راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

شه‌ڕی‌ كۆڵان به‌كۆڵان
داعش له‌هاتن‌و رۆشتنیدا ماڵوێرانی‌ بۆ موسڵ پێیه‌

موسته‌فا حه‌بیب
داعش له‌موسڵ شه‌ڕی‌ نێو گه‌ڕه‌كه‌ پڕ له‌دانشتوانه‌كانی هه‌ڵبژاردووه‌و سه‌ره‌نجامه‌كه‌شی‌ وێرانكاریه‌ی گه‌وره‌و سه‌رهه‌ڵدانی‌ چه‌ندین چیرۆكی غه‌مگین‌و پڕ له‌كاره‌ساته‌، وا دیاره‌ شه‌ڕه‌كه‌ش كاتێكی زۆر ده‌خایه‌نێت.
23.11.2016  |  به‌غدا
ئه‌فسه‌رانی‌ هێزی‌ دژه‌تیرۆری‌ عێراقی‌ له‌ده‌وروبه‌ری‌ موسڵ ( :وێنه Counter-terrorism corps website)
ئه‌فسه‌رانی‌ هێزی‌ دژه‌تیرۆری‌ عێراقی‌ له‌ده‌وروبه‌ری‌ موسڵ ( :وێنه Counter-terrorism corps website)

له‌یه‌كێك له‌نه‌خۆشخانه‌كانی به‌غدای پایته‌خت ویسام زوبه‌یدی سه‌رباز له‌هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر كه‌وتووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ برینی‌ ئه‌و گولله‌یه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو له‌شه‌ڕی گه‌ڕه‌كی موعه‌لیمینی خۆرهه‌ڵاتی موسڵ به‌رپێی‌ كه‌وت، له‌بۆسه‌یه‌كدا كه‌ داعش بۆ ئه‌و یه‌كه‌ سه‌ربازیه‌ی دانابوو، له‌و رووداوه‌دا یه‌كێك له‌هاوڕێكانی كوژراو سێ كه‌سی تریش برینداربوون كه‌ ویسام یه‌كێكیان بوو، ئه‌و  تائێستاش به‌ته‌له‌فۆن قسه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی دیكه‌ی له‌یه‌كه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی ده‌كات بۆ دڵنیابوون له‌سه‌لامه‌تیان.

 

شه‌وێك به‌ر له‌ برینداربوونی ویسام، فه‌رمان له‌فه‌رمانده‌یی باڵاوه‌ بۆ یه‌كه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی هات كه‌ به‌ره‌به‌یان هه‌ڵبكوتنه‌ سه‌ر ناوچه‌ی موعه‌لیمین، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كه‌ نه‌خشه‌ی هێرشی داناو سه‌ربازه‌كان چه‌كه‌كانیان ئاماده‌كرد، به‌ڵام له‌ناكاو ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو له‌نزیك هه‌مه‌ره‌كان ته‌قیه‌وه‌و به‌دوایدا ته‌قه‌یه‌كی چڕ له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكرد، گولله‌یه‌ك به‌ر پێی ویسام كه‌وت كه‌ به‌م جۆره‌ وه‌سفی شه‌ڕكه‌ ده‌كات "ماڵ به‌ماڵ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش ده‌كه‌ین، چونكه‌ شه‌ڕه‌كه‌ بووه‌ته‌ شه‌ڕی نێو شه‌قام".

 

ویسام ته‌مه‌نی 27 ساڵه‌و یه‌كێكه‌ له‌سه‌ربازانی تیمه‌ پێشڕه‌وه‌كانی دیده‌وانی له‌به‌ره‌كاندا، ئه‌و به‌"نیقاش"ی وت "ترسه‌كه‌مان له‌مردن نیه‌، به‌ڵكو ترسه‌كه‌مان له‌وه‌یه‌ هاوڕێیه‌كمان له‌شه‌ڕدا بمرێت كه‌ چه‌ند سه‌عاتێك به‌ر له‌وه‌ پێكه‌وه‌ چامان خواردۆته‌وه‌و قسه‌مان له‌باره‌ی خۆشه‌ویسته‌كانمان‌و كه‌سوكارمان كردووه‌، به‌م جۆره‌ ئه‌و هاوڕێیه‌م له‌ده‌ستدا كه‌ چه‌ند مه‌ترێك لێمه‌وه‌ دووربوو، ده‌ستبه‌جێ به‌فڕۆكه‌یه‌كی هێلیكۆپته‌ر گواستینیانه‌وه‌ بۆ به‌غدا، به‌درێژایی رێگاكه‌ به‌دڵته‌نگیه‌كی قوڵه‌وه‌ سه‌یری ته‌رمه‌كه‌یم ده‌كرد كه‌ ئازاری بریندارییه‌كه‌ی زیاتر كردبووم".

 

دوای پێنج هه‌فته‌ له‌ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ، سوپای عێراق‌و پێشمه‌رگه‌ توانیویانه‌ له‌ ده‌وروبه‌ره‌وه‌ گه‌مارۆی شاره‌كه‌ بده‌ن، به‌ڵام ده‌زگای دژه‌تیرۆر ته‌نیا هێزه‌ كه‌ توانی له‌به‌ری خۆرهه‌ڵاته‌وه‌ دزه‌ بكاته‌ نێو شاره‌كه‌و ئێستا به‌زه‌حمه‌تێكی زۆر چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی نیشته‌جێی كۆنترۆڵ كردووه‌.

 

مێژووی دامه‌زراندنی ده‌زگای دژه‌تیرۆر بۆ ساڵی 2003 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ سوپای ئه‌مریكا پێكیهێنا تاببێته‌ هێزی تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ له‌ئه‌ركه‌ سه‌ربازیه‌كاندا یارمه‌تی بدات، له‌كاتێكیشدا كه‌ سوپای عێراق له‌موسڵ‌و ئه‌نبارو سه‌ڵاحه‌دین له‌حوزه‌یرانی 2014دا له‌چه‌ند سه‌عاتێكدا هه‌ره‌سی هێنا، به‌ڵام هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر یه‌كگرتوویی خۆیان پاراست‌و دواتر له‌شه‌ڕه‌كانی ئازادكردنه‌وه‌دا رۆڵێكی گرنگیان هه‌بوو.

 

ویسام ده‌شڵێت "چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر له‌زۆر شه‌ڕدا به‌شداریم كردووه‌ له‌فه‌لوجه‌و تكریت‌و رومادی، بێگومان شه‌ڕی موسڵ قورسترینیانه‌، شه‌ڕه‌كه‌ بووه‌ته‌ شه‌ڕی نێو شه‌قام له‌ناو هه‌زاران هاووڵاتی مه‌ده‌نیدا، گولله‌ له‌هه‌موو شوێنێكه‌وه‌ دێت‌و ژنان‌و منداڵان‌و به‌ته‌مه‌نه‌كانیش به‌ره‌و روومان راده‌كه‌ن، به‌راستی شه‌ڕێكی ئاڵۆزه‌".

 

تائیًستا سوپا 10 گه‌ڕه‌كی كۆنترۆڵ كردووه‌ كه‌ بریتین له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی كه‌رامه‌، مه‌لایین، ئه‌ربه‌جیه‌، قادسیه‌، سه‌ماح، زه‌هرا، ئینتسار، گۆگجه‌لی، موعه‌لیمین‌و موحاربین كه‌ ئه‌مانه‌ش نموونه‌یه‌كی بچووكن له‌و شاره‌ی زیاتر له‌ 60 ناوچه‌ له‌خۆ ده‌گرێت.

 

نه‌قیب ئه‌حمه‌د عوبه‌یدی له‌هێزه‌كانی دژه‌تیرۆر به‌نیقاشی وت "زۆر به‌دڵنیاییه‌وه‌ شه‌ڕی نێو گه‌ڕه‌كی پڕ له‌دانیشتوان زۆر ئاڵۆزه‌" هه‌روه‌ها وتی "له‌یه‌ك كاتدا سێ ئه‌ركمان له‌سه‌ره‌، پێویسته‌ مه‌ده‌نیه‌ بێ تاوانه‌كان بپارێزین، ناوچه‌كان ئازاد بكه‌ین‌و خۆشمان له‌بۆسه‌كانی داعش بپارێزین، له‌كاتێكدا توندڕه‌وه‌كان گوێ به‌ژیانی مه‌ده‌نییه‌كان ناده‌ن‌و ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ به‌هه‌ر نرخێك بێت هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ناوببه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ شه‌ڕه‌كه‌ قورسه‌".

 

چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ناكاو ئه‌و هێزه‌ی ئه‌حمه‌د فه‌رمانده‌یی ده‌كات كه‌وته‌ به‌ر بۆردومانی رۆكێتی كوێرانه‌ی داعش بۆسه‌ر ناوچه‌ی قادسیه‌ له‌خۆرهه‌ڵاتی موسڵ به‌بێ گوێدانه‌ دانیشتووانه‌ بێ تاوانه‌كه‌ی، به‌هۆیه‌وه‌ ده‌یان كه‌س كوژران‌و بریندار بوون، هێزه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی ئه‌حمه‌دیش ته‌رمه‌كانی گواسته‌وه‌و چاره‌سه‌ری برینداره‌كانی كرد كه‌ منداڵیشیان تێدابوو.

 

ئه‌و فه‌رمانانه‌ی له‌ فه‌رمانده‌یی باڵاوه‌ به‌ئه‌حمه‌د دراون، زۆر توندن سه‌باره‌ت به‌پاراستنی دانیشتووان‌و له‌باره‌یه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت "پاراستنی یه‌ك مه‌ده‌نی باشتره‌ له‌كوشتنی 10 داعش، فه‌رمانده‌ باڵاكه‌م ئاوای پێ راگه‌یاندووم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌خاوی پێشڕه‌وی ده‌كه‌ین، به‌ڵام رۆژانه‌ چه‌ندین سه‌رباز له‌ده‌ست ده‌ده‌ین".

 

نه‌قیب ئه‌حمه‌د وه‌سفی ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی موسڵ به‌ڕێوه‌ده‌چێت‌و ده‌ڵێت "هه‌ر شه‌قامێك بووه‌ته‌ به‌ره‌یه‌ك، ماوه‌ی نێوانی سه‌ربازانمان‌و توندڕه‌وه‌كان هه‌ندێكجار له‌ 50 مه‌تر زیاتر نابێت، پێویسته‌ له‌كۆتایی هه‌ر شه‌قامێكدا ساترێك دروست بكه‌ین بۆئه‌وه‌ی له‌پشتیه‌وه‌ شه‌ڕ بكه‌ین پاشان ده‌یڕووخێنین‌و له‌شه‌قامی دواتر دروستی ده‌كه‌ینه‌وه‌، شه‌ڕه‌كه‌ ئاوا به‌ڕێوه‌ده‌چێت دوای ئه‌وه‌ی داعش شه‌ڕی نێو شاری هه‌لًبژارد".

 

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كه‌ سوپا چووه‌ته‌ هه‌ندێك له‌گه‌ڕه‌كه‌كانه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا پیاوان ریشی چڕو درێژیان هه‌یه‌ به‌هۆی یاساكانی داعشه‌وه‌، ئه‌ندامانی ئه‌و هێزه‌ سه‌ربازیه‌ش كه‌ نه‌قیب ئه‌حمه‌د فه‌رمانده‌ییان ده‌كات له‌كاتی گه‌ڕانیان به‌پێ له‌شه‌قامه‌كاندا هه‌ست به‌نیگه‌رانی ده‌كه‌ن، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێك له‌و ریشدارانه‌ توندڕه‌وو خۆكوژ بن‌و دزه‌یان كردبێته‌ نێو دانیشتووانی بێ تاوانه‌وه‌.

 

كێشه‌یه‌كی دیكه‌ش ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ بۆمبڕێژكراوانه‌یه‌ كه‌ له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ پێیاندا ده‌ته‌قنه‌وه‌، هه‌ندێكجاریش یه‌كه‌ سه‌ربازیه‌كان له‌شه‌قامێكدا له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ بۆ چه‌ند سه‌عاتێك گه‌مارۆ ده‌درێن به‌رله‌وه‌ی پشتیوانی سه‌ربازییان پێ بگات بۆ شكاندنی گه‌مارۆكه‌.

 

له‌گه‌ڕه‌كی زهوری ته‌نیشت گه‌ڕه‌كی قادسیه‌، قوسه‌ی سه‌لامی سه‌رباز چیرۆكی سێ رۆژی سه‌خت له‌شه‌ڕی دژ به‌توندڕه‌وه‌كان ده‌گێڕێته‌وه‌ به‌ر له‌وه‌ی یه‌كه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی كۆنترۆڵی ناوچه‌كه‌ بكات، ئه‌و به‌"نیقاش"ی وت "داعش بۆسه‌یه‌كی له‌ده‌روازه‌ی ناوچه‌كه‌ دانابوو كه‌ بریتی بوو له‌پێنج بۆمبی چێندراوی ریزكراو به‌درێژایی رێگا سه‌ره‌كییه‌كه‌، به‌ڵام توانیمان ئاشكرایان بكه‌ین‌و له‌دووره‌وه‌ بیانته‌قێنینه‌وه‌".

 

دوای ئه‌وه‌ قوسه‌ی‌و هاوڕێكانی خێرا رێگاكه‌یان كۆنترۆڵ كردو ساترێكیان له‌داروپه‌ردو ئۆتۆمبێلی تێكشكاو له‌كۆتایی شه‌قامه‌كه‌ دروستكرد بۆئه‌وه‌ی رێ له‌گه‌یشتنی ئۆتۆمبێلی بۆمبرٍێژكراو بگرن، 30 مه‌تریش له‌ساتره‌كه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌، دوای چه‌ند سه‌عاتێك له‌چاوه‌ڕوانی‌و چاودێریش سه‌ربازه‌كان گوێیان له‌ته‌په‌ی پێ‌و هاوار بوو له‌و به‌ری ساتره‌كه‌وه‌، ژنان‌و پیاوان كه‌ منداڵه‌كانیان هه‌ڵگرتبوو به‌سه‌ر ساتره‌كه‌دا سه‌رده‌كه‌وتن‌و له‌وبه‌ره‌وه‌ به‌ڕاكردن به‌ره‌و سه‌ربازه‌كان ده‌هاتن‌و ترس روخساری داپۆشیبوون.

    

یه‌كێك له‌هه‌ره‌ سه‌ختیه‌كانی شه‌ڕه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ هێزه‌ عێراقیه‌كان زانیاری هه‌واڵگری وردیان له‌باره‌ی شوێنی توندڕه‌وه‌كان له‌نێو گه‌ڕه‌كه‌كاندا نییه‌، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ قوسه‌ی ده‌ڵێت "پشت به‌و دانیشتووانانه‌ ده‌به‌ستین كه‌ له‌ماڵه‌كانیان هه‌ڵدێن تا زانیاریمان له‌باره‌ی شه‌قامه‌ بۆمبڕێژكراوه‌كان‌و ئه‌و خانووانه‌ ده‌ست بكه‌وێت كه‌ چه‌كدارانی داعش خۆیان تێدا حه‌شار داوه‌، هه‌ندێكجار زانیاری به‌سوودمان ده‌ست ده‌كه‌وێت، به‌ڵام هێشتا هه‌ندێك له‌دانیشتووان له‌وه‌ ده‌ترسن سه‌رله‌نوێ داعش بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌و به‌تۆمه‌تی هاوكاریكردنی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بیانكوژێت".

 

رۆژێكیان له‌نزیكی خۆرئاوابووندا، فه‌رمانده‌ی ئه‌و یه‌كه‌ سه‌ربازیه‌ی قوسه‌ی كاری تێدا ده‌كات له‌ده‌رگای ماڵێك ده‌دات‌و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت "دواتر بینیمان ئاڵایه‌كی سپی له‌په‌نجه‌ره‌یه‌كی ماڵه‌كه‌وه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌و پیاوێك به‌ده‌نگی به‌رز هاواریكرد ئێمه‌ بێ تاوانین، تكاتان لێ ده‌كه‌م مندالًم هه‌یه‌".

 

پاش دڵنیابوونه‌وه‌ی خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ له‌سه‌ربازه‌كان ده‌رگاكه‌ی كرده‌وه‌و سڵاوی ره‌سمی سه‌ربازی لێكردن‌و فرمێسك له‌چاوه‌كانیه‌وه‌ ده‌هاتنه‌ خواره‌وه‌ "وتی ئه‌وه‌ فرمێسكی شادیه‌و له‌ماڵه‌كه‌یدا پێشوازی لێكردین‌و هاوسه‌ره‌كه‌ی بانگكرد تا چایی ئاماده‌ بكات، شه‌ومان له‌ماڵه‌كه‌یدا به‌سه‌ر برد تا به‌ره‌به‌یان مالئاواییمان له‌خاوه‌ن ماڵ كردو ئه‌ویش وتی: خوا بتانپارێزێت، تكاتان لێ ده‌كه‌م له‌م تاوانبارانه‌ رزگارمان بكه‌ن".

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌