راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پلانی‌ پێشوو
داعش پاش شكستی‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی‌ ده‌ست ده‌داته‌ هه‌ڵگیرساندنی‌ فیتنه‌ی‌ تایفی‌

موسته‌فا حه‌بیب
دوای‌ شكسته‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی‌، داعش جارێكی‌ تر گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر شێوازه‌ كۆنه‌كه‌ی‌ كه‌ ئه‌ویش ئه‌نجامدانی‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ له‌ناوچه‌ ئارامه‌كان، ئاخۆ ئه‌مجاره‌ عێراق چاره‌ی‌ چییه‌؟
14.07.2016  |  به‌غدا
كه‌سوكاری‌ قوربانیانی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ كه‌راده‌ ( :وێنه احمد الربيعي (جيتي))
كه‌سوكاری‌ قوربانیانی‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ كه‌راده‌ ( :وێنه احمد الربيعي (جيتي))

هه‌فته‌ی‌ رابردوو دوو ته‌قینه‌وه‌ی‌ گه‌وره‌ له‌به‌غداو سه‌لاحه‌دین روویاندا، یه‌كه‌میان بازاڕێكی‌ میللی‌ ناوچه‌ی‌ كه‌راده‌ی‌ ناوه‌ندی‌ به‌غدای‌ كرده‌ ئامانج‌و به‌هۆیه‌وه‌ 292 كه‌س كوژران، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین ته‌قینه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ساڵی‌ 2003وه‌ روویدابێت له‌رووی‌ ژماره‌ی‌ قوربانییه‌، دووهه‌میشیان مه‌زارێكی‌ شیعه‌ی‌ له‌شاری‌ به‌له‌دی‌ پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دین كرده‌ ئامانج.

 

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌مانه‌، ئه‌و راپۆرته‌ رۆژانانه‌ی‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆوه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ ده‌ریده‌خات ژماره‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌كان له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌ی‌ رابردوودا زیادیان كردووه‌ كه‌ سه‌رجه‌میان پۆلیس‌و سوپاو بازاڕه‌كانیان تیا كراوه‌ته‌ ئامانج، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ فه‌رمانده‌ ئه‌منییه‌كان ده‌یانوت ئازادكردنی‌ شاره‌كان داعش لاواز ده‌كات‌و توانای‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ كه‌م ده‌بێته‌وه‌.

 

داعش ئێستا ده‌یه‌وێت قه‌ره‌بووی‌ ئه‌و زیانانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ئه‌نبار پێی‌ كه‌وتووه‌و خۆشی‌ سه‌ركه‌وتنی‌ فه‌لوجه‌ له‌بیر عێراقییه‌كان بباته‌وه‌، هه‌ر به‌راستیش وابوو، چونكه‌ ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ی‌ له‌كه‌راده‌ روویدا فه‌لوجه‌ی‌ بیربردنه‌وه‌و ترسی‌ خسته‌ دڵی‌ خه‌ڵكییه‌وه‌.

 

له‌وه‌ ده‌چێت داعش ستراتیژی‌ سه‌ربازی‌ خۆی‌ گۆڕیبێت، چونكه‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگی‌ رابردوو له‌گه‌ڵ سوپاو هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا له‌شه‌ڕدابوو، به‌ڵام ئێستا ته‌قینه‌وه‌و توندوتیژی‌ بردووه‌ته‌وه‌ ناو شاره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌ ترس بخاته‌ دڵی‌ خه‌ڵكییه‌وه‌و وه‌ك جاران نه‌وێرن بچنه‌ ده‌ره‌وه‌.

 

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ داعش له‌حوزایرانی‌ 2014 ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی‌ له‌موسڵ راگه‌یاندو زۆربه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ هه‌ردوو پارێزگای‌ سه‌لاحه‌دین‌و ئه‌نباری‌ گرته‌ ده‌ست، ته‌قینه‌وه‌كان له‌به‌غداو شاره‌كانی‌ تر كه‌مبوونه‌وه‌و داعش سه‌رقاڵبوو به‌به‌ڕێوه‌بردنی‌ شاره‌كان‌و ئاماده‌كردنی‌ چه‌كداره‌كانی‌ بۆ شه‌ڕی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان.

 

له‌ناوه‌ڕاستی‌ ساڵی‌ 2015ه‌وه‌ ورده‌ ورده‌ داعش كه‌وته‌ پاشه‌كشه‌و زیانی‌ گه‌وره‌ی‌ پێكه‌وت، گرنگترین شاریشی‌ كه‌ فه‌لوجه‌ بوو له‌مانگی‌ رابردوو له‌ده‌ستی‌ داو گه‌یشته‌ ئه‌و ئاسته‌ی‌ توانای‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ راسته‌وخۆی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ نه‌بێت.

 

له‌ماوه‌ی‌ 12 مانگی‌ رابردوودا داعش شاره‌كانی‌ تكریت‌و عه‌له‌م‌و دورو بێجی‌‌و سینیه‌و یه‌سریبی‌ سه‌لاحه‌دینی‌ له‌ده‌ستدا، له‌گه‌ڵ شاره‌كانی‌ رومادی‌‌و هیت‌و كه‌بیسه‌و ره‌تبه‌رو فه‌لوجه‌ له‌ئه‌نبار، به‌مه‌ش به‌ته‌واوی‌ رووبه‌ری‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی‌ بچووك بووه‌وه‌ كه‌ به‌ر له‌دوو ساڵ رایگه‌یاند.

 

به‌ڵام داعش به‌م دۆڕاندنانه‌ش هێشتا خۆی‌ نه‌داوه‌ به‌ده‌سته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌ستی‌ كرده‌وه‌ به‌پلانه‌ كۆنه‌كه‌ی‌ كه‌ ئه‌ویش ئه‌نجامدانی‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ له‌شاره‌ گه‌وره‌كاندا، هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنی‌ چه‌ند جێگه‌یه‌ك كه‌ زۆرترین قوربانی‌ لێبكه‌وێته‌وه‌، له‌نموونه‌ی‌ كه‌راده‌.

 

مه‌ترسی‌ گه‌وره‌تر هه‌وڵه‌كانی‌ داعشه‌ بۆ په‌لاماردانی‌ ناوه‌نده‌ ئاینییه‌كان، وه‌ك ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ مه‌زاری‌ شیعه‌كان له‌به‌له‌د، به‌مه‌ش رق‌و كینه‌ی‌ تایفی‌ هێنده‌ی‌ تر قوڵده‌كاته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ساڵی‌ 2006 روویدا كاتێك قاعیده‌ مه‌زارگه‌ی‌ ئیمام عه‌سكه‌ری‌ شیعه‌ی‌ له‌شاری‌ سامه‌ڕا ته‌قانده‌وه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ شه‌ڕی‌ تایفی‌ ده‌ستی‌ پێكرد.

 

له‌مانگی‌ شوباتی‌ رابردووه‌وه‌ ژماره‌ی‌ ته‌قینه‌وه‌كان له‌به‌غداو شاره‌ گه‌وره‌كان روو له‌هه‌ڵكشانن، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ عه‌قیدی‌ پۆلیس كه‌ریم محه‌مه‌داوی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات، له‌م رووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ساڵی‌ رابردوو ته‌قینه‌وه‌ی‌ خۆ كوژو بۆمبه‌ چێنراوه‌كان كه‌می‌ كرد، رۆژانه‌ ته‌نها یه‌ك یا دوو ته‌قینه‌وه‌ روویان ده‌دا".

 

وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ محه‌مه‌داوی‌ ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات له‌ماوه‌ی‌ دوو مانگی‌ رابردوودا رێژه‌كه‌ زۆر به‌رزبووه‌ته‌وه‌و رۆژانه‌ 6 بۆ 10 ته‌قینه‌وه‌ رووده‌ده‌ن‌و له‌پاش ئازادكردنی‌ فه‌لوجه‌وه‌ ژماره‌كه‌ زیاتریش بووه‌، پرسیاری‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌وه‌یه‌ كێ‌ ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ ئه‌نجامده‌دات له‌ناوچه‌یه‌كدا كه‌ هه‌زاران چه‌كداری‌ شیعه‌ی‌ تیا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌؟

 

داعش توانیویه‌تی‌ شانه‌ نوستووه‌كانی‌ بخاته‌ كار كه‌ له‌ناوچه‌ جاجیاكانی‌ به‌غداو شاره‌كانی‌ تر بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، ئه‌ركی‌ ئه‌مانه‌ سه‌ربازی‌ نییه‌، به‌ڵكو هه‌واڵگری‌‌و ئه‌منییه‌، ئامانجه‌كانیشیان زۆر به‌وردی‌ دیاری‌ ده‌كه‌ن‌و به‌شێنه‌یی‌ خۆی‌ بۆ ئاماده‌ ده‌كه‌ن.

 

عه‌قید كه‌ریم ده‌ڵێت "ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی‌ داعش ئه‌نجاممان داون ده‌ریخستووه‌ ئه‌و شانانه‌ شاراوه‌ن‌و له‌رووكاری‌ ده‌ره‌وه‌ خه‌ڵكی‌ ئاسایی‌ دیارن‌و سه‌رقاڵن به‌كاری‌ رۆژانه‌ی‌ وه‌ك بیناسازی‌‌و دارتاشی‌‌و ئاسنگه‌ریی‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان فه‌رمانبه‌ری‌ ده‌وڵه‌تن، كاری‌ ئه‌مانه‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیارییه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌و زانینی‌ ژماره‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و دیاریكردنی‌ كاتی‌ گونجاو بۆ هێرشكردن".

 

دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وپێش هێزه‌ ئه‌منییه‌كان توانیان میرێكی‌ داعش له‌ناوچه‌ی‌ دۆره‌ی‌ باشووری‌ به‌غدا ده‌ستگیر بكه‌ن، ئه‌و كه‌سه‌ گه‌نجێكی‌ ته‌مه‌ن 26 ساڵه‌و وه‌ها خۆی‌ ده‌رخستووه‌ كه‌ شیعه‌یه‌و دیواری‌ ماڵه‌كه‌ی‌ هه‌موو كردووه‌ به‌وێنه‌ی‌ كه‌سایه‌تییه‌ پیرۆزه‌كانی‌ شیعه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ گومانی‌ له‌سه‌ر نه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ عه‌قید كه‌ریم ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات.

 

پێش ساڵی‌ 2014 كاری‌ چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كان ئه‌وه‌ بوو له‌ته‌قینه‌وه‌كانیاندا زۆرترین قوربانی‌ بكه‌وێته‌وه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان قووڵ ده‌بوونه‌وه‌و لایه‌نه‌كان تۆمه‌تیان ده‌گۆڕیه‌وه‌، ته‌نانه‌ت خه‌ڵكیش له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان خه‌ریكی‌ تۆمه‌ت گۆڕینه‌وه‌ بوون، ئه‌مه‌ش رێی‌ بۆ داعش خۆشكرد په‌لاماری‌ موسڵ‌و شاره‌ گه‌وره‌كان بدات‌و ئه‌و هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌ بچنێته‌وه‌.

 

ئێستا داعش گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌مان ستراتیژ، له‌و رێیه‌وه‌ ده‌یه‌وێت كێشه‌ تایفییه‌كان قووڵ بكاته‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ حكومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ رێ‌ له‌و پێشێلكاریانه‌ بگرێت كه‌ به‌رامبه‌ر دانیشتوانی‌ سوننه‌ی‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان ده‌كرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌سه‌دان هه‌زار ئاواره‌ له‌بارو گوزه‌رانێكی‌ سه‌ختدا ده‌ژین.

 

ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی‌ چه‌كدارانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌فه‌لوجه‌ ئه‌نجامیاندا‌و له‌گه‌ڵ ناكۆكی‌ نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان‌و خۆپیشاندانی‌ خه‌ڵكی‌ دژ به‌حكومه‌ت‌و ته‌قینه‌وه‌كان كه‌بوونه‌ هۆی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ وه‌زیری‌ ناوخۆ، هه‌موویان هۆكارن كه‌ داعش ده‌یه‌وێت سوودیان لێ‌ ببینێت.

 

كازم شمه‌ری‌ په‌رله‌مانتاری‌ وه‌ته‌نیه‌ هۆشداری‌ ده‌دات له‌هه‌ڵایسانه‌وه‌ی‌ شه‌ڕی‌ تایفی‌‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "چه‌ند لایه‌نێك هه‌ن ده‌یانه‌وێت به‌كاره‌كانیان شه‌ڕی‌ تایفی‌ دروست بكه‌ن‌و بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ساڵی‌ 2006".

 

ده‌شڵێت "ته‌قینه‌وه‌كه‌ی‌ كه‌راده‌و به‌ئامانجكردنی‌ كامپی‌ ئاواره‌كان له‌ناوچه‌ی‌ دۆره‌و هێرش بۆ سه‌ر مه‌زاری‌ شیعه‌كان له‌به‌له‌د‌و لێدوانی‌ هه‌ندێ‌ كه‌س، هه‌موویان ئاماژه‌ی‌ مه‌ترسیدارن".

 

هه‌ر له‌مڕووه‌وه‌ فوئاد مه‌عسومی‌ سه‌ره‌ك كۆمار به‌یاننامه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ ده‌ركردو رایگه‌یاند "ئه‌م ته‌قینه‌وانه‌ ئامانجیان دروستكردنی‌ فیتنه‌ی‌ تایفییه‌" له‌مه‌شدا سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان هاوڕای‌ بوو.

 

چه‌ند مانگی‌ رابردوو توانای‌ به‌هێزی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ ده‌رخست له‌رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كان، به‌ڵام كێشه‌یه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌سیاسه‌تی‌ حكومه‌ته‌وه‌ له‌په‌راوێزخستن‌و لاوازی‌ ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان بۆ ئاشكرا كردنی‌ شانه‌ نوستووه‌كان، هۆكاری‌ سه‌ره‌كیش گه‌نده‌ڵی‌ كارگێڕی‌‌و داراییه‌، ئه‌وه‌ش روونه‌ شه‌ڕی‌ داهاتوو له‌گه‌ڵ داعش سه‌ربازی‌ نابێت، به‌ڵكو سیاسی‌‌و هه‌واڵگری‌ ده‌بێت.

 

به‌دڵنیاییه‌وه‌ قۆناغی‌ دوای‌ داعش قورستر ده‌بێت، چونكه‌ له‌سه‌ر حكومه‌ت پێویسته‌ كێشه‌ ئه‌منی‌‌و خزمه‌تگوزارییه‌كانی‌ شاره‌ ئازادكراوه‌كان چاره‌سه‌ر بكات‌و كار بكات بۆ دروستكردنی‌ هاوسه‌نگی‌‌و دادپه‌روه‌ری‌‌و رێگری‌ له‌تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی‌ تایفی‌، هه‌روه‌ها گێڕانه‌وه‌ی‌ هه‌زاران ئاواره‌ی‌ سوننه‌ بۆ سه‌ر ماڵ‌و حاڵی‌ خۆیان له‌نزیكترین كاتدا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌