راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

دوو هێزه‌ نه‌یاره‌كه‌ له‌یه‌ك سه‌نگه‌ردا
دوای‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك شه‌ڕی‌ موسڵ پێشمه‌رگه‌و سوپای‌ كۆكرده‌وه‌

هه‌ستیار قادر
پێشمه‌رگه‌و سوپای‌ عێراق له‌دوو هێزی‌ دژ به‌یه‌كه‌وه‌ بوونه‌ته‌ دوو هاوپه‌یمانی‌ سه‌ربازی‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ موسڵه‌وه‌، یه‌كه‌مجاریشه‌ له‌دوای‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك هه‌ماهه‌نگی‌ له‌و جۆره‌ رووبدات.
10.11.2016  |  هه‌ولێر
حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و سوپا له‌كه‌ركوك ( :وێنه صفحة العبادي على الفيسبوك)
حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و سوپا له‌كه‌ركوك ( :وێنه صفحة العبادي على الفيسبوك)

مانگی‌ هه‌نگوینی‌ سوپای‌ سه‌ر به‌ناوه‌ندو پێشمه‌رگه‌ی‌ سه‌ر به‌هه‌رێمی‌ كوردستان دیار نییه‌ چه‌ند ده‌خاینێت، ره‌نگه‌ ئاینده‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ هه‌ولێرو به‌غدا ماوه‌كه‌ی‌ دیاری بكات.

 

سوپای‌ عێراق‌و هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ سه‌ر به‌حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ یه‌كه‌مجار پێكه‌وه‌  له‌ (16)ی‌ مانگی‌ رابردووداو له‌میحوه‌ری‌ هاوبه‌شه‌وه‌ هێرشیان بۆ سه‌ر شاری‌ موسڵ ده‌ستپێكرد بۆ رزگاركردنی‌ له‌ده‌ستی‌ چه‌كدارانی‌ داعش.

 

"ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ی‌ له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپای‌ عێراق له‌سنوری‌ موسڵ رویدا 25 ساڵه‌ بونی‌ نه‌بووه‌" به‌م وته‌یه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق هه‌مان رۆژی‌ ده‌ستپێكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ له‌به‌غداوه‌ په‌یامی‌ خۆی‌ گه‌یاند سه‌باره‌ت به‌هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان دوو هێزه‌كه‌.

 

له‌ساڵی‌ 1991ه‌وه‌ سوپای‌ عێراق ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌منی‌ به‌سه‌ر سنوری‌ ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا نه‌ماوه‌‌و به‌رپرسیارێتـیه‌كه‌ی‌ كه‌وتۆته‌ سه‌رشانی‌ پێشمه‌رگه‌،  ئه‌وه‌ش له‌پاش راپه‌ڕینی‌ كورد له‌دژی‌ سوپای‌ ناوه‌ندو داموده‌زگاكانی‌‌و ده‌ركردنی‌ له‌سنوره‌كه‌ی‌.

 

ده‌ستپێكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ شاری‌ موسڵی‌ هاوسنوری‌ خۆرئاوای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ یه‌كه‌مجار هه‌ستیاری‌ نێوان هه‌ردوو هێزی‌ پێشمه‌رگه‌و سوپای‌ عێراقی‌ گۆڕی‌ بۆ هاوپه‌یمانی‌ سه‌ربازیی‌و له‌یه‌ك سه‌نگه‌ردا كۆیكردنه‌وه‌.

 

ئه‌و نزیكبوونه‌وه‌ سه‌ربازییه‌ هۆكاره‌كه‌ی‌ دوژمنێكی‌ هاوبه‌شه‌ به‌و پێیه‌ی‌ داعش له‌ساڵی‌ 2014ه‌وه‌ هه‌رێم‌و سنوری‌ ئیداریی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ كردووه‌ به‌دوو ئامانجی‌ سه‌ره‌كی‌ هێرشه‌كانی‌.

 

سوپای‌ عێراق‌و پێشمه‌رگه‌ له‌سێ میحوه‌ری‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادی‌ موسڵه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ كه‌ بریتین له‌میحوه‌ره‌كانی‌ خازرو به‌نداوی‌ موسڵ‌و مه‌خمور كه‌ ده‌كه‌ونه‌ باكورو خۆرهه‌ڵاتی‌ شاره‌كه‌.

 

 عه‌قید روكن سامان تاڵه‌بانی به‌رپرسی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان سوپای‌ عێراق‌و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ئۆپه‌راسیۆنی‌ موسڵ دڵنیایه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان دوو هێزه‌كه‌ سه‌ركه‌وتنی‌ به‌ده‌ست هێناوه‌، به‌وپێیه‌ی‌ له‌و میحوه‌رانه‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌و سوپای‌ عێراق هاوبه‌شن پێشڕه‌وی‌ زیاتر كراوه‌ به‌ره‌و ناوشاری‌ موسڵ به‌به‌راورد به‌ میحوه‌ركانی‌ تر كه‌ تیایدا سوپا به‌ته‌نهایه‌.

 

سامان تاڵه‌بانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌ركه‌كان له‌نێوانماندا دابه‌شكراوه‌و سنوره‌كانمان دیاریكراوه‌و به‌هه‌ماهه‌نگی‌ جوڵه‌‌و پشتگیریی‌ یه‌كتر ده‌كه‌ین له‌شه‌ڕدا، له‌هه‌ر شوێنێك داعش هه‌بێت پێكه‌وه‌ لێیان ده‌ده‌ین‌و سه‌عاتی‌ سفری هێرشه‌كانیشیمان هاوبه‌شه‌".

 

ئه‌و میحوه‌رانه‌ی‌ سوپاو پێشمه‌رگه‌ هاوبه‌شن سنوری‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و موسڵه‌ كه‌ به‌شێك له‌هێزه‌كانی‌ سوپای‌ عێراق له‌ناوچه‌كانی‌ هه‌ژموونی‌ پێشمه‌رگه‌دا چونه‌ته‌ سنوری‌ شه‌ڕه‌كه‌.

 

سامان تاڵه‌بانی‌ ده‌ڵێت "ئه‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ وره‌ی‌ هێزه‌كانی‌ هه‌ردولای‌ به‌رزكردۆته‌وه‌و داعش پێشنبیی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌ده‌كرد".

 

مێژوی‌  په‌یوه‌ندی‌ پێشمه‌رگه‌و سوپای‌ عێراق زیاتر خوێناوی‌ بووه‌ وه‌ك له‌په‌یوه‌ندی‌ هاوبه‌ش، له‌په‌نجاكانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردووه‌وه‌و پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ رژێمه‌ جیاوازه‌كانی‌ عێراق له‌رووبه‌رووبونه‌وه‌ی‌ سه‌ربازی‌ توندابووه‌ كه‌ به‌شێك بووه‌ له‌ململانێی‌ نێوانیان له‌سه‌ر پرسی‌ په‌یوه‌ندی‌ سیاسی‌‌و ئیداری‌ نێوانیان‌و مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان.

 

عه‌قد روكن یه‌حیا ره‌سوڵ وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ عێراق جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ی‌ ئێستا هه‌یه‌ له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپای‌ عێراق 25 ساڵه‌ نه‌بووه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ پێشتر كورد به‌ده‌ست ره‌فتاره‌كانی‌ رژێمی‌ به‌عسه‌وه‌ ناڵاندویه‌تی‌‌و دروستبوونی‌ ئه‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ش ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ئامانجی‌ هاوبه‌شیانه‌وه‌ كه‌ شه‌ڕكردنه‌ له‌دژی‌ داعش.

 

یه‌حیا ره‌سوڵ كه‌ هاوكات وته‌بێژی‌ كرده‌ سه‌ربازیه‌ هاوبه‌شه‌كانیشه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "پێشمه‌رگه‌ هێزێكی‌ نیزامی‌ ده‌وڵه‌تی‌ فیدراڵی‌ عێراقه‌و كاتێكیش له‌گه‌ڵ سوپا پێكه‌وه‌ شه‌ڕیان كردووه‌ له‌موسڵ سه‌ركه‌وتنی‌ به‌رچاویان به‌ده‌ستهێناوه‌و خوێنی‌ سه‌ربازو پێشمه‌گه‌ تێكه‌ڵ بووه‌، ئه‌وه‌ په‌یامێكی‌ به‌هێزه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ عێراقییه‌كان یه‌كگرتوون".

 

به‌ر له‌ده‌ستپێكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ موسڵ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ناوه‌ند له‌سه‌ر چۆنێتی‌ به‌شداریكردن له‌وشه‌ڕه‌دا رێكه‌وتن به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ سنوری‌ پێشڕه‌وی‌ پێشمه‌رگه‌ دیاریكرا‌و ئاینده‌ی‌ به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌منی‌ ئه‌و ناوچانه‌ش چاوه‌ڕێی‌ رێكه‌وتنی‌ نێوان هه‌ردولا ده‌كات.

 

وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریی‌ عێراق ده‌ڵێت "گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌دوای‌ شه‌ڕی‌ موسڵیش ئه‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ی‌ نێوانمان به‌رده‌وام بێت‌و ئه‌گه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستانیش هێرش بكرێته‌سه‌ری‌ سوپای‌ عێراق بێ ده‌نگ نابێت‌و به‌رگری‌ لێده‌كات".

 

رێكخستنی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپای‌ عێراق له‌هه‌ر سێ میحوه‌ره‌ هاوبه‌شه‌كه‌یاندا ژوری‌ هه‌ماهه‌نگی‌‌و ئۆپه‌راسیۆنی‌ هاوبه‌شیان هه‌یه‌و له‌هه‌ولێری‌ پایته‌ختی‌ هه‌رێمیش ناوه‌ندێكی‌ سه‌ره‌كی‌ هه‌یه‌ بۆ سه‌رپه‌رشتی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ كه‌ پێشمه‌رگه‌و سوپا تیایدا به‌شدارن.

 

له‌چوارچێوه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ هه‌ردوو هێزه‌كه‌شدا لیوای‌ 91ی‌ سوپای‌ عێراق كه‌ له‌سنوری‌ میحوه‌ری‌ مه‌خموره‌وه‌ به‌شداری‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ موسڵ ده‌كات، زۆرینه‌ی‌ سه‌ربازو فه‌رمانده‌كانی‌ كوردن، ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاریشه‌ یه‌كه‌یه‌كی‌ سه‌ربازی‌ زۆرینه‌ كورد له‌مێژوی‌ عێراقدا به‌شداری‌ شه‌ڕێك بكات له‌ژێر فه‌رمانده‌ی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیدا.

 

ئه‌و لیوایه‌ 2500 سه‌ربازی‌ هه‌یه‌ كه‌ سێ فه‌وج پێكدێت‌و پێشتر به‌ناوی‌ لیوای‌ هه‌ولێره‌وه‌ بووه‌‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003 پێكیهێنا.

 

رائید ئه‌مین شێخانی‌ وته‌بێژی‌ لیوای‌ 91ی‌ سوپای‌ عێراق به‌"نیقاش"ی‌ وت "وه‌ك سوپای‌ عێراق مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین‌و هه‌ر فه‌رمانێك ده‌ربكرێت جێبه‌جێی‌ ده‌كه‌ین، له‌سه‌ره‌تای‌ شه‌ڕی‌ موسڵه‌وه‌ 40 شه‌هیدمان داوه‌و ئێستاش 40 گوند ده‌پارێزین".

 

 ناكۆكی‌ نێوان سوپاو پێشمه‌رگه‌ له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003ه‌وه‌ دوباره‌ بوه‌وه‌، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ر بوو به‌توندبوونه‌وه‌ی‌ ململانێ سیاسییه‌كان له‌نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیدا كه‌ زۆربه‌ی‌ جار ناوچه‌ی‌ ته‌ماسی‌ نێوانیانی‌ له‌ناوچه‌ جێێناكۆكه‌كان ده‌گرته‌وه‌.

 

ساڵی‌ 2012 دروستكردنی‌ هێزه‌كانی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ دیجله‌ له‌لایه‌ن سوپای‌ عێراقیه‌وه‌ له‌نزیك كه‌ركوك، هه‌رێم‌و ناوه‌ندی‌ به‌ره‌و ئاڵۆزی‌ سیاسی‌ توند برد تا ئه‌و ئاسته‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ دوا سنوری‌ كه‌ركوك جوڵه‌ی‌ پێكرا كه‌ سوپای‌ عێراقی‌ لێ جێگیركرابوو.

 

د. ئه‌حمه‌د شه‌ریفی پسپۆری‌ ستراتیژی‌ ئه‌منی‌  پێیوایه‌ بوونی‌ سوپای‌ عێراق‌و پێشمه‌رگه‌ له‌یه‌ك سه‌نگه‌ردا له‌شه‌ری‌ موسڵ پێشهاتێكی‌ نوێیه‌ به‌وه‌ی‌ هه‌ردوولا وه‌ك دامه‌زراوه‌یی‌ سه‌ربازیی‌ دووربكه‌ونه‌وه‌ له‌ململانێ سیاسییه‌كان.

 

شه‌ریفی به‌"نیقاش"ی‌ وت "ده‌بێت ئه‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ به‌رده‌وام بێت، چونكه‌ رژێمی‌ پێشوو پێكهاته‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ عێراقی‌ تێكداو به‌شێك له‌ئۆپۆزسیۆنه‌كانی‌ پێشوش له‌پێكهاته‌ی‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ عێراقدا هه‌مان ره‌فتاری‌ ئه‌و رژێمه‌یان به‌رانبه‌ر به‌كورد دووباره‌ ده‌كرده‌وه‌".

 

ئاڵۆزی‌ ئاینده‌ی‌ موسڵ له‌پاش ئازادكردنه‌وه‌ی‌ ئاینده‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپای‌ عێراقیشی‌ ئاڵۆزكردووه‌، سه‌ره‌رای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێستا هه‌ماهه‌نگن‌و له‌یه‌ك سه‌نگه‌ردان، به‌ڵام گه‌ره‌نتی‌ نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌نگه‌ره‌كانیان له‌دژی‌ یه‌ك به‌كارنه‌هێنن له‌ئاینده‌دا.

 

حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ تائێستا موچه‌و بودجه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ نادات سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌به‌شێك له‌سیستمی به‌رگری‌ عێراق هه‌ژماری‌ ده‌كات‌و ئاینده‌ی‌ به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌منی‌ موسڵیش له‌نێوان دوو هێزه‌كه‌دا دیارینه‌كراوه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش  چاره‌نوسی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانیانی‌ به‌ نادیاری‌ هێشتۆته‌وه‌.

  

سامان تاڵه‌بانی به‌رپرسی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپای‌ عێراق ده‌ڵێت "پێشبینی‌ له‌شه‌ڕدا ناكرێت بۆ به‌رده‌وامی‌ هه‌ماهه‌نگی‌، به‌ڵام كێ خۆی‌ به‌دۆستی‌ ئێمه‌ بزانێت به‌دۆستی‌ ده‌زانین‌و ئه‌گه‌ر حاڵه‌تی‌ نه‌خوازراویش روبدات پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌یه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌