راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌ئومێدی‌ گه‌ڕانه‌وه‌
له‌قوتابخانه‌ داڕوخاوه‌كانی‌ به‌غداوه‌ چاویان له‌ته‌له‌عفه‌ره‌

ئەفراح شەوقی
ئاواره‌كانی‌ ته‌له‌عفه‌ر لانه‌یان قوتابخانه‌كانی‌ به‌غدایه‌و به‌چاوه‌ڕوانیه‌كی زۆره‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ هه‌واڵی سه‌ركه‌وتنه‌كانی سوپای عێراق به‌سه‌ر داعشدا، به‌ڵام دركیش به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ره‌نگه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان دوابكه‌وێت.
17.11.2016  |  به‌غدا

هه‌ر كه‌سێك ده‌توانێت بچێته‌ ژووره‌وه‌ بۆ شوێنی نیشته‌جێبوونی ئه‌و خێزانانه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی پارێزگاری ئه‌منیان نیه‌و ده‌رگا ئاسنینه‌ گه‌وره‌كه‌شی به‌شێكی زۆری به‌هۆی ژه‌نگه‌وه‌ داخوراوه‌و به‌زه‌حمه‌ت داده‌خرێت، هاوكات خاشاكێكی زۆرو ئاوی ئاوه‌ڕۆ له‌هه‌ردوو ته‌نیشتیدا كۆبووه‌ته‌وه‌ وه‌ك نیشانه‌یه‌ك بۆ نه‌بوونی پاكوخاوێنی، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجیشه‌ كه‌ هێشتا قوتابخانه‌كه‌ پارێزگاری له‌ناوه‌كه‌ی كردووه‌و به‌ به‌رزی به‌رووكاره‌كه‌یدا هه‌ڵواسراوه‌ (قوتابخانه‌ی سه‌قه‌ر قوره‌یش-ی كوڕان، ساڵی 1979 دامه‌زراوه‌) له‌كاتێكدا ماوه‌ی زیاتر له‌دوو ساڵه‌ بووته‌ په‌ناگه‌یه‌ك بۆ ئاواره‌كان.

 

بۆنی جه‌سته‌ی شێداری مرۆڤه‌كان كه‌ تێكه‌ڵاوی بۆنی ئاوه‌ڕۆو ئه‌و خواردنانه‌ ده‌بێتكه‌ له‌چێشتخانه‌كان ئاماده‌ده‌كرێت، بۆنی باوی شوێنه‌كه‌یه‌، ژنانیش كه‌ جبه‌ی ره‌شیان پۆشیوه‌و زۆربه‌یان ته‌مه‌نیان لێك نزیكه‌ (30 – 50 ساڵ) به‌سه‌ر ئه‌و ژوورانه‌دا دابه‌شبوون كه‌ پێشتر پۆلی خوێندكاران بوون پاش جیاكردنه‌وه‌یان به‌پارچه‌ قوماشی رزیوكراونه‌ته‌ شوێنی نیشته‌جێبوون.

 

ئه‌و شێوازه‌ سه‌ره‌تایی‌و ساده‌یه‌ی ئاواره‌كانی قوتابخانه‌كه‌ هه‌وڵیان داوه‌ ژیانی رۆژانه‌یانی پێ رێكبخه‌ن، باڵی به‌سه‌ر شوێنه‌كه‌دا كێشاوه‌، چونكه‌ پۆله‌كانیان بۆ چه‌ند ژوورێكی نووستن دابه‌شكردووه‌و چوارده‌وری چه‌ند رووبه‌رێكی تریان به‌ته‌خته‌ گرتووه‌ تاببێته‌ چێشتخانه‌و حه‌مام، هه‌ندێكیان هاوبه‌شن‌و كه‌لوپه‌لی ساده‌یان تێدایه‌ كه‌ له‌مه‌ترسی به‌ده‌ر نین.

 

جینان كچێكی موسڵاوی ته‌مه‌ن (24 ساڵه‌)، به‌ناچاری له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا له‌شاره‌كه‌یان ته‌له‌عفه‌ر (باكووری خۆرئاوای موسڵ) ماوه‌ی زیاتر له‌دووساڵه‌ له‌وه‌ته‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌ شاره‌كه‌ی كۆنترۆڵكردووه‌، ئاواره‌بوون‌و ناچاربوون پاره‌و خانوو مه‌ڕوماڵاتیان به‌جێبهێڵن كه‌ بۆ دابینكردنی بژێوی پشتیان پێده‌به‌ست‌و ئێستا له‌گه‌ڵ 22 خێزانی دیكه‌ له‌و قوتابخانه‌یه‌دا نیشته‌جێن.

 

كچانی هاوڕێی جینان‌و خوشكه‌كانی له‌دابڕانێكی ته‌واودا ده‌ژین، چونكه‌ هیچ شتێك له‌شێوازی ژیان له‌به‌غدا نازانن جگه‌ له‌دیواره‌كانی قوتابخانه‌كه‌، چه‌ند جارێكی كه‌میش نه‌بێت له‌و شوێنه‌ نه‌چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌ویش له‌به‌ر چه‌ندین هۆكار یه‌كه‌مینیان ئه‌و دابونه‌ریتانه‌یه‌ كه‌ ژنانی موسڵ‌و هاتووچۆیان به‌ند ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌ترسی ئه‌وه‌ش كه‌ نه‌كرێنه‌ ئامانج، بۆیه‌ كاتژمێره‌كانی رۆژانه‌یان به‌هه‌واڵه‌كانی وڵات‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئازادكردنه‌وه‌ی شاره‌كانه‌وه‌ تێده‌په‌ڕێت كه‌له‌ڕێی به‌كارهێنانی ئینته‌رنێت وه‌ریانده‌گرن، ئه‌وه‌ش تاكه‌ رێگایانه‌ بۆ په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ خزم‌و كه‌سوكاریان له‌موسڵ‌و ئاگاداربوون له‌رووداوه‌كانی.

 

جینان ده‌ڵێت "خۆشحاڵ بووین به‌هه‌واڵی ئازادكردنی گونده‌كان له‌موسڵ، هیوادارین له‌م مۆته‌كه‌یه‌ رزگارمان بێت كه‌ ژیانی تێكداوین، به‌ڵام له‌وه‌ش ده‌ترسین دزه‌كردووه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ یان كاری تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌و خێزانانه‌ی پێشتر كوڕیان چووه‌ته‌ ریزه‌كانی داعش رووبدات".

 

زۆرێك له‌ئاواره‌ موسڵاویه‌كان متمانه‌یان به‌شوێن‌و دراوسێ‌و ته‌نانه‌ت خزمیش نه‌ماوه‌، بۆیه‌ پێویستیان به‌كاتێكی زۆرتر هه‌یه‌ پاش ته‌واوبوونی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئازادكردن تا بڕیار بده‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌و رزگاریان بێت له‌ترسی ئه‌گه‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی توندوتیژی‌و شه‌ڕی چه‌كداری‌و ئه‌و له‌ناوبردنانه‌ی كه‌ ره‌نگه‌ رووبده‌ن.

 

"كاركردنیش لێره‌ زه‌حمه‌ته‌" جینان وای وت كاتێك سه‌یری زه‌وی رزیوی چێشتخانه‌كه‌و كه‌لوپه‌له‌ ساده‌كانی ده‌كردو چای ئاماده‌ ده‌كرد، هه‌روه‌ها چێشتخانه‌ گه‌وره‌كه‌یانی ده‌هاته‌وه‌ یاد كه‌ منداڵی‌و هه‌رزه‌كاری خۆی تێدا به‌سه‌ربرد به‌رله‌وه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌ له‌دوای پێكدادانێكی له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌رهه‌ڵستكارێكیدا له‌موسڵ، به‌بۆمبێك بیڕووخێنێت.

 

هه‌رچی پیاوانیشه‌ له‌قوتابخانه‌كه‌دا ئه‌وا زۆربه‌یان به‌كرێی رۆژانه‌ یان هه‌فتانه‌ كارده‌كه‌ن‌و ره‌نگه‌ بۆ چه‌ند رۆژێكیش زیاتر بێكار ببن تا كارێكی دیكه‌ ده‌دۆزنه‌وه‌، به‌پێی دابونه‌ریتی توندی موسڵیش كچ ناتوانێت كاربكات‌و بژێوی خۆی په‌یدابكات‌و ته‌نیا بژارده‌ی چاوه‌ڕوانكردنی زاوایه‌ تا ژیانی له‌گه‌ڵ پێكبهێنێت له‌و شوێنه‌ی كه‌ ئه‌و دیاری ده‌كات، ئه‌و حاڵه‌ته‌ش زیاتر بووه‌ته‌ باو له‌گه‌ڵ زیادبوونی شه‌پۆلی ئاواره‌بوون به‌ره‌و شاره‌كانی عێراق.

 

ئه‌بو ئیڤین (53 ساڵ) ئاواره‌یه‌كه‌ داوایكرد وێنه‌ی نه‌گیرێت، به‌ده‌م سه‌یركردنی ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ هه‌واڵیانه‌ی تایبه‌تن به‌هه‌واڵی شه‌ڕه‌كان له‌مۆبایله‌كه‌یدا، وتی "تائێستا ئاینده‌مان روون نییه‌، به‌ڵام ئاماده‌ین بۆ شه‌ڕكردن شانبه‌شانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق تا ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئازادكردن خێرا كۆتاییان بێت‌و داعشه‌كان ده‌ربكرێن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌نێو هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی‌و خه‌ڵكه‌كه‌شدا خۆیان بشارنه‌وه‌، چونكه‌ باش ده‌یانناسین‌و ده‌ترسین لێمان هه‌ڵبگه‌ڕێنه‌وه‌".

 

وتیشی: "له‌دوا په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیمدا له‌گه‌ڵ ئامۆزایه‌كم هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر پێی راگه‌یاندم كه‌ زۆرێك له‌داعشه‌كان جلوبه‌رگی ئه‌و مه‌ده‌نیانه‌یان له‌به‌ر كردووه‌ كه‌ به‌ره‌و توركیا هه‌ڵاتوون‌و چوونه‌ته‌ نێویانه‌وه‌، به‌ڵام ده‌ترسن خه‌به‌ریان لێبده‌ن، بۆیه‌ بیر له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌و له‌به‌غدا بژین تا ئه‌و كاته‌ی هه‌موو شتێك هێور ده‌بێته‌وه‌".

 

ئوم محه‌مه‌د ئاواره‌یه‌كی ته‌مه‌ن په‌نجا ساڵیه‌، دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ زۆر به‌وریایی‌و له‌كاتی دیاریكراو به‌به‌كارهێنانی جفره‌ی كورته‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ناسراوانیان له‌ته‌له‌عفه‌ر ده‌كه‌ن كه‌ دواتر جفره‌كان شیده‌كرێنه‌وه‌و هه‌روه‌ها له‌رٍێی سیمكارتی كۆمپانیای نوێوه‌، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی داعش خزمه‌تگوزاری ئینته‌رنێتی بڕی‌و ته‌شویشی خسته‌ سه‌ر كۆمپانیا ناسراوه‌كانی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیكردن تا رێ له‌ دزه‌كردنی زانیاری سه‌باره‌ت به‌بارودۆخی داعشه‌كان یاخود جموجوڵ‌و پلانه‌ سه‌ربازییه‌كانیان بگرێت".

 

ئاواره‌كان هه‌واڵی ئه‌وه‌ له‌نێو خۆیاندا به‌یه‌كتر ده‌گه‌یه‌نن كه‌ رێكخراوی داعش له‌ته‌له‌عفه‌رو گونده‌كانی دیكه‌ی موسڵ گوشاری خستۆته‌ سه‌ر دانیشتووان‌و هه‌وڵ ده‌دات وا هه‌ڵسوكه‌وت بكات كه‌ ته‌واو به‌توانایه‌و دڵنیایه‌ له‌مانه‌وه‌ی‌و باسی سه‌ركه‌وتنه‌كان پشتگوێ ده‌خات‌و هه‌وڵ ده‌دات ئاسایی بێت له‌مامه‌ڵه‌كردندا وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ رووی نه‌دابێت، به‌ڵام دانیشتووان به‌گشتی ده‌زانن كه‌ له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا شتێكی گه‌وره‌ رووده‌دات‌و هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌نزیكیان ده‌بن.

 

زۆرجار ئاواره‌كانی ته‌له‌عفه‌ر له‌به‌غدا په‌نا بۆ حه‌شدی شه‌عبی ده‌به‌ن كه‌ به‌گونجاوترینی ده‌زانن بۆ رزگاركردنیان له‌زوڵمی داعش‌و ده‌توانێت له‌دزه‌كراوانیش بیانپارێزێت، به‌ڵام پێیانوایه‌ به‌دیهێنانی سه‌ركه‌وتنی ته‌واو به‌سه‌ر داعشدا پێویستی به‌كاتێكی زۆرتر هه‌یه‌ پێش ئه‌وه‌ی خۆشحاڵی خۆیان به‌سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌كه‌و رزگاربوونیان له‌مۆته‌كه‌ی ژیانی ناسه‌قامگیر رابگه‌یه‌نن.

 

تله‌عفه‌ر شارێكی توركمانی دێرینه‌و ده‌كه‌وێته‌ نزیكه‌ی 70 كم له‌باكووری خۆرئاوای موسڵ‌و رووبه‌ره‌كه‌ی (28 كم چوارگۆشه‌یه‌)‌و گه‌وره‌ترین شاری پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌و ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی 300 هه‌زار كه‌س ده‌بێت كه‌ به‌زمانی توركمانی‌و شێوه‌زارێكی تایبه‌ت قسه‌ ده‌كه‌ن.

 

زۆربه‌ی خێزانه‌ ئاواره‌كان چاوه‌ڕوانی كۆتاییهاتنی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی خێرا ده‌كه‌ن بۆ سه‌ر ماڵ‌وحاڵی خۆیان، به‌ڵام ترسیان هه‌یه‌ له‌ئه‌گه‌ری گه‌رٍانه‌وه‌ی توندوتیژی‌و شه‌ڕی چه‌كداری‌و ئه‌و له‌ناوبردنانه‌ی كه‌ ره‌نگه‌ رووبده‌ن.