونكه‌ ئه‌و كات پرده‌ سه‌ره‌كییه‌كانمان ده‌گرت‌و شاره‌كه‌مان پاكده‌كرده‌وه‌، به‌ڵام ئێستا ئێمه‌ له‌یه‌ك كاتدا دوو ئه‌ركی‌ گه‌وره‌مان له‌سه‌رشانه‌، له‌لایه‌ك ده‌بێت شه‌ڕ بكه‌ین‌و شاره‌كه‌ ئازاد بكه‌ین، له‌لایه‌كی‌ تریش ئه‌ركێكی‌ مرۆیمان له‌شانه‌ به‌پاراستنی‌ گیانی‌ خه‌ڵكی‌‌و دابینكردنی‌ فریاگوزاری‌ ته‌ندروستی‌‌و خۆراك، ده‌مانه‌وێت داعش له‌شاره‌كه‌ وه‌ده‌ر بنێین بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ماڵی‌ هاوڵاتیان خاپور ببێت‌و خه‌ڵكی‌ سیڤیل شه‌هید ببن، ئه‌مه‌ وایكردوه‌ كه‌ ئۆپه‌راسیۆن به‌شێوه‌یه‌كی‌ له‌سه‌رخۆ به‌ڕێوه‌ بچێت، به‌هۆی‌ ئه‌م وریایی‌‌و ده‌ستپارێزییه‌ی‌ ئێمه‌یه‌ كه‌ بیستومانه‌ته‌وه‌ خه‌ڵكی‌ موسڵ له‌ناوچه‌ جیاوازه‌كان داوا ده‌كه‌ن فیرقه‌ی‌ ئاڵتوونی‌ ناوچه‌كه‌یان ئازاد بكات.

 

نیقاش: بۆچی‌ باسی‌ خۆراكت كرد، ئه‌ركه‌كه‌ی‌ ئێوه‌ی‌ كه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌خۆراكه‌وه‌ هه‌یه‌؟

فازڵ به‌رواری‌: بارودۆخی‌ گوزه‌رانی‌ خه‌ڵك ئه‌وه‌نده‌ خراپه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌رووی‌ پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ ژیانه‌وه‌ كه‌وایكردووه‌ وه‌زاره‌تی‌ كۆچ‌و كۆچبه‌ران له‌رێی‌ ئێمه‌وه‌ خۆراك بگه‌ێنێته‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان، ئێمه‌ هه‌ر شوێنێك رزگار بكه‌ین خۆراكیان بۆ ده‌به‌ین.

 

نیقاش: له‌رووی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ خاكه‌وه‌ تائێستا شه‌ڕه‌كه‌ی‌ موسڵ به‌چی‌ گه‌یشتووه‌، ئایا رێگای‌ هه‌ڵاتن له‌داعش گیراوه‌؟

فازڵ به‌رواری‌: زیاتر له‌بیست گه‌ڕه‌ك ئازاد كراوه‌و پێشڕه‌ویش به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام رێگای‌ هه‌ڵاتن له‌داعش نه‌گیراوه‌و ده‌توانن بڕۆن.

 

نیقاش: ئه‌ركی‌ ئازادكردنی‌ گه‌ڕه‌كه‌كان به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م له‌ئه‌ستۆی‌ كێدایه‌؟

فازڵ به‌رواری‌: جگه‌ له‌هێزی‌ ئێمه‌ (هێزی‌ ئاڵتوونی‌) فیرقه‌كانی‌ (پانزه‌، ناوه‌ند، نۆو شانزه‌) به‌شدارن له‌شه‌ڕه‌كه‌دا، به‌ڵام ئه‌وان نه‌هاتونه‌ته‌ ناو موسڵ، به‌شێكیان ته‌نیا تاوه‌كو سه‌ره‌تای‌ موسڵ هاتوون، ئێمه‌ كه‌ سێ فیرقه‌ین له‌گه‌ڵ  دژه‌تیرۆر شه‌ڕی‌ كۆڵان به‌كۆڵان ده‌كه‌ین.

 

نیقاش: هێرشه‌كانی‌ ئێوه‌ نه‌بووه‌ته‌ مایه‌ی‌ ئاواره‌بوونی‌ زیاتری‌ خه‌ڵك؟

فازڵ به‌رواری‌: نه‌خێر له‌و ناوچانه‌ی‌ ئازادمانكردوون 700 هه‌زار مه‌ده‌نی‌ له‌ماڵه‌كانی‌ خۆیانن‌و له‌ژێر ده‌ستی‌ ئێمه‌دان، به‌سه‌لامه‌تی‌ ده‌ژین‌و وه‌زاره‌تی‌ كۆچ‌و چه‌ندین رێكخراو خۆراك‌و پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیان پێده‌گه‌یه‌نن.

 

نیقاش: جگه‌ له‌هێزه‌ عێراقییه‌كان، رۆڵی‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌م شه‌ڕه‌دا چییه‌؟

فازڵ به‌رواری‌: له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان په‌یوه‌ندیمان زۆر باشه‌‌و هه‌ماهه‌نگی‌ له‌ئاستێكی‌ به‌رزدایه‌، به‌ڵام تۆپ‌و ته‌یاره‌ ناتوانن بۆردومانی‌ ناو موسڵ بكه‌ن، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نی‌ زۆری‌ تێدایه‌، بۆیه‌ ئه‌وان نه‌هاتونه‌ته‌ ناو شار.

 

نیقاش: رێكه‌وتنی‌ سوپاو پێشمه‌رگه‌ چی‌ له‌شه‌ڕه‌كه‌ گۆڕی‌؟

فازڵ به‌رواری‌: ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی‌ له‌نێوان سوپاو پێشمه‌رگه‌ روویدا زۆر باش بوو، بۆ یه‌كه‌مجاره‌ سوپاو پێشمه‌رگه‌ له‌یه‌ك سه‌نگه‌ردان‌و هه‌مووی‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌یه‌، چوونی‌ سه‌رۆك بارزانی‌ بۆ به‌غدا بۆ ئه‌و رێكه‌وتنه‌ شتێكی‌ نوێ بوو.

 

نیقاش: پێتان وانییه‌ دوای‌ شه‌ڕی‌ موسڵ سوپای‌ عێراقی‌ پێویستی‌ به‌خۆ رێكخستنه‌وه‌ بێت؟

فازڵ به‌رواری‌: بێگومان وایه‌، ئێستاش راهێنان به‌رده‌وامه‌ له‌ناو هه‌موو هێزه‌كانی سوپاو حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و پێشمه‌رگه‌، له‌داهاتووشدا راهێنانی‌ زیاتر ده‌بێت‌و پێویسته‌ پڕ چه‌ك بكرێن بۆئه‌وه‌ی‌ داهاتوی‌ خۆمان‌و نه‌وه‌كانمان بپارێزین‌و جارێكی‌ تر توشی‌ ئه‌و ماڵ وێرانیه‌ نه‌بینه‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ داعش به‌سه‌ری‌ هێناین.

 

نیقاش: گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگی شه‌ڕی موسڵ چییه‌؟

فازڵ به‌رواری‌: شه‌ڕی‌ موسڵ وه‌ك شه‌ڕی‌ شوێنه‌كانی‌ تر نیه‌، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئازادكردنی‌ موسڵ به‌ته‌نیا ئازادكردنی‌ شارێك نییه‌، به‌ڵكو پرۆسه‌ی‌ پاراستنی‌ خه‌ڵك‌و باڵه‌خانه‌و كه‌ل‌و په‌له‌كانیانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ متمانه‌ له‌ده‌ست نه‌ده‌ین، تائێستا ئه‌وه‌شمان كردوه‌‌و به‌رده‌وام ده‌بین، چونكه‌ خه‌ڵكی‌ موسڵ كه‌س‌و كاری‌ ئێمه‌ن، ئه‌وه‌ی‌ رووده‌دات شه‌ڕی‌ كۆڵانه‌و كۆڵانه‌ كه‌ كارێكی‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌، به‌ڵام راهێنانی‌ باش به‌هێزه‌كانمان كراوه‌، لێره‌شه‌وه‌ داوامان له‌خه‌ڵكی‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ماڵی‌ خۆیان نه‌یه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌و نه‌چنه‌ سه‌ربانی‌ خانوه‌كانیان.

 

نیقاش: پێشوازی خه‌ڵك چۆنه‌ له‌ناوچه‌ تازه‌ ئازادكراوه‌كانی موسڵ؟

فازڵ به‌رواری‌: كه‌ رۆژانه‌ ده‌چین خه‌ڵك پێشوازی‌ گه‌رم‌و گه‌وره‌مان لێده‌كات، داعش وایان بڵاوكردبۆوه‌ كه‌ فازڵ به‌رواری‌ بێته‌ موسڵ هه‌موو شاره‌كه‌ وێران ده‌كات‌و خه‌ڵكی‌ له‌گه‌ڵه‌ خۆیان ده‌ته‌قێننه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا كه‌ ده‌چین ده‌مان بینن ده‌زانن چه‌كدارانی‌ داعش راستیان نه‌وتووه‌‌و ئه‌ركی‌ هێزی‌ ئاڵتونی‌ ته‌نیا له‌ناوبردنی‌ داعشه‌ به‌پاراستنی‌ سه‌رو ماڵی‌ خه‌ڵكی‌، بۆیه‌ پێشوازییه‌كی‌ گه‌رممان لێده‌كه‌ن‌و باوه‌شمان بۆ ده‌كه‌نه‌وه‌.

 

نیقاش: هیچ گه‌ره‌نتییه‌ك هه‌یه‌ ماڵ‌و حاڵی‌ خه‌ڵكی‌ وێران نه‌بێت به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ده‌نگۆی‌ زۆر له‌و باره‌یه‌وه‌ له‌سه‌ر هێزه‌ عێراقییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌؟

فازڵ به‌رواری‌: سه‌ره‌تا له‌به‌رتله‌ بازگه‌یه‌كمان داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ته‌نها یه‌ك ده‌رزی‌ له‌شاره‌كه‌ نه‌یه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌‌و به‌كامێرای‌ چاودێری‌ هه‌موو جموجۆڵێك تۆمار ده‌كرێت تا رێگه‌ بگیرێت له‌هه‌ر جۆره‌ تاڵانكارییه‌ك، هه‌ر هاوڵاتییه‌كیش بیه‌وێت ماڵ‌و حاڵی‌ خۆی‌ بباته‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌بێت چه‌ند رێكارو رێوشوێنێك جێبه‌جێ‌ بكات تا دڵنیابین له‌وه‌ی‌ ئه‌وه‌ خۆیه‌تی‌ به‌ره‌زامه‌ندی‌ خۆی‌ كه‌لوپه‌له‌كانی‌ ده‌باته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ناوشاریش جموجۆڵه‌كان زۆر به‌وریایی‌‌و ته‌كتیكی‌ سه‌ركه‌وتوو به‌ڕێوه‌ ده‌چن بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ زیانیان پێنه‌گات.

 

نیقاش: پێشبینی ده‌كرێت كه‌ی موسڵ ئازاد بكرێت؟

فازڵ به‌رواری‌: ناتوانین كات دیاریبكه‌ین، چونكه‌ به‌ده‌ستی‌ ئێمه‌یه‌ نییه‌، به‌ره‌و پێشچوون له‌سه‌رخۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ زیانی‌ زۆر نه‌ده‌ین‌و خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نی‌ نه‌بنه‌ قوربانی‌، زۆر مه‌به‌ستمانه‌ ناووناوبانگی‌ هێزی‌ ئاڵتوونی‌ بپارێزین‌و تاكه‌ یه‌ك هاوڵاتیش به‌ده‌ستی‌ ئێمه‌ زیانی‌ پێنه‌گات.

 

نیقاش: هیچ زانیارییه‌كتان هه‌یه‌ له‌سه‌ر جموجۆڵی‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌؟

فازڵ به‌رواری‌: ئه‌مه‌وێ‌ ئه‌وه‌ت بۆ باس بكه‌م ئه‌بوبكر به‌غدادی‌ به‌ر له‌ ده‌ ساڵ لای‌ ئێمه‌ به‌ند كرابوو به‌ر له‌وه‌ی‌ دواتر ئازاد بكرێت، بۆیه‌ زانیاری‌ ته‌واومان له‌سه‌ری‌ هه‌یه‌، ئێستاش شوێنی‌ ده‌زانرێت كه‌ له‌شارۆچكه‌ی‌ به‌عاج-ه‌ (خۆرئاوای‌ موسڵ)‌و شوێنی‌ مانه‌وه‌ی‌ له‌ژێر زه‌ویدایه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌جموجۆڵی‌ به‌رده‌وامدایه‌و زوو زووش شێوه‌ی‌ خۆی‌ ده‌گۆڕێت، وه‌ك تاشینی‌ ریشی‌‌و ده‌ستكاری‌ كردنی‌ روخساری‌ له‌ڕێی‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌ناسرێته‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌