راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سوری‌‌و لیبی‌و تونسی‌ تێدایه‌
گۆڕستانی نوێی‌ چه‌كدارانی‌ داعش له‌خوێندنگاكانی‌ فه‌لوجه‌ ده‌دۆزرێنه‌وه‌

موستەفا سەعدون
سێ‌ مانگ زیاتر به‌سه‌ر ئازادكردنی‌ فه‌لوجه‌ تێپه‌ڕیوه‌و هه‌موو رۆژێك نهێنییه‌كی‌ نوێ‌ ئاشكرا ده‌بێت، دواترینیان دۆزینه‌وه‌ی‌ گۆڕستانێكه‌ له‌ناو خوێندنگایه‌كی‌ شاره‌كه‌دا كه‌ فه‌رمانده‌كانی‌ داعشی‌ تیا نێژراوه‌.
6.10.2016  |  فه‌لوجه‌
به‌سه‌دان چه‌كداری‌ داعش له‌گۆڕه‌پانی‌ خوێندنگاو شوێنه‌ گشتییه‌كانی‌ دیكه‌ نێژراون
به‌سه‌دان چه‌كداری‌ داعش له‌گۆڕه‌پانی‌ خوێندنگاو شوێنه‌ گشتییه‌كانی‌ دیكه‌ نێژراون

له‌ودیو دیواری خوێندنگه‌یه‌كی‌ چۆڵه‌وه‌ داعش گۆڕستانێكی تایبه‌تی دروستكردووه‌ بۆ چه‌كداره‌ عێراقی‌‌و بیانیه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ دیارترین فه‌رمانده‌كانی، له‌نێویاندا ئه‌بو ته‌ڵحه‌ی موهاجیرو ئه‌بو قه‌تاده‌ی لیبی‌و ئه‌بو ئه‌نه‌سی سوری.

 

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق له‌حوزه‌یرانی رابردوودا‌و له‌ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازیدا كه‌ سێ هه‌فته‌ی خایاند به‌به‌شداری سوپاو حه‌شدی شه‌عبی‌و فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، توانیان فه‌لوجه‌ كۆنترۆڵ بكه‌نه‌وه‌، دواتریش وره‌ ورده‌ خێزانه‌ ئاواره‌كانی شاره‌كه‌ ده‌ستیان به‌گه‌ڕانه‌وه‌ كرد.

 

له‌رۆژانی‌ دواتری‌ دوای‌ ئازادكردنی‌ شاره‌كه‌ ئینجا روون بووه‌وه‌ كه‌ داعش چۆن فه‌لوجه‌ی‌ به‌ڕێوه‌بردووه‌، ئه‌ویش له‌رێی‌ ئاشكرابوونی‌ جبه‌خانه‌و كارگه‌كانی‌ چه‌ك‌و ئه‌و بڕیاره‌ كاڕگێڕیانه‌ی‌ كه‌ ده‌ریكردبوون، له‌نێو دۆزراوه‌كانیشدا گۆڕستانێك هه‌یه‌ كه‌ 500 گۆڕی له‌خۆگرتووه‌، گۆڕه‌كان به‌ژماره‌ ریزبه‌ند كراون‌و له‌یه‌ك ده‌ستپێده‌كات تا 500، له‌سه‌ر كێلی هه‌ر گۆڕێكیش ناوی كوژراوه‌كان‌و مێژووی مردنیان به‌رۆژو مانگ‌و ساڵ نووسراوه‌و زۆربه‌شیان له‌ماوه‌ی چوار مانگی پێش ئازادكردنی‌ شاره‌كه‌ كوژراون.

 

فه‌ریق روكن عه‌بدولوه‌هاب ساعدی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئازادكردنه‌وه‌ی فه‌لوجه‌ به‌"نیقاش"ی وت "ره‌نگه‌ ئه‌م گۆڕستانه‌ یه‌كێك بێت له‌چه‌ند گۆڕستانێك كه‌ داعش بۆ كوژراوانی دروستی كردوون، ئه‌ویش له‌دوای ئه‌و گورزه‌ سه‌ربازیه‌ گه‌ورانه‌ی له‌كاتی پرۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی فه‌لوجه‌دا دووچاریان هات، كوژرانی 500 ئه‌ندامیشی به‌راورد به‌قه‌باره‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ی له‌وێ به‌ڕێوه‌چوو، كه‌مه‌".

 

ده‌شڵێت "داعش باوه‌ڕی وابووه‌ كه‌ به‌ته‌واوی ده‌ستی به‌سه‌ر شاری فه‌لوجه‌دا گرتووه‌و كه‌س ناتوانێت له‌ژێر ده‌ستی ده‌ربهێنێت، بۆیه‌ گۆڕستان‌و دادگای شه‌رعی دروست كردووه‌، به‌ڵام دواجار هیچیان لێ نه‌مایه‌وه‌، ئه‌م گۆڕستانه‌ش شایه‌تحاڵه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق له‌شه‌ڕی ئازادكردنی فه‌لوجه‌‌و توانایان له‌كۆتاییهێنان به‌تیرۆر".

 

ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ نیوه‌ی گۆڕه‌كان چه‌ند رۆژێكی كه‌م به‌ر له‌ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی فه‌لوجه‌ هه‌ڵكه‌ندراوان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ژماره‌ 250 ده‌ستپێده‌كه‌ن بۆ 500، هه‌رچی ئه‌و گۆڕانه‌شه‌ كه‌ به‌ ژماره‌ 1 ده‌ستپێده‌كه‌ن بۆ 250 ئه‌وا كۆنن‌و هی ئه‌و چه‌كدارانه‌ن كه‌ له‌ شه‌ڕه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی فه‌لوجه‌دا كوژراون‌و هێنراون بۆ ئه‌وێ بۆ ناشتنیان.

 

شێوه‌ی گۆڕه‌كان به‌ڕوونی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ په‌له‌و بێ بایه‌خانه‌ هه‌ڵكه‌ندراون، ته‌نانه‌ت كێلی گۆڕه‌كانیش كه‌ ناوی كوژراوان‌و مێژووی مردنه‌كه‌یان له‌سه‌ر نووسراوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی په‌له‌و بێ بایه‌خپێدان نووسراوان، بگره‌ هه‌ندێكیان هه‌ڵه‌ی زمانه‌وانیشیان تێدایه‌.

 

عه‌مید یه‌حیا ره‌سوڵ وته‌بێژی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق به‌"نیقاش"ی وت "رێژه‌یه‌كی زۆری ئه‌وانه‌ی له‌م گۆڕستانه‌دا نێژراون له‌چه‌كداره‌ بیانیه‌كانن‌و پێموابێت ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 80%، ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ ئه‌مانه‌ن كه‌ ده‌یانه‌وێت ره‌وشی شاری فه‌لوجه‌و شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق خراپ بێت‌و بكه‌ونه‌ ژێر ده‌ستی تیرۆره‌وه‌".

 

شایه‌تحاڵێك له‌و هاوڵاتییه‌ مه‌ده‌نیانه‌ی له‌قه‌زای فه‌لوجه‌ نیشته‌جێن، له‌كاتی ئه‌و گه‌شته‌ی "شانه‌ی راگه‌یاندنی جه‌نگی" له‌فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان رێكیخستبوو، له‌نزیك گۆڕستانه‌كه‌ وه‌ستابوو، باسی بوونی گۆڕی دیكه‌ی له‌ناوچه‌كه‌دا كرد، به‌ڵام ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ زه‌حمه‌ته‌ ئێستا بدۆزرێنه‌وه‌.

 

ئه‌و شایه‌تحاڵه‌ كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت به‌"نیقاش"ی وت "له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی ئازادكردنی فه‌لوجه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراقه‌وه‌ ژماره‌ی كوژراوانی رێكخراوه‌كه‌ زیادی كردووه‌، ئه‌مه‌ش ناچاری كردووه‌ هه‌ندێك له‌گۆڕه‌كانی نێو گۆڕستانه‌كه‌ پڕبكاته‌وه‌و گۆڕی نوێ هه‌ڵبكه‌نێت كه‌ ئه‌وانه‌ن ئێستا ده‌ركه‌وتوون".

 

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ سه‌لامه‌ خه‌فاجی ئه‌ندامی كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌راگه‌یه‌ندراوێكی رۆژنامه‌وانیدا داوایكرد "لایه‌نه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان گۆڕستانه‌كه‌ بپارێزن تا ببێته‌ شایه‌تحاڵی سه‌ركه‌وتنی هێزه‌ قاره‌مانه‌كانمان".

 

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌سه‌ر كێلی گۆڕه‌كان نووسراون له‌ناوو ره‌گه‌زنامه‌‌و مێژووه‌كان، به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گرن له‌سه‌ر بوونی ئه‌ندامانی عه‌ره‌ب له‌ریزه‌كانی داعشدا، بۆیه‌ پێویسته‌ توێژه‌ران‌و ئه‌وانه‌ی بایه‌خ به‌بڵاوبوونه‌وه‌ی داعشه‌كان ده‌ده‌ن له‌سه‌ر ئاستی جیهان، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گۆڕستانه‌كانی تیرۆریستان له‌فه‌لوجه‌و خالیدیه‌ بكه‌ن‌و نه‌خشه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی بۆفراوانبوونی داعش له‌ده‌وڵه‌تانی جیهاندا دابنێن".

 

ده‌شڵێت "بوونی ته‌رمی تیرۆریسته‌كان‌و زانیاری له‌سه‌ریان له‌سه‌ر خاكی عێراق، راستی مێژوویی گرنگن بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو".

 

ئه‌وه‌ی‌ تائێستا ده‌ركه‌وتووه‌ بێباكی‌ حكومه‌ته‌ به‌رامبه‌ر به‌گۆڕه‌كان‌و بایه‌خ پێنه‌دانیان، چونكه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ره‌نگه‌ گۆڕه‌كان بڕوخێنێت‌و ته‌رمه‌كانیش بگوازێته‌وه‌ بۆ شوێنێكی تر به‌مه‌به‌ستی سه‌رله‌نوێ ئاماده‌كردنه‌وه‌ی خوێندنگه‌كه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خوێندكاران له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای ساڵی نوێی خوێندن‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌دان ئاواره‌ بۆ شاره‌كه‌.

 

فه‌لوجه‌ به‌ر له‌ئازادكردنی به‌دووه‌م گه‌وره‌ترین مۆڵگه‌ی داعش له‌دوای موسڵ داده‌نرا، به‌ڵام مه‌ترسیدارترینیان بوو، باوه‌ڕیش وایه‌ گۆڕستانی دیكه‌ی رێكخراوه‌كه‌ له‌فه‌لوجه‌ بدۆزرێنه‌وه‌ كه‌ یان هی ئه‌ندامه‌كانیه‌تی یاخود هی قوربانیانه‌ له‌ئه‌ندامانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان یان ئه‌و هاووڵاتیه‌ مه‌ده‌نیانه‌ی له‌كاتی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی شاره‌كه‌دا كوشتوونی.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌