راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كارەسات دوای شەڕەكە دەردەكەوێت
موسڵ.. فرۆكە بۆردومانی دەكات‌و داعش داروبەردەكەی دەفرۆشێت

تایبه‌ت
بەهۆی بۆدومانی فرۆكەكانی هاوپەیمانان‌و روخاندنیان لەلایەن داعشەوە، تائێستا 120 باڵەخانەو كارگەو پرۆژەی بەرهەمهێنان‌و پردی زۆر گرنگ لەموسڵ روخاون.
18.08.2016  |  موسڵ
دارو پەردوی بانكی ناوەندی عێراق پاش خاپوركردنی
دارو پەردوی بانكی ناوەندی عێراق پاش خاپوركردنی

موسڵ كە دووەم گەورەترین شاری عێراقە بەخێرایی بەرەو وێرانكاری سەرتاسەری دەچێت، چونكە ژێرخانی شارەكەو پرۆژە گەورەكانی كەوتوونەتە نێوان بەرداشی بۆردومانی فرۆكەكانی هاوپەیمانان‌و كاولكارییەكانی داعشەوە، خەڵكی شارەكەش تەنها خەفەت‌و ئاه هەڵكێشانیان لەدەست دێت.

 

"لەبیابانەوە هاتن‌و لەوە دەترسین كاتێك رۆیشتن شارەكە بكەن بەبیابان" بەم شێوەیە ئەندایار ئەحمەد بەدرانی باسی بارودۆخی موسڵ دەكات لەپاش هاتنی داعشەوەو ناوی ئەو باڵەخانەو كارگەو پرۆژانە دەهێنێت كە بەتەواوی وێرانكراون.

 

ئەو ئەندازیارە كە بیست ساڵە لەبواری بیناسازیدا كاردەكات لەرێی تەلەفۆنەوە بە"نیقاش"ی وت "داعش هەر كە هاتنە شارەكە چەندین بینای گرنگیان روخان كە هێمابوون بۆ دەوڵەتی عێراقی، وەك روخاندنی دێرینترین بنكەی پۆلیس‌و كردنی بەبازاڕی میوە فرۆشان، هەروەها تەقاندنەوەی گەورەترین ناوەندی چاكسازی كە بەگرتوخانەی بادوش ناسراوە(15كم خۆرئاوای موسڵ)و فرۆشتنی شیش‌و كەرەستە روخاوەكانی".

 

لەنیوەی دووەمی ساڵی 2015ەوە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی هێرشە ئاسمانییەكانی بۆ سەر موسڵ چڕكردەوەو بەدەیان كارگەو بانك‌و باڵەخانەی حكومی‌و ناحكومی كردە ئامانج، لەبەر ئەوەی داعش كردبویانن بەبارەگای خۆیان، بەدرانی بەبێهیواییەوە درێژە بەقسەكانی دەدات‌و دەڵێت "لەگەڵ نزیكبوونەوەی پرۆسەی ئازادكردنی شارەكە، كاولكاری زیاتر بەڕێوەیە".

 

بەپێی ئەو ئامارەی "نیقاش" كۆیكردووەتەوە، لەمانگی ئابی ساڵی 2014ەوە تائێستا زیاتر لە(120) باڵەخانەو كارگەو پرۆژەی نەوت‌و كارەباو بانك بەهۆی داعش‌و هێرشی هاوپەیمانانەوە روخاون، ئەمە بەبێ‌ لەبەرچاوگرتنی  خانوو باڵەخانە تایبەتەكان.

 

لەنێو ئەوانە (12) گرنگترین كارگەی چیمەنتۆو جل‌و بەرگ‌و رستن‌و چنین‌و شەكرو ئارد هەن، هەروەها (17) بینای خوێندنی سەر بەزانكۆو پەروەردەو زیاتر لە(25) بارەگای ئەمنی‌و سەربازی، ئەمە جگە لەشەش بانكی گەورە لەنێویاندا بانكی ناوەندی‌و چوار هێڵگۆڕكێی پەیوەندی‌و چوار پردی ستراتیژی‌و رێگا سەرەكییەكانی دەرەوەی شار.

 

بەشی هەرە گەورەی كاولكارییەكە بەهۆی ئەو بۆردومانە ئاسمانییەوە بوو كە لە 7ی ئەم مانگە (ئاب) ئەنجامدرا، ئەمەش دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر دەستپێكردنی بۆردومانی هاوپەیمانان بەرێبەرایەتی ئەمەریكا، لەو ماوەیەدا زیاتر لە دە هەزار جار ناوچە جیاجیاكان بۆردومان كراون‌و پشكی شێریش بەر موسڵ كەوتووە بەو پێیەی گرنگترین بنكەی داعشە.

 

نموونەی دیاری كاولكارییەكانی موسڵ ئەو هێرشە بوو كە لەحوزەیرانی رابردوو بە (11) موشەك كرایە سەر كارگەی كبریتی مەشراق‌و بەتەواوی وێرانكرا.

 

ئەندازیار سەعید تائی یەكێك لەفەرمانبەرانی ئەو كارگەیە ئاماژە بەوە دەكات كە پرۆژەكە لەسەر گەورەترین كێڵگەی كبریت لەجیهاندا دروستكراوە (40كم باشوری موسڵ)‌و بەر لەساڵی 2003 زیاتر لەیەك ملیۆن تەن بەرهەمی هەبووەو زۆربەی هەناردەی چین كراوەو بەهەزاران فەرمانبەرو كرێكاری هەبووە.

 

تائی كە ئێستا لەبەغدا نیشتەجێیە بە"نیقاش"ی وت "داعش زۆربەی كەلوپەلەكانی ئەو كارگەیەی بۆ سوریا گواستەوەو زیانێكی گەورەی پێگەیاند، دوای ئەویش فرۆكەكانی هاوپەیمانان هاتن‌و زیانی گەورەیان بەكارگەو كۆگاكانی گەیاند".

 

داعش هیچ گوێ‌ بەو زیانانە نادات كە لەبەرەنجامی كارەكانی ئەو دەكەونەوە، بەڵكو دەیەوێت ئەو كاولكارییە بكاتە بابەتی پروپاگەندە دژی هێزەكانی هاوپەیمانان‌و هێزە عێراقییەكان، بۆیە یەكەمین كار كە دەیكەن ئەوەیە هیچ شوێنەوارێكی خۆیان لەناوچە بۆردومانكراوەكە ناهێڵن بەتایبەتی تەرمی كوژراوەكانیان، ئینجا جێگەكە وێنە دەگرن‌و تەنها باسی زیانی خەڵكی سیڤیل‌و زیانە ماڵییەكە دەكەن.

 

دواهەمین ڤیدیۆ كە داعش لەسەر یوتیوب بڵاویكردووەتەوە، ڤیدیۆیەكە كە یەكێك لەچەكدارەكانیان لەناوەڕاستی گەورەترین كارگەكانی چیمەنتۆ (كارگەی چیمەنتۆی بادۆش) وەستاوەو هێما بۆ كاولكارییەكە دەكات‌و دەڵێت "هەرچەند بۆردومان بكەن‌و هەرچەند بسوتێن‌و هەرچەند وێرانكاری بكەن، دەوڵەتی ئیسلامی لەسەر پەیڕەوی پێغەمبەر پاشەكشە ناكات".

 

بەڵام هەر ئەوەندەی كامێراكە نەمێنێت داعش بەزیادكردنی ئاشكرا دەكەوێتە فرۆشتنی شیش‌و كەرەستە تێكشكاوەكان، لێرەدا كۆمەڵێك بازرگان كە زۆربەیان سورین دەكەونە كێبڕكێ بۆ كڕینی.

 

عەبدولهادی عەزیز (55 ساڵ) كە لەموسڵ نیشتەجێیە لەرێی تەلەفۆنەوە بە"نیقاش"ی وت "چەندین كارگەو باڵەخانەو كۆمپانیا لەماوەی چەند هەفتەیەكدا لەدەوروبەرمان پارچەیان نەما، ئەو بازرگانانەی شوێنەكە دەكڕنەوە، بەخێرایی ئەوەی بەكەڵك بێت دەیگوێزنەوە بۆ سوریا".

 

نموونەی پرۆژەیەك دەهێنێتەوە لەنزیك ماڵی خۆیان كە ئەویش نەخۆشخانەی ئەڵمانییە لەباشوری شارەكە كە بەبودجەی 148 ملیۆن دۆلار 70% پرۆژەكە تەواو بووە كەچی لەپڕ وەك دەیان باڵەخانەی تر هیچ شوێنەوارێكی نەماوە.

 

هێشتا دیمەنی موسڵ دیار نییە، بەڵام هەر ئەوەندەی تەمومژی شەڕ رەویەوە ئینجا قەبارەی كارەساتە راستەقینەكە دەردەكەوێت، ئەوەش روونە كە شارەكە بەئاسانی ئاوەدان ناكرێتەوە، بەتایبەتی كە حكومەت بەدەست قەیرانەوە گیرۆدەیە‌و تەنانەت ئەو دوو ملیار دۆلارەی وڵاتانی كۆمەك بەخشیش بڕیاریانداوە بۆ عێراقی خەرج بكەن هەمووی بۆ یارمەتی ئاوارەكان دەچێت نەك ئاوەدانكردنەوە.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌