راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نه‌شاره‌زاییه‌ یان حه‌زی‌ به‌پاڵه‌وان بوون؟
گوله‌ی شه‌ڕه‌كه‌ی موسڵ رۆژنامه‌نووسان به‌كۆمه‌ڵ ده‌پێكێت

موسته‌فا حه‌بیب
له‌ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ی‌ روماڵی‌ شه‌ڕی‌ موسڵدا دوو رۆژنامه‌نووس كورژراون‌و 10ی‌ دیكه‌ش بریندار بوون، له‌مه‌دا هه‌م رۆژنامه‌نووس نه‌شاره‌زان هه‌م هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، ده‌زگا میدیاییه‌كانیش خه‌میان نییه‌
27.10.2016  |  به‌غدا
رۆژنامه‌نووسێكی‌ عێراقی‌ له‌كاتی‌ رووماڵی‌ شه‌ڕه‌كه‌ی‌ موسڵ ( :وێنه نقاش)
رۆژنامه‌نووسێكی‌ عێراقی‌ له‌كاتی‌ رووماڵی‌ شه‌ڕه‌كه‌ی‌ موسڵ ( :وێنه نقاش)

به‌ره‌به‌یانی 17ی ئه‌م مانگه‌ شه‌ڕی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ ده‌ستیپێكرد كه‌ گرنگترین رووداوه‌ عێراقییه‌كان‌و جیهانیش پێوه‌ی سه‌رقاڵن، شتێكی ئاساییش بوو شه‌ڕه‌كه‌ گه‌وره‌ترین رووماڵی میدیایی بكرێت له‌ڕێی سه‌دان رۆژنامه‌نووس‌و میدیاكاری ناوخۆو بیانیه‌وه‌.

 

دوای چه‌ند رۆژێك هه‌واڵی ناخۆش له‌شه‌ڕه‌كانه‌وه‌ گه‌یشت، دوو رۆژنامه‌نووس كوژران‌و 10ی دیكه‌ش برینداربوون كه‌ برینی هه‌ندێكیان قورسه‌، ئه‌مه‌ش شتێكی پێشبینیكراو بوو، چونكه‌ رۆژنامه‌نووسه‌ عێراقیه‌كان شاره‌زاییان نییه‌ له‌ئامرازه‌كانی رووماڵی جه‌نگ‌و وه‌ك سه‌ربازی نێو شه‌ڕه‌كه‌ هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن.

 

عه‌لی ریسان وێنه‌گری كه‌ناڵی سومه‌رییه‌ به‌گوله‌ی قه‌ناس به‌ده‌ستێكی‌ داعش له‌ده‌وروبه‌ری شارۆچكه‌ی شۆره‌ی باشووری موسڵ كوژرا كه‌ شه‌ڕی سه‌ختی له‌نێوان هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی‌و توندڕه‌واندا تێدا به‌ڕێوه‌ده‌چوو، له‌شوێنێك كه‌ سه‌ره‌ڕای‌ مه‌ترسی‌ فیشه‌ك توندڕه‌وه‌كان هه‌موو ئه‌و ناوه‌یان به‌بۆمب ته‌نیبوو.

 

هه‌روه‌ها رۆژنامه‌نووس ئه‌حمه‌د هاجه‌ر ئۆغلۆ به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی هه‌واڵ له‌كه‌ناڵی "توكمان ئیلی" له‌میانی رووماڵكردنی پێكدادانه‌ چه‌كدارییه‌كانی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و سه‌دان چه‌كداری داعش له‌شاری كه‌ركوك كوژرا كه‌ له‌ناكاو هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر شاره‌كه‌و له‌چه‌ند باڵه‌خانه‌و هۆتێلێك خیان قایمكرد تا ئه‌و كاته‌ی‌ له‌ناوبران.

 

سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌رۆژنامه‌نووسان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی ره‌سمیدا رایگه‌یاند 10 رۆژنامه‌نووسی دیكه‌ له‌میانی رووماڵكردنی شه‌ڕی موسڵدا بریندار بوون كه‌ برینی مه‌ترسیداریان تێدایه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌هه‌ریه‌ك له‌هێمن قادر، بڕیار به‌ختیار، دلێر كاوه‌، ئاریان به‌رواری، راستی خالید، ئاری جه‌لال، پشتیوان حه‌سه‌ن، یونس مه‌حمود، هه‌جه‌ر به‌رواری‌و یاسر عه‌بدولڕه‌حمان.

 

هۆكاره‌كانی‌ پشت قوربانیانی‌ رۆژنامه‌نووس زۆرن، دیارترینیان نه‌بوونی‌ شاره‌زاییه‌، چونكه‌ رۆژنامه‌نووسه‌ عێراقییه‌كان شاره‌زاییه‌كی زۆریان له‌رووماڵكردنی شه‌ڕه‌كاندا نییه‌، هه‌روه‌ك دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌كانیش گوێ به‌ژیانی په‌یامنێرانیان ناده‌ن، جگه‌ له‌وه‌ش وۆركشۆپی راهێنان له‌عێراق تایبه‌ت به‌رێوشێنه‌كانی سه‌لامه‌تی له‌كاتی رووماڵكردن له‌و شوێنانه‌ی ململانێی چه‌كداریان تێدایه‌، كه‌من.

 

تا ساڵی 2014 رۆژنامه‌نووسه‌ عێراقییه‌كان‌و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاند نه‌یانده‌زانی مانای ئه‌ركی په‌یامنێری جه‌نگ چییه‌، چونكه‌ رووماڵه‌ ئه‌منییه‌كان تایبه‌ت بوون به‌و ته‌قینه‌وانه‌ی له‌ناوه‌ندی شاره‌كاندا روویان ده‌دا، به‌ڵام دوای هێرشی داعش بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ شه‌ڕی زه‌مینی له‌دژی توندڕه‌وان هه‌ڵگیرساو ئه‌و كاته‌ رۆژنامه‌نووسان ده‌ستیانكرد به‌یاوه‌ریكردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ رووماڵكردنی رووداوه‌كان له‌به‌ره‌كاندا.

 

رۆژنامه‌و ئاژانسه‌ هه‌واڵییه‌ ناوخۆییه‌كان‌و كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كان خێرا یه‌كێك له‌په‌یامنێرانیان ته‌رخان كرد بۆ به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌ركی په‌یامنێری جه‌نگ كه‌ یاوه‌ری هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ده‌كات بۆ رووماڵكردنی شه‌ڕه‌كانی نێوان سوپاو توندڕه‌وه‌كان، ئێستاش كه‌ناڵێكی راگه‌یاندنی عێراق نییه‌ به‌لانی كه‌مه‌وه‌ یه‌ك په‌یامنێری جه‌نگی نه‌بێت، وادیاریشه‌ ئه‌م ئه‌ركه‌ نوێیه‌ پێویستی به‌شاره‌زایی دوورو درێژ هه‌یه‌.

 

ره‌حمان غه‌ریب به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له‌رۆژنامه‌نووسان به‌"نیقاش"ی وت "دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌ ناوخۆییه‌كان به‌شێكی زۆری به‌رپرسیارێتی قوربانیانی رۆژنامه‌نووسانیان له‌شه‌ڕه‌كاندا ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، ئه‌و دامه‌زراوانه‌ پێداویستییه‌كانی خۆپارێزی بۆ رۆژنامه‌نووس له‌گولله‌نه‌بڕو خوده‌ی سه‌رو وۆركشۆپی راهێنانی پێویست، دابین ناكه‌ن".

 

به‌ڵام به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی رۆژنامه‌نووسی عێراقیش وه‌ك ره‌حمان غه‌ریب ده‌ڵێت "كاتێك وۆركشۆپی راهێنان بۆ سه‌لامه‌تی رۆژنامه‌نووسان رێكده‌خه‌ین ده‌بینین هه‌ندێكیان ده‌یانه‌وێت له‌شه‌ڕدا ببێته‌ پاڵه‌وان، ئه‌وه‌ فه‌رامۆش ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وان رۆژنامه‌نووسن‌و راستییه‌كان ده‌گوازنه‌وه‌، به‌ڵام پێش سه‌ربازه‌كان ده‌كه‌ون بۆ سه‌نگه‌ره‌ مه‌ترسیداره‌كانی پێشه‌وه‌، ئه‌وه‌ كێشه‌یه‌كی راسته‌قینه‌یه‌و پێویسته‌ی ئاگاداری بین".

 

له‌راستیدا زۆربه‌ی ئه‌و په‌یامنێره‌ ناوخۆییانه‌ی كه‌ له‌مه‌یدانی شه‌ڕه‌وه‌ له‌كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ون وا قسه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌ربازو فه‌رمانبه‌ر بن له‌لای هێزه‌ ئه‌منییه‌كان نه‌ك رۆژنامه‌نووس، باسی هه‌واڵه‌ ئه‌رێنیه‌كان ده‌كه‌ن‌و هه‌ندێك جاریش زیاده‌ڕه‌وی تێدا ده‌كه‌ن، هاوكات هه‌واڵه‌ نه‌رێنیه‌كانی دژ به‌سوپاو پێشمه‌رگه‌ش ناگوازنه‌وه‌، ره‌نگه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش گوشاریان بخه‌نه‌ سه‌ر.

 

عه‌لی موسه‌وی په‌یامنێری كه‌ناڵی سۆمه‌رییه‌ كه‌ هاوكاری وێنه‌گری كوژراو عه‌لی ریسانه‌و یاوه‌ری بوو له‌و ساته‌دا كه‌ له‌ شارۆچكه‌ی شۆره‌ی باشووری موسڵ گوله‌ی قه‌ناسه‌كه‌ی به‌ركه‌وت، له‌گفتوگۆیه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدا له‌دوای رووداوه‌كه‌ وتی "ئێمه‌ به‌هێزین یه‌ك رۆژنامه‌نووس ده‌مرێت هه‌زار رۆژنامه‌نووسی دیكه‌ هه‌ن، له‌هێڵی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕدا ده‌بین‌و ناگه‌ڕێینه‌وه‌ تا دوا بستی خاكی عێراق له‌داعش ئازاد نه‌كه‌ین".

 

به‌ڵام زۆرێك له‌رۆژنامه‌نووسان‌و رێكخراوه‌كان به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كه‌ شاره‌زاییان نیه‌ له‌یاوه‌ریكردنی رۆژنامه‌نووسان‌و پاراستنیان‌و رێگه‌یان پێ ده‌ده‌ن له‌هێڵه‌ مه‌ترسیداره‌كانی پێشه‌وه‌دا بسوڕێنه‌وه‌ به‌بێ گوێدانه‌ ژیانیان.

 

دوای چه‌ند سه‌عاتێك له‌كوژرانی عه‌لی ریسانی وێنه‌گر، فه‌ریق رائید شاكر جه‌وده‌ت فه‌رمانده‌ی پۆلیسی فیدراڵی له‌چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا وتی "میدیاكاران جه‌نگاوه‌رن‌و له‌گه‌ڵ برایانیان له‌سه‌ربازه‌كان له‌هێڵی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕدان به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه‌ شه‌هید عه‌لی ریسانه‌، له‌خودا داواكارین یارمه‌تیمان بدات تا تۆڵه‌ی بكه‌ینه‌وه‌".

 

روانگه‌ی ئازادییه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كانیش راگه‌یه‌ندراوێكی ده‌ركردو تێیدا هێزه‌كانی پۆلیسی فیدراڵی به‌به‌رپرسیار له‌كوشتنی عه‌لی ریسانی وێنه‌گر تۆمه‌تبار كرد، له‌راگه‌یه‌ندراوه‌ ره‌سمیه‌كه‌دا ده‌ڵێت "هێزه‌كانی پۆلیس به‌رپرسن، چونكه‌ رۆژنامه‌نووسان ده‌خه‌نه‌ هێڵی پێشه‌وه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش".

 

زۆری ژماره‌ی قوربانیان له‌ریزی رۆژنامه‌نووساندا هێزه‌كانی سوپای ناچار كرد چاو به‌رێوشوێنه‌كانیان بۆ پاراستنی رۆژنامه‌نووسان بخشێننه‌وه‌، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ عه‌مید یه‌حیا ره‌سوڵ وته‌بێژی ره‌سمی وه‌زاره‌تی به‌رگری له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی "رێوشوێنی به‌په‌له‌ گیراوه‌ته‌به‌ر كه‌ رێگه‌ به‌په‌یامنێرانی جه‌نگ‌و وێنه‌گران نه‌درێت له‌هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوی داعشدا بن".

 

به‌ڵام كێشه‌ی تریش هه‌ن كه‌ رۆژنامه‌نووسان له‌رووماڵكردنی شه‌ڕی موسڵدا به‌ده‌ستیانه‌وه‌ گیرۆده‌ن وه‌ك رۆژنامه‌نووس مازن جه‌نابی ده‌ڵێت كه‌ كار بۆ كه‌ناڵێكی راگه‌یاندنی بیانی ده‌كات‌و له‌یه‌كێك له‌سه‌ربازگه‌كانی سوپایه‌ له‌شارۆچكه‌ی گه‌یاره‌ له‌باشووری موسڵ.

 

جه‌نابی به‌"نیقاش"ی وت "كاتێك گه‌یشتینه‌ ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌ی بۆ مانه‌وه‌ی رۆژنامه‌نووسان ته‌رخان كراوه‌، بینیمان ژووره‌كانی خراپن‌و به‌كه‌ڵكی نووستن نایه‌ن‌و خواردنیشمان نییه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان پێیان راگه‌یاندبووین كه‌ سه‌ربازگه‌كه‌ خانووی گه‌نجاوی تێدایه‌".

 

 به‌ده‌یان په‌یامنێرو رۆژنامه‌نووس له‌بنكه‌ی سه‌ربازی گه‌یاره‌دان له‌باشووری موسڵ كه‌ بۆته‌ ناوه‌ندێكی میدیایی بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ی رۆژنامه‌نووسی‌و پێشوازیكردن له‌په‌یامنێران، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ناوه‌ندێكی رۆژنامه‌نووسی دیكه‌ له‌شارۆچكه‌ی مه‌خمور له‌ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر كه‌ وته‌بێژی سه‌ربازی ره‌سمی سوپاو پێشمه‌رگه‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌نووسی رۆژانه‌ سه‌باره‌ت به‌ئه‌نجامی شه‌ڕه‌كه‌ی تێدا ده‌به‌ستن‌و ژماره‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ش كه‌ رووماڵی شه‌ڕه‌كه‌ ده‌كه‌ن نزیكه‌ی 500 رۆژنامه‌نووسن وه‌ك لیژنه‌ی راگه‌یاندنی سوپا ده‌ڵێت.

 

هێنده‌ی نه‌مابوو جه‌نابی‌و ژماره‌یه‌ك له‌هاوكارانی ژیانیان له‌ده‌ست بده‌ن به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێكی چێندراو به‌و كاروانه‌ سه‌ربازیه‌ی یاوه‌ری ده‌كردن له‌هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ له‌شارۆچكه‌ی شۆره‌ی باشووری موسڵ‌و له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت "ده‌ركه‌وت ته‌واوی رێگاكه‌ به‌ته‌قه‌مه‌نی چێندراوه‌".

 

رۆژنامه‌نووس جه‌واد كازم-یش كه‌ له‌یه‌كێك له‌رۆژنامه‌ ناوخۆییه‌كان كار ده‌كات، نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر به‌جیاوازی له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسانی ناوخۆیی‌و بیانیداو له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی وت "هێزه‌ ئه‌منییه‌كان مامه‌ڵه‌یه‌كی باشتر له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسی بیانی ده‌كه‌ن‌و ده‌یانپارێزن‌و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانیش پێیان باشتره‌ لێدوانی رۆژنامه‌نووسی به‌وان بده‌ن".

 

كازم وتیشی "چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر داوامان له‌ یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ كرد بچین بۆ گه‌شتێكی مه‌یدانی له‌نزیك به‌ره‌كانی شه‌ڕ، به‌ڵام ره‌تیان كردووه‌، پاش چه‌ند سه‌عاتێك رۆژنامه‌نووسێكی بیانی كه‌ له‌كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆنی جیهانی كارده‌كات هات‌و ئه‌و داوایه‌ی لێكردن‌و ئه‌وانیش به‌خێرایی‌و به‌بێ دوودڵی رازیبوون".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌