راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: إحاطات من داخل وعبر العراق
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر
داعش دوای‌ شكسته‌كانی‌ په‌نا بۆ تاكتیك‌و شێوازی‌ نوێ‌ ده‌بات

غه‌زوان حه‌سه‌ن ئەلجبوری
داعش له‌ماوه‌ی‌ ساڵێكدا له‌سه‌دا هه‌شتای‌ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دینی‌ له‌ده‌ستدا كه‌ پێشتر كۆنترۆڵی‌ كردبوون، بۆیه‌ ئێستا په‌نای‌ بردووه‌ بۆ تاكتیك‌و شێوازی‌ دیكه‌.
11.08.2016  |  سه‌لاحه‌دین
جەکدارانی داعش لەتکریت
جەکدارانی داعش لەتکریت

هه‌موو ئه‌و پاشه‌كشه‌یه‌ی‌ له‌رووی‌ له‌ده‌ستدانی‌ ناوچه‌و كوژرانی‌ چه‌كداره‌كان‌و توانای‌ میدیاییه‌وه‌ به‌سه‌ریداهات، وایكرد داعش له‌سه‌ر شێوازه‌كه‌ی‌ جارانی‌ به‌رده‌وام نه‌بێت‌و په‌نا بۆ رێگای‌ تر ببات كه‌ به‌شی‌ زۆری‌ پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌دروستكردنی‌ شانه‌ی‌ چه‌كداری‌ بچووك له‌ناوچه‌ جیاجیاكان.

 

ئه‌م سیاسه‌ته‌ له‌راستیدا نوێ‌ نییه‌، چونكه‌ پێشتریش داعش له‌رێی‌ چه‌ند جوڵه‌یه‌كه‌وه‌، ده‌یتوانی‌ به‌ره‌یه‌كی‌ دۆڕاو بگۆڕێت بۆ به‌ره‌یه‌كی‌ به‌هێز، له‌ئه‌ده‌بیاتی‌ داعشدا ئه‌مه‌ به‌روونی‌ باسكراوه‌ كاتێك ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی‌‌و گروپه‌ بچوكه‌كه‌ی‌ ساڵی‌ 2007 له‌ناوچه‌ی‌ تارمیه‌ی‌ باكوری‌ به‌غدا له‌لایه‌ن سوپاوه‌ له‌ناو بێستانه‌كان گه‌مارۆ ده‌درێن، شه‌ڕ ناكه‌ن، به‌ڵكو كار له‌سه‌ر رێكخستنه‌وه‌ی‌ گروپه‌كه‌یان ده‌كه‌ن.

 

دوای‌ ساڵی‌ 2010 گروپه‌كانی‌ داعش به‌ره‌و خۆرئاوای‌ عێراق له‌ناوچه‌ی‌ هه‌زبه‌ی‌ باكوری‌ حه‌دیسه‌و ناوچه‌ی‌ دۆڵی‌ حۆران له‌ئه‌نبار ده‌كشێن‌و له‌وێ‌ چه‌كداری‌ نوێ‌ راده‌كێشن‌و راهێنانیان پێده‌كه‌ن تا ئه‌و كاته‌ی‌ هه‌ڵمه‌ته‌ به‌رفراوانه‌كه‌یان له‌ناوه‌ڕاستی‌ 2014 ده‌ستی‌ پێكرد بۆ په‌لاماردانی‌ پارێزگاكانی‌ نه‌ینه‌واو سه‌لاحه‌دین‌و ئه‌نبار.

 

داعش له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند هێڵێكی‌ گشتی‌ كاركردنی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام له‌سه‌لاحه‌دین ستراتیژێكی‌ جیاواز په‌یڕه‌و ده‌كات، خۆی‌ له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌كی‌ ئازاد كرد ژماره‌یه‌كی‌ كه‌می‌ چه‌كداری‌ لێ‌ ده‌هێڵێته‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌یان خۆكوژی‌ بیانین بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێ له‌پێشڕه‌وی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بگرن‌و له‌رێی‌ دانانی‌ مین‌و بۆمب‌و ئۆتۆمبێلی‌ بۆمب رێژكراوه‌وه‌ زیانی‌ گه‌وره‌یان پێبگه‌یه‌نێت، هۆكاری‌ په‌یڕه‌وكردنی‌ ئه‌م ستراتیژه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌وه‌یه‌ كه‌ متمانه‌ی‌ به‌خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ نییه‌ پشتیوانی‌ بكه‌ن.

 

زۆربه‌ی‌ شه‌ڕكه‌ره‌ لۆكاڵییه‌كانی‌ داعش له‌سه‌لاحه‌دین یان ئه‌وه‌تا له‌شه‌ڕدا كوژراون، یان ئه‌وه‌تا له‌م به‌ره‌ی‌ شه‌ڕ بۆ ئه‌وی‌ تر گواستراونه‌ته‌وه‌ هه‌ر له‌تكریته‌وه‌ تا ده‌گاته‌ بێجی‌‌و شرقات‌و له‌وێشه‌وه‌ بۆ موسڵ، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ‌ زانیاری‌ هه‌واڵگری‌ عێراقی‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌شێك له‌و چه‌كدارانه‌ی‌ داعش چوونه‌ته‌ به‌ره‌كانی‌ شه‌ڕ له‌سوریاو لیبیا.

 

مسته‌فا كامیل عه‌قید له‌پۆلیسی‌ سه‌لاحه‌دین ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ بۆ "نیقاش" پشت راست كرده‌وه‌ كه‌ گروپ‌و ده‌سته‌ی‌ داعش له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ چۆڵ له‌ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگی‌ رابردوودا بینراون، وتیشی‌ "تێبینی‌ بوونی‌ پێنج گروپ كراوه‌ له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ سه‌خت كه‌ به‌ر له‌2014 شوێنی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ داعش بوون".

 

عه‌قید مسته‌فا ده‌شڵێت "له‌حه‌وزی‌ سه‌رسار (خۆرئاوای‌ سامه‌راو باشوری‌ تكریت)‌و به‌رزاییه‌كانی‌ حه‌مرین‌و ناوچه‌ی‌ ئه‌لبوخدو متیبیحه‌ی‌ سامه‌ڕا هه‌ست به‌جموجۆڵیان كراوه‌".

 

باس له‌وه‌ش ده‌كات هه‌ر یه‌كێك له‌و ده‌ستانه‌ له‌نێوان 10 بۆ 15 كه‌س پێكهاتوون، به‌شێكیان خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ن‌و ته‌واو شاره‌زای‌ بوون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ چه‌ندین تونێل‌و شوێنی‌ خۆحه‌شاردانیان دروستكردووه‌، به‌جۆرێك تونێلی‌ وایان هه‌یه‌ كاره‌باو سیسته‌می‌ پێشكه‌وتووی‌ په‌یوه‌ندی‌‌و چه‌كێكی‌ زۆری‌ تێدایه‌.

 

له‌باره‌ی‌         چالاكییه‌كانیانه‌وه‌ عه‌قید مسته‌فا ده‌ڵێت "بۆ نموونه‌ له‌ناوئه‌ی‌ ئه‌لبوخدوی‌ نزیك سامه‌ڕا له‌ماوه‌ی‌ نۆ مانگی‌ رابردوودا زیاتر له‌بیست بورجی‌ كاره‌بایان ته‌قاندووه‌ته‌وه‌و بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند رۆژێك كاره‌بایان له‌ناوچه‌ی‌ به‌رفراوان بڕیوه‌، هه‌روه‌ها هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر تیمه‌كانی‌ چاككردنه‌وه‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌".

 

باوكی‌ فازیل یه‌كێك له‌سه‌ركرده‌ی‌ ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ 2003 هه‌تا 2007 دژی‌ سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا شه‌ڕیان كردووه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "پێكهێنانی‌ ئه‌م تیمانه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌‌و دیاریكردنی‌ ئامانجه‌ گرنگه‌كانه‌ تا ئه‌و كاته‌ له‌سه‌ركرده‌كانیانه‌وه‌ فه‌رمانی‌ هێرشیان پێده‌كرێت، چونكه‌ ده‌زانن له‌شێوازی‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ راسته‌وخۆدا سه‌ركه‌وتوو نابن".

 

ده‌شڵێت "له‌رێی‌ ئه‌و گروپانه‌وه‌ داعش گروزی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌هێزی‌ ئه‌منییه‌كان وه‌شاندووه‌و چه‌ند كه‌س‌و سه‌ركرده‌یه‌كی‌ گرنگ‌و دیاری‌ كوشتووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌چاندنی‌ چه‌ندین بۆمب له‌شوێنی‌ هه‌ستیارو بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ پڕوپاگه‌نده‌و واته‌ وات".

 

عه‌مید روكن عه‌بدوڵا جبوری‌ پسپۆڕی‌ سه‌ربازی‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ بۆ "نیقاش"ی‌ باسكرد، پێی‌ وایه‌ له‌ناوبردنی‌ ئه‌و گروپانه‌ به‌سێ‌ رێگا ده‌كرێت، ئه‌ویش چاودێری‌ ئاسمانی‌ به‌رده‌وام‌و په‌لاماردانی‌ كتوپڕو بوونی‌ زانیاری‌ وردی‌ هه‌واڵگری‌.

 

ئه‌و شێوازانه‌ی‌ داعش په‌یڕه‌ویان ده‌كات له‌خۆحه‌شاردان‌و په‌لاماردان‌و هه‌ڵاتن، ره‌نگه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ پێش ساڵی‌ 2014 كاریگه‌ریی‌ نه‌مێنێت، به‌تایبه‌تی‌ پاش ئه‌و ئه‌زمونه‌ تاڵه‌ی‌ به‌سه‌ریاندا هات، چونكه‌ به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌وه‌، چه‌كداره‌كانی‌ یان كوژران، یان كه‌وتنه‌ ده‌ستی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌، یاخود به‌زه‌حمه‌تی‌ هه‌ڵهاتن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌