راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

یاری‌ له‌گه‌ڵ مه‌رگدا
نامه‌ی‌ داعشێك بۆ پێشمه‌رگه‌یه‌ك: هه‌ردوكمان خه‌ریكین، بزانه‌ كاممان ئه‌مرین

رامیار جەواد
له‌پێشه‌وه‌ی‌ به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ داعش‌و پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕێكی‌ جیا له‌فیشه‌ك به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، هه‌ردوكیان كێبڕكێیانه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كامیان له‌ململانێی‌ چاندن‌و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی‌ بۆمبدا براوه‌ ده‌بێت.
13.10.2016  |  هه‌ولێر
به‌شێك له‌و مین‌و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ پوچه‌ڵی‌ كردوونه‌ته‌وه‌ ( :وێنه عبد الخالق دوسكي)
به‌شێك له‌و مین‌و ته‌قه‌مه‌نیانه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ پوچه‌ڵی‌ كردوونه‌ته‌وه‌ ( :وێنه عبد الخالق دوسكي)

داعش له‌شه‌ڕه‌كاندا هه‌ر ناوچه‌یه‌ك له‌ده‌ست ده‌دات له‌دوای‌ خۆی‌ دنیایه‌ك ته‌ڵه‌و بۆمب‌و ته‌قه‌مه‌نی‌ جۆراو جۆر داده‌نێ‌، بۆیه‌ دوای‌ وه‌ستانی‌ ده‌نگی‌ فیشه‌ك، به‌شی‌ دووه‌می‌ شه‌ڕه‌كه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ ئه‌ویش شه‌ڕی‌ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی‌ بۆمبه‌ چێنراوه‌كانه‌.

 

له‌هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لایه‌ن سێ‌ ده‌سته‌ی‌ جیاوازه‌وه‌ ئه‌و بۆمبانه‌ پوچه‌ڵده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ داعش دایانده‌نێن، ده‌سته‌ی‌ یه‌كه‌م ده‌زگای‌ مین‌و ده‌سته‌ی‌ دووه‌م تیمی‌ ئه‌ندازه‌یی‌ پێشمه‌رگه‌‌و ده‌سته‌ی‌ سێیه‌میش كه‌سانی‌ خۆبه‌خشن.

 

بۆمبه‌ چێنراوه‌كانی‌ داعش له‌هه‌ر به‌ره‌یه‌كی‌ جه‌نگدا هێنده‌ زۆرن له‌ژماردن نایه‌ن، هه‌ر پارچه‌یه‌كی‌ به‌جێماو له‌ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان قابیلی‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆمب بێت، نموونه‌ی‌ ئه‌و ته‌ڵانه‌ش زۆرن، دانانی‌ بۆمب له‌ناو مه‌نجه‌ڵ‌و وێنه‌ی‌ هه‌ڵواسراوو ده‌رگا‌و سه‌ر رێگاو بانه‌كان‌و له‌ناو كتێب‌و قورئان‌و ئاژه‌ڵی‌ مردوو  ئۆتۆمبێل‌و له‌ژێر ئاڵاكانی‌ داعشه‌وه‌.

 

تیمه‌كانی‌ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی‌ مین له‌گه‌ڵ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی‌ هه‌ر مین‌و بۆمبێكدا فێڵێكی‌ نوێ‌ ئاشكرا ده‌كه‌ن كه‌ پێشتر نه‌ زانیارییان له‌باره‌وه‌ هه‌بووه‌ نه‌ له‌یاساكانی‌ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی‌ ته‌قه‌مه‌نیدا خوێندویانه‌، بۆیه‌ ئێستا به‌شێكی‌ گرنگی‌ كاره‌كه‌یان پشت ده‌به‌ستێت به‌وریایی‌‌و لێهاتووی‌ خۆیان.

 

به‌ناوبانگترین ده‌سته‌ كه‌ له‌كوردستان ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن، تیمه‌كانی‌ ده‌زگا مینن كه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ سه‌ر به‌حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، ئه‌م ده‌زگایه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌كوردستان (600كم2) روبه‌ریان له‌مینی‌ جێماوی‌ شه‌ڕی‌ عێراق ئێران پاككردووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ شاره‌زاییه‌كی‌ زۆریان په‌یداكردووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رۆژانه‌ فێڵی‌ نوێ‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ داعش ده‌بینن.

 

محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی‌ ده‌زگای‌ مینی‌ هه‌رێم به‌"نیقاش"ی‌ وت "تیمه‌كانی‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پێشڕه‌وی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌ست ده‌كه‌ن به‌پاككردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ ئازاد ده‌كرێن".

 

سه‌رۆكی‌ ئه‌و ده‌زگایه‌ سه‌رسوڕمانی‌ خۆی‌ ده‌رده‌بڕێت له‌مین‌و بۆمبه‌كانی‌ داعش‌و ده‌ڵێت "له‌جیهاندا ستانداردێك هه‌یه‌ بۆ دروستكردنی‌ بۆمبه‌كان به‌كار ده‌هێنرێت‌و رێگاكانی‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌یان دیارن، به‌ڵام داعش له‌بۆمبه‌كانیدا هه‌موو شتێك تێكه‌ڵ ده‌كات، نازانرێت ئه‌و بۆمبه‌ی‌ دروستی‌ كردوه‌ هه‌ستیاره‌ یان ئه‌لكترۆنیه‌ یان كاته‌ یان سیمداره‌".

 

تیمه‌كانی‌ ده‌زگای‌ مینی‌ هه‌رێم له‌هه‌موو به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ له‌سنوری‌ پارێزگاكانی‌ هه‌ولێر‌و دهۆك‌و كه‌ركوك كارده‌كه‌ن، به‌پێی‌ ئاماری‌ ده‌زگاكه‌ش خاوه‌نی‌ 1418 كارمه‌نده‌ كه‌ 1050 فه‌رمانبه‌ریان كاتین، له‌ده‌ستپێكردنی‌ هێرشه‌كانی‌ داعشه‌وه‌ تائێستا (7800) بۆمبیان پوچه‌ڵكردووه‌ته‌وه‌ پێنج شه‌هیدیان داوه‌.

 

محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د سه‌رسوڕمانی‌ خۆی‌ نیشان ده‌دات له‌و خێراییه‌ی‌ داعش له‌دانانی‌ بۆمبه‌كاندا په‌یڕوه‌ی‌ ده‌كات‌و ده‌ڵێت "ناوچه‌ هه‌بووه‌ هه‌فته‌یه‌ك به‌ده‌ست داعشه‌وه‌ بووه‌، كه‌ پێشمه‌رگه‌ ئازادی‌ كردووه‌ته‌وه‌ بینیومانه‌ هه‌مووی‌ به‌بۆمب ته‌نراوه‌".

 

له‌پاڵ ده‌زگای‌ میندا تیمه‌كانی‌ ئه‌ندازه‌یی‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ن، به‌شێكی‌ گرنگ له‌و ناوچانه‌ پاك ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ده‌ست پێشمه‌رگه‌.

 

نه‌قیب سابر سه‌عید ساڵح پێشمه‌رگه‌یه‌كه‌ له‌تیمی‌ ئه‌ندازه‌یی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌ سه‌لامه‌تی‌ گیانمان ده‌خه‌ینه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ گیانی‌ پێشمه‌رگه‌كانی‌ هاوڕێمان پارێزراو بێت".

 

ئه‌و پێشمه‌رگه‌ ته‌مه‌ن (27) ساڵه‌، به‌ر له‌وه‌ی‌ كاره‌كه‌ی‌ ده‌ست پێبكات ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگ له‌ئه‌ڵمانیا به‌شداری‌ چه‌ند كۆرسێكی‌ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی‌ مینی‌ كردووه‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ی‌ له‌كوردستان ئه‌وه‌یه‌ هیچ كه‌لوپه‌لێكی‌ پێویستی‌ بۆ كاره‌كه‌ی‌ پێ نییه‌، نه‌ جل‌و به‌رگی‌ دژه‌ كیمیایی‌‌و نه‌ گولله‌نه‌بڕ.

 

ناقیب سابر ده‌ڵێت "به‌رده‌وام رووبه‌رووی‌ مه‌ترسی‌ ده‌بینه‌وه‌، كاتێك پێشمه‌رگه‌ هێرش ئه‌نجام ئه‌دات ده‌بێت له‌دوای‌ ئوتومبێلی‌ یه‌كه‌مه‌وه‌ بین بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ر ڕێگاكان پاك بكه‌ینه‌وه‌ هه‌ندێكجار تیرۆریسته‌كان له‌نزیك شوێنی‌ بۆمبه‌كان تونێلیان لێداوه‌ ئه‌بێت شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ بكه‌ین‌و بۆمبه‌كه‌ش پوچه‌ڵ بكه‌ینه‌وه‌".

 

نه‌قیب سابیر كه‌ له‌لای‌ هاوڕێكانی‌ به‌"دڵی‌ شێره‌كه‌" ناسراوه‌ ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ بۆمب هه‌بووه‌ له‌كاتی‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی‌ بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ مادده‌ی‌ كیمیایی‌ له‌گه‌ڵدا داندراوه‌.

 

له‌مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ ساڵی‌ 2014ه‌وه‌ له‌هه‌موو شاره‌كانی‌ كوردستان ژماره‌یه‌ك گه‌نج به‌شێوه‌یه‌كی‌ خۆبه‌خش چوونه‌ پاڵ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌، ئێستا له‌نێو ئه‌وانه‌ تیایاندا ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌زموونی‌ خۆی‌ به‌باشی‌ شاره‌زایی‌ له‌پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی‌ بۆمبدا په‌یداكردووه‌.

 

شه‌پۆڵ فه‌تحی‌ (22 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌پێشمه‌رگه‌ خۆبه‌خشه‌كان كه‌ جگه‌ له‌چه‌ند كه‌لوپه‌لێكی‌ ساده‌ی‌ هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی‌ مین به‌رده‌وام گوریسێكی‌ 35 مه‌ترو موبایلێكی‌ بێ‌ پاتری‌ پێیه‌و له‌سنوری‌ باشوری‌ كه‌ركوك سه‌ردانی‌ به‌ره‌كانی‌ جه‌نگ ده‌كات‌و بۆمبه‌كان پوچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌ .

 

شه‌پۆڵ به‌"نیقاش"ی‌ وت "خۆشترین هه‌واڵ لای‌ من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێم ده‌ڵێن بۆمبێك هه‌یه‌ وه‌ره‌ پوچه‌ڵی‌ بكه‌وه‌، وا ئه‌زانم بڕوانامه‌ی‌ شه‌ڕه‌فمه‌ندیم پێده‌درێت".

 

شه‌پۆل بۆ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و بۆمبانه‌ بزانێت كه‌ پوچه‌ڵی‌ كردوونه‌ته‌وه‌، هه‌ر بۆمبێك پوچه‌ڵ بكاته‌وه‌ شوختێك له‌ئۆتۆمبێله‌كه‌ی‌ ده‌دات، هه‌ر بۆمبێكیش نه‌توانێت پوچه‌ڵی‌ بكاته‌وه‌ گوریسه‌كه‌ی‌ ده‌ستی‌ تێده‌خات‌و له‌دووره‌وه‌ ده‌یجوڵێنێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ بته‌قێته‌وه‌.

 

ئه‌و پێشمه‌رگه‌ گه‌نجه‌ ده‌ڵێت "فێڵه‌كانی‌ داعش هێنده‌ زۆرن ڕه‌نگه‌ دواتر له‌كۆلێژه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ وڵاتانی‌ جیهاندا بخوێندرێن".

 

سه‌باره‌ت به‌و مۆبایله‌ بێ پاترییه‌ش كه‌ پێیه‌تی‌ شه‌پۆل هه‌موو نهێنی‌ كاره‌كه‌ی‌ باس ناكات ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێت كه‌ بۆ به‌تاڵكردنه‌وه‌ی‌ وزه‌ی‌ بۆمبه‌كان به‌كاری‌ ده‌هێنێت، چونكه‌ "له‌جیهاندا هیچ بۆمبێك به‌ بێ‌ ماگنێت كار ناكات ته‌نها بۆمبی‌ داعش نه‌بێت هه‌ندێك جار به‌بێ‌ ووزه‌ كار ده‌كات ".

 

شه‌پۆڵ له‌باره‌ی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و بۆمبانه‌ی‌ پوچه‌ڵی‌ كردۆته‌وه‌ ده‌ڵێت "923 شوخت له‌سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌م  هه‌ڵكه‌نراوه‌" وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ژماره‌ی‌ ئه‌و بۆمبانه‌ی‌ له‌دوو ساڵی‌ رابردوودا پوچه‌ڵی‌ كردوونه‌ته‌وه‌.

 

یه‌كێك له‌رووداوه‌ هه‌ره‌ سه‌یره‌كان كه‌ له‌بیر شه‌پۆل ناچێته‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ كاتێك له‌خوارووی‌ كه‌ركوك خه‌ریكی‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی‌ بۆمبێك بووه‌ بینیوێتی‌ داعشه‌كه‌ نامه‌یه‌كی‌ نوسراوی‌ بۆ جێهێشتووه‌ كه‌ له‌سه‌ری‌ نوسراوه‌ "كاری‌ من و تۆ ته‌واو نابێت، من دای‌ ئه‌نێم تۆ هه‌ڵی‌ بگره‌وه‌ بزانین كاممان ئه‌مرین".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌