راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

حكومه‌ت بێده‌سه‌ڵاته‌
جبه‌خانه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌به‌غدا ده‌كه‌ن

ئیبراهیم ساڵح
دانیشتووانی ناوچه‌ی عوبه‌یدی خۆرهه‌ڵاتی به‌غدا تووشی ترس‌و دڵه‌ڕاوكێ بوون دوای ئه‌وه‌ی گوێیان له‌ده‌نگی چه‌ند ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ بوو، دواتر بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ ئاگر له‌جبه‌خانه‌یه‌كی نهێنی چه‌ك…
29.09.2016  |  به‌غدا
وێنه‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ڤیدیۆوه‌ وه‌رگیراوه‌
وێنه‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ڤیدیۆوه‌ وه‌رگیراوه‌

رووداوه‌كه‌ دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر روویدا، ئه‌و رۆژه‌ موشه‌ك‌و گوله‌ هاوه‌ن له‌جبه‌خانه‌كه‌وه‌ ده‌هاتن‌و له‌ناوچه‌كانی ده‌روبه‌ر له‌فه‌زیلیه‌و كه‌مالیه‌‌و به‌تول‌و مه‌شته‌ل ده‌كه‌وتنه‌وه‌، ناوچه‌ی عوبه‌یدیه‌ش بۆخۆی‌ به‌شی زۆری وێرانكارییه‌كه‌ی به‌ركه‌وت، به‌هۆی‌ ئه‌و رووداوه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی مه‌ده‌نی له‌نێو كوژراوو برینداردا بوون‌و به‌شێكی‌ زۆری‌ بیناو ماڵه‌كان زیانی‌ گه‌وره‌یان به‌ركه‌وت، دوای‌ ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ خه‌ڵك ده‌یانپرسی‌: ده‌بێت چۆن ئه‌م چه‌كانه‌ هاتبنه‌ ناو ناوچه‌یه‌كی نیشته‌جێبوون له‌ناوه‌ڕاستی‌ به‌غدا؟

 

ئه‌و عه‌مباره‌ی رووداوه‌كه‌ی تێدا روویدا تایبه‌ت بوو به‌كارگه‌یه‌كی چۆڵكراوو ئێستا "كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵا" كه‌ یه‌كێكه‌ له‌گروپه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی" به‌كاریده‌هێنێت‌و كردوویه‌تیه‌ جبه‌خانه‌یه‌ك بۆ چه‌كه‌كانی، دواتریش ده‌ركه‌وت كه‌ گروپه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی" ناوچه‌ شیعه‌نشینه‌كانی ناوه‌ڕاستی به‌غدایان كردۆته‌ شوێنێك بۆ عه‌مباركردنی چه‌ك كه‌ ئه‌مه‌ش دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ی نیگه‌ران كردووه‌ به‌تایبه‌تی له‌دوای رووداوه‌كه‌ی عوبه‌یدی.

 

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌غداو حكومه‌تی فیدراڵی له‌لێدوانه‌ ره‌سمییه‌كاندا له‌دوای رووداوه‌كه‌ داوایانكرد رێگه‌ به‌گروپه‌ چه‌كداره‌كان نه‌درێت ناوچه‌ نیشته‌جێكانی دانیشتووان له‌ناوه‌ڕاستی به‌غدا بۆ عه‌مباركردنی چه‌ك به‌كاربهێنن، هاوكات ده‌سته‌ی "حه‌شدی شه‌عبی" به‌ڵێنیدا عه‌مباركردنی‌ چه‌ك له‌ناو شاره‌كاندا قه‌ده‌غه‌ بكات‌و مه‌رجه‌ دیاریكراوه‌كانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی به‌رگری‌و ناوخۆ جێبه‌جێ بكه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌دوای ده‌رچوونی چه‌ند فه‌رمانێك له‌لایه‌ن حه‌یده‌ر عه‌بادی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ "حه‌شدی شه‌عبی" به‌كرده‌وه‌ ده‌ستیكرد به‌داخستنی ئه‌و جبه‌خانانه‌و گواستنه‌وه‌ی ناواخنه‌كه‌یان بۆ شوێنی دیكه‌  ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی نووسینگه‌ هه‌ڕه‌مه‌كی‌و بێ مۆڵه‌ته‌كانی گروپه‌كانی حه‌شدیشی داخست، به‌ڵام ئه‌و كارانه‌ دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ی رازی نه‌كرد، چونكه‌ ئه‌و كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ئاشتی ناوخۆیی دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كات خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ زۆرێك له‌گروپه‌ چه‌كداره‌كان بینای نیشته‌جێبوون‌و بینای دیكه‌ كه‌ پێشتر دامه‌زراوه‌ی خزمه‌تگوزاری بوون وه‌ك كۆگای چه‌ك‌و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانیان به‌كارهێناوه‌ به‌بێ ئاگاداری لایه‌نه‌ ره‌سمییه‌كان‌و هه‌ردوو وه‌زاره‌تی به‌رگری‌و ناوخۆ، له‌كاتێكدا هه‌ندێك له‌و گروپانه‌ ئاشكراكردنی باره‌گاكانیان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

 

به‌پێی گوته‌ی سه‌رچاوه‌ ئه‌منییه‌ عێراقییه‌كان نزیكه‌ی 20 جبه‌خانه‌ی چه‌ك له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی به‌غدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ كه‌ هی گروپه‌ چه‌كداره‌كانن.

 

ئه‌و عه‌مبارانه‌ش له‌چه‌ندین ناوچه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ وه‌ك سه‌ده‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ كۆتایی مه‌دینه‌ سه‌در له‌خۆرهه‌ڵاتی پایته‌خت‌و  شوێنێكی تریش له‌هه‌مان ناوچه‌دا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ناوچه‌كانی حوڕیه‌و شوعله‌ له‌باكووری پایته‌خت‌و ئوم مه‌عالف‌و ره‌ی له‌باشوورو چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تر كه‌ به‌دیاریكراوی شوێنی عه‌مباره‌كانیان نازانرێت.

 

ئه‌و عه‌مبارانه‌ به‌زۆری بریتین له‌خانووی نیشته‌جێی چۆڵ‌و كۆگای مادده‌ی خۆراكی‌و كارگه‌و مزگه‌وت‌و خوێندنگه‌ كه‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان وه‌ك باره‌گای خۆیان به‌كاریان هێناون.

 

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی باڵا كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت به‌"نیقاش"ی وت "هێزه‌ ئه‌منییه‌كان رووبه‌ڕووی كێشه‌ ده‌بنه‌وه‌ له‌زانینی شوێنی ته‌واوی عه‌مباره‌كان، چونكه‌ زۆرێك له‌گروپه‌ چه‌كداره‌كان نایانه‌وێت ئاشكرایان بكه‌ن‌و به‌ڕه‌سمی تۆمار بكرێن‌و له‌ناوچه‌ نیشته‌جێكان دووربخرێنه‌وه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ هه‌ندێك له‌و گروپانه‌ په‌یوه‌ندی باشیان له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا نییه‌".

 

ئه‌وه‌ی له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا گوشاری سه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق زیاتر ده‌كات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هۆزه‌كان پشتیوانی بوونی ئه‌و چه‌كانه‌ ده‌كه‌ن له‌ناوچه‌كانیاندا، به‌هۆی ناكۆكییه‌ عه‌شایریه‌كانیشه‌وه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان زۆرجار ده‌ترسن ده‌ستوه‌ردان بكه‌ن.

 

 

دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه‌ش ترسی خۆیان له‌دووباره‌بوونه‌وه‌ی رووداوه‌كه‌ی عوبه‌یدی ده‌رده‌بڕن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ترسن داوا له‌گروپه‌ چه‌كداره‌كانی ناوچه‌كانیان بكه‌ن تا جبه‌خانه‌كانی چه‌ك له‌ناوچه‌كانیان بگوازنه‌وه‌، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی به‌هێزتریان هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت له‌هێزه‌ ئه‌منییه‌ ره‌سمییه‌كان له‌سوپاو پۆلیسیش.

 

یه‌كێك له‌دانیشتووانی شاری‌ سه‌در كه‌ داوایكرد له‌به‌ر هۆكاری ئه‌منی ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه‌ به‌"نیقاش"ی وت "هۆكاری هێشتنه‌وه‌ی شوێنی ئه‌م جبه‌خانانه‌ له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌كان و رازینه‌بوونیان به‌گواستنه‌وه‌یان، بۆ هاوسه‌نگی هێز له‌نێوان ئه‌و گروپانه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌".

 

ده‌شڵێت " له‌ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا مه‌دینه‌ سه‌در پێكدادانی چه‌كداری له‌نێوان گروپه‌ شیعه‌كان له‌لایه‌ك‌و هێزه‌كانی سوپاو پۆلیس له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ به‌خۆوه‌ بینی‌، ئه‌و گروپانه‌ش هه‌وڵ ده‌ده‌ن چه‌كه‌كانیان له‌و ناوچانه‌دا عه‌مبار بكه‌ن كه‌ كۆنترۆڵیان ده‌كه‌ن تا هێزی خۆیان پیشان بده‌ن‌و ئاماده‌بن بۆ هه‌ر شه‌ڕێك كه‌ ره‌نگه‌ له‌دژی دوژمنه‌كانیان هه‌ڵبگیرسێت".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "ئێمه‌ دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ ناتوانین داوا له‌ئه‌ندامانی گروپه‌ چه‌كداره‌كان بكه‌ین ئه‌و عه‌مبارانه‌ بگوازنه‌وه‌ هه‌روه‌ك ناشتوانین شوێنه‌كانیان به‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بڵێین له‌ترسی ئه‌وه‌ی تووشی ئازاردان ببینه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ركه‌سێك به‌رهه‌ڵستی بوونی ئه‌و جبه‌خانانه‌ بكات یان هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی لێ ئاگادار بكاته‌وه‌ رووبه‌ڕووی كوشتن ده‌بێته‌وه‌".

 

جبه‌خانه‌ نهێنییه‌كانی چه‌ك كه‌ گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی خاوه‌ندارێتی‌ ده‌كه‌ن، ئاماژه‌یه‌كن بۆ قه‌یرانی متمانه‌ له‌نێوان حكومه‌ت‌و گروپه‌كانی تردا كه‌ ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی هاتنه‌ ئارای قۆناغێكی نوێ له‌ناكۆكیی ناوخۆیی له‌ناو به‌غدا بكات له‌دوای‌ شه‌ڕی‌ داعش، رازی نه‌بوونی گروپه‌ چه‌كداره‌كانیش به‌ئاشكركردنی شوێنی جبه‌خانه‌كانیان بوونی مه‌به‌ستی رانه‌گه‌یه‌ندراو دووپات ده‌كاته‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌