راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئه‌زموونه‌ تاڵه‌كه‌
كه‌ركوك رێگای‌ حه‌ویجه‌ كورت ده‌كاته‌وه‌

ژیار محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ شاڵاو محەمەد
په‌ندێكی‌ به‌ناوبانگ هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت: ئه‌و ده‌رگایه‌ی‌ ره‌شه‌بای‌ لێوه‌ دێت دایبخه‌و بحه‌وێره‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا كه‌ركوكییه‌كان ده‌یانه‌وێت خه‌مێك له‌داخستنی‌ ئه‌و ده‌رگایه‌ بخۆن كه‌ له‌حه‌ویجه‌وه‌ دێته‌ سه‌ر شاره‌كه‌یان
25.10.2016  |  كه‌ركوك
هێزه‌ ئه‌منییه‌كان خێزانێكیان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌ كاتێك به‌رێی‌ قاچاغ له‌حه‌ویجه‌وه‌ خۆیان گه‌یاندووه‌ته‌ كه‌ركوك ( :وێنه شالاو محمد)
هێزه‌ ئه‌منییه‌كان خێزانێكیان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌ كاتێك به‌رێی‌ قاچاغ له‌حه‌ویجه‌وه‌ خۆیان گه‌یاندووه‌ته‌ كه‌ركوك ( :وێنه شالاو محمد)

به‌ره‌به‌یانی‌ هه‌ینی‌ رابردوو كه‌ركوكییه‌كان به‌ده‌نگی‌ ته‌قه‌ی‌ هێرشی‌ كتوپڕی‌ چه‌كدارانی‌ داعش به‌خه‌به‌ر هاتن كه‌ به‌لێشاو خۆیان گه‌یاندبووه‌ ناو شاره‌كه‌، ئه‌و چه‌كدارانه‌ كه‌ به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ كوردستان ژماره‌یان نزیكه‌ی‌ 100 چه‌كداربووه‌و له‌حه‌ویجه‌وه‌ چووبوونه‌ شاره‌كه‌، له‌چه‌ند جێگایه‌ك تا نیوه‌ڕۆی‌ رۆژی‌ شه‌ممه‌ به‌رگریان كردو دواتر به‌شێكیان كوژران‌و ژماره‌یه‌كی‌ تر ده‌ستگیركران‌و ئه‌وه‌ی‌ تریان هه‌ڵهاتن.

 

ئه‌م رووداوه‌ له‌ناو خه‌ڵكی‌ كه‌ركوكدا ناڕه‌زایی‌ قوڵی‌ دروستكردو لۆمه‌ی‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانیان كرد به‌وه‌ی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ حه‌ویجه‌ دواخراوه‌و به‌وه‌ش مه‌ترسی‌ به‌رده‌وام له‌سه‌ر شاره‌كه‌ دورست بووه‌.

 

قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ به‌دووری‌ 55 كم له‌باشوری‌ ڕۆژئاوای‌ كه‌ركوك یه‌كێكه‌ له‌و قه‌زایانه‌ی‌ كه‌ به‌رده‌وام به‌دۆخێكی‌ ئه‌منی‌ ئاڵۆزدا گوزه‌ری‌ كردوه‌، له‌حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ 2014 كه‌وتۆته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ چه‌كدارانی‌ داعش، له‌و كاته‌وه‌ هێزه‌كانی‌  پێشمه‌رگه‌، هاوپه‌یمانان، حه‌شدی‌ نیشتمانی‌، حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ناكۆكن له‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ قه‌زاكه‌.

 

حه‌شدی‌ نیشتیمانی‌ كه‌ هێزێكی‌ سونه‌ی‌ ناوچه‌كه‌یه‌، ماوه‌ی‌ ساڵێكه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عێراقیه‌وه‌ مه‌شقیان پێده‌كرێت قبوڵیان نه‌ده‌كرد حه‌شدی‌ شه‌عبی كه‌ زۆرینه‌ی‌ چه‌كداره‌كانی‌ عه‌ره‌ب‌و توركمانی‌ شیعه‌ مه‌زهه‌بن له‌ئازادكردنه‌وه‌ی حه‌ویجه‌ به‌شدار بن، ئه‌مه‌ش یه‌كێك بوو له‌و گرفتانه‌ی‌ كه‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ حه‌ویجه‌ی‌ دواخست، به‌ڵام دوای‌ ڕوداوه‌كه‌ی‌ 21ی‌ ئه‌م مانگه‌، هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی‌ ناوه‌ندو هه‌رێم داوایانكرد ناكۆكییه‌كان به‌لاوه‌ بنرێت‌و قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ ئازاد بكرێت.

 

به‌پێی‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ ئاژانسی پاراستن‌و زانیاری سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێم كه‌ له‌باره‌ی‌ روداوه‌كه‌ی‌ كه‌ركوك بڵاوی‌ كردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو "به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی گوشار له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی داعش له‌شاری موسڵ‌و بۆ تێكدانی باری سه‌قامگیریی كه‌ركوك" ئه‌م هێرشه‌ ئه‌نجام دراوه‌.

 

له‌به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ "گروپی تیرۆریستیی داعش له‌ رۆژی ١٥ی ١٠ی ٢٠١٦، پیلانی هێرشكردنه‌ سه‌ر شاری كه‌ركوكی داڕشتووه‌ به‌سه‌ركردایه‌تی (ئه‌بو ئه‌حمه‌د) كه‌ به‌رپرسی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌یه‌، له‌نیوه‌شه‌وی٢١ی ١٠ی ٢٠١٦، (١٠٠) چه‌كداری داعش، له‌حه‌ویجه‌وه‌ نێردران بۆ سنوری داقوق‌و له‌وێشه‌وه‌ به‌حه‌وت پاسی نه‌فه‌رهه‌ڵگری بچوك له‌سه‌عات سێی به‌ره‌به‌یان، گه‌یه‌ندرانه‌ ناو شاری كه‌ركوك. ئه‌م (١٠٠) چه‌كداره‌ هاوكاریی كرابون بۆ هاتنه‌ ناوه‌وه‌یان بۆ كه‌ركوك، چه‌كداره‌ تیرۆریسته‌كان هه‌ڵبژارده‌یه‌ك بوون له‌كه‌تیبه‌ ئینغماسی‌و خۆكوژییه‌كانی داعش، به‌سه‌ر پێنج گروپی (٢٠) كه‌سی دا بۆ داگیركردنی بینای پارێزگای كه‌ركوك، پۆلیسی فریاكه‌وتنی كه‌ركوك، شكاندنی زیندانه‌كان‌و به‌ردانی تیرۆریستانی داعش له‌ كه‌ركوك‌و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی فه‌رمانگه‌ ئه‌منی‌و بینا به‌رزه‌كانی كه‌ركوك دابه‌شكرابوون".

 

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ "ئه‌بو ئیسلام ئه‌میری سه‌ربازیی ویلایه‌تی كه‌ركوك‌و گرنگترین ئه‌ندامی گروپه‌كه‌و چه‌ندین گه‌وره‌ تیرۆریستی تر، ده‌ستگیركران‌و ئێستا له‌به‌رده‌ستی هێزه‌كانی ده‌زگای دژه‌ تیرۆردان"‌و 48 ته‌رمی‌ داعشییه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ست هێزه‌ ئه‌منییه‌كان.

 

جه‌خت كردنه‌وه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌وه‌ی‌ ئه‌م مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌هۆی‌ حه‌ویجه‌وه‌ دروست بووه‌، وایكردووه‌ ئێستا زیاتر له‌جاران باسی‌ ئازادكردنی‌ ئه‌و شاره‌ بكرێت.

 

شوان حه‌مه‌غه‌ریب فه‌رمانده‌ی لیوای دووی هێزی پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "كۆده‌نگیه‌ك له‌نێوان ته‌واوی‌ هێزه‌ ئه‌مینه‌كان دروست بووه‌ كه‌ ده‌بێت له‌نزیكترین كاتدا قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ كۆنترۆڵ بكرێته‌وه‌، چونكه‌ ڕوداوه‌كه‌ی‌ 21ی‌ مانگ سه‌لماندی‌ كه‌ داعش له‌حه‌ویجه‌وه‌ چاوی‌ له‌سه‌ر تێكدانی‌ ئارامی‌ ناوشاری‌ كه‌ركوكه‌".

 

پێده‌چێت ورده‌ ورده‌ ئاماده‌كارییه‌كانی‌ ئازادكردنی‌ حه‌ویجه‌ كه‌وتبێته‌ سه‌ر پێی‌ خۆی‌، چونكه‌ له‌وباریه‌وه‌ جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی وت "له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق ڕێكه‌وتوین به‌هه‌ماهه‌نگی هێزه‌كانیان كه‌ ئه‌وان له‌ناوچه‌ی تكریته‌وه‌و هێزی پێشمه‌رگه‌ش له‌رۆژئاواو باكوری رۆژئاواوه‌ حه‌ویجه‌ ئازاد ده‌كه‌ین".

 

ئه‌گه‌رچی به‌رپرسان واده‌یه‌كی‌ دیاریكراو باس ناكه‌ن بۆ ده‌ستپێكردنی‌ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌، به‌ڵام پاشگه‌زبونه‌ته‌وه‌ له‌و بیرۆكه‌یه‌ی‌ گرتنه‌وه‌ی‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ بكه‌وێته‌ دوای‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ.

 

ئه‌بو ڕه‌زا نه‌جار به‌رپرسی‌ میحوه‌ری‌ باشوری‌ هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌كه‌ركوك به‌"نیقاش"ی وت "كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌ موسڵ ئاسان نیه‌، بۆیه‌ پلان هه‌یه‌ كه‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ كۆنترۆڵ بكرێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و قه‌زایه‌ مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك‌و ده‌وروبه‌ری‌ دروست كردووه‌".

 

به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ "نیقاش" كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ باڵای‌ ئه‌منی‌ وه‌ریگرتووه‌، له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ شه‌ممه‌ی‌ ڕابردوو كه‌ هه‌ریه‌ك له‌نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری‌ كه‌ركوك‌و هادی‌ عامری‌ سه‌رۆكی‌ ڕێكخراوی‌ به‌درو ئه‌بومه‌هدی‌ موهه‌ندس جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ عێراق له‌كه‌ركوك به‌شداربوون، ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ ده‌بێت پێش ساڵی‌ نوێ‌ قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ كۆنترۆڵ بكه‌نه‌وه‌.

 

له‌به‌رانبه‌ریشدا به‌رپرسانی‌ سه‌ربازی ئاماژه‌ به‌ئاماده‌كارییه‌كانی‌ گرتنه‌وی‌ حه‌ویجه‌ ده‌كه‌ن‌و پێیانوایه‌  له‌ئێستا ئاسانتر نیه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی‌، به‌و پێیه‌ی‌ قه‌زاكه‌ گه‌مارۆدراوه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی سوپای عێراقی‌‌و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌  هه‌ریه‌كه‌ له‌ناوچه‌كانی‌ گه‌یاره‌و شه‌رگاتی‌ سه‌ر به‌موسڵ له‌باكوره‌وه‌و هه‌روه‌ها قه‌زای‌ بێجی‌ له‌رۆژئاواوه‌ له‌چنگی‌ داعش ده‌رهێنا به‌م پێیه‌ش په‌یوه‌ندی داعش له‌حه‌ویجه‌وه‌ له‌گه‌ڵ موسڵ لاواز بووه‌.

 

لیوا ڕه‌سوڵ كه‌ركوكی‌ به‌رپرسی‌ میحوه‌ری‌ چواری‌ كه‌ركوكی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه‌ بۆ حه‌ویجه‌ دانراوه‌ به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌یه‌و له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ هێرشی ده‌كرێته‌ سه‌ر چه‌كدارانی‌ داعش، چونكه‌ پێشمه‌رگه‌و فڕۆكه‌ی هاوپه‌یمانان‌و فیرقه‌ی پێنجی‌ سوپاو پۆلیسی فیدراڵی‌و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی‌و حه‌شدی نیشتیمانی‌ به‌شدارده‌بن له‌شه‌ڕه‌كه‌دا".

 

قه‌زای‌ حه‌ویجه‌، له‌ساڵانی‌ رابردودا ببوه‌ ناوچه‌یه‌ك بۆ ناردنی‌ ئۆتۆمبێلی‌ بۆمبڕێژكراو كه‌سی خۆكوژ بۆ نێو كه‌ركوك، به‌جۆرێك تا پێش ئه‌وه‌ی‌ سنوره‌كان ده‌روبه‌ری‌ كه‌ركوك بكه‌وێًته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ پێشمه‌رگه‌، شاره‌كه‌ زۆرترین ته‌قینه‌وه‌ی‌ تێدا ئه‌نجامده‌درا.

 

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌گه‌ر حه‌ویجه‌ به‌ته‌واوه‌تی پاكبكرێته‌وه‌ ئه‌وا ئارامی‌ زیاتر بۆ كه‌ركوك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ مه‌ترسی‌ تیرۆر له‌سه‌ر كه‌ركوك كه‌م ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێت پلانمان هه‌بێت بۆ ئیداره‌دانی‌ قه‌زاكه‌".

 

عه‌سكه‌ری‌ وتیشی "خه‌ڵكی حه‌ویجه‌و ئه‌و ناوچانه‌ به‌ په‌له‌ن بۆ كۆنتۆڵكردنه‌وه‌ی‌ قه‌زاكه‌یان، چونكه‌ زۆرینه‌یان ئاواره‌ بوون‌و ئه‌وانه‌شی‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعش ماونه‌ته‌وه‌ هه‌راسان بوون به‌سزا تونده‌كانی‌ داعش".

 

ئێستا قسه‌ی‌ جدی‌ له‌سه‌ر چۆنێتی‌ ئیداره‌دانی‌ حه‌ویجه‌یه‌ پاش ئازادكردنی‌، چونكه‌ به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ "نیقاش" زۆرێك له‌هاوڵاتیانی‌ حه‌ویجه‌ له‌وه‌ ده‌ترسن پاش رۆیشتنی‌ داعش له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌و حه‌شدی‌ شه‌عبییه‌وه‌ تۆڵه‌یان لێبكرێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئه‌و شاره‌ له‌لای‌ كورده‌كان ناوبانگێكی‌ "ره‌ش"ی‌ هه‌یه‌، چونكه‌ مانگی‌ شوباتی‌ ساڵی‌ رابردوو داعش له‌ناو قه‌فه‌سدا به‌ده‌یان پێشمه‌رگه‌ی‌ دیلی‌ له‌حه‌ویجه‌ نمایشكردو له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ به‌ردباران ده‌كران.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌