راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پێشێلكاری حەشد بارەكەی شێواندووە
ئۆزباكییەكان رێبەرایەتی هێزەكەی داعش دەكەن لەفەلوجە

موسته‌فا حه‌بیب
هێرشی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بۆ سەر فەلوجە گڕوتینی رۆژەكانی سەرەتای نەما، ئەمەش بەهۆی بەرگری داعش‌و پێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبییەوە.
9.06.2016  |  بەغدا
هێزە عێراقییەكان لەگوندێكی نزیك رومادی موشەك دەهاوێژن ( :وێنه احمد الربيعي)
هێزە عێراقییەكان لەگوندێكی نزیك رومادی موشەك دەهاوێژن ( :وێنه احمد الربيعي)

پاش دوو هەفتە لەدەستپێكردنی هەڵمەتی سەربازی بۆ سەر فەلوجە، هێزە ئەمنییەكانی عێراق توانیان بەری باكورو خۆرهەڵاتی دەوروبەری شارەكە پاك بكەنەوەو لەباشووریشەوە لەدەروازەكەی نزیك ببنەوە، بەڵام ئیتر لەوێدا پێشڕەوییەكان وەستاو لەوە دەچێت داعش خۆی بۆ شەڕێكی درێژخایەن ئامادە كردبێت.

 

لەپشت سەنگەرێكی خۆڵینەوە بەدرێژی سێ‌ مەتر لەناوچەی نعێمیەی باشووری فەلوجە بەسەدان چەكداری هێزەكانی دژە تیرۆر بڵاوبوونەتەوە كە راهێنراوترین بەشی سوپای عێراقین، ئەم سەربازانە بەچڕوپڕی فیشەك دەگرنە چەكدارانی داعش كە تەنها چەند مەترێك لێیانەوە دوورن.

 

سەرەڕای ئەوەی ماندوێتیان پێوە دیارە، بەڵام هێشتا لەناو سەنگەرەكەوە بەگوڕو تینەوە چاوەڕێی ئەوەن فەرمانیان پێبكرێت بۆ ئەوەی لەساترەكە بپەڕنەوە، بەڵام وەك نەقیب محەمەد رەبیعی ئاماژەی پێدەكات تا ئەو كاتەی فڕۆكە ئەمەریكییەكان بۆردومان نەكەن، ئەوان ناتوانن پێشڕەوی بكەن.

 

نەقیب محەمەد بە"نیقاش"ی وت "لەماوەی چەند رۆژێكی كەمدا توانیمان ناوچەی نعێمییەی ستراتیژی پاكبكەینەوە كە بەنداوێكی تێدایەو بەهۆیەوە داعش ئاوی فوراتی لەخوارووی عێراق دەگرتەوە، ئێستا نزیكین لەیەكەم گەڕەكەی شارەكە كە گەڕەكی شوهەدایە".

 

كاتێك رۆژی 23ی مانگی رابردوو حەیدەر عەبادی سەرەك وەزیران دەستپێكردنی پرۆسەی سەربازی فەلوجەی راگەیاند، سەرەتا هێزەكانی دژە تیرۆر بەشداری ئەو شەڕەیان نەكرد، بەڵكو پۆلیسی ئیتیحادی‌و گروپەكانی حەشدی شەعبی ئەو ئەركەیان پێ سپێردرا، بەڵام دوای پێنج رۆژو پاش ئەوەی پۆلیسی ئیتیحادی رووبەرووی ئاستەنگ بوونەوە، عەبادی بڕیاری بەشداری پێكردنی دژەی تیرۆری دا.

 

لەكاتێكدا پۆلیس‌و حەشدی شەعبی لەبەرەكانی باكورو خۆرهەڵاتەوە شەڕیان دەكرد، دژە تیرۆر بەشی باشووری هەڵبژارد ئەمەش بەقسەی نەقیب محەمەد لەبەر ئەوە بوو كە ناوچەكە كشتوكاڵی نییەو نزیكترە لەناوەندی شارەوە.

 

بەڵام ئەم هێزانە تێگەیشتن كە داعش باش خۆی ئامادە كردووەو بەشێك لەو سەنگەرە خۆڵینیانەی پێی گەیشتن بەر لەچەند هەفتەیەك داعش بنیادی نابوون لەبەر ئەوەی ئەیزانی هێزە ئەمنییەكان لەوێوە هێرش دەكەن.

 

یەكێك لەو پلانانەی كە گرتیانە بەر دروستكردنی چەندین تونێل بوو بۆ خۆشاردنەوەو هێرشكردنە سەر هێزە ئەمنییەكان لەپشتەوە، هەر لەبەر ئەمەش بوو دژە تیرۆر بڕیاریاندا پەلە نەكەن لەچوونە پێشەوە نەوەك بكەونە بۆسەوە.

 

راجع عیساوی ئەندامی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار بە"نیقاش"ی وت "هێزە ئەمنییەكان تۆڕێكی بەرفراوانی تونێلیان لەخوارووی فەلوجە ئاشكرا كردووە كە داعش بەكاریانهێناوە بۆ خۆحەشاردان‌و گواستنەوەی چەك... ئەمەش هەمان پلان بوو كە پێشتر لەرومادی گرتبویانە بەر".

 

داعش بڕیاریدا لەناو فەلوجەدا بمێنێتەوەو بەرگری بكات، بەپێچەوانەی پێشبینی فەرماندە سەربازییەكان كە پێیان وابوو هاوشێوەی هیت‌و روتبە پاشەكشە دەكات.

 

هەر لەو كاتەوە كە بەر لەدوو ساڵ‌و نیو داعش دەستی گرتووە بەسەر فەلوجەدا كەوتووەتە خۆقایمكردن‌و بنیادنانی تونێل، چونكە دروستكردنی ئەو تونێلانە كاتی زۆریان دەوێت‌و تێكدانیشیان پێویستی بەگورزی ئاسمانی‌و زانیاری هەواڵگرییە.

 

فەلوجە یەكەمین شاری عێراق بوو كە كەوتە دەست داعش لەمانگی كانوونی دووەمی 2014، شەش مانگ پێش ئەوەی موسڵ كۆنترۆڵ بكات.

 

لەناو فەلوجەدا چەكدارانی داعش بەنهێنی هاتوچۆ دەكەن نەوەك بكرێنە ئامانجی فرۆكەكانی هاوپەیمانان، بەپێی ئەو زانیارییە هەواڵگریانەی رۆژانە دەگاتە ژووری پرۆسە سەربازییە هاوبەشەكان لەناوچەی سەوز، داعش لەشارەكەدا 700 بۆ هەزار چەكداری هەیە.

 

ئەندامێكی ژووری هاوبەشی پرۆسە سەربازییەكان كە ئەفسەرێكی گەورەیە بەپلەی لیوا بەمەرجی ناو نەهێنانی "نیقاش"ی وت "هەموو رۆژێك لەناو فەلوجەوە زانیاری گرنگمان بەدەست دەگات، تائێستاش هەواڵنێری نهێنیمان هەیە كە زانیاریمان دەدەنێ‌ لەبارەی جموجۆڵی توندڕەوەكان‌و شوێنی مانەوەیان".

 

یەكێك لەو زانیارییە گرنگانەی گەیشتووەتە دەست ژوورە هاوبەشەكە ئەوەیە كە ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی داعش گۆڕانكاریی لەفەرماندە سەربازییەكانی شارەكەدا كردووە، بەدیاریكراوی دەسەڵاتی ئەمنی لەچەكدارە عێراقییەكان سەندووەتەوەو سپاردوێتی بەچەكدارە بیانییەكان.

 

ئەفسەرە پلەدارەكە بە"نیقاش"ی وت "ژمارەیەك چەكدار كە بەكەتیبەی ئۆزباكی ناسراون‌و لە 300 كەس پێكهاتوون‌و سەرجەمیان ئۆزباكی‌و شیشنانین، ئێستا رووبەرووی سوپا بوونەتەوە، ئەوانە بەهێزترین چەكدارەكانی داعشن‌و لەشارە گرنگەكانی وەك موسڵ‌و فەلوجەو ریفی حەلەب جێگیر كراون".

 

لەماوەی پێنج رۆژی یەكەمی شەڕەكەدا داعش پێشڕەوی نەكردو چەكدارەكانی لەدەوروبەری شارەوە پاشەكشەیان كرد بۆ ناو شار، تا رۆژی 28ی مانگ كە یەكەم هێرشی پێچەوانەی بەئۆتۆمبێلی بۆمب رێژكراو لەبەشی باشووری شارەكەوە ئەنجامدا.

 

وەك ئەوەی عەبدوڵا حەلبوسی یەكێك لەچەكدارانی عەشیرەتەكان ئاماژەی پێدەكات دە ئۆتۆمبێلی بۆمب رێژكراوو ژمارەیەك خۆكوژو قەناس بەدەست چەكەكانی دژی داعش بوون بۆ هێرشكردنە سەر ئەو فەوجەی سوپا كە بەمدواییە لەچەكدارانی عەشیرەتەكان پێكهێنراون.

 

حەلبوسی بە"نیقاش"ی وت "ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازییانەی داعش بەر لەدوو ساڵ لەموسڵ لەسوپای سەندن، ئێستا بۆمب رێژیكردوون، ئەوانەش بەئاسانی راناگیرێن‌و بڕێكی زۆر تەقەمەنی هەڵدەگرن".

 

تاكتیكەكەی داعش لەوەدا خۆی دەبینێتەوە ئۆتۆمبێلەكان دەتەقێنێتەوە بۆ ئەوەی بێ‌ سەروبەرەیی‌و تەپوتۆز دروست بكات‌و لەو كاتەدا چەكدارە خۆكوژەكانی دزە بكەن بۆ پەلاماردانی سوپاو خۆیان بتەقێننەوە.

 

حەلبوسی دەشڵێت "داعش چەكی قەناسی زۆر پێشكەوتووی هەیە، ئەمە جگە لەوەی نیشانە شكێنی بەتوانایان هەیە كە بزوێنەری ئۆتۆمبێلەكانی سوپا دەپێكن‌و لەكاریان دەخەن‌و پاشان هێرشیان دەكەنە سەر، هیچ چارەیەكمان نییە جگە لەبۆردومانی ئاسمانی".

 

بەر لەچەند رۆژێك داعش گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوەو رایگەیاند لەباشوری فەلوجەیە، تیایدا دەردەكەوێت كە چەكدارەكانی هێرش دەكەنە سەر ئۆتۆمبێلێكی سوپا، سەرەتای گرتەكەش بەوە دەست پێدەكات كە چەكدارێكی حەشدی شەعبی لەئاوارەكانی فەلوجە دەدات، بۆ ئەوەی لەو رێیەوە سۆزی خەڵك رابكێشێت.

 

یەكێك لەو رووداوانەی زیانی بەبەرەی شەڕەكەی فەلوجە گەیاندووە ئەوەیە كە چەكدارانی حەشدی شەعبی پێشێلكاریی بەرامبەر خەڵكی فەلوجە ئەنجام دەدەن‌و لەگرتەیەكدا دەردەكەوێت كە چەكدارێكی حەشد لەخەڵكی سیڤیل دەدات‌و جنێویان پێدەدات.

 

ئەبو مەهدی موهەندیس یەكێك لەدیارترین سەركردەكانی حەشدی شەعبی هەوڵیدا بارەكە راست بكاتەوەو چاوی بەژمارەیەك ئاوارەی شارەكە كەوت لەچەدرگەكاندا، یەكێك لە ئاوارەكان كە پیاوێكی بەتەمەنە پێی وت "بۆچی ئاوها مامەڵەمان لەگەڵ دەكەن، ئێمە عێراقی نین؟، پێت قبوڵە چەكدارێكی منداڵ بەم تەمەنەوە زلەم لێبدات‌و سوكایەتیم پێبكات؟".

 

داعش سوودی لەهەڵەی چەكدارانی حەشدی شەعبی بینیوەو دەنگۆی ئەوە لەناو خەڵكە گەمارۆدراوەكەی فەلوجەدا بڵاودەكاتەوە كە چەكدارانی حەشدی شەعبی دەیانكوژن‌و ماڵەكانیان تاڵان دەكەن، سەرەڕای ئەوەش خەڵكەكە هەر دەیانەوێت هەڵبێن.

 

بەهەزاران لەدانیشتوانی دەوروبەری فەلوجە پاش دەردەسەرییەكی زۆر توانیان هەڵبێن‌و خۆیان بگەیەننە هێزە ئەمنییەكان، بەڵام هێشتا دانیشتوانی ناو شارەكە گەمارۆ دراون‌و داعش رێی دەربازبوونیان پێنادات.

 

نەهلە راوی یەكێك لەئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار بە"نیقاش"ی وت "یەكەم هەفتەی شەڕەكە داعش هەموو ئەندامانی خێزانێكی كوشت لەبەر ئەوەی هەوڵی هەڵاتنیان دابوو، ئەمەش ئەوەندەی تر خەڵكی شارەكەی ترساند".

 

ئەو گڕوتینەی رۆژانی یەكەمی شەڕەكە هەبوو كەمبووەوە، هەم بەهۆی بەهێزی داعش‌و هەم بەهۆی شكاندنی رێكەوتننامەی واشنتۆن‌و تاران بۆ ئەوەی حەشدی شەعبی نەچنە ناو شارەكە، هادی عامری یەكێك لەسەركردە دیارەكانی حەشدی شەعبی لەدوا لێدوانیدا دەڵێت "ئێمە دەچینە ناو فەلوجەو كەس نییە بتوانێ‌ رێمان لێبگرێت".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌