راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سه‌عاتی سفر هات
له‌ناو موسڵه‌وه‌.. چۆن پێشوازی له‌هه‌واڵی ده‌ستپێكردنی شه‌ڕه‌ گه‌وره‌كه‌ ده‌كرێت؟

تایبه‌ت
ئه‌و گولله‌ تۆپانه‌ی له‌ده‌ستپێكی شه‌ڕی موسڵدا ته‌قێندران له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی جیهاندا ده‌نگیان دایه‌وه‌، به‌ڵام له‌و شاره‌دا كه‌ به‌گرنگترین مۆڵگه‌ی داعش داده‌نرێت كاریگه‌رییه‌كی تایبه‌تیان هه‌بوو.
21.10.2016  |  موسڵ
شەقامێکی موسڵ
شەقامێکی موسڵ

زۆربه‌ی دانیشتووانی موسڵ گوێیان له‌راگه‌یاندنی ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌ له‌ده‌ستی داعش نه‌بوو له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران له‌سه‌عاته‌كانی یه‌كه‌می رۆژی 17ی تشرینی یه‌كه‌م  بڵاویكرده‌وه‌، به‌ڵكو هه‌واڵه‌كه‌یان له‌و لوته‌ تۆپانه‌وه‌ پێگه‌یشت كه‌ له‌هه‌ردوو به‌ری خۆرهه‌ڵات‌و باكوور ده‌نگیان دایه‌وه‌.

 

تۆپه‌كان ترس‌و خۆشحاڵی دروست ده‌كه‌ن

موسڵییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌و چركه‌ساته‌ له‌خه‌و هه‌ستان كه‌ زیاتر له‌دوو ساڵ‌و چوار مانگ چاوه‌ڕوانیان كرد‌و خۆشحاڵی كردن، ئه‌گه‌رچی به‌ره‌و جه‌نگ‌و شه‌ڕێكی ناو شه‌قام ده‌چن كه‌ ره‌نگه‌ له‌ناوبه‌ر بێت.

 

دایكی‌ ئه‌حمه‌د (52 ساڵ) مامۆستایه‌و له‌گه‌ڕه‌كی میساق له‌خۆرهه‌ڵاتی موسڵ نیشته‌جێیه‌، ئه‌و یه‌كێكه‌ له‌هه‌زاران دانیشتووی ناوچه‌كه‌ كه‌ به‌بۆنه‌ی ده‌ستپێكردنی شه‌ڕه‌كان ئاهه‌نگ ده‌گێڕن، ئه‌و له‌په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا به‌"نیقاش"ی وت "به‌ده‌نگی چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌كی نائاسایی له‌خه‌و هه‌ستاین كه‌ تا به‌ره‌به‌یان به‌رده‌وامبوو، مێرده‌كه‌م ده‌نگه‌كه‌ی به‌وه‌ جیاكرده‌وه‌ كه‌ تۆببارانی سه‌ره‌تای ئۆپراسیۆنه‌كانی ئازادكردنه‌، ده‌نگی ئه‌و بێژه‌ره‌ش كه‌ هه‌واڵێكی به‌په‌له‌ی دووباره‌ ده‌كرده‌وه‌، پێشبینییه‌كانی ئه‌وی دووپات كرده‌وه‌".

 

دایكی‌ ئه‌حمه‌د كه‌ داعش به‌تۆمه‌تی ئه‌ندامێتی له‌گروپه‌كانی مقاوه‌مه‌ دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر كوڕه‌كه‌ی كوشتووه‌، وتی "به‌یانی زوو له‌ده‌رگای دراوسێكانمداو مژده‌ی هه‌واڵه‌ خۆشه‌كه‌م پێدان، ئیتر به‌دڵخۆشییه‌كی زۆره‌وه‌ پیرۆزباییمان له‌یه‌كتر كرد وه‌ك رۆژانی جه‌ژن". 

 

ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی عه‌بادی رایگه‌یاند كاریگه‌ریه‌كی باشی هه‌بوو له‌نێو دانیشتووانی ناوچه‌كه‌دا، چونكه‌ ئه‌و هێزانه‌ی دیاریكرد كه‌ ده‌چنه‌سه‌ر شاره‌كه‌ "ته‌نیا سوپای عێراق‌و پۆلیسی فیدڕاڵی"، به‌وه‌ش ترسی سه‌باره‌ت به‌هاتنه‌ناوه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی ره‌واندنه‌وه‌ كه‌ به‌ئه‌نجامدانی پێشێلكاری له‌تكریت‌و فه‌لوجه‌و شوێنه‌كانی تر تۆمه‌تبار كراوه‌.

 

هه‌روه‌ها ترس‌و چاوه‌ڕوانیش ئاماده‌ییان هه‌یه‌، خه‌ڵكی شاره‌كه‌ له‌باره‌ی سه‌لامه‌تیان پرسیار له‌یه‌كتر ده‌كه‌ن له‌"شه‌ڕێكی جیهانی"دا كه‌ پێشتر موسڵ به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌و نزیكه‌ی 60 ده‌وڵه‌ت به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن بۆ ده‌ركردنی دڕنده‌ترین رێكخراوی بێ ركابه‌ر له‌جیهاندا.

 

ترسێكی تریش له‌دڵی كه‌سوكاری ئه‌ندامانی داعش له‌ناوچه‌كه‌دا دروستبووه‌ به‌هۆی نادیاری چاره‌نووسیان‌و ئه‌گه‌ری تۆڵه‌لێكردنه‌وه‌یان به‌هۆی تاوانی كوڕه‌كانیانه‌وه‌، بۆیه‌ زۆربه‌یان یان به‌په‌له‌ موسڵیان به‌ره‌و ناوچه‌و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ر چۆڵكردووه‌ یاخود په‌نایان بۆ گه‌ڕه‌كی دیكه‌ بردووه‌.

 

رێكاره‌كانی دواچركه‌سات

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌ی نزیكه‌ی 1.5 ملیۆن كه‌سی له‌دانیشتووان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌، له‌رۆژی یه‌كه‌می ئه‌و شه‌ڕه‌دا كه‌ له‌دووری 15 كیلۆمه‌تر له‌باكوورو خۆرهه‌ڵاتی موسڵ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئاسایی هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌كرد، به‌ڵام واقیعه‌كه‌ خۆی سه‌پاند، خه‌ڵك روویانكرده‌ بازاڕه‌كان بۆ كڕینی خۆراك بۆ عه‌مباركردنی له‌ماڵه‌كانیاندا له‌ترسی گه‌مارۆیه‌ك كه‌ ره‌نگه‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك بخایه‌نێت.

 

باخچه‌ی ماڵی حاجی ئیبراهیم به‌درانی بووه‌ته‌ شوێنێك بۆ هه‌ڵگرتنی ئاوو عه‌مبارێكی گه‌وره‌یان تێدا داناوه‌ له‌ترسی وه‌ستانی پرۆژه‌كانی ئاو، هه‌روه‌ك حاجی به‌دران ژوورێكی گونجاوی هه‌ڵبژاردووه‌ تا خێزانه‌كه‌ی په‌نای بۆ ببات ئه‌گه‌ر شه‌ڕ بگه‌یشته‌ گه‌ڕه‌كه‌كان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ په‌نجه‌ره‌كانیشی به‌باشی داخستووه‌و شوێنی هه‌ڵگرتنی خۆراكی له‌نزیكیان داناوه‌، زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری دانیشتووان به‌م جۆره‌ خۆیان ئاماده‌ كردووه‌.

 

ئه‌م ئاماده‌كاریانه‌ به‌هه‌وڵی تاكه‌كه‌سی ئه‌نجام ده‌درێن ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی هه‌ڵاتن كه‌م بۆوه‌، داعش رێگه‌ نادات هیچ كه‌سێك له‌شاره‌كه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی بیانكاته‌ قه‌ڵغانی مرۆیی به‌مه‌به‌ستی رێگرتن له‌پێشڕه‌وی هێزه‌ عێراقییه‌كان‌و فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ئه‌نجامدانی هێرشه‌كانی، فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌ عێراقییه‌كانیش هانی دانیشتووان ده‌ده‌ن له‌ماڵه‌كانیاندا بمێننه‌وه‌، چونكه‌ كامپی ئاماده‌كراو نییه‌ بۆ پێشوازیكردن له‌ملیۆنان ئاواره‌.

 

داعش په‌نا بۆ ده‌موچاو هه‌ڵبه‌ستن‌و له‌خاچدان ده‌بات

پاش 48 سه‌عات له‌ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ كه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌پشتیوانی فڕۆكه‌و تۆپخانه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی جێبه‌جێیان كرد، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئازادكردنی رووبه‌ری 200 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ی رایگه‌یاند، له‌رۆژی چواره‌می شه‌ڕه‌كه‌شدا سوپای عێراق كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌یه‌ك سه‌نگه‌ردا شانبه‌شانی هێزه‌ كوردییه‌كان شه‌ڕده‌كات، توانی به‌رته‌له‌، یه‌كه‌م شارۆچكه‌ی مه‌سیحی ئازاد بكات، واته‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان 7 كیلۆمه‌تر له‌شاری موسڵه‌وه‌ دوورن.

 

ده‌شتی نه‌ینه‌وا له‌باكوورو خۆرهه‌ڵاتی موسڵ شانۆی سه‌ره‌كی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانه‌، ئه‌م ناوچه‌یه‌ تا ڕاده‌یه‌ك به‌ته‌واوی چۆڵبووه‌ له‌دانیشتووانه‌كه‌ی، چونكه‌ زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆریان مه‌سیحی‌و شه‌به‌ك‌و ئێزدین‌و پێشتر توندڕه‌وه‌كان رایانگواستوون.

 

به‌وته‌ی دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ ئه‌م رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌ سه‌رله‌نوێ ئه‌ندامانی له‌ناو شاره‌كه‌دا بڵاوكردۆته‌وه‌، خاڵی پشكنین‌و چه‌كدارانی پڕچه‌ك به‌درێژایی رێگا سه‌ره‌كییه‌كان بوونیان هه‌یه‌ به‌جۆرێكیش كه‌ نه‌بنه‌ ئامانجێكی ئاسان بۆ فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ به‌رده‌وام به‌ئاسمانی موسڵدا ده‌سوڕێنه‌وه‌.

 

ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجیشه‌ چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كان بۆ یه‌كه‌مجار له‌دوای كه‌وتنی موسڵ له‌حوزه‌یرانی 2014وه‌ ده‌موچاویان هه‌ڵبه‌ستووه‌، ئه‌وان ته‌نیا له‌گه‌ڵ سوپاو پێشمه‌رگه‌و هاوپه‌یمانی نێوه‌ده‌وڵه‌تی ناجه‌نگن، به‌ڵكو له‌راپه‌ڕینێكی ناوخۆییش ده‌ترسن.

 

چاوی داعش له‌سه‌ر دانیشتووان لاناچێت، ئه‌گه‌رچی ئامرازه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ هێشتا كاریگه‌ریان سنوورداره‌و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ نین، به‌ڵام كه‌سانێك هه‌ن پشتیان به‌هه‌لًگیرسانی راپه‌ڕین به‌ستووه‌ له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی هێزه‌ عێراقییه‌كان به‌موسڵ، وه‌ك ئه‌وه‌ی دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌گوندی حودی باشووری شاره‌كه‌ روویدا.

 

هێزه‌ عێراقییه‌كان دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر گونده‌كه‌یان به‌یارمه‌تی خه‌ڵكه‌كه‌ی كۆنترۆڵ كرده‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌كانی سوپادا ئه‌وانیش هێرشیان كرده‌ سه‌ر چه‌كدارانی داعش.

 

خزمی یه‌كێك له‌چه‌كدارانی داعش له‌ گوندی حود كه‌ برینداربووه‌و ئێستا له‌نه‌خۆشخانه‌ی موسڵ كه‌وتووه‌ قسه‌ی ئه‌و چه‌كداره‌ی بۆ "نیقاش" گواسته‌وه‌ كه‌ وتوویه‌تی "له‌دواوه‌ به‌چه‌كی سووك هێرشیان كرده‌ سه‌رمان ئیتر شڵه‌ژاین‌و په‌رته‌واوه‌ بووین، دواتر ناچار بووین هه‌ڵبێین‌و له‌دوای خۆشمان چه‌ند كوژراوێكمان به‌جێهێشت".

 

له‌رۆژی دووه‌می شه‌ڕه‌كه‌ی موسڵدا، داعش سێ گه‌نجی له‌سه‌ر پردی حوڕیه‌ی شاره‌كه‌ له‌خاچدا به‌تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیكردن به‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق‌و زانیاری پێدانیان له‌باره‌ی جموجوڵ‌و شوێنی چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه‌وه‌، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ شایه‌تحاڵێك له‌په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنیدا دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ "سێ رۆژ به‌و شێوه‌یه‌ هێشتوویاننه‌ته‌وه‌، پاشان دایانگرتوون".

 

سه‌مانین نه‌ك ئامین

شكستی داعش یه‌كلابۆته‌وه‌و ئه‌وه‌ش كه‌ چه‌كدارانی له‌به‌ره‌كانی جه‌نگ یاخود له‌ناو شاره‌كه‌دا ده‌یكه‌ن هه‌وڵێكی نه‌زۆكه‌ بۆ دواخستنی كۆتاییه‌كه‌یان، ماوه‌ی پێنج رۆژه‌ ده‌نگی وتاربێژه‌ توندڕه‌وه‌كان نووساوه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌مزگه‌وته‌كاندا به‌شه‌وو رۆژ له‌خودا پاڕاونه‌ته‌وه‌ تا "ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت به‌سه‌ر كافره‌كاندا" سه‌ربخات، نوێژكه‌رانیش له‌خه‌ڵكی شاره‌كه‌ ده‌بێت بڵێن "ئامین" ئه‌گینا سزا ده‌درێن، بۆیه‌ هه‌ندێكیان رێگایه‌كی پێكه‌نیناویان بۆ خۆلادان له‌ پشتیوانیكردن‌و سزاش له‌ هه‌مان كاتدا داهێناوه‌و له‌بری ئامین سه‌مانین (هه‌شتا) ده‌ڵێنه‌وه‌.

 

پێده‌چێت رۆژانێكی سه‌خت چاوه‌ڕوانی شاره‌كه‌و دانیشتووانه‌كه‌ی بێت، تا كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م راپۆرته‌ هێشتا ژیان له‌شاره‌كه‌دا تاڕاده‌یه‌ك ئاساییه‌، بازاڕه‌كان كراوه‌ن‌و هاتوچۆ به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام به‌م نزیكانه‌ ئه‌وه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، موسڵییه‌ گه‌مارۆدراوه‌كانیش به‌ته‌واوی درك به‌وه‌ ده‌كه‌ن‌و ده‌پرسن: هێزه‌كان گه‌یشتنه‌ كوێ؟

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌