راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

مه‌ترسی‌ نه‌بڕاوه‌
په‌ناگه‌ نهێنییه‌كانی‌ داعش له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ شاره‌ ئازادكراوه‌كان

که‌مال عه‌یاش
هه‌رچه‌نده‌ خه‌ریكه‌ داعش له‌زۆربه‌ی‌ شاره‌ گرنگه‌كانی‌ ئه‌نبار به‌ته‌واوی‌ وه‌ده‌ر ده‌نرێت، به‌ڵام ده‌ست رانه‌گه‌یشتن به‌په‌ناگه‌كانی وا ده‌كات هه‌میشه‌ مایه‌ی‌ مه‌ترسی‌ بێت.
30.06.2016  |  ئه‌نبار
چه‌كدارێكی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌فه‌لوجه‌ ( :وێنه الموقع الرسمي للحشد الشعبي)
چه‌كدارێكی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌فه‌لوجه‌ ( :وێنه الموقع الرسمي للحشد الشعبي)

له‌سه‌ره‌تای‌ ده‌ستپێكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار له‌كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان توانیان به‌ماوه‌یه‌كی‌ پێوانه‌یی‌ چه‌ندین سه‌ركه‌وتنی‌ گرنگ له‌شاره‌كانی‌ رومادی‌‌و هیت‌و به‌غدادی‌‌و ره‌تبه‌و گه‌رمه‌و فه‌لوجه‌ تۆمار بكه‌ن.

 

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌ستیان نه‌گه‌یشتووه‌ به‌و رێگاو دۆڵ‌و په‌ناگایانه‌ی‌ داعش خۆیان تیا مه‌ڵاس ده‌دات‌و له‌رێیانه‌وه‌ هاتوچۆ ده‌كات.

 

ناوچه‌كانی‌ حه‌وزی‌ سه‌رسار له‌باكوری‌ شاری‌ فه‌لوجه‌وه‌ تا ده‌گات به‌خۆرئاوا له‌دورگه‌ی‌ خالیدییه‌، چه‌ندین رێگاو توله‌ رێیان تێدایه‌ كه‌ ده‌به‌سترێنه‌وه‌ به‌دورگه‌ی‌ رومادی‌‌و دورگه‌ی‌ هیت تا موسڵ‌و ره‌ققه‌، ئه‌م جێگایانه‌ بوونه‌ته‌ رێگه‌یه‌كی‌ ئارام بۆ هاتوچۆی‌ چه‌كدارانی‌ داعش له‌نێوان عێراق‌و سوریادا، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش ئه‌وه‌نده‌ی‌ سه‌رقاڵی‌ پاراستنی‌ ئه‌و ناوچانه‌ن كه‌ ئازادیان كردووه‌، ئه‌وه‌نده‌ توانای‌ كۆنترۆڵكردنی‌ ئه‌و رێوبانه‌كانیان نییه‌.

 

لیوا تارق عه‌سه‌ل فه‌رمانده‌ی‌ حه‌شدی‌ عه‌شایه‌ری‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار به‌"نیقاش"ی‌ وت "تا ئه‌و كاته‌ی‌ بیابانه‌كانی‌ نێوان دورگه‌ی‌ خالیدییه‌ له‌ناوچه‌ی‌ پردی‌ یابانی‌ تا ناوچه‌ی‌ بوبالی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ رومادی‌ كۆنترۆڵ نه‌كرێن، ئه‌وا شاره‌كان هه‌ر له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا ده‌بن‌و مه‌ترسی‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر خالیدییه‌و حه‌بانیه‌و بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ حه‌بانیه‌و ناوچه‌ی‌ بونمرو به‌علی‌‌و جاسم تا ده‌گاته‌وه‌ سنوری‌ سوریا له‌دیوی‌ باشوری‌ رومادییه‌وه‌".

 

لیوا تارق جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و حه‌شدی‌ عه‌شایه‌ری‌ به‌رده‌وام له‌رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ هێرشه‌كانی‌ داعشدان كه‌ شاره‌كانی‌ خستووه‌ته‌ ژێر مه‌ترسییه‌وه‌و ناوه‌ ناوه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن رومادی‌‌و هیت بگرنه‌وه‌".

 

ده‌شڵێت "هێزه‌كانمان له‌ئێستادا هه‌وڵی‌ ئازادكردنی‌ شاره‌كان ده‌ده‌ن، دوای‌ ئه‌وه‌ روو ده‌كه‌ینه‌ ناوچه‌ بیابانه‌كان تا ئه‌وه‌ی‌ هیچ تیرۆریستێك له‌ئه‌نباردا نامێنێت".

 

پارێزگای‌ ئه‌نبار سێیه‌كی‌ خاكی‌ عێراق پێكده‌هێنێت‌و به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆریشی‌ بیابانه‌‌و چه‌ندین دۆڵ‌و گردی‌ تێدایه‌ كه‌ به‌رزیان له‌نێوان (75 بۆ 800 مه‌تر)دایه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ده‌ریاوه‌، پێكهاته‌ جوگرافییه‌كه‌ی‌ حه‌شارگه‌یه‌كی‌ باشه‌ بۆ چه‌كدارانی‌ داعش.

 

راجع به‌ره‌كات عیساوی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ ئه‌منی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ چه‌ندینجار حكومه‌تی‌ لۆكاڵی‌ پارێزگاكه‌ داواینكردووه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی‌ پرۆسه‌ی‌ ئازادكردنه‌وه‌ی‌ شاره‌كان، بیابانه‌كانیش پاك بكرێنه‌وه‌، چونكه‌ به‌هۆی‌ ئه‌و بیابانانه‌وه‌ ئه‌نبار له‌ساڵی‌ 2004ه‌وه‌ بووه‌ته‌ پارێزگایه‌كی‌ پڕ له‌كێشه‌، له‌مڕووه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ پاك نه‌كرێنه‌وه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌نبار، به‌ڵكو هه‌موو عێراق‌و ناوچه‌كه‌ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا ده‌بێت".

 

عیساوی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌ساڵی‌ 2004ه‌وه‌ تاكه‌ یه‌ك پرۆسه‌ی‌ سه‌ربازی‌ له‌بیابانه‌كانی‌ ئه‌نبار ئه‌نجامدراوه‌ ئه‌ویش له‌ساڵی‌ 2013 بووه‌ كاتێك هێرش كرایه‌ سه‌ر دۆڵی‌ حۆران‌و له‌وێ‌ باشترین ئه‌فسه‌رو سه‌ربازه‌كانی‌ سوپا تیاچوون، له‌پێش هه‌موویانه‌وه‌ لیوا محه‌مه‌د كه‌روی‌ فه‌رمانده‌ی‌ فیرقه‌ی‌ حه‌وتی‌ سوپا".

 

ده‌شڵێت "چاره‌ ئه‌وه‌یه‌ هێزێكی‌ تایبه‌ت رابهێنرێت له‌سه‌ر شه‌ڕی‌ ناو په‌ناگه‌ی‌ بیبابان كه‌ چه‌كی‌ باشیان پێبێت‌و فرۆكه‌ پشتیوانیان بكات، ده‌بێت ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاوه‌ بگیرێت كه‌ هێزه‌كه‌ له‌خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ پێكبێن، چونكه‌ ئه‌وان له‌هه‌موو كه‌س شاره‌زاترن".

 

له‌ساڵی‌ 2004ه‌وه‌ تائێستا قاعیده‌و دواتریش داعش چه‌ندین سه‌ربازگه‌یان له‌بیابانه‌كانی‌ ئه‌نبار پێكهێناوه‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌دۆڵی‌ حۆران‌و بیبابانی‌ ره‌تبه‌و به‌رزاییه‌كانی‌ فورات كه‌ وایكردووه‌ له‌رێی‌ زێی‌ فوراته‌وه‌ هێڵێك له‌نێوان داعش‌و شاره‌كانی‌ حه‌دیسه‌و قائیم‌و هیتدا دروست ببێت.

 

ئیبراهیم عه‌سوج قایمقامی‌ رومادی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌ری‌ ئه‌وبه‌ری‌ روباری‌ فورات له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ رومادییه‌وه‌ هه‌تا هیت هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر شاره‌كانی‌ ئه‌نبار، چونكه‌ داعش له‌وێ‌ خۆی‌ مه‌ڵاسداوه‌و هه‌ر له‌وێوه‌ هێرشه‌كانی‌ رێكده‌خات‌و په‌لامار ده‌دات".

 

ده‌شڵێت "رومادی‌ له‌كاتی‌ ئازادكردنیه‌وه‌ له‌كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2015 له‌به‌ری‌ باكوری‌ خۆرئاوایه‌وه‌ چه‌ندین هێرشی‌ كراوه‌ته‌ سه‌ر‌و گونده‌كانی‌ توری‌‌و زه‌نكوره‌ كراونه‌ته‌ ئامانج، ئێستاش پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كان به‌رده‌وامه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و گوندانه‌و رێگری‌ له‌هێرشه‌كانی‌ داعش".

 

عه‌سوج سه‌رسوڕمانی‌ خۆی‌ ده‌رده‌بڕێت له‌نه‌بوونی‌ پلان بۆ ریشه‌كێشكردنی‌ داعش له‌بیابانه‌كانداو ده‌ڵێت "شوێنه‌كانی‌ داعش ئاشكران، هه‌مووشمان ده‌زانین به‌ته‌نها پاككردنه‌وه‌ی‌ شاره‌كان هیچ سوودێكی‌ نییه‌ ئه‌گه‌ر مه‌ترسی‌ داعش له‌ده‌وروبه‌ریان لانه‌برێت، چونكه‌ ده‌بێت هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وام له‌به‌رگریدابن".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌