راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

تۆبه‌ت كردبێت فه‌وتاویت
پۆلیسی‌ ئه‌نبار له‌هه‌ردوو دینه‌كه‌ بوون

که‌مال عه‌یاش
ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی پۆلیس كه‌ له‌دوای داگیركردنی ئه‌نبار له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ ناچاركران تۆبه‌ بكه‌ن‌و بێبه‌ریبوونیان له‌ده‌زگا ئه‌منییه‌كان رابگه‌یه‌نن، ئێستا لێیان قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ جارێكی‌ تر بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ پارێزگاكه‌.
27.10.2016  |  ئه‌نبار
سه‌ربازێكی‌ عێراقی‌ له‌فه‌لوجه‌ پاش ده‌ركردنی‌ داعش ( :وێنه احمد الربيعي)
سه‌ربازێكی‌ عێراقی‌ له‌فه‌لوجه‌ پاش ده‌ركردنی‌ داعش ( :وێنه احمد الربيعي)

بانگه‌وازی گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه‌كان بۆ شاره‌ ئازادكراوه‌كانیان له‌پارێزگای ئه‌نبار به‌هه‌زاران كارمه‌ندی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی نه‌گرتۆته‌وه‌ له‌وانه‌ی له‌كاتی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی پارێزگای ئه‌نبار له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ تۆبه‌ی خۆیان راگه‌یاندو ده‌ستبه‌رداری كاره‌كانیان بوون.

 

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی بۆ "نیقاش"یان دووپات كرده‌وه‌ ئه‌و زانیاریه‌ هه‌واڵگری‌و دۆكیۆمێنتانه‌ی پاش ئازادكردنی زۆربه‌ی شاره‌كانی پارێزگای ئه‌نبار (110 كم له‌ خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) ده‌ستكه‌وتوون، ئاماژه‌ بۆ بوونی زیاتر له‌ شه‌ست هه‌زار داواكراو له‌لای ئه‌و رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌سه‌دا 30 یان له‌نێو ریزه‌كانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كاندا كارده‌كه‌ن‌و بیست هه‌زاریشیان تۆبه‌ی خۆیان راگه‌یاندووه‌.

 

به‌پێی هه‌مان ئه‌و سه‌رچاوه‌ ئه‌منیانه‌ زیاتر له‌پێنج هه‌زار هاوڵاتی كه‌ زۆرینه‌یان له‌وانه‌ن له‌ریزه‌كانی پۆلیسی فه‌لوجه‌ كارده‌كه‌ن، رێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌ له‌دوای ئازادكردنی، ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی ناویان له‌لیسته‌كانی تۆبه‌كاراندا هاتووه‌.

 

بێبه‌ریبوون له‌ئه‌ندامێتی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و راگه‌یاندنی تۆبه‌ له‌به‌رده‌م ئه‌ندامانی داعشدا ته‌نیا بژارده‌ی به‌رده‌ستی كارمه‌ندانی پۆلیسی فه‌لوجه‌ بوو بۆ پاراستنی گیانیان‌و ئه‌و موڵك‌و ماڵانه‌یان كه‌ پاش هه‌ڵاتنیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌ به‌جێیان هێشتبوون.

 

جه‌مال محه‌مه‌دی (45 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌دانیشتووانی شاری فه‌لوجه‌ كه‌ له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی فه‌لوجه‌ كاری ده‌كردو پاش كۆنترۆڵكردنی شاره‌كه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ شاره‌كه‌ی به‌جێهێشت.

 

محه‌مه‌دی قسه‌ی بۆ "نیقاش" كردو وتی "له‌حوزه‌یرانی 2014دا بڕیارمدا بچم تۆبه‌كردنم رابگه‌یه‌نم ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی له‌ڕێی یه‌كێك له‌ خزمه‌كانمانه‌وه‌ كه‌ دیاربوو چووبووه‌ نێو گرووپه‌كانی داعشه‌وه‌، زیاتر له‌جارێك ته‌له‌فۆنم بۆ كراو پێی وتم پێویسته‌ بێیت‌و تۆبه‌كردنت رابگه‌یه‌نیت ئه‌گه‌رنا خانووه‌كه‌ت ده‌ته‌قێندرێته‌وه‌، چه‌ند وێنه‌یه‌كی ئه‌و بۆمبانه‌شی بۆ ناردم كه‌ به‌ده‌وری خانووی ماڵی باوكم‌و خانووی ماڵی ژنبراكه‌مدا دانرابوون".

 

ده‌شڵێت "كاتێك چوومه‌ ناو شاره‌كه‌ روومكرده‌ مزگه‌وتی (حه‌زره‌تی محه‌مه‌دی) له‌ناوه‌ڕاستی شاره‌كه‌و قسه‌م له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی ده‌موچاو هه‌ڵبه‌ستراودا كرد له‌وانه‌ی له‌ده‌روازه‌ی مزگه‌وته‌كه‌دا وه‌ستابوون‌و پێموتن كه‌ ده‌مه‌وێت تۆبه‌كردنم رابگه‌یه‌نم".

 

درێژه‌ به‌قسه‌كانی‌ ده‌دات‌و ده‌ڵێت "بردیانم بۆ لای كه‌سێك به‌(حاجی) بانگیان ده‌كرد، چه‌ند پرسیارێكیان لێكردم له‌باره‌ی ناوو عه‌شیره‌ته‌كه‌م‌و شوێنی كاره‌كه‌م‌و پاشان ده‌ستم خسته‌ سه‌ر قورئان‌و ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌م ده‌وته‌وه‌ كه‌ پێیان ده‌وتم‌و ئێستا له‌بیرم نه‌ماون، به‌ڵام ماناكه‌یان ئه‌وه‌ بوو كه‌ په‌شیمانم له‌كاركردنم له‌دژیان‌و تۆبه‌ ده‌كه‌م له‌كاركردنم له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێكی حكومیدا، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌م وتنه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ ده‌ستبه‌سه‌ریان كردم تا چه‌كه‌كه‌م‌و پێناسه‌كه‌مم پێدان".

 

ده‌شڵێت "هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ویژدان نه‌بوون له‌گه‌ڵمانداو بیریان له‌و قوربانیانه‌ نه‌كرده‌وه‌ كه‌ له‌ساڵی 2007وه‌ پێشكه‌شمان كردوون‌و ئه‌مڕۆ سزامان ده‌ده‌ن له‌سه‌ر ئه‌و رێوشوێنانه‌ی گرتومانه‌ته‌ به‌ر بۆ پاراستنی خێزانه‌كانمان‌و موڵك‌وماڵمان، لۆمه‌ی فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌كان ناكه‌ین كه‌ نایانه‌وێت سوود له‌شاره‌زاییمان وه‌ربگرن، به‌ڵام ئه‌ركی خۆیانه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كی سه‌لامه‌ت‌و سه‌ربه‌رزانه‌مان بۆ زێدی خۆمان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن‌و به‌دوورخستنه‌وه‌ سزامان نه‌ده‌ن".

 

ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی واسق جومه‌یلی (38 ساڵ) له‌كاركردنی له‌ریزه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌ئابی 2013 به‌ر له‌كۆنترۆڵكردنی شاره‌كه‌ له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌، تكای بۆ نه‌كرد. داعش داوای لێكرد تۆبه‌كردنی رابگه‌یه‌نێت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌ك‌و پێناسی نه‌بوو كه‌ له‌كاتی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ته‌سلیمیكربوونه‌وه‌، نه‌یتوانی تۆبه‌ بكات كه‌ مه‌رجه‌ بۆ ئه‌وه‌ چه‌كه‌كه‌ی ته‌سلیم بكات.

 

جومه‌یلی قسه‌ی بۆ "نیقاش" كردو وتی "گروپه‌ چه‌كداره‌كان باوه‌ڕیان به‌وه‌ نه‌هێنا كه‌ چوومه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان‌و خانووه‌كه‌میان به‌هه‌موو كه‌لوپه‌له‌كانیه‌وه‌ ته‌قانده‌وه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هێزه‌ ئه‌منییه‌كان رێگه‌م ناده‌ن بچمه‌ سه‌ر داروپه‌ردووی خانووه‌كه‌م".

 

ده‌شڵێت "زۆرمان له‌باره‌ی ئه‌و رێوشوێنانه‌ بیست كه‌ له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌مان ده‌گیرێنه‌به‌ر، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع هیچیمان نه‌بینی، وادیاره‌ ئه‌و رێوشوێنانه‌ بۆئه‌وه‌ بوون رێگه‌ به‌كه‌سانێكی دیاریكراو بده‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ به‌پاڵپشتی عه‌شیره‌ته‌كان‌و حیزبه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كانی شاره‌كه‌".

 

هه‌ندێك كارمه‌ندی دیكه‌ كه‌ كاریان له‌گه‌ڵ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌كرد له‌دوای كۆنترۆڵكردنی شاره‌كه‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ پێیان باش بووه‌ شاره‌كه‌ جێبهێڵن نه‌ك تۆبه‌ بكه‌ن، چونكه‌ هه‌سیان كرد به‌جێهێشتنی شاره‌كه‌ سه‌لامه‌تترین چاره‌سه‌ره‌و ژیانیان ده‌پارێزێت‌و له‌شه‌ڕێكی نابه‌رامبه‌ری دۆڕاویش به‌دووریان ده‌كات.

 

عه‌ممار جۆریه‌ (41 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ كه‌ له‌ده‌زگای دژه‌تیرۆر كاری كردووه‌، ئه‌و ده‌ڵێت "تۆبه‌كردنم رانه‌گه‌یاندووه‌و داعش سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌ دووباره‌ بووه‌وه‌كانی نه‌یتوانیوه‌ ناچارم بكات تۆبه‌ركردنم رابگه‌یه‌نم‌و هێشتا چه‌ك‌و فیشه‌كه‌كانم له‌فه‌لوجه‌ له‌لاماوه‌، به‌ر له‌وه‌ی شاره‌كه‌ به‌جێبهێڵم له‌حه‌وشه‌ی خانووه‌كه‌مدا خستمه‌ ژێر زه‌ویه‌وه‌".

 

وتیشی "توانیمان په‌یوه‌ندی به‌هه‌ندێك له‌و هێزانه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ناحیه‌ی حه‌بانیه‌ پێكهێنرابوونه‌وه‌، به‌ڵام تووشی شۆك بووین كه‌ بینیما مووچه‌كانمان بڕاوه‌و خراوینه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان، بۆیه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ لای خێزانه‌كانمان كه‌ له‌گه‌شتێكی سه‌ختی هه‌ڵاتندا گواستبووماننه‌وه‌ بۆ پارێزگای به‌غدا".

 

عه‌ممار ئه‌وه‌یشی وت "خانووه‌كه‌م كرابووه‌ یه‌كێك له‌باره‌گاكانی داعش له‌فه‌لوجه‌ ئه‌مه‌ والێكدرایه‌وه‌ كه‌ من هاوكاری ئه‌وانم، ئه‌وه‌ش یارمه‌تیده‌ر بوو بۆ ئه‌وه‌ی ناوم له‌نێوان ئه‌و كه‌سانه‌دا بێت كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ شاره‌كه‌ لێ قه‌ده‌غه‌یه‌".

 

په‌رله‌مانتار محه‌مه‌د كه‌ربولی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش‌و به‌رگری له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی وت "تۆبه‌كاره‌كان دوو جۆرن، جۆرێكیان ناكرێت رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان بدرێت‌و ئه‌وانیش ئه‌وانه‌ن كه‌ تۆبه‌یان كردووه‌و باوه‌ڕیان به‌فكری داعش هێناوه‌و چوونه‌ته‌ نێو گروپه‌كانیه‌وه‌، به‌ڵام جۆری دووه‌م كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین ده‌رفه‌تێكی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ شاره‌كه‌و بۆ سه‌ر كاره‌كه‌یان پێ بدرێت، ئه‌وانه‌ن كه‌ توانیویانه‌ له‌شاره‌كه‌ هه‌ڵبێن‌و به‌ر ده‌ستی داعش‌و تاوانه‌كانی نه‌كه‌وتوون".

 

 كه‌ربولی وتیشی "چه‌ند كۆبوونه‌وه‌و دیدارێكمان كردووه‌ به‌مه‌به‌ستی مسۆگه‌ركردنی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و تۆبه‌كارانه‌ی كه‌ نه‌چوونه‌ته‌ پاڵ داعش، به‌ڵام ئه‌م دۆسێیه‌ یه‌كێكه‌ له‌دۆسێ ئاڵۆزو گرنگه‌كان كه‌ پێویستی به‌رێككه‌وتنێكی سیاسی‌و ئه‌منی هه‌یه‌".

 

دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌ "هه‌ڵاتن مانای كه‌مته‌رخه‌می یان ناپاكی نییه‌ له‌به‌ر دڕنده‌یی دوژمن‌و باڵاده‌ستبوونی له‌ڕووی لۆجستیه‌وه‌و ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی پۆلیس كه‌ چه‌كی سووكیان پێیه‌ ناتوانن رووبه‌ڕووی دوژمنێك ببنه‌وه‌ كه‌ چه‌كی ناوه‌ندو قورسی زۆر پێشكه‌وتووی پێیه‌".

 

هه‌وڵی عه‌شایری‌و كۆمه‌ڵایه‌تیش له‌ئارادان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ره‌زامه‌ندی حكومی‌و ئه‌منی كه‌ رێگه‌ به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی زیاتر له‌چوار هه‌زار تۆبه‌كار بدات، ئه‌گه‌رچی ئه‌م هه‌نگاوه‌ش ئه‌رێنیه‌، به‌ڵام مۆركێكی ره‌سمی نییه‌ كه‌ زامنی ئه‌وه‌ بكات له‌ئاینده‌دا له‌رووی ئه‌منی‌و دادوه‌رییه‌وه‌ راوه‌دوو نه‌نرێن".

 

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ راجع عیساوی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئه‌منی له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای ئه‌نبار بۆ "نیقاش"ی دووپاتكرده‌وه‌ "ئه‌و رێوشوێنانه‌ی گیراونه‌ته‌به‌ر بێسوودن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و كه‌فاله‌ته‌ی ده‌درێته‌ تۆبه‌كاران‌و رێگه‌یان پێده‌دات بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌، ناویان له‌ریزی داواكراوان هه‌ڵناگرێت‌و به‌وه‌ش ئه‌گه‌ری ده‌ستگیركردنیان هه‌یه‌ له‌هه‌ر كاتێكدا".

 

وتیشی "پێشنیارێكمان كردووه‌ كه‌ رێگه‌ به‌هه‌مووان ده‌دات له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیان بگه‌رێنه‌وه‌و پاشان وردبینی له‌ناوه‌كانیاندا ده‌كرێت‌و ئه‌وانه‌ی تێوه‌گلانیان له‌گه‌ڵ گروپه‌كانی داعش به‌سه‌لمێت، ده‌ستگیرده‌كرێن".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌