راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گه‌یاره‌ كلیله‌كه‌ی‌ موسڵ
داعش 100 ملیۆن دۆلاری‌ مانگانه‌ی‌ له‌ده‌ستچوو

تایبه‌ت
هێزه‌كانی عێراق گه‌یاره‌یان له‌چنگی داعش رزگاركردن كه‌ گه‌نجینه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌و گرنگترین شارۆچكه‌ی نه‌ینه‌وایه‌، به‌وه‌ش كلیلی ئازادكردنی موسڵ كه‌وته‌ ده‌ستی حكومه‌ت‌و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی.
7.09.2016  |  موسڵ
چه‌كدارێكی‌ داعش له‌قائیم ( :وێنه اعلام داعش)
چه‌كدارێكی‌ داعش له‌قائیم ( :وێنه اعلام داعش)

هه‌ر زوو ئاڵا ره‌شه‌كانی داعش‌و ریشه‌ درێژو جلوبه‌رگه‌ قه‌نده‌هاریه‌كان له‌گه‌یاره‌ (70 كلم باشووری موسڵ) دیار نه‌مان، هاوكات دانیشتوانه‌كه‌ی به‌شه‌قامه‌كاندا بڵاوبوونه‌وه‌ بۆ ئاهه‌نگگێڕان به‌بۆنه‌ی ئازادبوون‌و به‌خێرهاتنی هێزه‌ عێراقیه‌كان كه‌ بۆ یه‌كه‌مینجار له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا چوونه‌ ناو شارۆچكه‌كه‌وه‌.

 

نزیكه‌ی (20) هه‌زار هاوڵاتی مه‌ده‌نی له‌شارۆچكه‌كه‌ دووجار به‌خت یاوه‌ریان بوو، چونكه‌ پاش (26) مانگ له‌تۆقاندن‌و سه‌ركوتكردن‌و گه‌مارۆدان، له‌حوكمی رێكخراوێكی توندڕه‌و رزگاریان بوو، هه‌روه‌ها ناچار نه‌بوون ئاواره‌ببن له‌شارۆچكه‌كه‌یان له‌كاتی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كاندا، ئه‌وه‌ش ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یه‌ به‌هۆی بارودۆخی كاره‌ستباری نێو كامپی ئاواره‌كان.

 

ئاهه‌نگگێڕان به‌جلوبه‌رگی درێژو دووكه‌ڵی جگه‌ره‌وه‌

ئه‌بو حه‌یده‌ر (36 ساڵ) كه‌ دانیشتوویه‌كی‌ گه‌یاره‌یه‌ ساتی‌ ئازادكردنی‌ شارۆچكه‌كه‌ وه‌سف ده‌كات‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌خۆشیدا نه‌مانده‌زانی چی بكه‌ین كاتێك هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ڕێی بڵندگۆكانه‌وه‌ مژده‌ی ئه‌وه‌یان پێداین كه‌ ئیتر خۆمان‌و خێزانه‌كانمان سه‌لامه‌تین، به‌هاواره‌وه‌ هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆسه‌ر شه‌قامه‌كان‌و به‌ڕیشی تاشراوو جلوبه‌رگی درێژه‌وه‌ سڵاومان له‌ سه‌ربازه‌ عێراقیه‌كان ده‌كرد، جگه‌ره‌كێشه‌كانیش به‌ئاشكرا جگه‌ره‌كانیان داگیرساندو به‌شێوه‌یه‌كی ئاهه‌نگئامێز دووكه‌ڵه‌ سپیه‌كه‌یان بۆ به‌ره‌وسه‌ر ده‌رده‌كێشا".

 

به‌ڵام ئه‌و روخساره‌ ده‌م به‌پێكه‌نینانه‌ هه‌ستێكی ترسیان له‌هێزه‌ نوێیه‌كان حه‌شاردابوو، چونكه‌ ئه‌ندامانی داعش به‌تایبه‌تی وتاربێژانی مزگه‌وته‌كان به‌په‌رۆشه‌وه‌ بانگه‌شیان بۆ هه‌واڵی ئه‌و پێشێلكاریانه‌ ده‌كرد كه‌ جه‌نگاوه‌رانی شیعه‌ له‌حه‌شدی شه‌عبی‌و هێزه‌ نیزامیه‌كان له‌دژی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی له‌پارێزگای ئه‌نبار ئه‌نجامیان ده‌دان.

 

ئه‌بو حه‌یده‌ر ئه‌وه‌ی له‌بیر ناچێته‌وه‌ چۆن ئه‌ندامانی ئه‌و رێكخراوه‌ ئه‌و پیاوانه‌یان سه‌رزه‌نشت كردووه‌ كه‌ له‌مزگه‌وته‌كانی شارۆچكه‌كه‌ كۆده‌بوونه‌وه‌ بۆ نوێژی هه‌ینی‌و به‌ڕوویاندا هه‌ڵشاخاون، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "سه‌ربازه‌كان دێنه‌ سه‌رتان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ژووری نوستنه‌كانتاندا ده‌ستدرێژی بكه‌نه‌ سه‌ر ژنه‌كانتان‌و دوای ئه‌وه‌ی خۆیان ده‌شۆرن به‌ناچاری ده‌بێت خاولیان پێشكه‌ش بكه‌ن! ئه‌مه‌ ئه‌و دوا وشانه‌ بوون كه‌ له‌ وتاربێژه‌كانی داعش گوێمان لێده‌بوو، پاشان چوون بۆ دۆزه‌خ".

 

دوای دوو هه‌فته‌ له‌هاتنه‌ناوه‌وه‌ی هێزه‌كانی عێراق دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ دڵنیابوون‌و مه‌ترسیه‌كانیان ره‌وینه‌وه‌، ساڵح جبوری به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گه‌یاره‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی دووچاری هیچ پێشێلكارییه‌ك نه‌بوونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ك تائێستا شارۆچكه‌كه‌ هیچ كارێكی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌".

 

هه‌وری ره‌ش‌و چه‌قۆ هه‌ڵكێشان

چاوه‌كان سه‌یری به‌رزییان ده‌كرد بۆ چاودێرێكردنی ئاسمانی داپۆشراو به‌و هه‌وره‌ ره‌شه‌ ترسناكه‌ی له‌ئه‌نجامی سووتاندنی بیره‌ نه‌وته‌كانی ده‌وروبه‌ری شارۆچكه‌كه‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌ په‌یدا ببوو، كاتێك ویستیان به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م پێشڕه‌وی هێزه‌كانی عێراق دروست بكه‌ن.

 

جبوری به‌ نیگه‌رانیه‌كی زۆره‌وه‌ وتی "ده‌ترسین به‌هۆی ئه‌و ئاگره‌ زۆره‌و رژانی بڕێكی زۆر نه‌وتی خاو به‌گه‌ڕه‌كه‌كاندا، كاره‌ساتێكی ژینگه‌یی رووبدات، چونكه‌ تیمه‌كانی ئاگركوژێنه‌وه‌ ماوه‌ی 10 رۆژه‌ كارده‌كه‌ن‌و تائێستاش سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون له‌كۆنترۆڵكردنی دۆخه‌كه‌دا".

 

هه‌ندێك له‌خێزانه‌كان ئه‌و خانووانه‌یان به‌جێهێشتووه‌ كه‌ نزیكن له‌بیره‌ نه‌وته‌ گڕگرتووه‌كان‌و په‌نایان بۆ گه‌ڕه‌كه‌ دووره‌كان بردووه‌، به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی حاڵه‌تی ته‌نگه‌نه‌فه‌سی‌و نه‌خۆشی پێست به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له‌نێو دانیشتووانه‌كه‌دا.

 

ئاسته‌نگێكی تریش خۆی له‌ بنیاتنانه‌وه‌ی شوێنه‌ گرنگه‌كاندا ده‌بینێته‌وه‌ به‌تایبه‌تی نه‌خۆشخانه‌كه‌و تۆڕی كاره‌با، چونكه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌، وێرانكارییه‌كانی ژێرخان به‌له‌سه‌دا 90 مه‌زه‌نده‌ ده‌كات.

 

ئه‌مڕۆ شارۆچكه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و یارمه‌تییه‌ مرۆییانه‌ ده‌ژی كه‌ هه‌ردوو حكومه‌تی خۆجێیی‌و ناوه‌ند‌و رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان پێشكه‌شی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌مه‌ودای نزیكداو وه‌ك مه‌رجێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیان، پێویسته‌ گه‌مارۆی سه‌ر شارۆچكه‌كه‌ هه‌ڵبگیرێت بۆ هێنانی خۆراك‌و پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كان له‌ڕێی به‌غدا یاخود هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.

 

هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆر كه‌ گه‌یاره‌یان ئازادكرد پاش هه‌فته‌یه‌ك لێی كشانه‌وه‌و دۆسێی ئه‌منیان ته‌سلیم به‌فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وا كردو له‌ 1ی ئه‌یلول (سێپته‌مبه‌ر)ی رابردووشدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلس كرایه‌وه‌.

 

لیوا نه‌جم جبوری فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی نه‌ینه‌وا به‌ "نیقاش"ی وت "ره‌وشی ئه‌منی له‌شارۆچكه‌كه‌دا سه‌قامگیره‌و هێزه‌كانی پۆلیس‌و جه‌نگاوه‌رانی حه‌شدی عه‌شایری ئه‌ركه‌كه‌یان دابه‌شكردووه‌، سوپاش سنووری شارۆچكه‌كه‌ی گرتۆته‌ده‌ست وه‌ك ئاماده‌باشییه‌ك بۆ هه‌رهێرشێكی داعش".

 

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه‌ رۆڵه‌كانی گه‌یاره‌ هاوكاری هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌كه‌ن به‌جۆرێك كه‌ پێش ساڵی 2014 نه‌بووه‌، چونكه‌ خه‌به‌ریان له‌ئه‌ندامانی داعش‌و هاوكارانیان داوه‌.

 

ئه‌بو حه‌یده‌ر له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت "ته‌نانه‌ت منداڵانیش زانیاری ده‌ده‌نه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان، چونكه‌ نامانه‌وێت جارێكی تر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می داعش"، هه‌روه‌ها به‌ وره‌یه‌كی‌ به‌رزه‌وه‌ وتی "به‌ به‌ردو چه‌قۆ شه‌ڕ ده‌كه‌ین تا رێ له‌هاتنه‌وه‌ی تیرۆر بۆ شاره‌كه‌مان بگرین‌و پشتیوانی ته‌واوی سوپاو پۆلیس ده‌كه‌ین".

 

گه‌یاره‌ كلیلی ئازادكردنی موسڵ

گه‌یاره‌ شارۆچكه‌یه‌كی گرنگه‌ بۆ هێزه‌كانی عێراق‌و بۆ داعشیش، له‌و باره‌یه‌وه‌ لیوا نه‌جم جبوری روونی كرده‌وه‌ "به‌لای ئێمه‌وه‌ كلیلی چوونه‌ناو موسڵه‌، چونكه‌ به‌هێزترین هێڵی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه‌ بوو له‌باشووری پارێزگاكه‌و بنكه‌یه‌كی ئاسمانی تێدایه‌ كه‌ گه‌وره‌ترینه‌ له‌باكووری وڵات‌و سێیه‌م گه‌وره‌ترین بنكه‌یه‌ له‌عێراقدا، بۆیه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین ئاماده‌ی بكه‌ین‌و به‌م نزیكانه‌ به‌كاری بهێنین له‌زۆر ئه‌ركدا به‌تایبه‌تی له‌بواری پشتیوانی لۆجستی‌و گه‌شتی ئاسمانیدا".

 

به‌های كرداری ئه‌م بنكه‌یه‌ له‌وه‌دایه‌ هێزێكی ئه‌مریكای تێدایه‌ كه‌ ژماره‌یان له‌ئێستادا به‌ده‌یان كه‌س مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، به‌شداری شه‌ڕی وشكانیان نه‌كردووه‌، به‌ڵام پشتیوانی هێزه‌كانی عێراقیان كردووه‌ له‌ڕێی تۆپهاوێژی زیره‌ك‌و دابینكردنی چه‌ترێكی ئاسمانی.

 

له‌ڕووی ئابووریشه‌وه‌ گه‌یاره‌ گه‌نجینه‌ی ته‌واو نه‌بووی داعش بوو، چونكه‌ وه‌ك لیوا نه‌جم جبوری ده‌ڵێت "رۆژانه‌ نزیكه‌ی 100 تانكه‌ر نه‌وتی خاوی له‌بیره‌ نه‌وته‌كانیه‌وه‌ گواستۆته‌وه‌ كه‌ داهاته‌كه‌ی به‌ نزیكه‌ی 100 ملیۆن دۆلاری مانگانه‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت".

 

له‌وه‌ش زیاتر زۆربه‌ی به‌رپرسه‌كانی ناوچه‌كه‌و سیاسیه‌كان‌و فه‌رمانده‌ ئه‌منیه‌كان له‌نه‌ینه‌وا ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی گه‌یاره‌ به‌نموونه‌یی داده‌نێن، چونكه‌ گیانی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی پاراست كه‌ زیانه‌ گیانیه‌كان به‌ته‌نیا پێنج كوژراوو نزیكه‌ی 10 بریندار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌بێ به‌شداری گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی (شیعه‌) جێبه‌جێكراوه‌ كه‌ به‌ ئه‌نجامدانی پێشێلكاری له‌دژی دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێن‌و سوننه‌و كوردیش به‌توندی دژی به‌شداریكردنی له‌ئۆپه‌راسیۆنه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی موسڵدا ده‌وه‌ستنه‌وه‌.

 

رۆژی 25ی ئاب (ئۆگه‌ست)ی رابردوو حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئازادكردنی گه‌یاره‌ی راگه‌یاندو وتی "له‌ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌ نزیك بووینه‌ته‌وه‌ كه‌ خۆی له‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ‌و پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌گشتی له‌چنگی داعش ده‌بینێته‌وه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌