راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گرژی‌ له‌دوای‌ بیست ساڵ بێده‌نگی‌
ئێران‌و كوردستان له‌دۆسته‌وه‌ خه‌ریكه‌ ده‌بنه‌ نه‌یار

هونەر حەمەرەشید
به‌هۆی‌ حیزبه‌كانی‌ كوردستانی‌ ئێرانه‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و ئێران خه‌ریكه‌ له‌دۆستایه‌تییه‌وه‌ ده‌گۆڕێت بۆ نه‌یارو دوژمنایه‌تی‌.
21.07.2016  |  سلێمانی‌
پێشمه‌رگه‌كانی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ ئێران ( :وێنه صلاح نردي )
پێشمه‌رگه‌كانی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ ئێران ( :وێنه صلاح نردي )

 

رۆژی 26ی‌ حوزه‌یران، دوای‌ دوو ده‌یه‌ له‌بێده‌نگبوونی‌ چه‌كه‌كانی‌ نێوان، حیزبه‌ كوردییه‌كانی‌ ئێران‌و سوپای‌ پاسدارانی‌ ئه‌و وڵاته‌، جارێكی‌ تر شه‌ڕو پێكدادان له‌نێواندا له‌كێوی كۆساڵان له‌ناوچه‌ی "شامیان"ی‌ سه‌ر به‌شاری سه‌وڵاوای‌ كوردستانی‌ ئێران روویدایه‌وه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ شه‌ڕو پێكدادانه‌كان له‌ناوچه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان روویدا، به‌ڵام یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی‌ لایه‌نی‌ ئێرانی‌ له‌سه‌ر ئه‌و شه‌ڕه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ راسته‌وخۆی‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بوو، كاتێك رۆژی‌  یه‌كی‌ ئه‌م مانگه‌ (ته‌مموز) سه‌ردار حوسه‌ین سه‌لامی، جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی سوپای پاسداران له‌میانی وتاری‌ نوێژی هه‌ینی له‌تاران رایگه‌یاند، "ماوه‌یه‌كه‌ چه‌ند گروپێكی چه‌كداری ده‌یانه‌وێت ئاسایشی ئێران تێكبده‌ن، به‌ڵام كۆتاییمان به‌و گروپانه‌ هێناوه‌".

 

سه‌لامی داوای له‌به‌رپرسانی هه‌رێمی‌ كوردستان كرد، كه‌ پابه‌ندی رێككه‌وتن‌و به‌ڵێنه‌كانیان بن بۆ بێده‌نگكردنی ئه‌و چه‌كدارانه‌، كه‌ به‌وته‌ی خۆی ئه‌گه‌ر ئه‌و چه‌كدارانه‌ واز له‌پشێوی نه‌هێنن ئه‌وا له‌ناو خاكی هه‌رێمدا بۆردومانیان ده‌كه‌ن‌و باره‌گاكانیان ده‌كه‌نه‌ ئامانج، هه‌ر به‌ڕاستیش دوو رۆژ پێش ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ش سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێران چه‌ند ناوچه‌كی‌ سیده‌كانیان له‌سنووری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆردومانكرد.

 

بیانووی‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێران له‌هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ باره‌گای‌ به‌شێكی‌ زۆر له‌حیزبه‌ كوردییه‌كانی‌ ئێران له‌ناو خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانن، كه‌ ئه‌وانیش "حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران‌و حیزبی‌ كۆمه‌ڵه‌ زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستان‌و حیزبی‌ پارتی‌ ژیانی‌ ئازاد پژاك‌و حیزبی‌ پارتی‌ كوردستان، پاك"، باره‌گای‌ دووان له‌و حیزبانه‌ ده‌كه‌ونه‌ شاری‌ كۆیه‌ی‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ هه‌ولێرو ناوچه‌ی‌ زڕگوێزی‌ شاری‌ سلێمانی‌.

 

یه‌ك رۆژ دوای‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ حوسه‌ین سه‌لامی‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌راگه‌یه‌نراوێكدا وه‌ڵامی‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ دایه‌وه‌و رایگه‌یاند حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ردار سه‌لامی ڕه‌تده‌كاته‌وه‌و دراوسێیه‌تییه‌كی هه‌میشه‌یی باش وه‌ك بنه‌مای په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌بینێت.

 

به‌پێی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ حیزبه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ دراوه‌ به‌"نیقاش" له‌سه‌روبه‌ندی‌ هێرشه‌كان‌و هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ سوپای‌ پاسداران شاندێكی‌ ئێرانی‌ بۆ گه‌یاندنی‌ ناڕه‌زاییه‌كانیان سه‌ردانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان كردو چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و به‌رپرسانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ له‌هه‌رێم‌و سلێمانی‌ ئه‌نجامدا.

 

شانده‌كه‌ی‌ ئێران له‌كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ حكومی‌‌و حیزبی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان داوایان كردووه‌ هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ، بۆ راگرتنی‌ كارو چالاكییه‌كانی‌ حیزبه‌ كوردییه‌كانی‌ ئێران، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و چالاكییانه‌ی‌ له‌خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ ئه‌نجامی‌ ده‌ده‌ن.

 

له‌و باره‌وه‌ نازم ده‌باغ نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌تاران، زانیارییه‌كانی‌ بۆ "نیقاش" پشتڕاستكرده‌وه‌و رایگه‌یاند "لایه‌نی‌ ئێرانی‌ به‌فه‌می‌ داوایان له‌به‌رپرسانی‌ هه‌رێم كردووه‌ كه‌ هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێگری‌ بكه‌ن له‌حیزبه‌ كوردییه‌كانی‌ ئێران كارو چالاكییه‌كانیان له‌هه‌رێم رابگرن".

 

نازم ده‌باغ نه‌شیشارده‌وه‌ كه‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم هه‌ڕه‌شه‌كانیانی‌ ئێرانیان به‌جدی‌ له‌سه‌ر هه‌رێم وه‌رگرتووه‌و دوای‌ هاتنی‌ شانده‌كه‌ش، شاندیان ناردووه‌ته‌ لای‌ حیزبه‌ كوردییه‌كان‌و له‌و باره‌وه‌ قسه‌یان كردووه‌.

 

هه‌ریه‌كه‌ له‌محه‌مه‌د قادری‌ به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران له‌هه‌رێم‌و ئه‌شره‌ف بۆكانی‌ به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستانی‌ ئێران له‌هه‌رێم ئه‌م زانیاریانه‌یان بۆ "نیقاش" پشتڕاستكراوه‌ته‌وه‌.

 

شه‌ڕو پێكدادانه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ نێوان هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ حیزبه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان‌و سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێران له‌ئه‌نجامی‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ چالاكییه‌ رێكخستنی‌‌و سه‌ربازییه‌كانی‌ حیزبی‌ دیموكرات سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه‌ كه‌ ئه‌و حیزبه‌ له‌مانگی‌ رابردووه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌و تائێستاش به‌رده‌وامه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌ڕه‌شه‌كانیان به‌جدی‌ وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام ئه‌و حیزبه‌و چه‌ند حیزبێكی‌ تری رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستانیش جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ به‌رده‌وامده‌بن له‌كارو چالاكییه‌كانیان دژی‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێران له‌ناوچه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان.

 

محه‌مه‌د قادری‌ له‌و باره‌وه‌ بۆ "نیقاش" وتی‌ "ئێمه‌ له‌دوای‌ دوو ده‌یه‌ سڕكردنی‌ كارو چالاكییه‌كانمان له‌ناوچه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان به‌پێویستی‌ ده‌زانین ده‌ست به‌چالاكییه‌كانمان بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌پێناوی‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ میلیتارییه‌ی‌ ئێران له‌ناوچه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان دروستیكردووه‌".

 

به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ئێران له‌هه‌رێمی‌ كوردستان وتیشی‌ "به‌هۆی‌ هه‌ندێك بارودۆخی‌ ناوخۆیی خۆمان‌و هه‌رێمی‌ كوردستان كاروچالاكییه‌كانمان راگرتبوو، به‌ڵام ئێستا ئه‌و راگیرانه‌و درێژه‌دانی‌ به‌پێویست نازانین، بۆیه‌ ده‌ستیشمان پێكردووه‌ته‌وه‌و به‌رده‌وامیش ده‌بین".

 

له‌به‌رانبه‌ردا نازم ده‌باغ نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌تاران داوا له‌به‌رپرسانی‌ حیزبه‌ كوردییه‌كانی‌ ئێران ده‌كات له‌م كاته‌داو به‌هۆی‌ بارودۆخی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ كارو چالاكییه‌كانیان رابگرن، به‌تایبه‌تی‌ له‌سنووره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌.

 

نوێنه‌ره‌كه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌پێویستیشی‌ ده‌زانێت حیزبه‌كان له‌رێگه‌ی‌ گفتوگۆوه‌ دوای‌ مافه‌ ره‌واكانی‌ گه‌لی‌ كورد له‌ئێران بكه‌ن، چونكه‌ به‌قسه‌ی‌ ناوبراو ئێستا سه‌رده‌می‌ گفتوگۆیه‌و چه‌ك‌و شه‌ڕو شۆڕیش ته‌نیا ماڵوێرانی‌ به‌دوای‌ خۆی‌ بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌هێنێت.

 

له‌قۆناغی‌ به‌رگرییه‌وه‌ بۆ هێرشكردن

هه‌رچه‌نده‌ چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ حیزبه‌ كوردییه‌كانی‌ ئێران وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن تائێستا قۆناغی‌ به‌رگریكردنه‌، به‌ڵام به‌قسه‌ی‌ فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ئه‌گه‌ری گۆڕینی تاكتیكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران؛ له‌به‌رگرییه‌وه‌ بۆ هێرشكردن له‌ئارادایه‌.

 

له‌و باره‌وه‌ كاوه‌ به‌هرامی، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی‌و شۆرای نیزامی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران به‌ "نیقاش"ی‌ وت  "تائێستا له‌قۆناغی‌ به‌رگریداین، له‌دژی‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێران، به‌ڵام به‌رنامه‌ی‌ ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ تاكتیكی‌ شه‌ڕه‌كانیان له‌به‌رگرییه‌وه‌ بۆ هێرشبردن بگۆڕین"، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ورده‌كارییه‌كه‌ی‌ ئاشكرابكات.

 

كاوه‌ به‌هرامی‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ به‌جدی‌ وه‌رگرتووه‌و ره‌نگه‌ هه‌وڵه‌كانی‌ حیزبی‌ دیموكرات هه‌ڕه‌شه‌كان بخاته‌ بواری‌ كرده‌كییه‌وه‌، به‌هرامی‌ وتی‌ "ئێران ناتوانێت ئه‌وه‌ بكات، سه‌رده‌می‌ ساڵانی‌ نه‌وه‌ده‌كان به‌سه‌رچوو".

 

له‌ناوه‌ڕاستی‌ ساڵانی‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو له‌سه‌رو به‌ندی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ نێوان پارتی‌ دیموكرات‌و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، ئێران چه‌ند هێرشێكی‌ بۆ سه‌ر باره‌گای‌ حیزبه‌ كوردییه‌كان ئه‌نجامدا، ته‌نانه‌ت هێزیشی‌ ره‌وانه‌ی‌ شاری‌ كۆیه‌ كردو هێرشی‌ كرده‌ سه‌ر باره‌گاكانی‌ حیزبی‌ دیموكرات.

 

به‌قسه‌ی‌ به‌رپرسه‌كه‌ی‌ حیزبی‌ دیموكرات ئه‌و كاته‌ هه‌رێم له‌دۆخێكی‌ جیاوازدابوو، به‌ڵام ئێستا به‌بوونی‌ چه‌ندین باڵوێزو كونسوڵخانه‌ی‌ وڵاتان له‌هه‌رێم‌و شه‌ڕی‌ داعش‌و بوونی‌ هێزی‌ هاوپه‌یمانان له‌ناو شاره‌كانی‌ هه‌رێم، ئێران ناتوانێت هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ جێبه‌جێ‌ بكات.

 

په‌رته‌وازه‌یی‌، خاڵی‌ لاوازی‌ حیزبه‌ كوردییه‌كانی‌ ئێران

ژماره‌ی‌ حیزبه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان له‌هه‌ژده‌ حیزب پێكدێن كه‌ گرنگترینیان حیزبه‌كانی‌ دیموكرات‌و كۆمه‌ڵه‌و پاك‌و پژاكن، به‌ڵام ئه‌م حیزبانه‌ به‌هۆی‌ ناكۆكیان له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك زۆر په‌رته‌وازه‌ن، به‌جۆرێك هه‌ر یه‌ك له‌و حیزبانه‌ دابه‌شی‌ چه‌ند باڵێك بوون، بۆ نموونه‌ حیزبی‌ دیموكرات له‌دوو باڵی‌ ناكۆك‌و كۆمه‌ڵه‌ له‌سێ‌ باڵ پێكدێن.

 

به‌قسه‌ی‌ چالاكوانانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان، ئه‌و په‌رته‌وازه‌ییه‌ی‌ ناو حیزبه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵات كاریگه‌ری‌ خراپی‌ له‌سه‌ر كارو چالاكییه‌كانیان داناوه‌، به‌تایبه‌تی‌ لایه‌نی‌ ئێرانی‌ كه‌ له‌ناوچه‌ كوردییه‌كان رێوشوێنی‌ توندی‌ به‌رانبه‌ر رێكخستنه‌كان‌و لایه‌نگره‌كانی‌ حیزبه‌كان گرتووه‌ته‌ به‌ر.

 

ئه‌رسه‌لان یارئه‌حمه‌دی‌، چالاكوان‌و رۆژنامه‌نووسی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان به‌ "نیقاش"ی‌ وت "په‌رته‌وازه‌یی حیزبه‌كان كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر كارو چالاكییه‌كانیان داناوه‌... پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موو حیزبه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ حیزبی‌ دیموكرات به‌هه‌ند وه‌ربگرن‌و هه‌ماهه‌نگی‌ زیاتری‌ یه‌كتریش بكه‌ن، بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ رژێمی‌ ئێران له‌ناوچه‌ كوردییه‌كان".

 

"نیقاش" له‌سه‌رچاوه‌ فه‌رمییه‌كانی‌ ناو حیزبه‌كانی‌ كوردستانی‌ ئێران زانیوییه‌تی‌، له‌دوای‌ ده‌ستپێكردنی‌ كارو چالاكییه‌كان له‌مانگی‌ رابردوو، چه‌ند هه‌وڵێك ده‌ستیپێكردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌نێوان حیزبه‌كان بێته‌ ئاراوه‌، به‌جۆرێك هه‌موو حیزبه‌كان به‌ره‌یه‌كی‌ هاوبه‌شی‌ سیاسی‌‌و سه‌ربازی‌ دژی‌ حكومه‌تی‌ ئێران دروستبكه‌ن.

 

زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن، بۆ دروستكردنی‌ به‌ره‌كه‌، ئێستا گفتوكۆكان به‌رده‌وامه‌و له‌و باره‌شه‌وه‌ له‌ناو حیزبه‌كاندا به‌ده‌مه‌چوون بۆ هه‌وڵه‌كه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام تائێستا به‌فه‌رمی‌ رانه‌گه‌یه‌نراوه‌.

 

محه‌مه‌د ساڵح قادری‌ به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران پشتیوانی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ بۆ دروستكردنی‌ ئه‌و به‌ره‌یه‌ به‌گرنگ ده‌زانێت‌و وتی‌ "پێوسته‌ هه‌موو حیزبه‌كان رووبه‌ڕووی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی‌ ئێران ببنه‌وه‌ كه‌ هه‌موو رێوشوێنێكی‌ گرتووه‌ته‌ به‌ر بۆ سه‌ركوتكردنی‌ كورد له‌ناوچه‌كه‌دا".

 

هاوكات ئه‌شره‌ف بۆكانی‌ به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستانی‌ ئێران باسی‌ له‌و هه‌وڵانه‌ كردو وتی‌ "هه‌موو هه‌وڵه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن حیزبه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵات له‌پرسی‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ ئێران یه‌ك ده‌نگ‌و یه‌كگرتوو بن، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ به‌ده‌م هه‌رجۆره‌ هه‌وڵێك ده‌چین به‌و ئاراسته‌یه‌ كاربكات".

 

به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حیزبه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ چالاكی‌ سه‌ربازی‌ كۆك نین، بۆ نموونه‌ حیزبی‌ دیموكرات له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی‌ چالاكی‌ سه‌ربازیدایه‌، كه‌چی‌ كۆمه‌ڵه‌، پێیوایه‌ په‌ره‌دان به‌چالاكی‌ رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان له‌رۆژهه‌ڵات بۆ ئێستا گرنگه‌.

 

شه‌ڕی‌ به‌وه‌كاله‌ت، یا شه‌ڕی‌ سه‌ندنی‌ ماف؟

لایه‌نی‌ ئێرانی‌ حیزبه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان تۆمه‌بارده‌كات، به‌بوونی‌ ده‌ستی‌ ده‌ره‌كی‌ له‌پشتیانه‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ هاندانی‌ سعودییه‌، به‌ڵام به‌رپرسانی‌ ئه‌و حیزبانه‌ هه‌موو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

 

هه‌فته‌ی‌ رابردوو موحسێنی‌ ڕه‌زایی "ئه‌مینداری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ته‌شخیسی‌ مه‌سڵه‌حه‌تی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران" له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ شه‌به‌كه‌ی‌ یه‌كی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ وتی‌ "وڵاتی‌ سعودییه‌ یارمه‌تی‌ حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی‌ ئێرانی‌ داوه‌ له‌شاری‌ هه‌ولێرو دوو حیزبی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ چالاككردووه‌و بنكه‌یان له‌نزیك سنوره‌كانی‌ ئێران دامه‌زراندووه‌".

 

له‌به‌رانبه‌ردا هه‌ریه‌كه‌ له‌به‌رپرسانی‌ حیزبی‌ دیموكرات‌و كۆمه‌ڵه‌ تۆمه‌ته‌كانی‌ ئێران ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌و جه‌ختیانكرده‌وه‌ كه‌ لایه‌نی‌ ئێرانی‌ "بۆ شاردنه‌وه‌ی‌ شكسته‌كانی‌" ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ده‌به‌خشێته‌وه‌.

 

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش دووشه‌ممه‌ی‌ رابردوو (18ی‌ ته‌مموز) له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا لێدوانه‌كه‌ی‌ موحسین ره‌زایی‌ ره‌تكرده‌وه‌و تیایدا هاتووه‌ "سه‌رتاپای‌ ئه‌و زانیاری‌‌و لێكدانه‌وانه‌ی‌ به‌ڕێز موحسینی‌ ره‌زایی‌ له‌باره‌ی‌ رووداوه‌ سنورییه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌وه‌ كه‌ له‌چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا باسی‌ كردووه‌ هه‌ڵه‌ن‌و هیچ بنه‌مایه‌كیان نییه‌".

 

له‌نێوان ئه‌م لێدوان‌و وه‌ڵامدانه‌وانه‌ی‌ ئێران‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێمدا، پێده‌چێت ناكۆكییه‌كان زیاتر په‌ره‌ بسێنێت‌و به‌هۆی‌ حیزبه‌ كوردییه‌كانی‌ ئێرانه‌وه‌ گرژی‌ بكه‌وێته‌ نێوان كوردستان‌و ئێرانه‌وه‌ كه‌ ساڵانێكی‌ زۆر دۆستی‌ یه‌ك بوون.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌