راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئاسته‌نگه‌كانی‌ دوای‌ ئازادكردن
رومادی‌ پێنج ساڵ‌و بیست ملیار دۆلاری‌ پێویسته‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌

که‌مال عه‌یاش
به‌پێی‌ مه‌زه‌نده‌ی‌ تیمی‌ ئه‌ندازه‌یی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ رومادی‌ له‌پاش داعش پێویستی‌ به‌نزیكه‌ی‌ بیست ملیار دۆلار هه‌یه‌.
16.06.2016  |  ئه‌نبار
به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ داعشه‌وه‌ له‌سه‌دا هەشتای رومادی‌ وێران بووه‌ ( :وێنه موضح الدليمي)
به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ داعشه‌وه‌ له‌سه‌دا هەشتای رومادی‌ وێران بووه‌ ( :وێنه موضح الدليمي)

تیمی‌ ئه‌ندازه‌یی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ژێرخان‌و باڵه‌خانه‌و خانووه‌كانی‌ شاری‌ رومادی‌ زیانی‌ ئێجگار گه‌وره‌یان پێگه‌یشتووه‌و بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ باری‌ ئاسایی‌ خۆیان لانی‌ كه‌م پێویستیان به‌بڕی‌ نۆزده‌ ملیارو 500 ملیۆن دۆلار ده‌بێت.

 

به‌پێی‌ راپۆرتی‌ ناوه‌نده‌ لۆكاڵی‌‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئاستی‌ وێرانكاریی‌ له‌رومادی‌ گه‌یشتووه‌ته‌ رێژه‌ی‌ له‌سه‌دا 80، ئه‌مه‌ش خانوبه‌ره‌ی‌ هاوڵاتیان‌و باڵه‌خانه‌و بینا حكومییه‌كان‌و ژێرخانی‌ شاره‌كه‌ی‌ گرتووه‌ته‌وه‌.

 

زیاتر له‌(32) هه‌زار خانووی‌ هاوڵاتیان له‌ناو جه‌رگه‌ی‌ رومادی‌ به‌شێكیان به‌ته‌واوی‌ وێرانبوون‌و به‌شێكی‌ تریان پێویستیان به‌نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان‌و خوێندنگاو شه‌قامه‌كان، هه‌ندێ گه‌ڕه‌كیش هه‌یه‌ دیزاینكردنه‌وه‌یان ده‌وێت، چونكه‌ به‌هۆی‌ وێرانكارییه‌وه‌ شێواون.

 

ناسر عه‌بدولمحه‌یمید (52 ساڵ) له‌ناوچه‌ی‌ حه‌ی‌ به‌كر نیشته‌جێیه‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "یاساو رێنماییه‌كان وه‌ك یه‌ك به‌سه‌ر هه‌مواندا جێبه‌جێ‌ ناكرێت، بیست رۆژه‌ چاوه‌ڕێم بۆ ئه‌وه‌ی‌ نۆره‌م بێت‌و پشكنین بۆ خانوه‌كه‌م بكه‌ن كه‌ به‌ته‌واوی‌ وێران بووه‌، به‌ڵام كه‌س نایه‌ت به‌لاماندا، لیژنه‌كه‌ به‌بێلایه‌نی‌ ناچن به‌ده‌م دۆسێكانه‌وه‌".

 

ده‌شڵێت "ئه‌و لیژنانه‌ی‌ بۆ مه‌زه‌نده‌كردنی‌ زیانه‌كان ده‌ستنیشانكراون زۆر هێواش كاره‌كانیان راده‌په‌ڕێنن، وه‌ك پێویست ئۆتۆمبێلیان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ جیاجیاكان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ واسیته‌و ناسیاوی‌ رۆڵی‌ هه‌یه‌ له‌نۆره‌بڕێدا".

 

ناسر درێژه‌ به‌قسه‌كانی‌ ده‌دات‌و ده‌ڵێت "ئاگام لێیه‌ هه‌ندێ‌ كه‌س به‌ئۆتۆمبێلی‌ خۆیان ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌كان ده‌به‌ن بۆ سه‌ر ماڵه‌كانیان، ئه‌مه‌ش كارده‌كاته‌ سه‌ر ده‌ستپاكی‌‌و سه‌رڕاستی‌ لیژنه‌كه‌و مافی‌ خه‌ڵكی‌ تری‌ تیا ده‌خورێت".

 

بۆ ئاسانكردنی‌ كاروباری‌ هاوڵاتیان پارێزگای‌ ئه‌نبار سێ‌ باره‌گای‌ بۆ لیژنه‌كان دروستكردووه‌ له‌ناوچه‌ی‌ حه‌ی‌ ته‌ئمیم‌و له‌ناوه‌ندی‌ شارو له‌ده‌وبه‌ری‌ شاره‌كه‌ش، ئه‌م لیژنانه‌ فۆرم به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دابه‌ش ده‌كه‌ن بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ خانوو كه‌لوپه‌ل، پاش ئه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی‌ تایبه‌ت ده‌درێت به‌هاوڵاتییه‌كه‌ تا له‌رێیه‌وه‌ سه‌ردانی‌ به‌شی‌ قه‌ره‌بوو بكات.

 

ئیبراهیم عوسه‌ج قایمقامی‌ قه‌زای‌ رومادی‌‌و سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "لیژنه‌كه‌ له‌مانگی‌ ئایاری‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ ده‌ستی‌ كردووه‌ به‌كاره‌كانی‌‌و حه‌ڤده‌ هه‌زار داواكاریی‌ قه‌ره‌بووی‌ وه‌رگرتووه‌، مه‌زه‌نده‌ ده‌كه‌ین ئه‌و داواكارییانه‌ بگاته‌ په‌نجا هه‌زار".

 

ده‌شڵێت "لیژنه‌كه‌ پشكنینی‌ بۆ سێ‌ هه‌زار داواكاری‌ كردووه‌و هه‌موو رۆژێكیش (30 بۆ 50) جێگه‌ له‌رێی‌ شه‌ست ئه‌ندازیارو كه‌سی‌ پسپۆڕ به‌سه‌ر ده‌كرێنه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ زۆر پیشه‌ییانه‌ كاره‌كانیان راده‌په‌ڕێنن".

 

جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ لۆكاڵی‌ زۆر گه‌رموگوڕه‌ له‌بابه‌تی‌ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیان، به‌ڵام حكومه‌تی‌ ناوه‌ند ته‌نها بڕی‌ یه‌ك ملیۆن دۆلاری‌ ته‌رخانكردووه‌ بۆ بوژاندنه‌وه‌ی‌ فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان، ده‌شڵێت "به‌پێی‌ مه‌زه‌نده‌ سه‌ره‌تاییه‌كان بڕی‌ دوو بۆ چوار ملیار دۆلارمان پێویسته‌ ته‌نها بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ خانووبه‌ره‌ی‌ هاوڵاتیان له‌به‌ری‌ باشورو ناوه‌ندو باكوری‌ رومادی‌".

 

ته‌ها عه‌بدولغه‌نی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا ده‌یه‌وێت ئاسته‌نگی‌ به‌رده‌م هاوڵاتیان كه‌مبكاته‌وه‌و خێراتر كاره‌كان رایی‌ بكرێن، بۆ ئه‌وه‌ش كات‌و كارمه‌ندی‌ زیاتر بۆ لیژنه‌كان ته‌رخانكراون".

 

ده‌شڵێت "بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ رومادی‌ لانی‌ كه‌م پێنج ساڵ كاركردنی‌ به‌رده‌وام پێویسته‌".

 

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ بیلال ئیبراهیم پسپۆڕی‌ ئابوری‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و زیانه‌ گه‌وره‌یه‌ی‌ به‌ر رومادی‌ كه‌وتووه‌ وایكردووه‌ بڕێك پاره‌ی‌ زه‌به‌لاحی‌ پێویست بێت بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، به‌هۆی‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ ئابورییه‌شه‌وه‌ دابینكردنی‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ هه‌روا ئاسان نییه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌