راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌نگاوێك به‌ره‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌
كورد.. ده‌رگایه‌ك به‌رووی‌ شیعه‌و دیوارێك به‌رووی‌ سوننه‌دا

هه‌ستیار قادر
په‌رله‌مانتارانی‌ كورد له‌به‌غدا پشتیوانی‌ یاسای‌ ده‌سته‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبیان كرد، ئه‌مه‌ش ده‌رگایه‌كی‌ به‌رووی‌ شیعه‌دا لێكردنه‌وه‌، به‌ڵام دیوارێكی‌ له‌به‌رده‌م سوننه‌دا بۆ دروستكردن.
1.12.2016  |  هه‌ولێر
ميليشيا مسيحية
ميليشيا مسيحية

شه‌ممه‌ی‌ رابردوو كه‌ له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق ده‌نگ بۆ یاسای‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ درا، زۆربه‌ی‌ په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان  (له‌كۆی‌ 62 په‌رله‌مانتار) ئاماده‌ی‌ دانیشتنه‌كه‌ بوون‌و نیسابیان بۆ ته‌واوكردو پشتیوانی‌ یاساكه‌یان كرد، ئه‌و پشتیوانییه‌ش له‌خۆڕا نه‌بوو، به‌ڵكو كورد چاوی‌ له‌یه‌كێك له‌بڕگه‌كانی‌ یاساكه‌یه‌ كه‌ ده‌رچه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌شدار بێت له‌و حه‌شده‌ شه‌عبیانه‌ی‌ له‌ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌ فره‌ پێكهاته‌كان دروست ده‌كرێن، به‌تایبه‌ت له‌كه‌ركوك‌و دیاله‌و موسڵ‌و سه‌ڵاحه‌دین (له‌هۆكاری‌ ده‌ركردنی‌ یاساكه‌ ئاماژه‌ به‌حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و حه‌شدی‌ عه‌شایه‌ری‌‌و هێزه‌ خۆبه‌خشه‌كان كراوه‌).

 

 به‌ختیار شاوه‌یس ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی وت "بڕگه‌یه‌كی‌ یاساكه‌ باس له‌خۆبه‌خش ده‌كات‌و ئێمه‌ش وه‌ك كورد خه‌ڵكێكی‌ زۆرمان هه‌یه‌ كه‌ له‌ناوچه‌ دابڕاوه‌كان خۆبه‌خش بوون‌و شه‌هیدیشیمان داوه‌ له‌شه‌ڕی‌ دژ به‌داعش، بۆیه‌ ده‌توانن له‌و رێگه‌یه‌وه‌ به‌شداربین‌و ئه‌وه‌ی‌ كه‌ده‌مێنێته‌وه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ بكرێت له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كورد ماوه‌ بڕیاربدات".

 

ده‌ركردنی‌ یاسای‌ ده‌سته‌ی‌ حه‌شدی شه‌عبی له‌پاش ئه‌وه‌هات كه‌ سونه‌كان گوشاریان كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و هێزه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ یاسایه‌كدا رێكبخرێت كه‌ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌دووساڵه‌ به‌فه‌توای‌ عه‌لی سیستانی‌ گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی شیعه‌كانی‌ عێراق پێكهات بۆ شه‌ڕكردن له‌دژی‌ چه‌كدارانی‌ داعش.

 

تائێستا زۆربه‌ی‌ پێكهاته‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی شیعه‌مه‌زهه‌بن‌و موچه‌یان له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ زۆرینه‌ شیعه‌ی‌ ناوه‌نده‌وه‌ ده‌درێت (جگه‌ له‌و كۆمه‌كانه‌ی‌ به‌شێكیان له‌ئێرانه‌وه‌ وه‌ریده‌گرن)، به‌ڵام له‌یاساكه‌دا وێڕای‌ ئاماژه‌دان به‌حه‌شدی شه‌عبی باس له‌خۆبه‌خش‌و پاسه‌وانی‌ نیشتیمانی‌ كراوه‌ ئه‌وه‌ش بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی‌ تێبینی‌ كوردو عه‌ره‌بی سوننه‌یه‌.

 

بڕیاره‌ ئه‌و یاسایه‌ رێنمایی‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ بۆ ده‌ربچێت بۆ رێكخستنی‌ كاره‌كانی‌ به‌وه‌ش ئه‌گه‌ری‌ به‌شداری‌ پێكهاته‌كانی‌ تر زیاتر رون ده‌بێته‌وه‌.

 

له‌ماوه‌ی‌ دووساڵی‌ رابردوودا حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ك پێویست مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی نه‌كردووه‌و هه‌ندێكجاریش ره‌خنه‌ی‌ له‌بونیان گرتووه‌ له‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان كه‌ پێشمه‌رگه‌ش تیایدا بونی‌ هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ركوك كه‌ خاوه‌ندارێتی‌ له‌لایه‌ن هه‌رێم‌و ناوه‌ندا یه‌كلانه‌بۆته‌وه‌.

 

محه‌مه‌د عوسمان نوێنه‌ری‌ كه‌ركوك له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق پێیوایه‌ به‌شداری‌ كورد له‌و حه‌شدی شه‌عبیه‌ی‌ له‌سنوری‌ شاره‌كه‌ی‌ پێكده‌هێندرێت گرنگه‌ بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی‌ له‌لایه‌ن حه‌شده‌وه‌ له‌سه‌ریان هه‌بووه‌.

 

محه‌مه‌د عوسمان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌ باشتر بوو دژی‌ یاساكه‌ نه‌وه‌ستین بۆ ئه‌وه‌ی‌ سبه‌ی‌ له‌م هێزه‌دا رێژه‌ی‌ خۆمان هه‌بێت، چونكه‌ عه‌ره‌ب‌و توركمان له‌ناوچه‌ دابرێنراوه‌كان هێزی‌ خۆیان هه‌یه‌و ئه‌گه‌ر ئاڵۆزی‌ روبدات كێشه‌مان بۆ دروست بێت".

 

 ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كه‌ له‌سه‌ر پشكی‌ یه‌كێتی نیشتیمانی‌ كوردستانه‌ به‌پێویستیشی‌ ده‌زانێت كورد له‌سه‌ركردایه‌تی‌ حه‌شدی شه‌عبیش بونی‌ هه‌بێت تاوه‌كو بڕیار به‌ده‌ستیش بێت.

 

زۆرترین مه‌ترسی كه‌ له‌سه‌ر بوونی‌ حه‌شدی شه‌عبی دروست بوبێت له‌قه‌زای‌ دووزخورماتووی‌ كێشه‌ له‌سه‌ری‌ سه‌ر به‌ پارێزگای‌ سه‌ڵاحه‌دینه‌ كه‌ كوردو توركمانی‌ شیعه‌ زۆرینه‌ی‌ پێكده‌هێنن.

 

نیسانی‌ ئه‌مساڵ پێكدادان له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و حه‌شدی شه‌عبی له‌و سنوره‌ دروست بوو كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ده‌یان كه‌س له‌هه‌ردوولا بوونه‌ قوربانی به‌رله‌وه‌ی‌ به‌رێكه‌وتنێك ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌نن.

 

وانه‌بێت هه‌موو هێزه‌ كوردییه‌كان به‌به‌شداری‌ كورد له‌پێكهاته‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبیدا رازی‌ بن، چونكه‌ له‌مه‌شدا كورد دوو به‌شه‌، ئه‌وانه‌ی‌ له‌ئێرانه‌وه‌ نزیكن (یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌‌و گۆڕان) پشتیوانی‌ یاساكه‌ ده‌كه‌ن به‌روونی‌، به‌ڵام ئه‌و هێزانه‌ی‌ له‌توركیاوه‌ نزیكن (پارتی‌ دیموكرات‌و یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌) ته‌حه‌فوزیان له‌سه‌ری‌ هه‌یه‌.

 

 مه‌لا حه‌سه‌ن محه‌مه‌د ئه‌ندامی‌ كوردی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سه‌ڵاحه‌دین كه‌ خه‌ڵكی‌ دووزخورماتووه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "پێم باش نییه‌ كورد به‌شداری‌ له‌حه‌شدی‌ شه‌عبیدا بكات، چونكه‌ شه‌رعیه‌تی‌ پێده‌دات له‌كاتێكدا خۆی‌ هێزی‌ پێشمه‌گه‌ی‌ هه‌یه‌".

 

له‌ماوه‌ یه‌ك ساڵی‌ رابردوودا به‌شێك له‌كوردانی‌ فه‌یلی كه‌ له‌په‌یڕه‌وكه‌رانی‌ مه‌زهه‌بی شیعه‌ن له‌سنوری‌ خانه‌قینی‌ پارێزگای‌ دیاله‌ په‌یوه‌ندیان به‌حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ وه‌ك پشكی‌ كورد مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ نه‌كراوه‌.

 

بێستون عادل ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌فراكسیۆنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و كورده‌ شیعانه‌ی‌ له‌سنوری‌ خانه‌قین به‌شداریان كردووه‌ له‌پشكی‌ كورد نین‌و ئینتیمایان بۆ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد نییه‌، به‌ڵكو ئینتیمایان بۆ مه‌رجه‌عیه‌تی‌ شیعه‌كانه‌".

 

بێستون عادل تاكه‌ مه‌رج بۆ به‌شداری‌ كورد له‌حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ حه‌شد له‌و ناوچانه‌ به‌ده‌ست كورده‌وه‌ بێت، ئه‌گه‌رنا بۆ كورد ده‌بێته‌ "جاشایه‌تی‌".

 

مه‌ترسی كورد له‌په‌یوه‌ندیكردنی‌ به‌حه‌شدی‌ شه‌عبیه‌وه‌ دووباره‌ بوونه‌وه‌ی‌ ئه‌زمونی‌ "فورسانه‌" كه‌ له‌ناو كوردا به‌"جاشایه‌تی‌" ناسراوه‌ به‌وه‌ی‌ هێزی‌ كوردی‌ له‌دژی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دروست بكرێت وه‌ك چۆن پێشتر رژێمی‌ سه‌دام له‌دژی‌ بزوتنه‌وه‌ به‌رهه‌ڵسكاره‌كانی‌ كورد دروستی‌ ده‌كرد.

 

ئه‌زمونی‌ هه‌رێم له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ  هێزه‌ كوردیه‌كانی‌ سه‌ر به‌حه‌شدی شه‌عبی باش نییه‌، له‌مانگی‌ حه‌وتی‌ 2015دا حه‌یده‌ر شه‌شۆ به‌رپرسی‌ یه‌كینه‌كانی‌ پارستنی‌ شه‌نگال كه‌ سه‌ر به‌حه‌شدی‌ شه‌عبیه‌ له‌قه‌زای‌ شه‌نگالی‌  سنوری‌ موسڵ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی‌ ئاسایشی‌ سه‌ر به‌هه‌رێمه‌وه‌ بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌ستگیركرا ئه‌وه‌ش به‌تۆمه‌تی‌ "دروستكردنی‌ هێزی‌ نایاسایی‌" وه‌ك له‌به‌یاننامه‌یه‌كی‌ ئه‌وكاته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمدا هاتووه‌.

 

 لیوا قاره‌مان كه‌مال جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ ئه‌ركانی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌مئاهه‌نگیه‌كی‌ لاوازمان له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌دا هه‌یه‌ (هێزه‌كه‌ی‌ شنگال)".

 

لیوا قاره‌مان كه‌مال پێی‌ باشه‌ هێزی‌ چه‌كداری‌ كورد له‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان هه‌بێت، به‌ڵام "من ناڵێم با كورد به‌شداری‌ له‌و حه‌شدی شه‌عبیه‌دا بكات له‌و ناوچانه‌".

 

وه‌ك چۆن لایه‌نی‌ كوردی‌ هێشتا ساخنه‌بووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ به‌شداری‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی بكات، ئاوهاش لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ر كه‌ حه‌شدی‌ شه‌عبییه‌وه‌ به‌ئاگاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌شداری‌ كورد ده‌كات.

 

 كه‌ریم نوری وته‌بێژی‌ حه‌شدی شه‌عبی به‌"نیقاش"ی وت "چاوه‌ڕێی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ حه‌شدی شه‌عبی‌و فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان ده‌كه‌ین له‌وباره‌یه‌وه‌ بڕیار بدات، ئه‌وه‌ پرسێكی‌ هه‌ستیاره‌".

 

تائێستا دیار نییه‌ به‌شداری‌ كورد له‌حه‌شدی شه‌عبی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌سود یان زیانی‌ ده‌شكێته‌وه‌ كه‌بتوانێت له‌رێگه‌یه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ خۆبه‌خشه‌كانی‌ بكاته‌ موچه‌ خۆری‌ ره‌سمی‌ حكومه‌تی‌ عێراق‌و له‌هه‌مان كاتیشدا هه‌ژمونی‌ حه‌شدی شه‌عبی له‌ده‌ست زۆینه‌ی‌ شیعه‌كان بكاته‌وه‌ له‌و ناوچانه‌.

 

نیعمه‌ عه‌بادی به‌رێوه‌به‌ری‌ ناوه‌ندی‌ عێراقی‌ بۆ توێژینه‌وه‌ پێیوایه‌ به‌ر له‌باسكردنی‌ پرسی‌ به‌شداری‌ كورد له‌حه‌شدی‌ شه‌عبیدا ده‌بێت دوو كێشه‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌میان رێكاره‌كان بۆ حه‌شدی‌ شه‌عبی ده‌ربچێت‌و پێكهاته‌كه‌ی‌ جیابكرێته‌وه‌ له‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ رێژه‌ی‌ پێكهاته‌كان دابنرێت یان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پارێزگاكان تابزانرێت كام ناوچانه‌ ده‌گرێته‌وه‌‌و دووه‌میش ده‌بێت ئه‌وه‌ یه‌كلابێته‌وه‌ كه‌ حه‌شدی شه‌عبی خۆی‌ له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ده‌بێت یان ده‌توانێت بچێته‌ ناوی‌.

 

نیعه‌مه‌ عه‌بادی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌شداربوونی كورد له‌نێو حه‌شدی شه‌عبیدا كه‌متر هه‌ستیاریی‌ له‌سه‌ر ئه‌و گروپه‌ ده‌هێڵێت وه‌ك له‌وه‌ی‌ هێزی ته‌نها یه‌ك پێكهاته‌ بێت، به‌ڵام ئاسانیش نییه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد قایل بێت چه‌كداره‌ كورده‌كانی‌ حه‌شد ره‌وانه‌ی‌ كه‌ربه‌لاو ئه‌نبار بكرێن".

 

به‌ریه‌ك كه‌وتنی‌ كورد له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان زیاتر له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی سونه‌دایه‌ له‌كاتێكدا ئه‌و پێكهاته‌یه‌ تائێستا له‌دژی‌ یاسای‌ حه‌شه‌دی شه‌عبیه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ری‌ كێشه‌یه‌كی‌ تری‌ لێده‌كرێت.

 

نیعمه‌ ده‌ڵێت "كورد له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان هاوبه‌شه‌ له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی سونه‌و به‌بێ یه‌كلابوونه‌وه‌ی‌ هه‌ڵوێستی‌ ئه‌وان له‌سه‌ر یاسای‌ حه‌شدی شه‌عبی ئه‌گه‌ر كورد به‌شداربێت تیایدا، كێشه‌ی‌ له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی سونه‌ بۆ دروست ده‌بێت".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌