راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

خاوه‌نی‌ ئه‌م خانووه‌ خوێن قه‌رزاره‌
به‌ده‌ستی‌ داعش‌و عه‌شیره‌ته‌كان خانووه‌كانی‌ رومادی‌ وێران ده‌كرێن

که‌مال عه‌یاش
تا داعش له‌روومادی‌ بوو هه‌رچی‌ خانوویه‌ك ده‌یویست ده‌یكرده‌ موڵكی‌ خۆی‌، ئێستا هاوكێشه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ بووه‌ته‌وه‌، هه‌ر خێزانێكی‌ كوڕێكی‌ داعشی‌ هه‌بووبێت له‌لایه‌ن عه‌شیره‌ته‌كانه‌وه‌ ده‌ست به‌سه‌ر خانووه‌كه‌یدا…
13.10.2016  |  ئه‌نبار
Tribal justice ( :وێنه Kamal al-Ayash)
Tribal justice ( :وێنه Kamal al-Ayash)

جاران هه‌ر وێنه‌یه‌كی‌ روومادی‌ بڵاوبكرابایه‌وه‌ زه‌حمه‌ت بوو خانوویه‌ك یان زیاتر له‌گه‌ڕه‌كێكدا نه‌بینی‌ له‌سه‌ر دیواره‌كه‌ی‌ نوسرابێت "وه‌قفی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌"، به‌ڵام ئێستا نوسراوی‌ به‌شێك له‌سه‌ر دیواره‌كان گۆڕدراون بۆ "داواكراوه‌ به‌عه‌شایه‌ری‌".

 

                   

شتێكی سه‌یر نیه‌ له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی عه‌شایری وه‌ك ئه‌نباردا (110 كم خۆرئاوای به‌غدای پایته‌خت) عه‌شیره‌ت باڵاده‌ست بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ بووه‌ته‌ دیارده‌یه‌ك كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌بوونی یاسایه‌و بواریش ده‌دات چاره‌نووسی هه‌ندێك هاوڵاتی به‌حوكمی عورفی دیاری بكرێت، ئه‌گه‌رچی دادگاش یه‌ك به‌ڵگه‌ی بۆ تۆمه‌تباركردنی له‌لا نه‌بێت.

 

عه‌شیره‌ته‌كان رێگای خۆیان هه‌یه‌ بۆ به‌دواداچوون‌و جێبه‌جێكردنی سزاكان به‌سه‌ر ئه‌و ماڵانه‌ی‌ گومانده‌كه‌ن كوڕێكیان یان كه‌سێكیان داعشه‌، ئه‌و سزایانه‌ به‌ده‌سته‌واژه‌ی "داواكراوه‌ به‌عه‌شایری" ده‌ست پێده‌كات كه‌ به‌خه‌تێكی گه‌وره‌و به‌ره‌نگی‌ سوور له‌سه‌ر یه‌كێك له‌دیواره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی خانووه‌كه‌ ده‌نووسرێت.

 

ئه‌بو عامر پیاوێكه‌ له‌ده‌یه‌ی شه‌شه‌می ته‌مه‌نیدایه‌، هه‌وڵی فرۆشتنی خانووه‌كه‌ی له‌گه‌ڕه‌كی مه‌لعه‌ب ده‌دات تا بتوانێت جارێكی تر به‌زاواكه‌ی‌و تاكه‌ كچه‌كه‌ی شاد بێته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌وه‌ ناچاركراون نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌.

 

ئه‌بو عامر به‌"نیقاش"ی‌ وت "تووشی شۆك بووم كاتێك گه‌ڕامه‌وه‌و بینیم خانووی زاواكه‌م كه‌ به‌ته‌نیشت خانووه‌كه‌ی خۆمه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ری نووسراوه‌ داواكراوه‌ به‌عه‌شایری، هه‌موو هه‌وڵێكمان له‌رێی یاساو هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ خسته‌گه‌ڕ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌هه‌وڵی چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و عه‌شایری، به‌ڵام هه‌موویان بێ سوود بوون".

 

ئه‌بو عامر ده‌شڵێت "نه‌موێرا بچمه‌ ناو خانووه‌كه‌ یاخود خۆمی بگه‌یه‌نمێ، چونكه‌ ده‌زانین ئه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌  ده‌نووسن، به‌باشی چاودێری خانووه‌كه‌ ده‌كه‌ن‌و زۆرجاریش ئه‌و هێزه‌ ئه‌منیانه‌ن كه‌ له‌و ناوه‌ نزیكن ده‌بنه‌ ئه‌و چاوانه‌ی چاودێری هه‌ر كه‌سێك ده‌كه‌ن له‌و خانووانه‌ نزیك ببێته‌وه‌، كه‌ پاش نووسینی ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ بوونه‌ته‌ ناوچه‌ی قه‌ده‌غه‌كراو".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "رۆژێكیان به‌ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی زۆر نزیك خه‌به‌رمان بووه‌وه‌، وامان ده‌زانی له‌ناو خانووه‌كه‌ماندا رویداوه‌، كاتێكیش ته‌پوتۆزه‌كه‌ نیشته‌وه‌، بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌كه‌ بووه‌و چه‌كدارانی عه‌شیره‌ته‌كان خانووی كچه‌كه‌م‌و مێرده‌كه‌یان ته‌قاندۆته‌وه‌، ئه‌و كاته‌ دركم به‌وه‌ كرد كه‌ ناتوانم جارێكی تر له‌م شاره‌دا نه‌وه‌كانم له‌ئامێزبگرم، ئیتر له‌و كاته‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م خانووه‌كه‌م بفرۆشم بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر له‌ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكه‌ یاخود له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌دیداریان شاد ببمه‌وه‌".

 

عێراقیه‌كان به‌بینینی ده‌سته‌واژه‌ی "داواكراوه‌ به‌عه‌شایری" له‌سه‌ر هه‌ندێك له‌موڵك‌و ماڵه‌كان له‌شاره‌ جیاجیاكانی عێراقدا راهاتوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌پارێزگای ئه‌نباردا رووده‌دات زۆر جیاوازه‌، چونكه‌ ده‌ستوه‌ردانی عه‌شایری لێره‌ نایه‌وێت به‌سه‌ندنی سه‌رانه‌ كۆتایی به‌ناكۆكی بهێنێت، به‌ڵكو ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ تۆڵه‌ له‌و كه‌سانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ به‌ئه‌ندامێتی ئه‌و رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌ تۆمه‌تبارن.

 

عومه‌ر راوی (53 ساڵ) كه‌ له‌گه‌ڕه‌كی ته‌ئمیم نیشته‌جێیه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "پێشتر ده‌مانزانی كێن ئه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ ده‌نووسن، چونكه‌ هۆكاره‌كه‌ی به‌زۆری ناكۆكی عه‌شایری بوو كه‌ لایه‌نه‌كانی ناسراو بوون له‌لامان‌و ئامانجیشیان سه‌ندنی سه‌رانه‌ بوو بۆ كۆتایی هێنان به‌ناكۆكیه‌كان، به‌ڵام ئه‌مڕۆ بارودۆخه‌كه‌ ته‌واو جیاوازه‌، چونكه‌ شه‌وانه‌و كاتی قه‌ده‌غه‌كردنی هاتووچۆ، ساتی‌ نموونه‌ییه‌ بۆ نووسینی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ی ده‌سه‌ڵات‌و چه‌كیان هه‌یه‌".

 

راوی ده‌ڵێت "15 رۆژه‌ من له‌ده‌ره‌وه‌ی خانووه‌كه‌مم‌و ناتوانم بگه‌ڕێمه‌وه‌، چونكه‌ ده‌وترێت ئه‌بو ئه‌وسی دراوسێم كه‌ ئاسنگه‌ر بوو كاری بۆ به‌رژه‌وه‌ندی داعش كردووه‌، به‌یانیه‌ك له‌كاتی چوونم بۆ سه‌ر كار هه‌مان ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌م له‌سه‌ر خانووه‌كه‌ی‌ بینی، به‌خێرایی گه‌ڕامه‌وه‌و له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م كه‌لوپه‌لمان پێچایه‌وه‌و خانووه‌كه‌مان به‌ره‌و شوێنێكی نزیك به‌جێهێشت تا كاری خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و خانووه‌ ته‌واو ده‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌ له‌ هه‌ر كاتێكدا بته‌قێندرێته‌وه‌".

 

سه‌عد بیلاوی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌دانیشتووانی گه‌ڕه‌كی شوڕته‌ له‌ناوه‌ڕاستی شاری رومادی، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ته‌نیا گه‌ڕه‌كی شوڕته‌ ده‌یان خانووی تێدایه‌ ده‌سته‌واژه‌ی جیاجیایان له‌سه‌ر نووسراوه‌ له‌وانه‌ (خوێن قه‌رزاره‌و داواكراوه‌ به‌عه‌شایری) هه‌ندێك جاریش نیشانه‌ی (x) ده‌بینرێت كه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی ئه‌و خانووه‌ داواكراوه‌.

 

بیلاوی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ئه‌م كارانه‌ ده‌كه‌ن له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ كارئاسانیان بۆ ده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌و كه‌سانه‌مان نه‌بینیوه‌ كه‌ ئه‌و ده‌سته‌واژانه‌ ده‌نووسن‌و له‌وانه‌یه‌ به‌شه‌و نووسرابن، ئێستاش ئه‌وه‌ ده‌زانین كه‌ ئه‌و خانووه‌ی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی له‌سه‌ر ده‌نووسرێت، له‌ماوه‌ی دوو سێ ڕۆژدا ده‌ته‌قێندرێته‌وه‌".

 

نه‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و نه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆجێیه‌تی‌ ئه‌نبار ده‌ستی‌ به‌سه‌ر ئه‌و عه‌شیه‌رتانه‌دا ناشكێت، بۆیه‌ چاوه‌ڕوانن رۆژانه‌ به‌به‌ر چاوی‌ ئه‌وانه‌وه‌ی‌ خانووی‌ دیكه‌ بته‌قێندرێنه‌وه‌.

 

راجع به‌ره‌كات عیساوی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئه‌منی پارێزگای ئه‌نبار به‌"نیقاش"ی وت "دیمه‌نی ئه‌و حوكمه‌ عورفیانه‌ی عه‌شایره‌كان جێبه‌جێیان ده‌كه‌ن له‌پاش كۆتاییهاتنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئازادكردنه‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه‌كان بۆ شاره‌ ئازادكراوه‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان‌و دیار له‌زۆربه‌ی شاره‌كانی ئه‌نبار بڵاوبووه‌ته‌وه‌، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌تی خۆجێیی‌و سیستمی دادوه‌ری لاوازن، به‌ڵكو له‌به‌ر په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی نێوان خێزانی تۆمه‌تباره‌كان‌و كه‌سوكاری قوربانیان".

 

وتیشی "حكومه‌تی خۆجێیی له‌ڕێی كۆبوونه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌كانی له‌گه‌ڵ پیاوماقوڵ‌و ریش سپیانی عه‌شیره‌ته‌كانه‌وه‌ توانیویه‌تی سنوورێك بۆ ئه‌و دیارده‌یه‌ دابنێت‌و وای لێ بكات ببێته‌ هه‌ڵسوكه‌وتێكی تاكه‌ كه‌سی‌و نه‌گاته‌ ئاستی عه‌شیره‌ته‌كان كه‌ پێشترو ئێستاش زامنی ئارامی بوون".

 

له‌هه‌مان رووه‌وه‌ مه‌حمود ریشاوی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شێخانی عه‌شیره‌ته‌كانی ئه‌نبار ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ "هه‌موو شێخان‌و پیاوماقوڵانی ئه‌نبار بڕیاریان داوه‌ به‌لانی كه‌مه‌وه‌ له‌ئێستادا خێزانی داعش له‌و شارانه‌دا نه‌بن كه‌ به‌خوێنی رۆڵه‌كانمان ئازاد كراون، تا ئه‌و كاته‌ ده‌توانین تاوانباران ده‌ستنیشان بكه‌ین یاخود بێبه‌ریبوونی خێزانه‌كان له‌و كه‌سوكارانه‌یان مسۆگه‌ر بكه‌ین كه‌ بوونه‌ته‌ هۆكاری تاوانی كوشتن‌و راگواستن".

 

ده‌شڵێت "كه‌س ناتوانێت ژماره‌ی ئه‌و خانووانه‌ دیاری بكات كه‌ داواكراون به‌عه‌شایری، به‌زۆری هه‌ر كه‌سێك باوك یان برایه‌كی كوژرابێت یاخود له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ ئازار درابێت، پێی وایه‌ به‌هۆی ئه‌و زیانه‌ی لێی كه‌وتووه‌ پشتیوانیه‌كی گه‌وره‌ی عه‌شیره‌ته‌كه‌ی به‌ده‌ستده‌هێنێت بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌و كه‌سه‌".

 

وتیشی "چه‌ند گوندێكی بچووك له‌باكوورو خۆرهه‌ڵاتی رومادی كه‌ سه‌ر به‌عه‌شیره‌تی گه‌وره‌ی وه‌كو عه‌شیره‌تی ئه‌لبوفه‌هدو ئه‌لبوغانم‌و ئه‌لبوبالی-ین زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌یان ناچاركراون جێیانبهێڵن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌هاوكاریكردنی گروپه‌كانی داعش تۆمه‌تبارن".

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌