راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سی‌ رۆژی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ موسڵ
له‌ئاسمانه‌وه‌ ئاگر ده‌بارێ‌‌و مه‌ده‌نییه‌كان قوربانی‌ یه‌كه‌من

تایبه‌ت
كۆی چالاكی مانگی یه‌كه‌می ئۆپه‌راسیۆنی موسڵ، پێشڕه‌ویه‌كی هێواشی‌ هێزه‌ عێراقیه‌كان‌و بۆردومانێكی كوێرانه‌یه‌ كه‌ داعش بۆ سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌ پڕ له‌دانیشتوانه‌كان ئه‌نجامی ده‌دات‌و دنیایه‌ قوربانیان لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.
23.11.2016  |  موسڵ
الموصل ( :وێنه توماس كوكس (جيتي))
الموصل ( :وێنه توماس كوكس (جيتي))

خه‌وله‌و مێرده‌كه‌ی‌و چوار منداڵه‌كه‌ی باخچه‌و ژووره‌ گه‌وره‌كانو قه‌نه‌فه‌ نه‌رمونۆڵه‌كانیان به‌جێهێشتووه‌و له‌سووچێكی به‌رته‌سكدا له‌ژێر قادرمه‌یه‌كی كۆنكرێتیدا خۆیان په‌ناداوه‌ له‌ترسی بۆردومان یان ته‌قینه‌وه‌ خۆكوژیه‌كان، به‌م جۆره‌ ماڵه‌كه‌ی خه‌وله‌ بووه‌ته‌ زیندانێكی ترسناك به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌ سه‌ختانه‌ی له‌نێوان هێزه‌ عێراقیه‌كان‌و چه‌كدارانی رێكخراوی داعش له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی شاری موسڵ به‌ڕێوه‌ده‌چن،.

 

 

خه‌وله‌ له‌گه‌ڕه‌كی (زه‌هرا) نیشته‌جێیه‌ كه‌ هێزه‌ عێراقیه‌كان كۆنترۆڵیان كردۆته‌وه‌و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ به‌ته‌له‌فۆن به‌"نیقاش"ی وت "دڵخۆشیمان به‌رزگاربوون له‌ده‌ستی داعش وه‌سف ناكرێت، به‌ڵام له‌راستیدا كاره‌كه‌ كۆتایی نه‌هاتووه‌و هێشتا ده‌ترسین، چونكه‌ له‌نێو جه‌نگێكدا ده‌ژین له‌ده‌ره‌وه‌ی خواستی خۆمان بووینه‌ته‌ لایه‌نێك تێیدا".

 

چه‌كدارانی داعش تائێستا به‌گوڕه‌وه‌ شه‌ڕ ده‌كه‌ن، به‌ڵام هێزكانی دژه‌تیرۆر كه‌ شاره‌زایی‌و توانایه‌كی به‌رزیان له‌شه‌ڕی نێو شاردا هه‌یه‌ له‌پێنج هه‌فته‌ی رابردوودا توانیویانه‌ 10 گه‌ڕه‌ك كۆنترۆڵ بكه‌نه‌وه‌، هاوكات له‌چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی تریشدا شه‌ڕی "لێده‌و هه‌ڵێ‌" هێرشكردن‌و هه‌ڵاتن ده‌كه‌ن.

 

خه‌وله‌ وه‌سفی ئه‌و ئازاره‌ زۆره‌ ده‌كات كه‌ ناوچه‌كه‌یانی پێدا تێپه‌ڕیوه‌و ده‌ڵێت "شه‌وێكیان پێكدادان له‌شه‌قامه‌ به‌رته‌سكه‌كه‌ماندا سه‌ری هه‌ڵداو بۆردومانه‌كه‌ توند بوو ته‌قه‌ش له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ماندابوو، شوشه‌ی په‌نجه‌ره‌كان وردوخاش بوون كاتێك ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ روویداو ته‌پوتۆز به‌و ناوه‌دا بڵاوبووه‌وه‌، زۆر ترساین‌و منداڵه‌كانم ده‌له‌رزین‌و هاواریان ده‌كرد، نه‌مده‌توانی هیچ شتێك بكه‌م، له‌ئامێزم گرتن‌و به‌بێده‌نگیش ده‌گریام، چونكه‌ ده‌بووایه‌ وا پیشان بده‌م كه‌ ناترسم، ئه‌و شه‌وه‌ نه‌خه‌وتین.

 

 

وتیشی "دواجار كه‌ خۆرهه‌ڵات ئارامی باڵی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا كێشابوو، ده‌نگی پێكدادانه‌كان دووركه‌وتبووه‌وه‌، مێرده‌كه‌م سه‌ری به‌رزكرده‌وه‌ ئۆتۆمبیلێكی ره‌شی بینی كه‌ ئاڵای عێراقی به‌سه‌ره‌وه‌ بوو، به‌زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ وتی "ئه‌وانه‌ دژه‌تیرۆرن، ئه‌وان ئازادیان كردووین".

 

خه‌وله‌ به‌رده‌وام بوو وتی "كاتێكیش ئێمه‌و دراوسێكان له‌ماڵ هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌ستی خۆشحاڵی تێكه‌ڵ به‌هه‌ستی رزگاربوون له‌ داعش‌و ترس له‌دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی تێكه‌ڵ بوو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌سڵكردنه‌وه‌مان له‌هێزه‌ عێراقیه‌كان. سه‌ربازه‌ عێراقیه‌كان به‌زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌ ده‌ستیان بۆ هه‌ڵبڕین، بۆ یه‌كه‌مجار له‌دوای حوزه‌یرانی 2014 وه‌ رووبه‌ڕوو بینیمانن‌و كاتێك فه‌رمانده‌ی هێزه‌كه‌ وتی: دڵنیابن‌و مه‌ترسن، هاتووین بۆ رزگاركردنتان ئاهێكمان به‌ به‌ردا هاته‌وه‌".

 

 

ئازادی كۆتایی چیرۆكه‌كه‌ نییه‌

كۆنترۆڵكردنی هه‌ندێك گه‌ڕه‌ك له‌لایه‌ن هێزه‌ عێراقیه‌كانه‌وه‌ كۆتایی كاره‌كه‌ نیه‌، چونكه‌ داعش به‌ئاسانی خۆی نادات به‌ده‌سته‌وه‌و به‌توندی به‌رگری ده‌كات‌و چه‌كداره‌ شه‌ڕكه‌ره‌كان‌و خۆكوژه‌كانی ناردۆته‌ هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌، هه‌روه‌ك بۆردومانی كوێرانه‌شی چڕكردۆته‌وه‌و گوێ به‌بوونی هه‌زاران هاووڵاتی مه‌ده‌نی نادات.

 

پێنج كه‌س كه‌ له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاجیای موسڵ نیشته‌جێن شایه‌تیدانی نزیك له‌یه‌كتریان بۆ "نیقاش" گێڕایه‌وه‌ كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن رێكخراوه‌كه‌ سه‌كۆی رۆكێتهاوێژی بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ به‌سه‌ر ئۆتۆمبێله‌وه‌ له‌شه‌قامێكه‌وه‌ بۆ شه‌قامێكی تر ده‌گوازرێنه‌وه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌هاوه‌نی مه‌ودا جیاواز.

 

ئه‌بو سه‌عید كه‌ نیشته‌جێی گه‌ڕه‌كی نور-ی خۆرهه‌ڵاتی موسڵه‌ ده‌ڵێت "له‌ماڵێكی دراوسێماندا سه‌كۆیه‌كی رۆكێتهاوێژیان داناوه‌ كه‌ به‌ره‌و گه‌ڕه‌كه‌ ئازادكراوه‌كان ئاڕاسته‌یان كردووه‌، رۆكێته‌كان به‌سه‌ر ماڵی ئێمه‌دا ده‌ڕۆن‌و ده‌زانین كه‌ به‌سه‌ر ژن‌و منداڵاندا ده‌كه‌ونه‌ خواره‌وه‌".

 

ده‌شڵێت "ئه‌گه‌رچی ئێمه‌ دوورین له‌بازنه‌ی شه‌ڕ، به‌ڵام به‌شی خۆمان له‌بۆردومان به‌ركه‌وتووه‌، چونكه‌ فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و خانووه‌یان كرده‌ ئامانج كه‌ رۆكێته‌كانی لێوه‌ هه‌ڵده‌درا، ته‌قینه‌وه‌كه‌ به‌توندی گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی هه‌ژاندو بووه‌ هۆی كوژرانی سێ ئه‌ندامی داعش، ئه‌گه‌ر مه‌ودای وێرانكاری رۆكێته‌كه‌ سنووردار نه‌بووایه‌، ئه‌وا كاره‌ساتێك له‌هه‌موو شه‌قامه‌كه‌دا ده‌قه‌وما، هه‌ندێك هاوڵاتی مه‌ده‌نیش بریندار بوون".

 

ده‌یان كوژراو سه‌دان بریندار له‌نه‌خۆشخانه‌كانی موسڵ‌و هه‌ولێر

هه‌موو سه‌رچاوه‌كان دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ دوای مانگێك له‌ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی موسڵ ده‌یان مه‌ده‌نی كوژراون‌و سه‌دانیش بریندار بوون له‌ئه‌نجامی بۆردومانی كوێرانه‌و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو كه‌ داعش له‌ناو گه‌ڕه‌كه‌ پڕ له‌دانیشتوانه‌كاندا بۆ راگرتنی پێشڕه‌وی هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر، ده‌یانته‌قێنێته‌وه‌.

 

نه‌خۆشخانه‌كانی موسڵ پڕن له‌و بریندارانه‌ی له‌و گه‌ڕه‌كانه‌وه‌ بۆیان ده‌گوازرێنه‌وه‌ كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی داعشدان‌و بۆردومان گرتوونیه‌ته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ندێكجار رێكخراوه‌كه‌ له‌به‌ری راسته‌وه‌ رۆكێته‌كان هه‌ڵده‌دات كه‌ دووره‌ له‌به‌شه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڕه‌كه‌ ئازادكراوه‌كان، كوژراوه‌كان له‌باخچه‌ی ماڵه‌كاندا به‌خاك ده‌سپێردرێن له‌به‌ر قورسی گواستنه‌وه‌یان بۆ گۆڕستانه‌كان، هاوكات برینداره‌كانی ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌ به‌ئۆتۆمبێلی هێزه‌ عێراقیه‌كان ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌ولێر.

 

خه‌وله‌ ده‌ڵێت "ته‌نانه‌ت دوای ئازادكردنیش هێشتا ناتوانین له‌ماڵ بچینه‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ رۆكێت‌و بۆمب له‌ئاسمانه‌وه‌ ده‌بارێن، به‌زۆری خورماو نان ده‌خۆین، سووته‌مه‌نی چێشت لێنان‌و ئاوو كاره‌با نیه‌، پشت به‌و شتانه‌ ده‌به‌ستین كه‌ وه‌ك ئاماده‌كاری بۆ ئه‌م بارودۆخه‌ عه‌مبارمان كردوون".

 

نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان‌و رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی 30 رۆژ به‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنه‌كاندا راگه‌یه‌ندراوێكیان ده‌ركردو تێیدا نیگه‌رانی زۆری خۆیان ده‌ربرٍی به‌رامبه‌ر به‌بوونی قوربانی له‌نێو مه‌ده‌نییه‌كان‌و نه‌بوونی توانا بۆ چاره‌سه‌ركردنیان، هۆشداریشیاندا له‌بوونی مه‌ترسی له‌سه‌ر نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن كه‌س كه‌ خۆی له‌ته‌قه‌كردن‌و قه‌ناس به‌ده‌سته‌كان‌و به‌كارهێنانیان وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی ده‌بینێته‌وه‌.

 

لیز گراندی رێكخه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری مرۆیی له‌عێراق له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌نووسیدا رایگه‌یاند كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو نزیكه‌ی 200 برینداری مه‌ده‌نی‌و سه‌ربازی (ژماره‌كه‌ بریندارانی نێو موسڵ ناگرێته‌وه‌) گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش زۆرترین ژماره‌ی برینداره‌ له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌وه‌.

 

وتیشی "ئێمه‌ زۆر نیگه‌رانین له‌برینداربوونی ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی له‌گه‌ڵ توندبوونی شه‌ڕه‌كاندا".

 

زۆر له‌م چیرۆكانه‌ رۆژانه‌ له‌شاره‌كه‌دا رووده‌ده‌ن‌و نیشانه‌ی پرسیار ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌م جه‌نگه‌دا ده‌بنه‌ قوربانی. یه‌كێك له‌شایه‌تحاڵه‌كان ئه‌وه‌ی بۆ "نیقاش" گێڕایه‌وه‌ كه‌ رۆكێتێك له‌ماڵێكدا له‌گه‌ڕه‌كی وه‌حده‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی موسڵ كه‌وتوه‌و خێزانێكی له‌ناوبردووه‌ كه‌ پێكهاتبوون له‌دایكێك‌و سێ كوڕ، له‌كاتی خۆرئاوابووندا باوكه‌كه‌ كه‌ كاری ده‌ستگێریه‌، گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و ده‌بینێت كۆمه‌ڵێك پاشماوه‌و چوار ته‌رمی سووتاوی بۆ به‌جێماوه‌، ئه‌و خێزان‌و ماڵه‌ هه‌ر ئه‌وه‌یان لێ ماوه‌ته‌وه‌.

 

جگه‌ له‌و 60 هه‌زار كه‌سه‌ی به‌گوێره‌ی ئاماری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌كاتی ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانه‌وه‌ ئاواره‌بوون، هه‌زاران هاوڵاتی مه‌ده‌نی ئازادكراو رووبه‌ڕووی بۆردومانی كوێرانه‌ بوونه‌ته‌وه‌و ده‌یانه‌وێت بگه‌نه‌ كامپی ئاواره‌كان یان گونده‌ ئازادكراوه‌كان.

 

به‌شێكی تریش پێیان باشه‌ له‌ماڵه‌كانیان بمێننه‌وه‌ به‌هۆی خراپی بارودۆخی ئاواره‌كانه‌وه‌، خه‌وله‌ هێشتا سووره‌ له‌سه‌ر مانه‌وه‌و ده‌ڵێت "هیوادارین ناچار نه‌بین هه‌ڵبێین، زۆر هیلاك بووین".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌