له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی خۆپیشاندانه ناڕه‌زاییه‌كانی ناوچه‌ی سه‌وز، چه‌ند رۆژنامه‌نووسێك بهفیشهكو هه‌ندێكی تر به‌گازی فرمێسك رێژ له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه بریندار كران، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كامێرای چه‌ند پهیامنێرێكیش به‌ده‌ستی سه‌ربازه‌كان شكێنران.
كاتژمێر 4ی پاشنیوه‌ڕۆی هه‌ینی رابردوو به‌هه‌زاران خۆپیشانده‌ر وه‌كو هه‌فته‌كانی پێشوو له‌گۆڕه‌پانی ته‌حریر له‌ناوه‌ندی به‌غدا كۆبوونه‌وه‌و داوای چاكسازییان دهكردو دروشمیان دژی حكومه‌تی عێراقی به‌رزكردبۆوه.
دوای كاتژمێرێك خۆپیشانده‌ره‌كان كه زۆربه‌یان شوێنكه‌وتووی موقته‌دا سه‌درو بوون، بڕیاریاندا له‌پردی جمهوری بپه‌ڕنه‌وه‌و بچنه ناوچه‌ی سه‌وز، وه‌ك ئه‌وه‌ی دوو هه‌فته له‌مه‌وبه‌ر روویدا، به‌ڵام ئه‌مجاره سوپا له‌به‌رامبه‌ریان وه‌ستابۆوه.
گازی فرمێسك رێژ‌و گولە پلاستیكی‌و ته‌نانه‌ت گولە راسته‌قینه‌ش كه‌ره‌سته‌كانی ده‌ستی سوپا بوون بۆ بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشانده‌ران، به‌و هۆیه‌وه هه‌رایه‌كی گه‌وره دروستبوو به‌ده‌یان كه‌سیش بریندار بوون، دیارترین قوربانییه‌كانیش ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه بوون كه رووماڵی رووداوه‌كه‌یان ده‌كرد.
خۆپیشاندانه‌كه دوای دوو كاتژمێر كۆتایی هاتو به‌هۆیه‌وه 14 رۆژنامه‌نووس به‌ده‌ستدرێژی راسته‌وخۆی سوپا بریندار بوون، ژماره‌یه‌كی تریش به‌هۆی ئه‌و گازه فرمێسك رێژه‌وه زیانیان پێگه‌یش كه هێزه ئه‌منییه‌كان به‌كاریانهێنا بێ ئه‌وه‌ی جیاوازی له‌نێوان خۆپیشانده‌رو رۆژنامه‌نووساندا بكه‌ن.
سه‌نته‌ری میتر بۆ داكۆكیكردن له‌مافی رۆژنامه‌نووسان له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه زیاتر له 13 رۆژنامه‌نووس ده‌ستدرێژیان كراوه‌ته سه‌ر له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی خۆپیشاندهنهكهی رۆژی هه‌ینیدا.
هه‌رچی "كۆمه‌ڵه‌ی به‌رگری له‌ئازادی رۆژنامه‌نووسان"ه جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه 14 رۆژنامه‌نووس له‌دامه‌زراوه‌و كه‌ناڵه عێراق‌و عهرهبیو بیانییه‌كان ده‌ستدرێژیان كراوه‌ته سه‌ر به‌گازی فرمێسك رێژ‌و گولە پلاستیكی، هه‌روه‌ها په‌یامنێری كه‌ناڵی "هنا بغداد" محه‌مه‌د سه‌مه‌د به‌فیشه‌ك پێكراوه.
مونیر جبوری په‌یامنێری كه‌ناڵی "ئه‌لمه‌دا" یه‌كێك بوو له‌و رۆژنامه‌نووسه كه‌مانه‌ی له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران توانی بچێته ناوچه‌ی سه‌وزو باره‌گای حكومه‌ت، له‌وێ بهمۆبایلهكهی وێنه‌ی رووداوه‌كه‌ی گرت، چونكه به‌هۆی ئه‌و هه‌رایه‌ی دروست بوو، وێنه‌گره‌كه‌ی لێی جیابووه‌وه.
جبوری به"نیقاش"ی وت "وه‌كو هه‌موو هه‌ینییه‌كانی پێشوو رووماڵی خۆپیشاندانه‌كانمان ده‌كرد، به‌ڵام گۆڕانكاری ئه‌مجاره ئه‌وه بوو سوپا رووبه‌رووی خۆپیشانده‌ران بووه‌وه‌و نه‌یهێشت بچنه ناوچه‌ی سه‌وزه‌وه".
وه‌ك جبوری ئاماژه‌ی پێده‌كات ته‌نها چه‌ند خوله‌كێكی ویستووه بۆ ئه‌وه‌ی ژماریه‌ك خۆپیشانده‌ر ده‌رگای سه‌ره‌كی ناوچه‌ی سه‌وز تێبپهڕێننو بگه‌نه باره‌گای حكومه‌ت، هه‌ر به‌دوای ئه‌وانیشدا هه‌زاران كه‌سی تری ناڕازی خۆی كردووه به‌ژووردا، به‌ڵام سوپا به‌ری پێگرتوون.
سه‌ره‌تا سوپا گازی فرمێسك رێژی به‌كارهێناوه، پاشان گولە پلاستیكی، دوای ئه‌وه‌ش چه‌ند سه‌ربازێك فیشه‌كیان ته‌قاندووه، جبوری ده‌ڵێت "لۆگۆی كه‌ناڵه‌كه به‌ده‌ستمه‌وه بوو، كه‌چی بۆمبێكی فرمێسك رێژیان تێگرتم.. پێم وتن كه بوهستنو من رۆژنامه‌نووسم، به‌ڵام گوێیان پێنه‌دام".
خۆپیشاندهرانو میدیاكاران چاوه‌ڕێیان نه‌ده‌كرد كه حكومه‌ت به‌و شێوه‌یه رووبه‌روویان ببێته‌وه، له‌كاتی رووداوه‌كه‌دا جبوری ده‌بورێته‌وه‌و ده‌كه‌وێته سه‌ر زه‌وی، خۆپیشانده‌رێك رایدهكێشێو دووری ده‌خاته‌وه له‌هێزه ئه‌منییه‌كان، كاتێك به‌ئاگا دێته‌وه ده‌بینێت له‌نه‌خۆشخانه‌یه.
جبوری ده‌ڵێت "هێزه ئه‌منییه‌كان هه‌مان رۆشنبیری ساڵانی رابردوویان هه‌یه، ئه‌وان پێیان وایه رۆژنامه‌نووسان دوژمن‌و خیانه‌تكارو ره‌نگه سیخوڕیش بن"، جبوری هۆشداری ده‌دات لهبهرتهسككردنهوهی ئازادی رادهربڕینو رێوشوێنه‌كانی حكومه‌ت بۆ داخستنی كهناڵو بێده‌نگكردن‌و لێدانی رۆژنامه‌نووسان.
به‌پێی راپۆرتی رێكخراو‌و كۆمه‌ڵه‌كانی داكۆكیكار له‌رۆژنامه‌نووسان، په‌یامنێرانی كه‌ناڵی (NRT عه‌ره‌بی) كه باره‌گاكه‌ی له‌سلێمانییه، له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌كانی (ئه‌لمه‌دا، هنا بغداد، anb) كه باره‌گاكانیان له‌به‌غدایه‌و كه‌ناڵی (ئه‌لنه‌هار)و ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نووسی لۆكاڵی‌و بیانی ده‌ستدرێژیان كراوه‌ته سه‌ر، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین هێرشه كه له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا ده‌كرێته سه‌ر رۆژنامه‌نووسان.
مه‌جید عه‌بدولره‌زا كه رۆژنامهنووسێكهو بۆ زۆر ده‌زگای راگه‌یاندنی عهرهبیو بیانی كارده‌كات، له‌لایه‌ن سه‌ربازێكه‌وه لێی دراوه‌و كامێراكه‌ی شكێنراوه.
عه‌بدولره‌زا به"نیقاش"ی وت "وێنه‌ی خۆپیشاندهرێكم ده‌گرت كه به‌هۆی گازه‌وه كه‌وته سه‌ر زه‌وی، به‌ڵام سه‌ربازێك له‌پشته‌وه پیای كێشامو خۆم‌و كامێراكه‌م كه‌وتینه سه‌ر زه‌وی، سه‌ربازه‌كه كامێراكه‌ی شكاندم، كاتێك ویستم رێی لێبگرم، رووی چه‌كه‌كه‌ی تێ‌كردم".
ده‌شڵێت "كێ قه‌ره‌بووی كامێراكه‌م ده‌كاته‌وه كه نرخی چه‌ند هه‌زار دۆلارێكه"، حكومهتو هێزه ئه‌منییه‌كانیش تۆمه‌تبار ده‌كات به‌هێرشكردنه سه‌ر ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی به‌دڵی ئه‌وان رووماڵی رووداوه‌كان ناكه‌ن.
له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان وێنه‌ی ئه‌و میدیاكارانه بڵاوكرایه‌وه كه سه‌ره‌ڕای هێرشكردنه سه‌ریان، به‌رده‌وام بوون له‌كاره‌كه‌یان، له‌وانه په‌یامنێرو وێنه‌گری كه‌ناڵی (NRT) كه له‌سه‌ر زه‌وی پاڵكه‌وتووه‌و كراسی له‌به‌ردا نه‌ماوه، به‌ڵام هه‌ر كاره‌كه‌ی خۆی ده‌كات، چه‌ند وێنه‌گرێكی تریش ده‌رده‌كه‌ون كه سه‌ره‌ڕای بوونی گازی فرمێسك رێژ‌و گولە پلاستیكی، به‌ڵام به‌رده‌وامن له‌كاره‌كه‌یان.
له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه رۆژنامهنووسو رێكخراوه په‌یوه‌ندیداره‌كان گله‌ییان له‌و بڕیارانه هه‌یه كه حكومه‌ت ده‌ریكردوون بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی كاری رۆژنامه‌نووسی‌و ئازادی راده‌ربڕین.
له‌مانگی ئازاری رابردوو، حكومه‌ت نوسینگه‌ی كه‌ناڵی (به‌غدادیه)ی داخست كه به‌وه ناسراوه ره‌خنه لهحكومهتو سیاسییه‌كان ده‌گرێت، مانگی نیسانیش نوسینگه‌ی كه‌ناڵی (ئه‌لجه‌زیره)ی قه‌ته‌ری داخست‌و هه‌مان مانگ "ده‌سته‌ی راگهیاندنو په‌یوه‌ندییه‌كان" به‌رنامه‌ی كۆمیدی (ئه‌لبه‌شیر شۆ)ی له‌كه‌ناڵی سۆمه‌رییه راگرت، به‌ڵام به‌رنامه‌كه له‌سه‌ر كه‌ناڵی DWی ئه‌ڵمانی به‌رده‌وام بوو.
هه‌ر ئه‌مساڵ هێرشی سه‌ر رۆژنامه‌نووسان زیادی كردووه‌و له‌مانگی كانوونی دووه‌مدا له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراو په‌یامنێرو وێنه‌گری كه‌ناڵی (شه‌رقییه) له‌دیاله كوژران، هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنیش له‌چه‌ند رۆژنامه‌نووسێك كراوه كه دۆسێی گه‌نده‌ڵی دارایی‌و كارگێڕییان ئاشكرا كردووه، حاڵه‌تی ده‌ركردنی ههڕهمهكیش زیادی كردووه.
راپۆرتی ساڵانه‌ی "په‌یامنێرانی بێ‌سنور" ئاشكرای كردووه كه جیهانی عه‌ره‌بی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری تیا به‌رته‌سك ده‌كرێته‌وه، سه‌باره‌ت به‌عێراقیش رایگه‌یاند كه دوو پله به‌سلبی پاشه‌كشه‌ی كردووه، چونكه له پله‌ی 156ی ساڵی 2015 چووه‌ته پله‌ی 158 بۆ ئه‌مساڵ.