راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌سره‌ ده‌یه‌وێت به‌كامێرای‌ چاودێری‌ خۆی‌ بپارێزێت

عه‌مار ساڵح
له‌دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ كامێرای‌ چاودێرییه‌وه‌ بكوژانی‌ شۆفێرێك ئاشكرابوون، ئێستا له‌به‌سره‌ زۆربه‌ی‌ دوكان‌و ماڵه‌كان كامێرای‌ چاودێرییان داناوه‌.
1.06.2016  |  به‌سره
Camera ( :وێنه Wikimedia Commons)
Camera ( :وێنه Wikimedia Commons)

رووداوی‌ كوژرانی‌ عه‌لی‌ كازم (22ساڵ)‌و دزینی‌ تاكسییه‌كه‌ی‌ یه‌كه‌مین رووداو نییه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كامێرای‌ چاودێرییه‌وه‌ تۆمار بكرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ وایكرد ئه‌م رووداوه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ی‌ هه‌بێت، بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ بوو له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا.

 

له‌و گرته‌یه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كاتێك شۆفێره‌كه‌ هه‌وڵی‌ هه‌ڵاتن ده‌دات، بكوژه‌كه‌ فیشه‌كێك ده‌نێت به‌سه‌ریه‌وه‌، جۆری‌ كوشتنه‌كه‌ سۆزی‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆری‌ بۆ كه‌سوكاری‌ قوربانییه‌كه‌ راكێشه‌ به‌تایبه‌تی‌ كه‌ خێزانه‌كه‌ی‌ ته‌نها له‌ژنه‌ دوو گیانه‌كه‌یی‌‌و دایكی‌ پێكهاتوون، به‌هۆیه‌وه‌ له‌به‌رده‌م بینای‌ پارێزگای‌ به‌سره‌ گردبوونه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ری‌ رێكخراو داوای‌ رێگری‌ له‌و تاوانانه‌و له‌سێداره‌دانی‌ بكوژه‌كه‌یان كرد.

 

نه‌بیل كازم خاوه‌نی‌ پێشانگای‌ فرۆشتن‌و دانانی‌ كامێرای‌ چاودێری‌ له‌بازاڕی‌ عه‌شاری‌ به‌سره‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ خه‌ڵكێكی‌ زۆر سه‌ریان كردووه‌ته‌ سه‌ر كڕینی‌ كامێرای‌ چاودێری‌.

 

نه‌بیل به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌ناوه‌ڕاستی‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ به‌هۆی‌ زۆربوونی‌ دزی‌ له‌ماڵان‌و دوكانه‌كان‌و زیادبوونی‌ رووداوی‌ فڕاندن كه‌ زیاتر شۆفێرانی‌ تاكسی‌ ده‌گرته‌وه‌، خه‌ڵكێكی‌ زۆر كامێرایان له‌ماڵه‌كانیان داناوه‌".

 

ده‌شڵێت "به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌رێی‌ كامێرای‌ چاودێرییه‌وه‌ چه‌ند تاوانبارێك دۆزراونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ خه‌ڵكی‌ زیاتر بڕوایان به‌دانانی‌ كامێرا هێناوه‌".

 

نه‌بیل كازم تێبینی‌ ئه‌وه‌ی‌ كردووه‌ كه‌ ئێستا بۆ زۆرێك له‌ماڵان‌و دوكانه‌كان كامێرا داده‌نرێت، له‌كاتێكدا جاران ته‌نها له‌كۆمپانیاو شوێنه‌ حكومییه‌كان ده‌بینرا.

 

ئه‌حمه‌د عه‌بدولكه‌ریمی‌ بازرگان، له‌م ماوه‌یه‌ی‌ رابردوودا چه‌ند كامێرایه‌كی‌ چاودێری‌ له‌ماڵه‌كه‌ی‌ داناوه‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌و كاته‌وه‌ زیاتر هه‌ست به‌دڵنیایی‌ ده‌كات، ده‌شڵێت "ئێستا له‌رێی‌ مۆبایله‌كانمانه‌وه‌ ده‌توانن له‌هه‌ر شوێنێك بین چاودێری‌ ماڵه‌وه‌ بكه‌ین".

 

زۆربوونی‌ دانانی‌ كامێرای‌ چاودێری‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌یه‌ كه‌ ئه‌ندازیار سه‌لام عه‌بدولحسێن پشت راستی‌ ده‌كاته‌وه‌، ئه‌و كه‌ له‌كۆمپانیایه‌كی‌ كه‌ره‌سته‌ی‌ ئه‌منی‌ كارده‌كات، ئه‌ماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌سته‌یه‌ك كامێراو ئامێری‌ تۆماركردن نرخی‌ له‌نێوان حه‌وت سه‌د بۆ دوو هه‌زار دۆلاردایه‌.

 

سه‌لام به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ندێ‌ كامێرا هه‌یه‌ زۆر پێشكه‌وتوون‌و كوالێتیان به‌رزه‌، ته‌نانه‌ت له‌شه‌ویشدا رووخساری‌ خه‌ڵك‌و ژماره‌ی‌ ئۆتۆمبێل ده‌ناسنه‌وه‌".

 

ژماره‌ی‌ دانیشتوانی‌ به‌سره‌ نزیكه‌ی‌ سێ‌ ملیۆن‌و (800) هه‌زار كه‌سن‌و پارێزگاكه‌ ناوه‌ندێكی‌ گرنگی‌ پیشه‌سازی‌ نه‌وته‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێژه‌ی‌ بێكاری‌ تیایدا گه‌یشتووه‌ته‌ (36%)و به‌هۆی‌ قه‌یرانی‌ ئابوریشه‌وه‌ باری‌ سه‌رشانی‌ خه‌ڵك قورستر بووه‌‌و تاوانیش زیادی‌ كردووه‌.

 

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌فه‌رمانده‌یی‌ پۆلیسی‌ به‌سره‌ كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ بڵاونه‌كرێته‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئێستا زیاتر پشت به‌كامێرای‌ چاودێری‌ ده‌به‌ستن بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ تاوانباران، ته‌نانه‌ت به‌هۆی‌ كامێرای‌ چاودێرییه‌وه‌ دوای‌ یه‌ك رۆژ بكوژی‌ شۆفێری‌ تاكسییه‌كه‌مان دۆزییه‌وه‌".

 

به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ پۆلیس هه‌موو مانگێك نزیكه‌ی‌ 150 تاوانی‌ جۆراوجۆر له‌دزی‌‌و فڕاندن‌و شه‌ڕ تۆمار ده‌كرێت‌و له‌نیوه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌مساڵدا به‌هۆی‌ ئه‌و رووداوانه‌وه‌ چوار هه‌زار كه‌س دراون به‌دادگا.

 

ئه‌گه‌ر جاران كامێرای‌ چاودێری‌ ته‌نها له‌ماڵی‌ به‌رپرسان‌و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كاندا هه‌بوبێت، ئێستا زۆرێك له‌هاوڵاتیانی‌ ئاسایش دایده‌نێن.

 

سوجاد عه‌قیلی‌ مامۆستا یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی‌ كامێرای‌ چاودێری‌ له‌ماڵه‌وه‌ داناوه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ سێ‌ مانگ له‌مه‌وبه‌ر دزی‌ له‌ماڵی‌ براكه‌ی‌ كراوه‌.

 

عه‌قیل به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌ماڵی‌ براكه‌م 35 ملیۆن دینارو بڕێك ئاڵتون‌و كه‌لوپه‌لی‌ به‌نرخ دزرا، ئه‌گه‌ر تێچوونی‌ دانانی‌ كامێرا گرانیش بێت زۆر باشتره‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌ زۆره‌ت لێ‌ بدزرێت".

 

له‌پاش زۆربوونی‌ تاوانه‌وه‌، ئێستا پارێزگای‌ به‌سره‌ سه‌رقاڵی‌ جێبه‌جێكردنی‌ پلانێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كامێرای‌ چاودێری‌ له‌زۆربه‌ی‌ شوێنه‌ گرنگ‌و هه‌ستیاره‌كانی‌ شاره‌كه‌دا دابنێت.

 

جه‌بار ساعدی‌ لێپرسراوی‌ لیژنه‌ی‌ ئاسایش له‌ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ به‌سره‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌م نزیكانه‌ كامێره‌كانی‌ چاودێری‌ له‌شه‌قام‌و شوێنه‌ گشتییه‌كانی‌ به‌سره‌ ده‌كه‌ونه‌ كار".

 

ئه‌م پرۆژه‌یه‌ زۆرێك له‌هاوڵاتیان‌و به‌رپرسانی‌ پارێزگاكه‌ پشتیان پێ به‌ستووه‌ به‌و هیوایه‌ی‌ رێگری‌ بكات له‌هه‌ڵكشانی‌ تاوانه‌كان.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌