راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

رێگای‌ پڕ نشێوی‌ ده‌ربازبوون
چیرۆكی‌ نه‌بیستراو له‌باره‌ی‌ كچه‌ ئێزدییه‌ رفێنراوه‌كان

عەبدولخالق دۆسکی
له‌ناو خه‌ڵكی‌ كوردستاندا زۆر باسی‌ ئه‌و بازرگانانه‌ ده‌كرێت كه‌ به‌هانای‌ كچانی‌ ئێزدییه‌وه‌ چوون‌و ده‌ربازیان كردوون، به‌ڵام هێشتا چیرۆكه‌كه‌ ناڕوون‌و ته‌مومژاوییه‌.
14.07.2016  |  دهۆك
ئێزدییه‌كان روو له‌سوریا ده‌كه‌ن دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ داعش خاكه‌كه‌یانی‌ داگیركرد ( :وێنه زمناكو اسماعيل (متروغرافي))
ئێزدییه‌كان روو له‌سوریا ده‌كه‌ن دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ داعش خاكه‌كه‌یانی‌ داگیركرد ( :وێنه زمناكو اسماعيل (متروغرافي))

عه‌بدوڵا شریم پیاوێكی‌ ئێزدی‌ سه‌روو په‌نجا ساڵه‌و له‌دانیشتوانی‌ قه‌زای‌ شنگال بوو، به‌ر له‌وه‌ی‌ داعش شاره‌كه‌یان داگیربكات بازرگانی‌ به‌مه‌ڕو ماڵات‌و پێسته‌و چه‌ندین جۆری‌ تری‌ كه‌لوپه‌له‌وه‌ ده‌كرد له‌نێوان عێراق‌و سوریا، به‌ڵام له‌پاش هێرشه‌كه‌ی‌ داعشه‌وه‌ (39) كه‌س له‌ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ كه‌وتنه‌ ده‌ست ئه‌و گروپه‌.

 

شریم به‌هۆی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ زۆرو زه‌وه‌ندانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ بازرگانانی‌ عێراق‌و سوریادا هه‌یه‌تی‌، توانی‌ بگاته‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ شوێنی‌ كه‌سوكاره‌ رفێنراوه‌كه‌ی‌، له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "په‌یوه‌ندیم به‌هاوڕێكانمه‌وه‌ كردو له‌رێی‌ ناسیاوه‌كانمه‌وه‌ تائێستا توانیومه‌ 253 كه‌سی‌ رفێندراو ئازاد بكه‌م كه‌ زۆربه‌یان ژن‌و منداڵن".

 

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات پرۆسه‌ی‌ رزگاركردنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ركه‌وتوو بێت هه‌وڵێكی‌ زۆرو بڕه‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆری‌ ده‌وێت‌و ده‌شڵێت "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ رفێندراوه‌كان براونه‌ته‌ شوێنی‌ دوور وه‌ك ره‌ققه‌و رومادی‌ ناو موسڵ، بۆیه‌ ده‌ربازكردنیان پێویستی‌ به‌ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ پیاوو پاره‌ی‌ زۆر ده‌بێت".

 

ئه‌و رێگایانه‌ی‌ بۆ رزگاركردنی‌ رفێندراوه‌كان ده‌گیرێنه‌ به‌ر پڕ مه‌ترسین، چونكه‌ له‌هه‌موو رێگاكان بڕێكی‌ زۆر مین‌و ته‌قه‌مه‌نی‌ داندراون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ به‌ره‌ی‌ گه‌رمی‌ جه‌نگ بوون له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و داعشداو هه‌روه‌ها كه‌وتوونه‌ته‌ سه‌ر سنوری‌ عێراق‌و سوریا.

 

شریم تاكه‌ كه‌س نییه‌ كه‌ كه‌سوكارو ئێزدییه‌كانی‌ رزگاركردووه‌، به‌ڵكو پیاوێكی‌ تر به‌ناوی‌ ئه‌بوشوجاع ده‌نائی‌ ئه‌ویش ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ ئێزدی‌ له‌چنگ داعش رزگار كردووه‌.

 

ده‌نائی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "نه‌متوانی‌ به‌رگه‌ی‌ ئازار بگرم كه‌ ده‌بیستم هه‌موو رۆژێك ئه‌ندامانی‌ سه‌ر به‌ئاینه‌كه‌م وه‌ك هه‌ر كاڵایه‌كی‌ تر له‌بازاڕدا ده‌فرۆشرێن".

 

ده‌نائی‌ توانیوێتی‌ تۆڕێك له‌كه‌سانی‌ متمانه‌ پێكراو دروست بكات له‌زۆربه‌ی‌ شاروشارۆچكه‌كان، به‌تایبه‌تی‌ له‌ناو سوریادا، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "سه‌ره‌تا نه‌خشه‌یه‌ك داده‌نێین بۆ ئه‌و ماڵانه‌ی‌ رفێندراوه‌كانیان تێدایه‌، پاشان رزگاریان ده‌كه‌ین‌و ده‌یانگه‌یه‌نینه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ ئارام، جا ئه‌گه‌ر بۆ توركیا بێت یان بۆ ناوچه‌ی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردانی‌ سوریا یان ده‌یه‌نگه‌ێنینه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ نزیك له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌".

 

ئه‌وانه‌ی‌ له‌ناو ئه‌و تۆڕانه‌دا كارده‌كه‌ن ده‌بێت زۆر به‌ئاگابن، چونكه‌ ئاشكرابونیان مانای‌ له‌ده‌ستدانی‌ گیانیانه‌، ده‌نائی‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا پێنج له‌ئه‌ندامانی‌ تۆڕه‌كه‌ی‌ له‌ده‌ستداوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ داعش بڕیاریداوه‌ هه‌ر كه‌سێك ئه‌و كاره‌ بكات له‌سێداره‌ی‌ بدات.

 

ده‌نائی‌‌و هاوكاره‌كانی‌ نه‌خشه‌ی‌ ئه‌و ناوچانه‌یان له‌به‌رده‌ساتدایه‌ كه‌ ئێزدییه‌كانی‌ بۆ براون، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "زۆربه‌یان له‌شاره‌كانی‌ سوریان به‌تایبه‌تی‌ ره‌ققه‌‌و ریفی‌ حه‌له‌ب، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌شاره‌كانی‌ ته‌له‌عفه‌رو موسڵ‌و فه‌لوجه‌ له‌عێراق".

 

به‌ر له‌وه‌ی‌ شنگال بكه‌وێت، خه‌لیل ئال ده‌خی‌ له‌و قه‌زایه‌ وه‌ك پارێزه‌ر كاری‌ ده‌كرد، پاش ئه‌و ده‌رده‌سه‌رییه‌ی‌ به‌سه‌ریاندا هات وازی‌ له‌كاری‌ پارێزه‌ری‌ هێناو خۆی‌ یه‌كلاكرده‌وه‌ بۆ به‌هاناوه‌چوونی‌ ئه‌و ئێزدییانه‌ی‌ ده‌گانه‌ دهۆك، به‌ڵام بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ پلانی‌ هه‌بێت، هه‌رزوو كه‌وته‌ ناو تۆڕی‌ ئه‌و كه‌سانی‌ ئێزدییه‌كان رزگار ده‌كه‌ن.

 

خه‌لیل به‌"نیقاش"ی‌ وت "سه‌رقاڵی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ بووین له‌سه‌ر كه‌سه‌ شوێن بزربووه‌كان‌و داوای‌ هاوكاریمان له‌زۆر لایه‌ن كرد، دواتر تێگه‌یشتین ئه‌گه‌ر خۆمان كه‌سوكاره‌كه‌مان رزگار نه‌كه‌ین هیچ كه‌س ئه‌و كاره‌مان بۆ ناكات".

 

ده‌شڵێت "به‌هاوكاری‌ هاوڕێكانم تۆڕێكمان دروستكرد له‌شاری‌ موسڵ‌و ده‌وروبه‌ری‌، توانیمان 143 كه‌س ده‌رباز بكه‌ین... به‌شێك له‌كچه‌ رفێندراوه‌كان ئه‌بێت به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌میره‌كانی‌ داعشدابن‌و بۆ هه‌ر جێیه‌ك چوون له‌گه‌ڵیان بچن، به‌ڵام زۆرینه‌یان له‌شاری‌ ره‌ققه‌ی‌ سوریا هێڵدراونه‌ته‌وه‌".

 

خه‌لیل روونی‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنی‌ رفێندراوه‌كان به‌و ئاسانییه‌ نییه‌ كه‌ هه‌ندێكه‌س تێیگه‌یشتوون‌و ده‌ڵێت "ئه‌و كاره‌ هه‌ماهه‌نگی‌ زۆری‌ ده‌وێت، ده‌بێت رێره‌وی‌ ئارامیان بۆ بدۆزینه‌وه‌ به‌هاوكاری‌ فه‌رمانده‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌و‌و یه‌كینه‌كانی‌ پاراستنی‌ گه‌ل، ته‌نانه‌ت هه‌ندێجار ده‌بێت هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ فرۆكه‌كانی‌ هاوپه‌یماناندا بكه‌ین‌و جێیه‌ك بدۆزینه‌وه‌ كه‌ مینی‌ تیا نه‌بێت".

 

رۆژانه‌ خه‌لیل په‌یوه‌ندی‌ به‌ژماره‌یه‌كی‌ زۆری‌ كچه‌ رفێندراوه‌كانه‌وه‌ ده‌كات‌و ئه‌و وه‌ك تاكه‌ هیوای‌ ده‌ربازبوونیان وایه‌، به‌ڵام هه‌ندێكیان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناوێرن هه‌ڵبێن، وه‌ك خه‌لیل ده‌لێت "جا یان له‌ترسدایه‌، یان له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ دوگیانن‌و نایانه‌وێت رابكه‌ن هه‌تا منداڵه‌كه‌یان ده‌بێت".

 

ده‌شڵێت "ئه‌م پرۆسه‌یه‌ پێویستی‌ به‌هه‌وڵی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م كاری‌ هه‌واڵگرییه‌، ئێمه‌ش له‌م رووه‌وه‌ شاره‌زانین، بۆیه‌ زۆرێك له‌تۆڕه‌كانمان ئاشكرا ده‌بن‌و قوربانی‌ گه‌وره‌ ده‌ده‌ین".

 

به‌ته‌نها ئێزدییه‌كان له‌بواری‌ رزگاركردنی‌ كچ‌و كه‌سوكاره‌كه‌یاندا كارناكه‌ن، به‌ڵكو چه‌ندین كه‌سی‌ تریش به‌م كاره‌وه‌ سه‌رقاڵن، یه‌ك له‌وانه‌ فائز كه‌ماله‌ كه‌ خۆی‌ خه‌ڵكی‌ موسڵه‌و تائێستا ده‌یان ئێزدی‌ ده‌ربازكردووه‌.

 

له‌په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ته‌له‌فۆنیدا فائیز به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌م هه‌وڵه‌م وه‌كو كارێكی‌ مرۆیی‌ ده‌كه‌م، چونكه‌ ئێزدییه‌كان تووشی‌ ده‌رده‌سه‌ری‌ زۆربوون به‌ده‌ست داعشه‌وه‌".

 

كه‌مال داوا ده‌كات هه‌موو لایه‌نه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كان پاڵپشتی‌ لۆجستی‌‌و هه‌واڵگری‌ پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ ئازادكردنی‌ رفێندراوه‌كان‌و ده‌ڵێت "به‌رپرسیارێتی‌ پاراستنی‌ ئێزدییه‌كان له‌سه‌ر شانی‌ هه‌موو عێراقییه‌ك‌و هه‌موو كه‌سێكی‌ مرۆڤدۆسته‌".

 

به‌پێی‌ دواهه‌مین ئامار كه‌ له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ كاروباری‌ ئێزدییه‌ رفێندراوه‌كان له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم تۆماركراوه‌، ژماره‌ی‌ رفێندراوه‌كان ده‌گاته‌ شه‌ش هه‌زار كه‌س كه‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆریان ژنانن، به‌قسه‌ی‌ حسه‌ین كور به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كاروباری‌ ئێزدییه‌ رفێندراوه‌كان تائێستا (2593) كه‌سیان رزگاركراون.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌