راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مه‌رگی‌ بێگوناهه‌كان
گه‌وره‌كان شه‌ڕ ده‌كه‌ن‌و منداڵان ده‌بنه‌ قوربانی‌

شاڵاو محەمەد
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونی‌ شه‌ڕی‌ داعش رۆژ به‌رۆژ ژماره‌ی‌ ئه‌و منداڵانه‌ زیاد ده‌كات كه‌ به‌هۆی‌ ناكۆكی‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ ده‌بنه‌ قوربانی‌ راسته‌وخۆو تیا ده‌چن.
21.11.2016  |  كه‌ركوك
نور و باپیری ( :وێنه شالاو محمد )
نور و باپیری ( :وێنه شالاو محمد )

نور زوهێر (11 ساڵ)، به‌ئومێدی هه‌ڵهاتنی‌ له‌ژێر سزا تونده‌كانی‌ داعش له‌گونده‌كه‌یان له‌باكوری‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ دیاله‌وه‌ به‌ره‌و پارێزگای‌ كه‌ركوك به‌ڕێكه‌وت، به‌ڵام به‌ر له‌گه‌یشتنی به‌و سنوره‌ رووداوێكی‌ له‌ناكاو سه‌راپای‌ ژیانی‌ گۆڕی‌، كاتێك فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كان به‌هۆی‌ بۆردومانكردنی‌ ناوچه‌كه‌ ته‌واوی‌ خێزانه‌كه‌یانی‌ كوشت‌و نور به‌ته‌نیا مایه‌وه‌.

 

ماڵی نور له‌شه‌ش كه‌س پێكهاتبوون كه‌ چواریان منداڵ بوون‌‌و له‌گوندی (الصدور) له‌باكوری رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای‌ دیاله‌ نیشته‌جێبوون، 20ی ئه‌یلولی‌ 2014 به‌چوار رۆژ دوای‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی‌ گونده‌كه‌یان له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ داعشه‌وه‌، به‌هۆی بۆردومانی هه‌ڵه‌ی فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانه‌وه‌ هه‌موویان كوژران، نور ته‌نیا له‌گه‌ڵ باوكی‌ مایه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ پێشتر له‌گه‌ڵ ماڵی‌ باپیره‌ی‌‌و پورێكی‌ هه‌ڵهاتبوون.

 

سلێمان محه‌مه‌د باپیره‌ی نور بۆ "نیقاش" وتی‌ "ماوه‌ی زیاتر له‌ 30 ساڵه‌ له‌گوندی الصدور سه‌رقاڵی كاری جوتیارین به‌هۆی ئه‌وه‌ی گونده‌كه‌مان خاكێكی به‌پیتی به‌رهه‌مهێنانی به‌روبومی كشتوكاڵیه‌، خاوه‌نی 45 دۆنم زه‌وی 58 سه‌ر مه‌ڕو ماڵات بوین، كاتێك چه‌كدارانی داعش ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر گونده‌كه‌مان بڕیارماندا هه‌مووی به‌جێ‌ بهێڵین‌و به‌ره‌و كه‌ركوك هه‌ڵبێن، بۆیه‌ به‌سێ‌ ئۆتۆمبێل خۆمان كۆكرده‌وه‌، زوهێری كوڕم‌و كچه‌ تاقانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هاتن، ژنه‌كه‌ی زوهێر له‌گه‌ڵ سێ‌ كوڕه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ماڵی خوشكه‌كه‌ی ئه‌وانیش به‌ئۆتۆمبێلێك رۆیشتن ماڵی دوو كوڕی دیكه‌م به‌ئۆتۆمبێلی سێیه‌م هاتن".

 

سلێمان درێژه‌ به‌گێڕانه‌وه‌كه‌ی‌ ده‌دات‌و ده‌ڵێت "ئێمه‌ ده‌رچوین، كاتێك له‌ڕێگا بوین په‌یتا په‌یتا سه‌یاره‌مان ده‌بینی تاكو گه‌یشتینه‌ ناحیه‌ی‌ ئه‌لبوموسای‌ سه‌ر به‌ قه‌زای‌ میقدادییه‌، نزیكه‌ی 100 ئۆتۆمبێل ده‌بوین ئه‌وه‌بوو فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كان موشه‌كێكی گرته‌ ئۆتۆمبێله‌كان به‌و هۆیه‌وه‌ 17 كه‌س كوژران كه‌ دایكی‌ نورو سێ‌ برای‌ تێدا بوون".

 

سلێمان كه‌ ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر باسی نور، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌سه‌ره‌تای كاره‌ساته‌كه‌وه‌ تا ماوه‌یه‌كی زۆر نور بوكه‌ڵه‌‌و یارییه‌كانی به‌ناوی براكانیه‌وه‌ ناوناوه‌، ماوه‌یه‌كیش به‌رده‌وام داوای دایكی كردوه‌‌و شه‌وان له‌گه‌ڵ پوری‌ باسی ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر دایكی نایه‌ت بۆ لای به‌و ده‌ڵێت دایه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ باوكی‌ بڕیاریدا دوای‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌كه‌یان بگه‌ڕێته‌وه‌ شوێنی‌ ڕوداوه‌كه‌و له‌گوڕستانی‌ خۆیان بیانێژێت تاكو ڕاستی‌ نه‌مانی‌ دایكی‌‌و براكانی‌ به‌ نور ڕابگه‌یه‌نێت".

 

سلێمان محه‌مه‌د ده‌ڵێت "ئازاری‌ 2015، ناحیه‌ی‌ ئه‌لبوموسا له‌لایه‌ن حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ كونترۆڵ كرایه‌وه‌، باوكی‌ نور به‌مه‌به‌ستی‌ به‌ئه‌سپارده‌كردنی‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌‌و سێ‌ كوڕه‌كه‌ی‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌لبوموسا، به‌ڵام له‌لایه‌ن چه‌كدارانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبیه‌وه‌ ده‌ستگیركرا، یه‌كجار ته‌له‌فۆنی‌ بۆ كردم‌و تاكو ئێستا ده‌نگی‌ نه‌ماوه‌‌و بێ‌ سه‌روشوێنه‌".

 

سه‌رباری ئه‌وه‌ی نور كه‌سوكاره‌كه‌ی له‌ده‌ستداوه‌و ئێستا له‌كه‌ركوك نیشته‌جێیه‌، به‌ڵام هێشتا حه‌زده‌كات بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شوێنی خۆیان، ده‌ڵێت "حه‌زم لێره‌ نیه‌، حه‌زده‌كه‌م بگه‌ڕێمه‌وه‌ هه‌ر به‌درۆ ئه‌ڵێن هه‌فته‌یه‌كی تر ئه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناگه‌ڕێنه‌وه‌، ئێستا دایك‌و باوكم بیرم ئه‌كه‌ن ئه‌مه‌ویت بچمه‌ لای ئه‌وان".

 

نور ئێستا قوتابی پۆلی چواره‌می‌ سه‌ره‌تاییه‌، وه‌ك هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی دیكه‌ كه‌ بونه‌ته‌ قوربانی توندوتیژییه‌كان له‌عێراق خه‌مێكی قوڵ له‌روخساریدا به‌دی ده‌كرێت، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ به‌هۆی نه‌بوونی ناسنامه‌ی نور كه‌ لای باوكی به‌جێماوه‌، ئێستا ناتوانێت له‌قوتابخانه‌ی نێو كه‌مپه‌كه‌دا بخوێنێت له‌ كاتێكدا هاوڕێكانی نور ناوی خۆیان نوسیوه‌و چاوه‌ڕێ‌ كردنه‌وه‌ی ده‌وامی قوتابخانه‌ن.

 

به‌ته‌نیا نورو باپیره‌و داپیره‌ی‌ شاهید نین به‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌وه‌، به‌ڵكو چه‌ند شایه‌تحاڵێكی‌ تریش له‌شوێنی‌ رووداوه‌كه‌ هه‌بوون.

 

هه‌زبه‌ر علێوی (49 ساڵ) له‌گه‌ڵ له‌یلا مه‌حمود (42 ساڵ) خاوه‌نی 8 منداڵ بوون (6 كوڕ و 2 كچ) شۆفێری ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ بوه‌ كه‌ موشكی فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی به‌ركه‌وتوه‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "خێزانه‌كه‌م‌و دوو كوڕ له‌پێشه‌وه‌ دانیشتوبوون له‌دواوه‌ش منداڵه‌كانی دیكه‌ له‌گه‌ڵ ماڵی نور بوون، كاتێك ئۆتۆمبێله‌كه‌م لێده‌خوری چاوم ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو شه‌قامه‌كانی پارێزگای دیاله‌ ته‌واو بكه‌م‌و بگه‌مه‌ سنورێك كه‌ مه‌ترسی هاتنی داعشی له‌سه‌ر نه‌مێنێت، به‌ڵام له‌ناكاو موشكه‌كێكی به‌ر سه‌یاره‌كه‌م كه‌وتوو ته‌واوی ئه‌و شوێنه‌بوه‌ دوكه‌ڵ‌و منداڵه‌كانمی له‌جامی ئۆتۆمبێله‌كه‌م فڕێداو ژنه‌كه‌م بورایه‌وه‌ خۆشم ئاگاداری دونیا نه‌بوم هاته‌ خه‌ڵك لێمان كۆبۆوه‌".

 

Hazbar with his sons

Hazbar with his sons

ده‌شڵێت "ویستم بگه‌ڕێمه‌وه‌ لای‌ ئۆتۆمبێله‌ سوتاوه‌كه‌، به‌ڵام خه‌ڵك نه‌یانهێشت‌و وتیان كه‌س له‌وانه‌ی له‌دواوه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ت سوار بوون ڕزگاریان نه‌بووه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ سێ‌ كوڕ‌و كچێكم كوژران‌و دوو كوڕم به‌پارچه‌ بریندار بوون".

 

ئه‌و منداڵانه‌ی‌ له‌ناوچه‌ نائارامه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ كه‌ركوك بوون زۆریان تێدایه‌ به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ داعشه‌وه‌ باجی‌ سه‌ختیان داوه‌ جا به‌ له‌ناوچوونی‌ خۆیان بێت یان كه‌سوكاره‌كه‌یان.

 

رۆژی‌ 9ی ئازاری ئه‌مساڵدا، داعش له‌گوندی به‌شیره‌وه‌ به‌كاتیۆشاو هاوه‌ن (كه‌ به‌قسه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كڵاوه‌ی‌ غازی‌ خه‌رده‌لیان پێوه‌ بووه‌) هێرشی‌ كرده‌ سه‌ر چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی ناحیه‌ی‌ تازه‌ (20 كم باشوری‌ كه‌ركوك)، به‌و هۆیه‌وه‌ 57 هاوڵاتی بریندار بوون، به‌ڵام به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كانیان 7 كه‌سیان گیانیان له‌ده‌ستدا كه‌ چواریان یان منداڵ‌ بوو، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ پشكنین بۆ 650 كه‌س كرا كه‌ 421 یان منداڵ‌ بوون ، ئه‌مه‌ش به‌پێی‌ ئاماری‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ ناحیه‌ی‌ تازه‌.

 

فاتمه‌ سه‌میر (4ساڵان)، یه‌كه‌م منداڵ بوو به‌و هێرشه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌، كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ ده‌ڵێن "منداڵاكانمان قوربانی‌ شه‌ڕی‌ داعشن، نابێت منداڵاكانمان باجی‌ هه‌ڵه‌ی‌ گه‌وره‌كان بده‌ن".

 

A child, her family say she infected with chemical weapons

A child, her family say she infected with chemical weapons

 سه‌میر عه‌لی‌ باوكی‌ فاتمه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌ره‌به‌یانیه‌ك ده‌نگێكی‌ به‌هێز هات، هه‌ستم كرد ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌مان ڕویدا، به‌ڵام كاتێك به‌په‌له‌ ده‌رگای‌ ژووری‌ نوستنه‌كه‌م كرده‌وه‌، بۆنێكی‌ غاز ماڵی‌ ئێمه‌ی‌ ته‌نی‌‌و منداڵه‌كانم به‌گریانه‌وه‌ ده‌كۆكین، دوایی‌ ته‌ماشام كرد بۆمبێك كه‌وتۆته‌ باخچه‌كامانه‌وه‌".

 

وتیشی‌ "تاكو فاتمه‌م گه‌یانده‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستداو منداڵه‌كه‌ی‌ دیكه‌شم كه‌ ته‌مه‌نی‌ 13 ساڵه‌ تاكو ئێستا جه‌سته‌ی‌ برینه‌و به‌رده‌وام له‌ژێر چاودێری‌ پزیشكدایه‌".

 

كۆمیسۆنی باڵای مافی مرۆڤ له‌عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت منداڵان یه‌كێكن له‌قوربانییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ شه‌ڕی‌ داعش كه‌ به‌بێ‌ گوناه تیا ده‌چن.

 

فازڵ ئه‌لعه‌زاوی به‌رپرسی دۆسیه‌ی‌ منداڵان لیژنه‌ی كۆمیسۆنی باڵای مافی مرۆڤ له‌عێراق ڕایگه‌یاند "منداڵان قوربانی‌ سه‌ره‌كی‌ شه‌ڕی‌ داعشن، چونكه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ شه‌هید ده‌بن ئامانجێكیان هه‌یه‌و تێده‌گه‌ن كه‌ ئه‌وان له‌ پێناوی‌ بنبڕكردنی‌ تیرۆر شه‌ڕی‌ داعش ده‌كه‌ن، به‌ڵام منداڵان بێئاگان كه‌ بۆچی‌ ده‌كوژرێن".

 

به‌پێی‌ به‌دواداچونێكی‌ "نیقاش" له‌میحوه‌ره‌كانی‌ جه‌نگی‌ دژ به‌ داعش (كه‌ركوك‌و مه‌خمورو دووزخورماتوو) له‌دوای‌ ده‌ستپێكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ موسڵ‌و نزیك بوونه‌وه‌ی‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ (55 كم باشوری‌ رۆژئاوای‌ كه‌ركوك)، دانیشتوانه‌كه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعش به‌جێ‌ ده‌هێڵن‌و به‌ره‌و میحوه‌ره‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵدێن به‌ڵام فه‌رمانده‌یه‌كی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ ئاشكرای‌ ده‌كات به‌هۆی‌ بوونی‌ بۆمبه‌ چێنراوه‌كانی‌ داعش زۆرترین منداڵ بونه‌ته‌ قوربانی‌.

 

محه‌مه‌د حاجی‌ قادر به‌رپرسی‌ میحوه‌ری‌ پێنجی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌كه‌ركوك به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌دوای‌ ده‌ستپێكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ موسڵ هاتنی‌ ئاواره‌ عه‌ره‌به‌كان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعشه‌وه‌ بۆ سنوری‌ پێشمه‌رگه‌ ڕوو له‌زیادبوونه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ بوونی‌ بۆمبی چێنراو زۆر كات ئاواره‌كان ده‌كه‌ونه‌ بۆسه‌وه‌و كه‌م ئه‌ندام ده‌بن یان ده‌كوژرێن كه‌ زۆرینه‌یان منداڵن".

 

ئه‌و فه‌رمانده‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ وتیشی‌ "19ی‌ ئه‌م مانگه‌ له‌كاتی‌ هاتنی‌ خێزانه‌یه‌كی‌ ئاواره‌ له‌قه‌زای‌ حه‌ویجه‌وه‌ بۆ میحوه‌ری‌ پێنجی‌ پێشمه‌رگه‌، بۆمبێكی‌ چێنراو پێیاندا ته‌قیه‌وه‌، له‌كۆی‌ هه‌شت كه‌س پێنجیان كوژران كه‌ كوژراوه‌كان سه‌رجه‌میان منداڵ بوون".

 

هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و ده‌زگا ته‌ندروستییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ده‌وروبه‌ری‌ كه‌ركوك به‌ده‌یان منداڵ به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ داعشه‌وه‌ تیاچوون، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌و ده‌زگایانه‌ ئامارێكی‌ وردی‌ لا نییه‌ له‌باره‌ی‌ قوربانییه‌كان، چونكه‌ ژماره‌یان تۆمار ناكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ روونه‌ قوربانییه‌كان روو له‌هه‌ڵكشانن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌