به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی فه‌رمی له‌نوسینگه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌ره‌ك وه‌زیرانه‌وه دزه‌ی كرد كه تیایدا ئاماژه به‌وه كراوه حه‌شدی شه‌عبی ده‌كرێته هێزێكی ئه‌منی سه‌ربه‌خۆ له‌ده‌ره‌وه‌ی پێكهاته‌ی سوپا‌و پۆلیس، به‌ڵام ئه‌م هێزه له‌ژێر ده‌ستی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كاندا ده‌بێت كه به‌پێی ده‌ستور خودی سه‌ره‌ك وه‌زیرانه.
هه‌ر له‌به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه كراوه كه حه‌شدی شه‌عبی پابه‌ندی رێوشوێنه سه‌ربازییه‌كان دهكرێتو ئه‌ندامانی بۆیان نییه به‌شداری ژیانی سیاسی‌و حیزبی بكه‌ن، هه‌روه‌ها چۆن سهرۆكو جێگرێك بۆ ئه‌م هێزه داده‌نرێت، به‌ڵام پێده‌چێت جێبه‌جێكردنی ئه‌و فه‌رمانه له‌به‌ر زۆر هۆكار زه‌حمه‌ت بێت.
رۆژی 13ی حوزه‌یرانی 2014 عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه فه‌توا به‌ناوبانگه‌كه‌ی ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك خۆبه‌خشانه چه‌ك دژی داعش هه‌ڵبگرن كه ئه‌و كاته سێ شاری عێراقی به‌ده‌سته‌وه بوو، فه‌تواكه توانی رێ له‌پێشڕه‌وی داعش بگرێت‌و گروپه شیعه‌كان لهسهلاحهدینو دیاله‌و ئهنبارو بابل چه‌ندین سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێنا.
پاش ئه‌م سه‌ركه‌وتنانه هێزه چه‌كداره شیعه‌كان بوونه گروپی سهربهخۆو یاسا‌و بڕیاری تایبه‌ت به‌خۆیان دانا، له‌گه‌ڵیشیدا جیاكاری نێوانیان ده‌ركه‌وت كه ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی هه‌یه به‌ناكۆكی حیزبه شیعه فهرمانڕهوهكان له‌ساڵی 2003وه، هه‌روه‌ها جیاوازی‌و ناكۆكی عه‌قیده‌یی نێوان پیاوانی ئاینی نه‌جه‌ف لهعێراقو سیسته‌می ویلایه‌تی فه‌قێی ئێران.
پێكهاته‌ی حه‌شدی شهعبیو ناكۆكی خامهنهییو سیستانی
دیارترین كێشه كه رووبه‌رووی حكومه‌ت ده‌بێته‌وه له‌م بڕیاره‌دا ئه‌وه‌یه كه گروپه شیعه‌كان پێكه‌وه كۆك نین، بگره ناكۆكی زۆر قووڵ له‌نێوانیاندا هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و گروپانه بوون به‌سێ به‌شه‌وه، به‌شی یه‌كه‌م نزیكن لهئێرانهوهو گرێدراون به‌عه‌لی خامه‌نه‌یی رابهڕیی ئاینی ئێران، ئه‌مانه ژماره‌یان زیاتر له‌بیست گروپه‌و دیاترینیان بریتین له‌رێكخراوی "به‌رد"و "عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق"و "كه‌تیبه‌كانی حیزبوڵا"و "سه‌رایا خوراسانی"و "نوجه‌با"و "كه‌تیبه‌كانی ئیمام عه‌لی"، ئه‌م ده‌سته‌یه بههێزترینو پڕچهكتریننو رێز له‌بڕیاره‌كانی حكومه‌ت ناگرن‌و زۆرجار ره‌خنه‌شی لێده‌گرن.
هه‌موو ئه‌م گروپانه له‌لایه‌ن "گاردی شۆڕشی ئێران"ه‌وه رێبه‌رایه‌تی دهكرێنو خودی قاسم سوله‌یمانی سه‌رپه‌رشتیاری پرۆسه مهیدانییهیان ده‌كات به‌هاوكاری فه‌رمانده عێراقییه‌كانی نزیك له‌ئێران، وه‌ك هادی عامری سه‌رۆكی رێكخراوی "به‌در"و قه‌یس خزعه‌لی سه‌رۆكی "عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق"و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس سه‌رۆكی "كه‌تیبه‌كانی حیزبوڵا"، ئه‌م گروپانه پێیان وایه عێراق‌و سوریا یه‌ك گۆڕه‌پانی جه‌نگن.
به‌شی دووه‌م ئه‌و گروپه شیعانه‌ن كه عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه له‌عێراق دایمهزراندونو هه‌ر خۆیشی بودجه‌كه‌یان دابین ده‌كات، دیارترینیان بریتین له"لیوا عه‌لی ئه‌كبه‌ر"و "سه‌رایا عهتهبه موقه‌ده‌سه"و "سه‌رایا عهتهبه عه‌له‌ویه"و "سه‌رایا عهتهبه حوسه‌ینیه".
ئه‌م گروپانه ئامانجی سیاسی‌یان نییه‌و چه‌كداره‌كانیان خستووه‌ته ژێر فه‌رمانی حكومه‌ته‌وه، ئه‌ركیان یارمه‌تیدانی هێزه ئه‌منییه‌كانه له‌شه‌ڕی داعشدا‌و پاراستنی ئه‌و شارانه‌ی كه ئازاد ده‌كرێن، به‌وه ده‌ناسرێنه‌وه كه ژماره‌یان كه‌مه‌و چه‌كیشیان زۆر پێ نییه، هه‌روه‌ها ئاماده نین به‌شداری ئه‌و شه‌ڕه بكه‌ن كه له‌سوریا به‌ڕێوه ده‌چێت.
به‌شی سێهه‌م ئه‌و گروپانه‌ن كه سه‌ر به‌حیزبه شیعه كلاسیكییهكانن، دیارترینیان "سه‌رایا جیهاو بینا"و "سه‌رایا عاشور"و "سه‌رایا ئه‌نسه‌ر عه‌قیده"ی سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نی باڵا، هه‌روه‌ها "سه‌رایا سه‌لام"ی سه‌ر به‌ره‌وتی سه‌درو "كه‌تائیب جند ئیمام"و "كه‌تائیب غه‌زه‌ب"ی سه‌ر به‌حیزبی ده‌عوه‌و "لیوا شه‌باب رسالی" سه‌ر به‌حیزبی فه‌زیله.
ئه‌م سێ به‌شه له‌گروپه چه‌كداره شیعه‌كان له‌نێو خۆیاندا كێبڕكێیانه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی سیاسی‌و سهربازیو ئابوری‌و عه‌قیده‌ی، حكومه‌تیش ناتوانێت له‌ژێر یه‌ك سایه‌دا كۆیان بكاته‌وه، كێشه‌ی سه‌ره‌كیش په‌یوه‌سته به‌باڵاده‌ستی ئێران به‌سه‌ر به‌شێك له‌م گروپانه‌وه.
ته‌نها دوو رۆژ دوای بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌ت بۆ پێكهێنانی هێزێكی ئه‌منی سه‌ربه‌خۆ له‌گروپه شیعه‌كان، ئه‌بو ئالات والائی سه‌رۆكی "كه‌تائیب سه‌ید شوهه‌دا" له‌به‌یاننامه‌یه‌كی فه‌رمیدا رایگه‌یاند "كه‌تائیب سه‌ید شوهه‌دا پێكهاته‌یه‌كی عه‌قیده‌ییه‌و گرێدراوه به‌ویلایه‌تی فه‌قێ له‌ئێرانه‌وه، به‌هیچ جۆرێك په‌یوه‌ست نییه به‌خواستی سیاسییه‌كان له‌عێراقدا".
له‌وه‌ته‌ی حه‌شدی شه‌عبی دروست بووه ئێران هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات ئه‌م هێزانه له‌ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت بمێننه‌وه‌و هه‌موو پێشنیارێكی بۆ رێكخستنیان ره‌ت كردووه‌ته‌وه، له‌به‌رامبه‌ردا سیستانی داوا ده‌كات پاش شه‌ڕی داعش ئه‌م گروپانه هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه‌و چه‌كداره‌كانیان بچنه ناو هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه.
ئێران به‌ئاشكرا پێكهێنانی هێزێكی سه‌ربازی نیزامی نوێی به‌ناوی "گاردی نیشتیمانی" ره‌تكرده‌وه كه بڕیاربوو گروپه شیعه‌كان‌و هێزی عه‌شیره‌ته سوننه‌كان كۆبكاته‌وه‌و هه‌ر پارێزگایه‌ك هێزی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت، له‌به‌رامبه‌ردا سیستانی پشتگیری پێكهێنانی كرد.
عه‌قیل وائیلی كه پیاوێكی ئاینی سه‌ربه‌خۆیه له‌نه‌جه‌ف به"نیقاش"ی وت "سیستانی ته‌نانه‌ت ناوی حه‌شدی شه‌عبی ره‌ت ده‌كاته‌وه‌و ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه به‌كارده‌هێنێت كه ده‌ڵێت خۆبه‌خشانی شه‌ڕی داعش، چونكه دژی ئه‌وه‌یه ببنه هێزێكی سه‌ربه‌خۆ له‌ده‌ره‌وه‌ی پێكهاته‌ی سوپا‌و پۆلیس".
به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ی وائیلی ئاماژه‌ی پێده‌كات ئێران ده‌یه‌وێت ده‌زگایه‌كی ئه‌منی له‌عێراقدا دروست بكات هاوشێوه‌ی "گاردی شۆڕشی ئێران"، ده‌شڵێت "له‌وه ده‌چێت ئێران سه‌ركه‌وتوو بووبێت له‌و ئامانجه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆربه‌ی گروپه چه‌كداره شیعه‌كان پابه‌ندن به‌عه‌لی خامه‌نه‌ییه‌وه نه‌ك سیستانی".
هێزێكی سه‌ربازی نا نیزامی
حه‌شدی شه‌عبی یه‌كه‌مین هێزی سه‌ربازی نانیزامییه له‌مێژووی عێراقی هاوچه‌رخدا، ئه‌و سیاسه‌ته‌ی عێراق له‌سه‌ری ده‌ڕوات له‌وه‌ته‌ی سوپا دامه‌زراوه له‌ساڵی 1921ه‌وه هه‌تا 2014 مه‌رجی سه‌ره‌كی تیایدا ئه‌وه بووه كه خۆبه‌خشانی سوپا‌و پۆلیس راهێنانیان پێبكرێت‌و بلكێنرێن به‌ده‌وڵه‌ته‌وه، به‌ڵام حه‌شدی شه‌عبی ئه‌م یاسایانه نایانگرێته‌وه، پله‌و پۆستی سه‌ربازی له‌نێوانیاندا نییه‌و فه‌رمانده‌كانیش به‌پێی په‌یوه‌ست بوونیان به‌گروپه شیعه‌كانه‌وه داده‌نرێن نه‌ك به‌پێی شاره‌زایی، له‌دوو ساڵی رابردوودا حكومه‌ت شكستی هێناوه بۆ رێكخستنیان.
بۆ نموونه مانگی شوباتی 2016 حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌ره‌ك وه‌زیران فه‌رماندا به‌دامه‌زراندنی فه‌ریق روكن موحسین كه‌عبی (فه‌رمانده‌ی پێشووی پۆلیسی ئیتیحادی) له‌بری ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی حه‌شدی شه‌عبی، به‌ڵام گروپه‌كانی سه‌ر به‌ئێران بڕیاره‌كه‌یان ره‌تكرده‌وه، گروپی "كه‌تائیب حیزبوڵا" به‌رپه‌رچی حكومه‌تی دایه‌وه‌و له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند "گروپه‌كانی به‌رگری ئیسلامی‌و حه‌شد، گروپی عه‌قیده‌یی جیهادینو رێوشوێنی كارگێڕی‌و رێكخستنی خۆیان هه‌یه كه جیاوازه له‌و رێوشوێنه كلاسیكییه‌ی دامه‌زراوه سه‌ربازییه‌كان په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن."
پێشوتریش له‌مانگی ئازاری 2015 گروپه شیعه‌كان رازی نه‌بوون فرۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌شداری شه‌ڕی گرتنه‌وه‌ی تكریت بكه‌ن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سوپا‌و حكومه‌ت ده‌یانویست ئه‌و فرۆكانه پشتیوانیان بن، ئه‌و ده‌مه ناكۆكی له‌نێوان هادی عامری‌و فه‌رمانده‌ی سوپا فه‌ریق عه‌بدولوه‌هاب ساعدی دروست بوو، عه‌بادی ناچاربوو ساعدی له‌سه‌ر داوای حه‌شد دوور بخاته‌وه.
له‌مانگی ته‌مموزی ساڵی رابردوو حكومه‌ت بڕیاریدا شاری رومادی له‌ئه‌نبار ئازاد بكات، به‌ڵام حه‌شدی شه‌عبی به‌وه رازی نهبوونو پێیان وابوو ده‌بێت فه‌لوجه پێشتر ئازاد بكرێت، بۆیه ئازادكردنی ئه‌و دوو شاره بۆ ماوه‌ی هه‌شت مانگ دواكه‌وت.
ئه‌كره‌م مه‌شهه‌دانی لیوای پێشوو له‌سوپای عێراقی كه به‌ر له سی ساڵ به‌شداری شه‌ڕی ئێرانی كردووه‌و ئێستا له‌ئه‌رده‌ن نیشته‌جێیه به"نیقاش"ی وت "حه‌شد هێزێكی نیزامی نییه‌و ئه‌بێت هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌و چه‌كداره‌كانی بچنه ناو سوپا‌و پۆلیس، چونكه راهێنراو نین‌و له‌به‌ر ئاین شه‌ڕ ده‌كه‌ن نه‌ك نیشتیمان".
مه‌شهه‌دانی ده‌شڵێت "پێكهێنانی هێزێكی ئه‌منی نوێ له‌ئاینده‌دا كێشه‌ی گه‌وره دروست ده‌كات، ئه‌م هێزه شیعانه پابه‌ند نابن به‌فه‌رمانی حكومه‌ته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی خۆیان ناكۆكیان زۆره.. ته‌نانه‌ت به‌ر له‌دوو مانگ له‌سه‌ر خۆپیشاندان پێكدا هه‌ڵپژانی چه‌كداری له‌به‌غدا له‌نێوانیاندا روویدا".
هه‌ر یه‌كێك له‌گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی رێكخستێكی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌و له‌ژێر ركێفی به‌رپرسه ئاینییهكهیاندان، به‌شێك له‌مانه گرتوخانه‌ی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه كه حكومه‌ت پێی نازانێت، گروپه‌كانی حه‌شد له‌مانگی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو به‌سه‌دان كه‌سیان له‌ناوچه‌ی رزازهی باشووری رومای دهستگركرد كه له‌ترسی شه‌ڕه‌كه‌ی رومادی هه‌ڵهاتبوون.
مانگی نیسانی ساڵی رابردوو حه‌یده‌ر عه‌بادی فه‌رمانیدا به‌جێبه‌جێكردنی یاسای سزادانی سه‌ربازی به‌سه‌ر چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی پاش ئه‌وه‌ی چه‌ندین ماڵیان لهتكریت سوتاندو وێران‌كرد دوای ئازادكردنه‌وه‌ی شاره‌كه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش جێبه‌جێ نه‌كرا.
رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردووش رێكخراوی هیومان رایس وۆچ داوای له‌حكومه‌تی عێراقی كرد رێگه نه‌دات حه‌شدی شه‌عبی به‌شداری ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تۆمه‌تبارن بهگرتنو گوشتنی خه‌ڵكی، له‌به‌یاننامه‌ی رێكخراوه‌كه‌دا هاتبوو "له‌سه‌ر سوپا پێویسته رێ له‌به‌شداری گروپه‌كانی حه‌شد بگرێت له‌شه‌ڕی موسڵ، له‌نێویاندا فه‌یله‌قی به‌درو كه‌تائیب حیزبوڵا‌و ئه‌وانی تر".
ئاڕاسته‌ی سیاسی حه‌شدی شه‌عبی
یه‌كێك له‌بڕگه‌كانی بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌ت سه‌باره‌ت به‌حه‌شدی شه‌عبی بریتییه له‌وه‌ی سه‌ركرده‌و ئه‌ندامانیان بۆیان نییه به‌شداری پرۆسه‌ی سیاسی بكه‌ن، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕگه‌یه ئێجگار ئاسته‌مه، چونكه زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانیان هه‌مانكات سه‌ركرده‌ی حیزبه سیاسییه‌كانن‌و به‌شێكی تریان پهرلهمانتارو وه‌زیرن، ئاخۆ ئه‌مانه به‌ئاسانی ده‌ست لهپۆستهكانیانه هه‌ڵده‌گرن؟
هاوكات گروپه‌كانی سه‌ر به‌ئێران ئامانجی سیاسی‌یان جیاوازه له‌ئامانجی حكومه‌ت، دیارترینیان گۆڕینی سیسته‌می فه‌رمانڕه‌واییه له‌په‌رله‌مانییه‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی، هه‌روه‌ها ئه‌م گروپانه ره‌خنه له‌سیاسییه كورده‌كان دهگرنو هه‌ڕه‌شه له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، ناوه ناوه‌ش شه‌ڕو پێكدادان له‌نێوان ئهوانو پێشمه‌رگه‌دا رووده‌دان له‌ناوچه گه‌رمه‌كانی وه‌ك خورماتووی سهلاحهدینو جه‌له‌ولا له‌دیاله.
ئاسته‌نگێكی تر ئه‌وه‌یه كه حكومه‌ت رێبگرێت له‌به‌شداری ئه‌و گروپانه له‌شه‌ڕی سوریا، چونكه ئه‌گه‌ر حه‌شدی شه‌عبی بووه هێزێكی فه‌رمی، نابێت له‌ناوچه‌یه‌ك شه‌ڕ بكه‌ن كه ده‌ره‌وه‌ی عێراق بێت، ئه‌مه‌ش كارێكه زه‌حمه‌ته به‌حكومه‌ت چاره‌سه‌ر بكرێت.
هه‌موو ئاماژه‌كان به‌و ئاڕاسته‌یه ده‌ڕۆن كه زه‌حمه‌ته حكومه‌ت پێی بكرێت حه‌شدی شه‌عبی كۆنترۆڵ بكات، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی بڕوات بۆ ئه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی بكاته هێزێكی ئه‌منی سه‌ربه‌خۆ كه هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی له‌یه‌ك تایفه‌ن، ئه‌وا كێشه‌یه‌كی زۆر گه‌وره بۆ عێراق دروست ده‌بێت، بۆیه پسپۆڕان باشترین رێگه‌چاره له‌وه‌دا ده‌بیننه‌وه كه چه‌كدارانی ئه‌و گروپه شیعانه تێكه‌ڵ به‌سوپاو پۆلیس بكرێت، له‌بری دروستكردنی هێزێكی تایبه‌ت به‌خۆیان.