راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سه‌ره‌تای‌ گرفتێكی‌ تر
كۆتایی‌ یاسای تیرۆر قه‌یرانی‌ ئه‌منی‌‌و یاسایی‌ له‌كوردستان دروست ده‌كات

هه‌ستیار قادر
هه‌رێمی‌ كوردستان له‌16ی‌ ئه‌م مانگه‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ بۆشاییه‌كی‌ تری‌ یاسایی‌‌و مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی‌ ئه‌و هه‌رێمه‌ ده‌بێت كه‌ به‌درێژایی‌ هه‌زاران كیلۆمه‌تر شه‌ڕی‌ دژ به‌دعش ده‌كات
14.07.2016  |  هه‌ولێر
ژماره‌یه‌ك له‌چه‌كدارانی‌ داعش له‌تكریت
ژماره‌یه‌ك له‌چه‌كدارانی‌ داعش له‌تكریت

له‌و رێكه‌وته‌وه‌ ماوه‌ی‌ یاسایی‌ كاركردن به‌یاسای‌ به‌ڕه‌نگار بوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر كۆتایی‌ دێت،  ئه‌گه‌ره‌كانی‌ به‌رده‌م چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و گرفته‌ زۆر نین له‌سایه‌ی‌ كارانه‌بوونی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا، چونكه‌ په‌رله‌مان تاكه‌ ده‌زگای‌ شه‌رعییه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ ئه‌و یاسایه‌ی‌ هه‌یه‌، ئێستا یه‌كێك له‌و سیناریۆیانه‌ی‌ باسی‌ ده‌كرێت هه‌ڵدانی‌ تۆپی‌ كێشه‌یه‌كه‌ بۆ گۆڕه‌پانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شورا یان كاركردنی‌ "ناچاری‌" به‌یاسای‌ بنه‌بڕكردنی‌ تیرۆری‌ عێراق .

 

ساڵی‌ 2006 په‌رله‌مانی‌ كوردستان یاسای‌ ژماره‌ (3)ی‌ "به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ تۆقاندن (تیرۆر)"ی‌ ده‌ركرد، به‌پێی‌ ماده‌ی‌ (17)ی‌ یاساكه‌، ته‌مه‌نی‌ ئه‌م یاسایه‌ ته‌نها دوو ساڵه‌و ته‌نها په‌رله‌مانی‌ كوردستانیش مافی‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ یاساكه‌ی‌ هه‌یه‌، له‌و كاته‌ به‌دواوه‌ هه‌موو دووساڵ جارێك په‌رله‌مان درێژی‌ كردووه‌ته‌وه‌، دواهه‌مینجاریش له‌ساڵی‌ (2014) بوو، به‌ڵام كێشه‌كه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ ئه‌وه‌یه‌ په‌رله‌مان له‌مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ په‌كخراوه‌و هیچ ناوه‌ندێكی‌ تریش مافی‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ یاساكه‌ی‌ نییه‌.

 

گۆران ئازاد بڕیارده‌ری‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئاشكرایده‌كات كه‌ به‌كۆتایی‌ هاتنی‌ واده‌ی‌ كاركردنی‌ یاسای‌ بنه‌بڕكردنی‌ تیرۆر راسته‌وخۆ دادگاكان ناچار ده‌بن به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ بۆ مامه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ تاوانبارانی‌ ئه‌و كرده‌وانه‌ی‌ به‌ "تیرۆریستی" له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێن.

 

گۆران ئازاد به‌"نیقاش"ی‌ وت"یاسای‌ سزادانی‌ عێراق، سزاكانی‌ سوكتره‌ له‌یاسای‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر، بۆنمونه‌ سزای‌ تیانیه‌ له‌سه‌ر بانگه‌شه‌ بۆ تونده‌ڕه‌وی‌ یان بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بڵاوكراوانه‌ی‌ تایبه‌تن به‌فكری‌ توندڕه‌وی‌‌و له‌بنه‌ڕه‌تیشدا یاسای‌ بنه‌بڕكردنی‌ تیرۆر له‌به‌ر بێهێزی‌ یاسای سزادانی‌ عێراقی‌ ده‌ركراوه‌".

 

ساڵی‌ 2006 كاتێك یاساكه‌ ده‌ركرا ئه‌و ده‌مه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رووبه‌رووی‌ چه‌ند هێرشێكی‌ "تیرۆریستی‌" بوو بووه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم پێیان وابوو یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ توانای‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ تیرۆری‌ نییه‌، بۆیه‌ ئه‌و یاسا نوێیه‌یان ده‌ركرد.

 

فاروق جه‌میل وه‌زیری‌ پێشوتری‌ دادی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پێیوایه‌ كۆتایی‌ هاتنی‌ واده‌ی‌ ئه‌و یاسایه‌ كێشه‌ بۆ دادگاكان دروست ده‌كات له‌ماڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆسیه‌كانی‌ تیرۆرداو ناتوانن كاری‌ پێ بكه‌ن‌و ته‌نها په‌رله‌مانیش ده‌توانێت واده‌كه‌ی‌ درێژبكاته‌وه‌. 

 

 

فاروق جه‌میل به‌"نیقاش"ی‌ وت "یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ ساڵی‌ 1969  له‌سه‌رده‌مێكدا نوسراوه‌ كه‌ تیرۆر به‌م شێوه‌یه‌ی‌ ئێستا نه‌بووه‌".

 

ئه‌وه‌ی‌ یاساناس‌و پسپۆڕانی‌ سه‌ربازی‌ ترساندووه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆشایی‌ یاسایی كوردستان رووبه‌رووی‌ كێشه‌ی‌ تیرۆر بكاته‌وه‌، چونكه‌ جگه‌ له‌و یاسایه‌ هیچ یاسایه‌كی‌ تر نییه‌ به‌روونی‌ رێ له‌كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان بگرێت‌و سزاكه‌ی‌ ئاوها قورس بێت.

 

فه‌ریق سه‌روه‌ر به‌رزنجی‌ پسپۆری‌ سه‌ربازیی‌‌و ئه‌منی‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نابێت هه‌رێم به‌بێ ئه‌و یاسایه‌ به‌ره‌نگاری‌ تیرۆر ببێته‌وه‌ به‌و پێیه‌ی‌ به‌وته‌ی‌ ناوبراو له‌ئێستادا مه‌ترسی‌ داعش له‌سه‌ر ئاسایشی‌ هه‌رێم  له‌پێشتر زیاتر بووه‌.

 

به‌رزنجی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "داعش له‌هێرشه‌كانیدا گوێ به‌یاساكان نادات، به‌ڵام ده‌بێت هه‌رێمی‌ كوردستان رێ له‌ كۆتایی‌ هاتنی‌ واده‌ی‌ كاركردن به‌و یاسایه‌ بگرێت".

 

له‌ساڵی‌ 2014 ه‌وه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سنوره‌كانیه‌وه‌ روبه‌ڕوی‌ شه‌ڕێكی‌ قورس بۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی‌ داعش له‌سنوری‌ باشورو خۆرئاوایه‌وه‌و له‌و ماوه‌یه‌شدا چه‌ند جارێك ئه‌و گروپه‌ هێرشی‌ له‌ناوخۆی‌ هه‌رێم ئه‌نجامداوه‌.

 

 مه‌ترسی‌ بۆشایی‌ یاسایی‌ له‌دوای‌ كۆتایی‌ هاتنی‌ واده‌ی‌ كاركردنی‌ یاساكه‌ ئه‌وانه‌شی‌ توشی‌ دوودڵی‌ كردووه‌ كه‌ پێشتر تێبینیان له‌سه‌ری‌ هه‌بووه‌ به‌تایبه‌ت ره‌وته‌ ئیسلامیه‌كان كه‌ له‌ساڵی‌ 2014 له‌ په‌رله‌ماندا داوای‌ هه‌مواركردنیان كرد به‌ر له‌كۆتایی‌ هاتنی‌ واده‌كه‌ی‌ له‌ 2016 دا.

 

هه‌ورامان گه‌چێنه‌یی‌ ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "تێبینیمان له‌سه‌ر یاساكه‌ هه‌یه‌ كه‌ كێشه‌ له‌جێبه‌جێكردنیدا هه‌یه‌و ره‌وته‌ ئیسلامییه‌كانی‌ كردۆته‌ ئامانج، به‌ڵام ناشكرێت هه‌رێمی‌ كوردستان به‌بێ یاسای‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر بمێنێته‌وه‌".

 

كێشه‌كه‌ بێ دانیشتنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌سته‌مه‌و سیناریۆكانی‌ به‌رده‌میشی‌ دیاریكراون كه‌ په‌نابردن بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ شورای‌ هه‌رێم یه‌كێكه‌ له‌سیناریۆكان.

 

ئه‌نجومه‌نی‌ شورای‌ هه‌رێم ئه‌نجومه‌نێكی‌ راوێژكاری‌ یاساییه‌و له‌(20)ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی‌ (2008) له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ دامه‌زرێنراوه‌و به‌پێی مادده‌ی دووه‌م له‌یاسای ئه‌نجومه‌نی شواری هه‌رێم، له‌رووی كارگێڕییه‌وه‌ به‌وه‌زیری داده‌وه‌ ده‌لكێ‌و پێكدێ له‌سه‌رۆك‌و جێگری سه‌رۆك‌و راوێژكاران، كه‌ ژماره‌یان له‌پێنج راوێژكار كه‌متر نابێت‌و له‌نۆش زیاتر نابێت.

 

ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ له‌كێشه‌ یاساییه‌كاندا راوێژ ده‌دات، به‌ڵام بڕیاره‌كانی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ نین، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ر ئه‌م ئه‌نجومه‌نه‌ له‌غیابی‌ په‌رله‌ماندا ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ درێژكرده‌وه‌.

 

نازم هه‌ركی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ناوخۆی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسی‌ داعشدایه‌و ناكرێت كۆتایی‌ هاتنی‌ واده‌ی‌ یاسایی‌ بنه‌بڕكردنی‌ تیرۆر بێ چاره‌سه‌ر بمێنێته‌وه‌.

 

نازم هه‌ركی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "جه‌عفه‌ر ئێمینكی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان نوسراوی‌ ره‌سمی‌ ئاڕاسته‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شورای‌ هه‌رێم كردووه‌ تا چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ بدۆزنه‌وه‌".

 

هه‌ركی‌ پێشبینی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ر له‌كۆتایی واده‌ی‌ كاركردنی‌ یاساكه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شورا وه‌ڵامی‌ نوسراوه‌كه‌ بداته‌وه‌و ده‌شڵێت "ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ده‌ركردنی‌ رێنماییه‌كی‌ هاوشێوه‌ی‌ یاسای‌ بنه‌بڕكردنی‌ تیرۆر بداته‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران".

 

وادیاره‌ تۆپی‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ كاركردنی‌ یاساكه‌ له‌گۆڕه‌پانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شورا بێ كێشه‌ نابێت به‌تایبه‌ت كه‌ پێشتر له‌ساڵی‌ (2015)دا ئه‌و ده‌زگایه‌ له‌سه‌ر پرسی‌ ویلایه‌تی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم رونكردنه‌وه‌یه‌كیدا كه‌ له‌ 19ی‌ مانگی‌ ئابی‌ رابردوو كۆتایی‌ هات‌و تیایدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "وایده‌بینن كه‌ دوای ١٩ی ئاب پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌چۆڵبوو دانانرێت".

 

ئه‌و رونكردنه‌وه‌یه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شورا قه‌یرانێكی‌ سیاسی‌‌و یاسایی‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێنا به‌وپێیه‌ی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌پێی‌ رونكردنه‌وه‌كه‌ درێژیدا به‌مانه‌وه‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌ له‌پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمداو لایه‌نه‌كانی‌ تریش تانه‌یان لێداو پێیان وابوو كه‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ راوێژكاریه‌ نه‌ك بڕیاده‌ر.

 

د ئه‌حمه‌د وه‌رتێ پسپۆری‌ یاسایی‌ پێشبینی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شورای‌ هه‌رێم له‌سه‌ر كۆتایی‌ واده‌ی‌ یاسای‌ به‌ڕه‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ تیرۆریش ناكۆكی‌ سیاسی تر دروست بكات‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "ته‌نها په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتی‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ یاساكه‌ی‌ هه‌یه‌".

 

یه‌كێك له‌سیناریۆ یاساییه‌كانی‌ تری‌ به‌رده‌م چاره‌سه‌ری‌ پرسی‌ كۆتایی هاتنی‌ واده‌ی‌ یاسای‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر كاركردنه‌ به‌یاسای‌ بنه‌بڕكردنی‌ تیرۆری‌ عێراق كه‌ له‌ساڵی‌ (2005) په‌رله‌مانی‌ به‌غدا ده‌ریكردووه‌ به‌وپێیه‌ی‌ یاسایه‌كی‌ فیدراڵیه‌و له‌سایه‌ی‌ كارانه‌بوونی‌ یاساكه‌ی‌ په‌رله‌ماندا ئه‌و یاسا هاوتاكه‌ی‌ به‌غدای‌ له‌هه‌رێم كاری‌ پێده‌كرێت.

 

وه‌رتێ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات له‌هه‌رێم "عورفێكی‌" یاسایی‌ هه‌بووه‌ كه‌ سه‌رجه‌م یاساكانی‌ ناوه‌ند ده‌بێت په‌رله‌مانی‌ كوردستان ره‌زامه‌ندان له‌سه‌ر ده‌رببرێت بۆ جێبه‌جێكردنی‌ له‌هه‌رێم، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی‌ شورای‌ هه‌رێم رای‌ وایه‌ كه‌ هیچ ده‌قێكی‌ یاسایی‌ نییه‌ له‌هه‌رێم رێگر بێت له‌وه‌ی‌ كه‌ یاساكه‌ی‌ ناوه‌ند له‌هه‌رێمی‌ كوردستان جێبه‌جێبكرێت بێ تێپه‌ڕبوون به‌فلته‌ری‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌