راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پیتی میم داعشی تۆقاندووە
لەناو موسڵەوە دەنگی ناڕەزایی هەڵدەكشێ‌

تایبه‌ت
لەگەڵ نزیكبوونەوەی پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ، داعش هەموو دەرگاكانی پەیوەندی خەڵكی شارەكەی بەرووی دەرەوە داخستووەو لەگەڵیشیدا هەڵمەتی گرتن‌و سەربڕینی دەست پێكردووە.
4.08.2016  |  موسڵ
پیتی م لەسەر دیواری شوێنە گشتیەکانی موسڵ
پیتی م لەسەر دیواری شوێنە گشتیەکانی موسڵ

داعش ئێستا زیاتر لەجاران توندە لەگەڵ ئەو یەك ملیۆن پێنج سەد هەزار هاوڵاتییەی لەموسڵ لەژێر دەستیدا ماونەتەوە، كاتێكیش سوپا بەرەو ناحیەی قیارە (70كم باشووری موسڵ) پێشڕەوی كرد‌و ئامادەسازی نێودەوڵەتی بۆ ئازادكردنەوەی شارەكە هاتە ئاراوەو لەناوخۆ دەنگی ناڕەزایی بەرزبووەوە، ئەوەندەی تر داعش تووشی ترس‌و شێوان بوو.

 

بەوێنەو ڤیدیۆ سەلمێنراوە كە جموجۆڵی جدی هەیە لەموسڵ دژی داعش، دیارترین هێمای ئەو ناڕەزاییەش نووسینی پیتی (م)ە لەسەر دیواری خوێندنگاو مزگەوت‌و شوێنە گشتییەكان.

 

پیتی "م" هێمایە بۆ وشەی "مقاومە"(بەرگری) ئەمەش ئامانج لێی زیاتر شەڕێكی دەرونییە، چونكە ئەوانەی لەناو شارەكەدا دەژین توانای ئەوەیان نییە لەرووی چەك‌و ژمارەوە رووبەرووی داعش ببنەوە، بۆیە ئەم جموجۆڵە هەر لەتاریكیدا ماوەتەوە.

 

داعش لەبەرامبەر ئەمەدا بێدەنگ نەوەستاوە، هەر ئەوەندەی پیتی "م" دەركەوت كەوتە سڕینەوەیی‌و دەستگركردنی چەندین كەس بەتۆمەتی دژەیەتیكردنی دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام دەنگۆی ئەم بەرگرییە گەیشتە دەرەوەی شارەكەو وێنەو ڤیدیۆ لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكرانەوەو دواتریش میدیا عێراقییەكان جارێكی تر بڵاویان كردنەوە.

 

بەپێی بەدواداچوونەكانی "نیقاش" مانگی حوزەیرانی رابردوو بەدەیان پۆستی لەم شێوەیە لەسەر فەیسبووك بڵاوكرانەوە، دیارترینیان ئەو پیتی "م"ە بوو كە لەسەر دیواری مزگەوتی نوری نوسرابوو، ئەو مزگەوتەی ئەبوبەكر بەغدادی وتارە بەناوبانگەكەی لێ‌ خوێندەوە.

 

لەگەڕەكی حەی زوباتی خۆرهەڵاتی شارەكە كە ماڵی ئەفسەرانی پێشووی سوپای عێراقی لێیە، بەر لەهەفتەیەك لەنیوەشەودا ئاڵای عێراق لەسەر ستونێكی كارەبا بەرزكرایەوە، بۆ بەیانیەكەی چەكدانی داعش چوون‌و ئاڵاكەیان داگرت‌و سوتاندیان، ئینجا چونە ماڵێكی نزیك‌و گەنجێك‌و چەند ئەفسەرێكی خانەنشینیان دەستگیركردو بەچاو بەستراوی بردیانن بۆ لێكۆڵینەوە.

 

ئاشكرایە داعش بەتوندی وەڵامی هەر هەوڵێك دەداتەوە كە بۆ دژایەتیكردنی بێت، بۆیە رۆژی 21 تەمموز ڤیدیۆیەكی حەوت خولەكی لەو بارەیەوە بڵاوكردەوە كە لەموسڵ وێنەگیرابوو.

 

لەڤیدیۆكەدا دوو سەربڕ دەردەكەوتن كە هەریەكەیان چەقۆیەكیان پێبوو دوو گەنج بەجلی سورەوە لەبەردەمیاندا دانیشتبوو، یەكێك لەسەربڕەكان بەفەرەنسی قسەی دەكرد هەڕەشەی لەفەرەنساو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكرد‌و دەستخۆشی لەهێرشبەرەكەی "نیس" كرد كە 84 كەسی كوشت، نمایشەكەش بەسەربڕینی دوو گەنجەكەو بەرزكردنەوەی سەریان كۆتایی هات.

 

لایەنی تازەی ئەم ڤیدیۆیە ئەوەبوو كە بۆیەكەمجار داعش دانی نا بەبوونی بەرگریدا، چونكە دوو گەنجەكە وتیان كە نوسینیان دژی دەوڵەتی ئیسلامی نوسیوەو زانیاریان داوە بەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی‌و هێزە عێراقییەكان بۆ بۆردومانی بارەگاكانیان.

 

چەند كەسایەتییەكی سیاسیش بەردەوام لەرێی میدیاكانەوە ئاماژە بەوە دەكەن كە گروپێك بەناوی "كەتائیب موسڵ" چەندین كەسی سەر بەداعشیان لەناو شارەكە كوشتووە، كەسێكی وەك ئەسیل نوجێفی پارێزگاری پێشووش بەردەوام دەڵێت "هەر ئەوەندەی هێزە عێراقییەكان نزیكبوونەوە، موسڵ لەناوخۆوە ئازاد دەكرێت".

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەبارەی ئەم جموجۆڵانەوە بە"نیقاش"ی وت "ئەوەی دەكرێت تەنها شەڕی دەرونی‌و میدیاییە ئەگینا چالاكییە سەربازییەكان زۆر كەمن‌و هیچ مەترسی بۆ سەر داعش دروست ناكەن".

 

بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەم شەڕە میدیاییە داعش بەچەند قۆناغێك موسڵی لەدەرەوە دابڕی، سەرەتا بەپچڕانی پەیوەندی تەلەفۆنی لەمانگی تشرینی دووەمی 2014 پاشان رێگەگرتن لەچوونە دەرەوە لەمانگی شوباتی 2015 بەجۆرێك ئەمڕۆ چونە دەرەوە تەنها لەرێی قاچاخی پڕ مەترسییەوە دەبێت.

 

ئەم رێوشوێنە تەنانەت گەیشت بەماڵەكانیش ئەویش لەرێی قەدەغەكردنی ئامێری سەتەلایت تا خەڵكی نەتوانن تەماشای كەناڵە ئاسمانییەكان بكەن‌و ئاگایان لەهەواڵی ئازادكردنی شارەكە نەبێت.

 

نزیكەی مانگێك دەبێت داعش دەستكردووە بەكۆكردنەوەی ئامێرەكانی سەتەلایت‌و رەنگە مانگێكی تریشی بوێت بۆ ئەوەی كارەكەی تەواو بكات، ئەندامەكانی بەئۆتۆمبێلی گەورە دەچنە گەڕەكەكان‌و لەرێی بڵندگۆوە داوا لەخەڵكی دەكەن ئامێرەكانیان بۆ ببەن، پاشان دەیانبەنە دەرەوەی شارو دەیانشكێنن.

 

یەعرب خالید (35) لەرێی تەلەفۆنەوە بە"نیقاش"ی وت "كاتێك پێم وتن بەسەتەلایتم بمێنێ‌ چونكە منداڵەكانم زۆر پابەندن بەتەماشای فیلیم كارتۆنەوە، یەكێكیان لۆمەی كردم‌و وتی: شەرم ناكەیت ئەوە حەرامە، چۆن شەیتان لەماڵی خۆت دادەنێیت".

 

گەورەترین هەنگاوی ئەم رێگەگرتنەش لەرۆژی 24ی مانگی رابردوودا بوو كاتێك بەپێی بڕیارێك بەتەواوی ئینتەرنێتی لەشارەكە بڕی.

 

هەموو ئەم هەڵمەتانەی داعش بۆ ئەوەیە بەتەواوی كۆنترۆڵی ناوخۆی شارەكانی بكات‌و ورەی چەكدارەكانی بەرزبكاتەوە، سەرچاوە تایبەتەكەی "نیقاش" جەختی لەوە كردەوە كە لەمانگی حوزەیرانی رابردووەو لەو كاتەوەی فەلوجەی دۆڕاندووە داعش لەپاشەكشەی بەردەوامدایە، بۆیە دەیەوێت بەدابڕینی شەرەكەو سەركوتكردنی دەنگی ناڕەزایی زیاتر خۆی لەشارەكەدا قایم بكات لەئەگەری هێرشی سوپای عێراقدا.

 

خەڵكی شارەكە لەچاوەڕێی ئەوەدان سوپای عێراقی بەڵێنەكەی بباتە سەرەو زوو شارەكە ئازاد بكاتەوە، لەبەرامبەردا داعشیش هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە خەڵكی شارەكە بخاتە دۆخی: نە ئەبینم، نە ئەبیستم، نە قسە ئەكەم.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌