راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ته‌پڵی شه‌ڕ له‌ده‌روازه‌ی موسڵ
داعش به‌پلانی چوارده‌ سه‌ده‌ له‌مه‌وبه‌ر به‌رگری له‌پایته‌خته‌كه‌ی ده‌كات

تایبه‌ت
ورده‌ ورده‌ ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنی موسڵ نزیك ده‌بێته‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا داعش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پلانی چوارده‌ سه‌ده‌ پێش ئێستاو ده‌ستی‌ به‌هه‌ڵكه‌ندنی‌ خه‌نده‌ق كردووه‌.
28.09.2016  |  موسڵ
سوپای‌ عێراقی‌ له‌كاتی‌ جموجۆڵی‌ به‌ره‌و ده‌وروبه‌ری‌ موسڵ ( :وێنه حيدر  الحمداني)
سوپای‌ عێراقی‌ له‌كاتی‌ جموجۆڵی‌ به‌ره‌و ده‌وروبه‌ری‌ موسڵ ( :وێنه حيدر الحمداني)

چه‌كدارانی داعش شه‌وو رۆژ خه‌ریكی هه‌ڵچنینی‌ دیواری به‌رزو هه‌ڵكه‌ندنی‌ خه‌نده‌قی دوورودرێژو دروستكردنی‌ تۆڕی تونێلی به‌ربڵاون وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و هێرشه‌ی هێزه‌كانی عێراق‌و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی نه‌خشه‌ی ئه‌نجامدانی داده‌رێژن بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ كه‌ گرنگترین‌و گه‌وره‌ترین مۆڵگه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌یه‌ له‌عێراقدا.

 

توندڕه‌وه‌كان له‌سه‌ر زه‌وی‌و له‌مینبه‌ره‌كانه‌وه‌ خۆیان بۆ شه‌ڕێك ئاماده‌ ده‌كه‌ن كه‌ ره‌نگه‌ شه‌ڕی مان‌و نه‌مانیان بێت، چونكه‌ دوو هه‌فته‌یه‌ ئامێره‌كانیان بێده‌نگ نه‌بوون‌و له‌پشت ئه‌وانیشه‌وه‌ بوقه‌ میدیاییه‌كانی داعش هه‌موو توانایه‌كیان خستۆته‌ ئاماده‌باشیه‌وه‌ بۆ بانگه‌شه‌كردن بۆ ئه‌و شه‌ڕه‌.

 

له‌به‌ری باشووری شاره‌كه‌ كه‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی مه‌ئمون‌و ته‌ل رومان‌و مه‌نسور به‌ناحیه‌ی گه‌یاره‌وه‌ ده‌به‌سرێنه‌وه‌و مانگی رابردوو سوپای عێراق ناحیه‌كه‌ی‌ كۆنترۆڵكردووه‌ته‌وه‌، كرێكاره‌كانی سه‌ر به‌داعش بنیاتنانی دیوارێكیان ته‌واو كرد كه‌ به‌رزیه‌كه‌ی ده‌گاته‌ سێ‌ مه‌تر.

 

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌موسڵه‌وه‌ له‌ڕێی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی وت "بارهه‌ڵگره‌كانی سه‌ر به‌شاره‌وانی موسڵ‌و فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر به‌ربه‌ستی كۆنكرێتی بۆ ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌ ده‌گوازنه‌وه‌و له‌وێش به‌سلنگی گه‌وره‌ داده‌گیرێن، هاوشێوه‌ی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق ریز ده‌كرێن كه‌ كاتێك موسڵیان له‌ژێر ده‌ستدا بوو دایاننابوون".

 

شایه‌تحاڵێكی تر دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌و دیواره‌ له‌به‌ری خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه‌ش بنیات نراوه‌ له‌گه‌ڕه‌كه‌كانی سۆمه‌رو دۆمیزو فه‌له‌ستین‌و ناوچه‌ی كۆكجه‌لی، له‌به‌ری باكووریش له‌لای ناوچه‌ی "بینای ئاماده‌" بنیاتنراوه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ كه‌ ئابڵوقه‌یه‌كی نیمچه‌ بازنه‌یی به‌ده‌وری شاره‌كه‌دا سه‌پاندووه‌.

 

موسڵ دووه‌م گه‌وره‌ شاری عێراقه‌ له‌دوای به‌غدا، به‌پێی داتاكانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ده‌زگای ناوه‌ندی ئامار له‌ساڵی 2009دا رووبه‌ڕه‌كه‌ی نزیكه‌ی (1800 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌) بووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كان ناتوانن دیوارێكی ته‌واوی به‌ده‌وردا بنیات بنێن، بۆیه‌ په‌نایان بۆ ده‌ستنیشانكردنی چه‌ند شوێنێكی دیاریكراو بردووه‌ كه‌ بریتین له‌ده‌روازه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی شاره‌كه‌و ناوچه‌كانی نزیكیان، ئه‌و شوێنانه‌ی‌ پێشبینی ده‌كرێت هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق هێرشیان لێوه‌ بكه‌ن.

 

سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ چه‌كدارانی‌ داعش دوای ئه‌وه‌ی له‌حوزه‌یرانی 2014 موسڵیان كۆنترۆڵ كرد هه‌ڵمه‌تێكی فراوانیان بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ربه‌سته‌ كۆنكرێتیانه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌ ئه‌نجامدا كه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان خۆیان پێده‌پاراستن‌و رایشیانگه‌یاند هیچ پێویستییه‌كیان پێیان نه‌ماوه‌، چونكه‌ ئاسایش له‌"ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت"دا به‌رقه‌رار ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ پێشبینییه‌كان گۆڕاون.

 

هاوشانی ئه‌وه‌ش هه‌ڵمه‌تێكی راگه‌یاندنی فراوان له‌ئارادایه‌ كه‌ وتاربێژه‌كانی سه‌ر به‌ داعش، یاخود كه‌سانی لایه‌نگریان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ پشتیوانی‌ شه‌ڕه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ش گه‌نجێكی 30 ساڵان بوو كاتێك به‌توڕه‌ییه‌وه‌ هاواری بۆ ده‌یان نوێژخوێن ده‌كردو ده‌یوت "جه‌نگ به‌ڕێوه‌یه‌و مانه‌وه‌و نه‌مانی خه‌لافه‌تیش به‌نده‌ به‌خۆڕاگری موسڵ به‌ڕووی كافره‌كاندا".

 

ئه‌و وتاربێژه‌ له‌مینبه‌ری مزگه‌وتی عومه‌ری كوڕی خه‌تاب له‌گه‌ڕه‌كی نه‌هره‌وانی خۆرئاوای شاره‌كه‌وه‌ ده‌یوت "هیچتان بیستووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و شه‌ڕه‌ی مسوڵمانان به‌سه‌ركردایه‌تی محه‌مه‌د پێغه‌مبه‌ر له‌دژی كافره‌كان له‌ساڵی (627ی زاینی) كردیان؟ ئه‌وه‌ شه‌ڕی خه‌نده‌ق بوو، ناوه‌كه‌ی له‌خه‌نده‌قێكه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ كه‌ مسوڵمانان به‌ده‌وری شاری یه‌سریبدا لێیاندابوو، له‌و شاره‌ی‌ كردبوویانه‌ باره‌گای خۆیان‌و تیایدا پێغه‌مبه‌ر په‌یامه‌كه‌ی‌ بۆ جیهان راده‌گه‌یاند".

 

گه‌نجه‌كه‌ هه‌ردوو ده‌ستی له‌هه‌وادا وڵاكردو به‌به‌گوڕوتینه‌وه‌ پرسی‌ "ده‌زانن چۆن محه‌مه‌د پێغه‌مبه‌رو پشتیوانانی سه‌ركه‌وتن؟ چونكه‌ موسوڵمانان  له‌ده‌وری سه‌ركرده‌كه‌یان كۆبوونه‌وه‌و ناپاكیان به‌رامبه‌ر نه‌كرد، بۆیه‌ ده‌بێت رۆڵه‌كانی موسڵ ئارام بگرن له‌سه‌ر برسێتی‌و تینوێتی‌و ترس‌و پشتی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت بگرن تا به‌سه‌ر كافره‌كاندا سه‌ربكه‌وێت‌و رێ له‌ هاتنه‌ناوه‌وه‌یان بگرێت" به‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ش كۆتایی به‌وتاره‌كه‌ی هێنا.

 

ئه‌ندامانی داعش‌و لایه‌نگرانیان هه‌موو پێكه‌وه‌ به‌شداری له‌و هه‌ڵمه‌تی راگه‌یاندنه‌دا ده‌كه‌ن، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ "نیقاش" چاودێری چه‌ند تویتێكی له‌تویته‌ر كردووه‌ كه‌ لایه‌نگرانی‌ داعش له‌ژێر هاشتاگی‌ (#شه‌ڕی خه‌نده‌ق) بڵاویده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌ڵێن ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت تێیدا سه‌رده‌كه‌وێت، وه‌ك چۆن مسوڵمانان 14 سه‌ده‌ له‌مه‌وبه‌ر سه‌ركه‌وتن.

 

پلانی داعش بۆ قایمكردنی‌ موسڵ به‌چه‌ند جۆرێكه‌، له‌هه‌ندێ‌ ناوچه‌ دیواری‌ كۆنكرێتی‌ به‌ته‌نیشت خه‌نده‌قێكی‌ قووڵه‌وه‌ داده‌نێن، له‌هه‌مان كاتدا زۆربه‌ی‌ گه‌ڕه‌كه‌كانیان به‌تۆڕێكی‌ تونێل پێكه‌وه‌ گرێداوه‌، ئه‌و خه‌نده‌قه‌ی‌ هه‌ڵیانكه‌ندووه‌ پانیه‌كه‌ی‌ دوومه‌تره‌و به‌هه‌مان شێوه‌ دوومه‌تریش قووڵییه‌كه‌یه‌تی، زیاتریش داعش له‌به‌ری خۆرهه‌ڵات‌و باكووری شاره‌كه‌ به‌ئامێره‌كانی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌كانی ئاوو شاره‌وانی‌و دامه‌زراوه‌كانی تر هه‌ڵیان ده‌كه‌نێت.

 

  پلانی به‌رگرییه‌كه‌ تازه‌ نیه‌، له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2015دا رێكخراوه‌كه‌ هه‌ڵمه‌تێكی بۆ هه‌ڵكه‌ندنی خه‌نده‌ق‌و سه‌نگه‌ر له‌چه‌ند شوێنێك ده‌ستپێكرد كه‌ نزیكه‌ی (10 كم) له‌شاره‌كه‌وه‌ دووربوون، به‌ڵام فڕۆكه‌كانی "هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی" به‌سه‌ركردایه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا توانیان هه‌ڵكه‌ندنی ئه‌و خه‌نده‌قه‌ رابگرن دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر ئامێریان تێكشكاند، دواتر داعش په‌نای بۆ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ به‌ڵێنده‌ری ناوخۆیی لایه‌نگری خۆی برد بۆ درێژه‌دان به‌هه‌ڵكه‌ندن له‌ده‌وروبه‌ری موسڵ.

 

خه‌نده‌قه‌كه‌ پچڕ پچڕه‌و پێكه‌وه‌ گرێنه‌دراوه‌، له‌ناوچه‌ ته‌ختانیه‌كانی وه‌ك ناوچه‌ی كۆكجه‌لی خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه‌دا دیاره‌و له‌ناوچه‌ سه‌خته‌كانیشدا دیارنامێنێت، چونكه‌ ئامانجی ئاسته‌نگ دروستكردنه‌ بۆ ئۆتۆمبێله‌ سه‌ربازییه‌كان‌و رێگریكردن له‌پێشڕه‌ویی هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌كاتی هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر شاره‌كه‌.

 

هه‌ڵكه‌ندنی تۆڕێك تونێل به‌شی دووه‌می پلانه‌ سه‌ربازییه‌كه‌یه‌، ئه‌م تونێلانه‌ بۆ شه‌ڕی‌ كۆڵانه‌و كۆڵان داندراون، له‌مباره‌شدا داعش چڕی دانیشتووان ده‌قۆزێته‌وه‌، چونكه‌ ئێستا ژماره‌ی دانیشتووانی موسڵ به‌نزیكه‌ی 1.5 ملیۆن كه‌س مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت.

 

پێغه‌مبه‌رو پشتیوانانی كاتێك "شه‌ڕی خه‌نده‌ق"یان كردووه‌ كه‌ شێوازی جه‌نگ سه‌ره‌تایی بووه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ پێوه‌ره‌كان جیاوازن، بۆیه‌ تیۆری نوێی سه‌ربازی ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی ئاسمان كۆنترۆڵ بكات زه‌ویش كۆنترۆڵ ده‌كات" فڕۆكه‌كانیش ده‌توانن به‌هێزترین به‌ربه‌ستی سروشتی‌و دروستكراو ببه‌زێنن.

 

پێناچێت ئه‌و دیوارو خه‌نده‌قانه‌ بتوانن رێگری له‌هێزه‌ عێراقییه‌كان بكه‌ن تا بچنه‌ موسڵه‌وه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێن.

 

ئه‌و پلانه‌ی داعش له‌موسڵ دایناوه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ خۆیان بۆ شه‌ڕێكی‌ سه‌خت ئاماده‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ش روونه‌ ئه‌وپه‌ڕی توانای‌ ئه‌م پلانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كۆتاییه‌كه‌یان بۆ چه‌ند هه‌فته‌ یان چه‌ندمانگێكی كه‌م دوابخات، هه‌موو چاوه‌كانیش له‌سه‌ر ده‌وروبه‌ری باشووری شاره‌كه‌ ده‌بن كه‌ پێشبینی ده‌كرێت ئه‌ندامانی داعش لێیه‌وه‌ به‌ره‌و سوریا هه‌ڵبێن وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌فه‌لوجه‌و تكریت روویدا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌