راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌ناو جل‌و مه‌نجه‌ڵ‌و پایسكیلدا
فێڵه‌كانی‌ داعش بۆ چاندنی‌ بۆمب‌و ته‌قه‌مه‌نی‌ له‌رومادی‌

که‌مال عه‌یاش
ئه‌و هه‌موو پاشماوه‌ی‌ بۆمب‌و ته‌قه‌مه‌نییه‌ی‌ داعش له‌رومادی‌ له‌دوای‌ خۆی‌ جێی‌ هێشتووه‌ بووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌كی‌ راسته‌قینه‌ به‌سه‌ر ژیانی‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌وه‌.
5.05.2016  |  ئه‌نبار
به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ داعشه‌وه‌ له‌سه‌دا شه‌ستی‌ رومادی‌ وێران بووه‌ ( :وێنه موضح الدليمي)
به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ داعشه‌وه‌ له‌سه‌دا شه‌ستی‌ رومادی‌ وێران بووه‌ ( :وێنه موضح الدليمي)

عه‌لی‌ فه‌هداوی‌ كه‌ له‌ناوچه‌ی‌ حه‌ی‌ مه‌لعه‌بی‌ رومادی‌ نیشته‌جێیه‌یه‌، یه‌كێكه‌ له‌و دانیشتوانه‌ كه‌مه‌ی‌ رومادی‌ كه‌ به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌ی‌، ده‌ڵێت "هه‌ر شتێك به‌ته‌له‌وه‌ به‌سرابوو ده‌ستمان لێوه‌ نه‌ده‌دا، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ دڵنیایان كردبووینه‌وه‌ كه‌ هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ئارادا نییه‌".

 

ده‌شڵێت "پاش چه‌ند كاتژمێرێك چووم ئاوی‌ خواردنه‌وه‌ له‌بازاڕێكی‌ نزیك بكڕم، به‌ر له‌وه‌ی‌ بگه‌مه‌وه‌ ده‌نگی‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ك له‌ماڵه‌وه‌ هات كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ براكه‌م‌و كچه‌كه‌ی‌ گیانیان له‌ده‌ستدا، چونكه‌ براكه‌م چووبوو پایسكیله‌كه‌ی‌ بۆ كچه‌كه‌ی‌ هێنابوو، نه‌یانزانیبوو كوشنی‌ پایسكیله‌كه‌ ته‌قه‌مه‌نی‌ تێكراوه‌".

 

فه‌هداوی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ پیشه‌ییانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ماڵه‌كاندا ناكه‌ن‌و هه‌ر تێیان ده‌په‌ڕێنن، ره‌نگه‌ به‌هۆی‌ كه‌می‌ تواناو شاره‌زاییه‌وه‌ بێت، ئێمه‌ ئاگامان لێیه‌ رۆژانه‌ ده‌یان بۆمب له‌شاره‌كه‌دا ده‌ته‌قێته‌وه‌".

 

دایكی‌ ئه‌یمه‌ن ژنێكی‌ ته‌مه‌ن شه‌ست ساڵه‌و له‌گه‌ڕه‌كی‌ جمهوری‌ نیشته‌جێیه‌، ئه‌و كه‌ له‌باخچه‌ی‌ ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیان دانیشتووه‌ كه‌ به‌ته‌واوی‌ وێران بووه‌، چیرۆكی‌ بۆمب‌و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانی‌ داعش بۆ كوڕه‌زاو كچه‌زاكانی‌ ده‌گێرێته‌وه‌.

 

دایكی‌ ئه‌یمه‌ن هێما بۆ منداڵێكی‌ بچووك ده‌كات كه‌ له‌نزیكیه‌وه‌ دانیشتووه‌و ده‌ڵێت "باوكی‌ ئه‌م منداڵه‌ پێی‌ وتم ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شارو له‌بارودۆخی‌ ماڵه‌وه‌ دڵنیا ده‌بێت، كه‌ ته‌له‌فۆنی‌ بۆ كردین تێی‌ گه‌یاندین ئه‌و ناوه‌ چۆن وێران بووه‌".

 

له‌و كاته‌دا فرمێسك به‌چاویدا دێته‌ خواره‌وه‌و ده‌ڵێت "نه‌مانزانی‌ رۆژی‌ دواتر ته‌رمه‌كه‌ی‌ ده‌نێژین، كوڕه‌كه‌م چوبوو جله‌ ژنانه‌كان له‌ژووری‌ نوستنه‌كه‌ كۆبكاته‌وه‌، نه‌یزانیبوو پارچه‌یه‌ك له‌و جلانه‌ به‌ته‌لێكه‌وه‌ به‌ستراوه‌ به‌بۆمبێكه‌وه‌ كه‌ له‌ژێر سیسه‌مه‌كه‌ داندراوه‌و ده‌ته‌قێته‌وه‌".

 

ده‌شڵێت "هه‌موو شتێك له‌م شاره‌دا مه‌ترسی‌ له‌سه‌ره‌، ته‌نانه‌ت ناو ماڵ‌و شه‌قامه‌كانیش هه‌مووی‌ بۆمبن، بۆیه‌ به‌ر له‌هه‌ر هه‌نگاوێك هه‌زار جار بیر ده‌كه‌ینه‌وه‌".

 

له‌و كاته‌وه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌مانگی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ رابردووه‌وه‌ رومادییان ئازادكردووه‌ (110كم خۆرئاوای‌ به‌غدا)، چه‌ندین رێكخراوو لایه‌نی‌ سیاسی‌ هه‌وڵیان ده‌دا خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ بۆ بگێڕنه‌وه‌، هه‌ر به‌راستیش له‌مانگی‌ نیسانه‌وه‌ چه‌ند خێزانێك ده‌ستیان كرد به‌گه‌ڕانه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ بۆمب‌و ته‌قه‌مه‌نییه‌وه‌ زۆر خێزانی‌ تر ناوێرن بگه‌ڕێنه‌وه‌.

 

قوربانیانی‌ ته‌قه‌مه‌نییه‌كانی‌ داعش ته‌نها هاوڵاتیانی‌ سیڤیل نین، به‌ڵكو هه‌فتانه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش لێیان ده‌كوژرێت.

 

موسته‌فا عه‌لوانی‌ یه‌كێك له‌كارمه‌ندانی‌ ده‌زگای‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی‌ ته‌قه‌مه‌نی‌ له‌رومادی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "كه‌می‌ تواناو شاره‌زایی‌ بووه‌ته‌ رێگری‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌فتانه‌ هاوڕێمان لێ‌ شه‌هید ده‌بێ‌، به‌ڵام كه‌سانی‌ خۆبه‌خش له‌پۆلیس‌و سوپا یارمه‌تیمان ده‌ده‌ن".

 

عه‌لوانی‌ ده‌شڵێت "داعش چه‌ند رێگه‌یه‌كی‌ جیاواز‌و ئاڵۆزی‌ به‌كارهێناوه‌ بۆ چاندنی‌ ته‌قه‌مه‌نی‌، زۆرجار له‌شوێنێكی‌ ماڵدا دایناوه‌ كه‌ ژن‌و منداڵ ده‌ستی‌ بۆ ببه‌ن، له‌زۆربه‌ی‌ ئه‌و ماڵانه‌ی‌ بۆی‌ چووین له‌ناو یاری‌ منداڵان‌و مه‌نجه‌ڵ‌و كه‌لوپه‌لی‌ چێشتخانه‌دا ته‌قه‌مه‌نی‌ هه‌بووه‌".

 

درێژه‌ به‌قسه‌كانی‌ ده‌دات‌و ده‌ڵێت "هاریكاری‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ له‌ئاگاداركردنه‌وه‌مان كاتێك ته‌نێكی‌ نامۆ ده‌بینن‌و لێی‌ نزیك نابنه‌وه‌، وایكردووه‌ ژماره‌ی‌ قوربانییه‌كان كه‌م ببێته‌وه‌".

 

له‌سه‌ر ئاستی‌ لۆكاڵی‌‌و نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌وڵی‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی‌ مین‌و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانی‌ رومادی‌ ده‌درێت له‌رێی‌ دروستكردنی‌ شانه‌ی‌ قه‌یران له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ به‌رگری‌ شارستانی‌‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ژینگه‌ی‌ ئه‌نبارو ده‌زگای‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی‌ ته‌قه‌مه‌نی‌، له‌ژێر چاودێری‌ پسپۆڕانی‌ نێوده‌وڵه‌تیدا.

 

ته‌ها عه‌بدولغه‌نی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئامارێكی‌ دروستمان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ سه‌باره‌ت به‌بۆمب‌و ته‌قه‌مه‌نییه‌ چێنراوه‌كانی‌ ئه‌نبار، ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌و كاولكارییه‌ی‌ داعش دروستی‌ كردووه‌، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ندین موشه‌ك هه‌ن نه‌ته‌قیونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام تائێستا هێزه‌ ئه‌منی‌‌و كادیره‌ ئه‌ندازه‌ییه‌كان نزیكه‌ی‌ هه‌شت هه‌زار بۆمبیان هه‌ڵگرتووه‌ته‌وه‌".

 

ده‌شڵێت "پارێزگای‌ ئه‌نبار گرێبه‌ستی‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ ئه‌مه‌ریكی‌ كردووه‌و ئه‌و كۆمپانیایه‌ش له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ گرێبه‌ستێكی‌ تری‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی‌ عێراقی‌ كردووه‌و پێكه‌وه‌ خۆرئاوای‌ رومادی‌ پاكده‌كه‌نه‌وه‌، پێم وایه‌ له‌ماوه‌ی‌ 90 رۆژدا ئه‌و ناوچه‌یه‌ نیمچه‌ خاڵی‌ ده‌بێت له‌بۆمب‌و ته‌قه‌مه‌نی‌".

 

له‌لای‌ خۆیه‌وه‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌به‌غدا هه‌نگاوێكی‌ هاوشێوه‌ی‌ هه‌ڵهێناوه‌و له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند كه‌ بڕی‌ پێنج ملیۆن دۆلاری‌ ته‌رخانكردووه‌ بۆ هاریكاری‌ رومادی‌ له‌پاككردنه‌وه‌ی‌ له‌ته‌قه‌مه‌نی‌‌و چاككردنه‌وه‌ی‌ ژێرخانی‌ شاره‌كه‌و هاوكاریكردنی‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌.

 

له‌به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ نوسینگه‌ی‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی‌ ته‌قه‌مه‌نی‌ سه‌ر به‌كاروباری‌ سیاسی‌‌و سه‌ربازی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا گرێبه‌ستی‌ داوه‌ به‌كۆمپانیای‌ (یانوسی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌) بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران‌و سوهێب راوی‌ پارێزگاری‌ ئه‌نبارو نێرده‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان شاره‌كه‌ پاك بكه‌نه‌وه‌.

 

به‌پێی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ ئاستی‌ كارولكاری‌ شاری‌ رومادی‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 60% ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ مه‌ترسی‌ گه‌وره‌ به‌سه‌ر ژیانی‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌وه‌ هه‌یه‌.

 

ئه‌حمه‌د عه‌بدولكه‌ریم كه‌ له‌گه‌ڕه‌كی‌ حه‌ی‌ به‌كر له‌خۆرهه‌ڵاتی‌ رومادی‌ نیشته‌جێ بوو، یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ ی‌ ئاماده‌ نه‌بووه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ماڵ‌و حاڵه‌كه‌ی‌، له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "شاره‌كه‌ به‌ته‌واوی‌ وێران بووه‌، به‌و گه‌ڕه‌كه‌شه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ تیای‌ نیشته‌جێبووین، ناتوانین خانوو شه‌قام‌و باخچه‌ له‌یه‌ك جیا بكه‌ینه‌وه‌".

 

ده‌شڵێت "ناگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دڵنیاش بم هه‌مووی‌ پاككراوه‌ته‌وه‌، بۆ خۆم‌و خێزانه‌كه‌م وا باشتره‌ دوو ساڵی‌ تر له‌ئاواره‌ییدا بمێنینه‌وه‌ له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ ببینه‌ی‌ قوربانی‌ ته‌قینه‌وه‌كانی‌ داعش".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌