راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مه‌ترسی‌ له‌خۆرئاواوه‌یه‌
بیابانی ئه‌نبار.. په‌ناگه‌یه‌كی ئارام‌و بازرگانیه‌كی پڕ قازانج

که‌مال عه‌یاش
هه‌ڕه‌شه‌ی داعش بۆسه‌ر شاره‌ ئازادكراوه‌كان وایكردووه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بكه‌ونه‌ باری‌ به‌رگری‌ به‌رده‌وامه‌وه‌، به‌مه‌ش جموجوڵ‌و بازرگانی بۆ گروپه‌ چه‌كداره‌كان‌و قاچاخچیان له‌ناوچه‌ بیابانیه‌كان ئاسان بووه‌.
17.11.2016  |  ئه‌نبار
 ( :وێنه Wikimedia Commons / Paul Greenberg)
( :وێنه Wikimedia Commons / Paul Greenberg)

سه‌ره‌ڕای ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌ چڕوپڕانه‌ی پارێزگای ئه‌نبار (110 كم خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، جموجوڵی بازرگانیه‌كی نایاسایی چالاك له‌ئارادایه‌ كه‌ پێداویستی خوارده‌مه‌نی‌و سه‌وزه‌ بۆ بازاڕه‌كانی عێراق دابین ده‌كات، جگه‌ له‌بوژاندنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی به‌قاچاخبردنی مه‌ڕو جگه‌ره‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

 

سه‌رقاڵبوونی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ به‌رده‌وامه‌كانی داعش بۆسه‌ر شاره‌ ئازادكراوه‌كان به‌تایبه‌تی قه‌زای روتبه‌ (350 كم خۆرئاوای پارێزگاكه‌)و كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌ بیابانیه‌كان له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌، یارمه‌تیده‌ربوون له‌بره‌ودان به‌و بازرگانیه‌.

 

ئه‌بو عه‌مار عوبه‌یدی (49 ساڵ) كه‌ خاوه‌نی كامیۆنێكی ساردكه‌ره‌وه‌یه‌ به‌"نیقاش"ی وت "ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و چه‌كداره‌كان ده‌كه‌ین له‌ڕێی دۆكیۆمێنتی ئه‌منی ره‌سمی‌و پسوڵه‌ی باج وه‌رگرتن كه‌ ده‌یده‌ینه‌ چه‌كدارانی داعش، ماوه‌ی نزیكه‌ی چوار ساڵه‌ به‌م رێوشوێنانه‌ راهاتووین".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ده‌ ساڵه‌ من له‌كۆمپانیاكانی گواستنه‌وه‌ی كاڵا كارده‌كه‌م، له‌وه‌ ده‌ترساین به‌درێژایی رێگای خێرا له‌كاتی هاتنه‌ناوه‌وه‌مان بۆ خاكی عێراق گروپه‌ چه‌كداره‌كان رێمان پێبگرن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ رێگاكه‌ كراوه‌یه‌و چاودێری له‌سه‌ر كه‌لوپه‌ل نیه‌و هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت قازانج له‌كه‌لوپه‌لی جۆراوجۆر بكات ئه‌گه‌ر ماوه‌شیان به‌سه‌رچووبێت".

 

موه‌فه‌ق مه‌رعاوی (46 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی له‌خاڵی گومرگیدا كاری ده‌كرد له‌ده‌روازه‌ی وه‌لید، ئه‌و به‌"نیقاش"ی وت "پێشتر له‌ده‌روازه‌ حكومییه‌كاندا كارمان ده‌كردو په‌یوه‌ندی باشمان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك بازرگان‌و هاورده‌كاردا هه‌بوو، له‌گه‌ڵ داخستنی ئه‌و ده‌روازانه‌و باڵاده‌ستبوونی داعشدا، له‌كاری خۆمان نه‌وه‌ستاوین، چونكه‌ ئه‌مڕۆ ئێمه‌ رۆڵی نێوه‌ندگیر له‌گه‌ڵ هه‌ندێك بازرگان ده‌گێڕین، ئه‌ویش له‌ڕێی ئاسانكاریكردن بۆ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی كاڵاكانیان به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌چه‌كداره‌كان".

 

ده‌شڵێت "به‌ ته‌نیا چه‌كداره‌كان قازانج له‌م بازرگانیه‌ ناكه‌ن، به‌لًكو زۆربه‌ی خه‌ڵك خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌دا گونجاندووه‌و هه‌ر كه‌سه‌و بازرگانیكردنی خۆی هه‌یه‌ كه‌ بۆته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی باشی قازانج".

 

مه‌رعاوی دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "بابه‌ته‌كه‌ رێككه‌وتنی له‌سه‌ركراوه‌و بازرگانیه‌كی پڕقازانجه‌ بۆ هه‌مووان‌و هه‌ماهه‌نگییه‌كی به‌رزی هه‌موو لایه‌نه‌كانیشی له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت، به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆرینه‌ی ئه‌و كاڵایانه‌ ده‌گه‌نه‌ هه‌موو پارێزگاكانی عێراق‌و هه‌رگیز نه‌وه‌ستاون".

 

به‌پێی قسه‌ی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌، هاوكاریكردنی گروپه‌كانی داعش ئه‌م بازرگانیه‌ی بوژاندۆته‌وه‌و سه‌رچاوه‌ی دارایی نوێشی بۆ ئه‌و رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌ ده‌ستبه‌ر كردووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌و كه‌سانه‌ی چوونه‌ته‌ ریزه‌كانیه‌وه‌و بوونه‌ته‌ چاو بۆی.

 

له‌وباره‌یه‌وه‌ شێخ عه‌بدوڵڵا كوبه‌یسی (62 ساڵ) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌دانیشتووانی قه‌زای روتبه‌، قسه‌ی بۆ "نیقاش" كردو وتی "رێكخراوی داعش كۆنترۆڵكردنی بیابانی ئه‌نبارو ده‌روازه‌كانی قۆستۆته‌وه‌و توانیویه‌تی خۆی به‌سه‌ر زۆرینه‌ی دانیشتووانی ناوچه‌ی روتبه‌و گونده‌ بچووكه‌كانی دیكه‌دا بسه‌پێنێنت، بۆیه‌ دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ به‌كارئاسانی گروپه‌كانی داعش كه‌ له‌هه‌موو ناوچه‌یه‌كدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، بره‌و بۆ كاڵاكانیان په‌یداده‌كه‌ن‌و ده‌یانگوازنه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر پێدانی بڕێك پاره‌ بۆ تێپه‌ڕبوونی هه‌ر بارهه‌لًگرێك له‌ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان كه‌ (150) بۆ (500) دۆلاری ئه‌مریكیه‌ به‌پێی جۆری باره‌كه‌و بڕه‌كه‌ی، له‌به‌رامبه‌ر پسوڵه‌یه‌كی پاره‌وه‌رگرتندا كه‌ پسوڵه‌ی باج وه‌رگرتنی پێ ده‌ڵێن".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ داعش له‌بازرگانیدا، هاوكاری له‌سه‌ر ئاستی زانیاری له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌و ئه‌و شتانه‌ی ده‌یبینن له‌خۆ ده‌گرێت، رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كه‌ سه‌رچاوه‌ی جیاجیای گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵ‌و زانیاری له‌سه‌ر كه‌سه‌كان‌و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌ستكه‌وتووه‌، ئه‌مه‌ش هۆكاری كه‌وتنی شاره‌كه‌ بووه‌ بۆ زیاتر له‌جارێك".

 

كوبه‌یسی دووپاتی كرده‌وه‌ "چه‌ند جارێك قسه‌مان له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منی‌و حكومیه‌كانی ناوچه‌كه‌ كردووه‌، به‌ڵام هه‌موو جارێك بۆیان دووپات ده‌كردینه‌وه‌ كه‌ ئاگاداری هه‌موو شتێكن‌و له‌ڕێی ئه‌م بازرگانیه‌وه‌ چاودێری جموجوڵه‌كانی داعش‌و شوێنه‌كانی ده‌كه‌ن".

 

شاری روتبه‌ به‌ئه‌ڵقه‌یه‌كی گرنگی هاتوچۆو وێستگه‌یه‌كی پشوودان له‌ناوه‌ڕاستی بیاباندا داده‌نرێت‌و زۆربه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی بازرگانیان كردۆته‌ پیشه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندو كه‌سانی گوزه‌ران باشیان تێدایه‌و بوونه‌ته‌ قوربانی هه‌ڕه‌شه‌ی داعش‌و پاره‌كێشانه‌وه‌كانی، وه‌ك عیماد دلێمی قایمقامی روتبه‌ به‌"نیقاش"ی وت "قه‌زای روتبه‌ ئه‌ڵقه‌یه‌كی بازرگانی گرنگه‌، داعش به‌باشی قۆستوویه‌تیه‌وه‌و سه‌ركه‌وتوو بووه‌ له‌پاره‌كێشانه‌وه‌ی له‌دانیشووانه‌ گوزه‌ران باشه‌كه‌ی، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ده‌سته‌به‌ركردنی رێگاكانی بازرگانیكردنی كه‌ له‌لای هه‌مووان دیارن".

 

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ "حكومه‌تی خۆجێی‌و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی روتبه‌ ناتوانن ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌دا بسه‌پێنن‌و دوورترین شوێن بۆ په‌یڕه‌وكردنی ده‌سه‌ڵاتمان یان ده‌ستوه‌ردانی هێزه‌كانمان له‌ 150 مه‌تر له‌ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌ تێناپه‌ڕێت، ئه‌ویش به‌هۆی فه‌رامۆشكردنمان له‌لایه‌ن هه‌ردوو حكومه‌تی ناوه‌ندی‌و خۆجێییه‌وه‌، هه‌ر وه‌كو به‌نه‌فیكردن له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌م بیابانه‌دا سزادرابین".

  

دلێمی ئه‌وه‌شی دووپات كرده‌وه‌ كه‌ "داخستنی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان‌و دابیننه‌كردنی پارێزگاری پێویست بۆ زامنكردنی سه‌رله‌نوێ كردنه‌وه‌یان‌و شكستی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌كۆنترۆڵكردنی بیابانی ئه‌نبار، گرنگترین هۆكاره‌كانی بره‌وی بازرگانی گروپه‌ چه‌كداره‌كان‌و بوژانه‌وه‌یه‌تی".

 

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی بۆ "نیقاش"یان دووپات كرده‌وه‌ كه‌ "ته‌نیا باج كۆكردنه‌وه‌و بازرگانی پێداویستیه‌ خۆراكیه‌كان‌و سه‌وزه‌، سه‌رچاوه‌ی دارایی داعش نه‌بوون، چونكه‌ ئه‌م بازرگانیه‌ چالاكییه‌كی تاكه‌كه‌سی ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ چوونه‌ته‌ ریزه‌كانی ئه‌و گروپانه‌وه‌، به‌ڵام پرۆسه‌كانی به‌قاچاخبردنی مه‌ڕو مادده‌ی هۆشبه‌رو شوێنه‌واره‌كان‌و به‌رهه‌مه‌ نه‌وتیه‌كان، به‌سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ داده‌نرێن بۆ درێژكردنی ته‌مه‌نی داعش‌و پته‌وكردنی پێگه‌ی له‌ناو خاكی عێراقدا".

 

هه‌مان ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ "بازرگانیكردنی داعش له‌چه‌ند رێگایه‌كه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌وانه‌ رێگای ره‌سمی كه‌ له‌ژێر ده‌ستی خۆیدایه‌و خۆی له‌ده‌روازه‌ی قائیمی عێراقدا ده‌بینێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌روازه‌ی ئه‌لبوكه‌مالی سوریا كه‌ به‌كاری ده‌هێنێت بۆ ئاسانكاری ئاڵوگۆڕی كاڵا له‌نێوان عێراق‌و سوریادا، هه‌روه‌ها چه‌ند رێگایه‌كی بیابانی دیكه‌ كه‌ له‌ده‌روازه‌ ره‌سمیه‌كانه‌وه‌ دوور نین".

 

سه‌رچاوه‌كان دووپاتیشی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ "داعش له‌پشتێنه‌ی سنووری نێوان قائیم‌و ده‌روازه‌ی وه‌لید جموجوڵ ده‌كات كه‌ هێڵی هاتوچۆی نزیكه‌ی (360 كم) ده‌بێت له‌خۆرئاوای عێراق، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌رێگای عه‌كاشات - روتبه‌ كه‌ درێژیه‌كه‌ی (320 كم) ده‌بێت‌و قه‌زای روتبه‌و قه‌زای قائیم (450 كم باكووری خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) پێكه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌