راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌مه‌یدان كۆتایی‌ هات‌و له‌فه‌یسبووك به‌رده‌وامه‌
تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئاگری‌ شه‌ڕه‌كه‌ی‌ خورماتوو خۆش ده‌كه‌ن

شاڵاو محەمەد له‌گه‌ڵ موسته‌فا حه‌بیب
دووشه‌ممه‌ی‌ رابردوو له‌خورماتوو شه‌ڕ له‌نێوان پێشمه‌رگه‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ روویدا، هه‌رچه‌نده‌ دواتر پێكدادانه‌كه‌ هێوربووه‌وه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان درێژه‌ی‌ پێدرا.
27.04.2016  |  كه‌ركوك‌و به‌غدا
میدیا عێراقییه‌كان پشتیان به‌ستووه‌ به‌وێنه‌ی‌ ساخته‌ كه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراونه‌ته‌وه‌
میدیا عێراقییه‌كان پشتیان به‌ستووه‌ به‌وێنه‌ی‌ ساخته‌ كه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراونه‌ته‌وه‌

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ له‌خورماتوو كوردو شیعه‌ ده‌كه‌ونه‌ ململانێوه‌، مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ ساڵی‌ رابردوو (2015) هه‌ردوولا پێكدا هه‌ڵپژان‌و دواجار ئێران ئاگره‌كه‌ی‌ خامۆشكرد.

 

خورماتوو یه‌كێكه‌ له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان‌و كورد به‌به‌شێك له‌خاكی‌ كوردستانی‌ ده‌زانێت‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیش ئه‌مه‌ ره‌ت ده‌كاته‌وه‌، كێشه‌كه‌ ئه‌و كاته‌ ئاڵۆزتربوو كه‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌پاش هێرشه‌كانی‌ داعشه‌وه‌ له‌ 2014 چووه‌ ناو شاره‌كه‌.

 

هێزه‌ كوردییه‌كان گروپه‌ شیعه‌كانی‌ نزیك له‌ئێران تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌وه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت شه‌ڕی‌ داعش بكه‌نه‌ بیانوو بۆ كۆنترۆڵكردنی‌ ئه‌و شاره‌، له‌كاتێكدا له‌پاش ساڵی‌ 2003وه‌ به‌ده‌ست كورده‌وه‌یه‌.

 

گێڕانه‌وه‌ی‌ فه‌رمی‌ له‌باره‌ی‌ رووداوه‌كه‌ی‌ رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ی‌ رابردووه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هۆی‌ شه‌ڕه‌كه‌وه‌ 25 كه‌س كوژراون، پێنجیان پێشمه‌رگه‌ن‌و چوار له‌وانه‌ ئه‌فسه‌رن، كوژراوه‌كانی‌ تر له‌حه‌شدی‌ شه‌عبین، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌كوژران‌و برینداربوونی‌ 37 كه‌سی‌ تر كه‌ له‌نێویاندا ژن‌و منداڵ هه‌یه‌.

 

چه‌ند كاتژمێرێك دوای‌ پێكدا هه‌ڵپژانه‌كه‌ ژماره‌یه‌ك به‌رپرس گه‌یشتنه‌ شاره‌كه‌، له‌وانه‌ هادی‌ عامری‌ سه‌رۆكی‌ رێكخراوی‌ به‌درو نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری‌ كه‌ركوك، هه‌ردوولا رێككه‌وتن له‌سه‌ر راگرتنی‌ شه‌ڕه‌كه‌.

 

به‌ڵام ژماره‌یه‌ك میدیای‌ عێراقی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان گێڕانه‌وه‌یه‌كی‌ تریان هه‌بوو بۆ چیرۆكه‌كه‌ كه‌ پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌واته‌وات‌و وێنه‌ی‌ ساخته‌، ناونیشانی‌ هه‌ره‌ دیار ئه‌وه‌ بوو كه‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ چه‌ند تانكێكی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ سوتاندووه‌، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش پڕبوون له‌جنێوو بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ رق‌و توڕه‌یی‌.

 

ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاو له‌میدیا عێراقییه‌كان وێنه‌ی‌ ساخته‌و هه‌واڵی‌ درۆینه‌یان بڵاوكرده‌وه‌ له‌باره‌ی‌ سوتاندنی‌ تانكی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌دوز، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ چه‌ندین گێڕانه‌وه‌ی‌ ناڕاستیان له‌سه‌ر پێكدادانه‌كان ده‌خسته‌ روو، له‌م رووه‌وه‌ وێنه‌ی‌ چه‌ند ته‌رمێك بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ته‌رمی‌ پێشمه‌رگه‌ن، دواتر ده‌ركه‌وت سه‌رجه‌م وێنه‌كان كۆنن، هه‌روه‌ها له‌و لاشه‌وه‌ دیسانه‌وه‌ وێنه‌ی‌ چه‌ند ته‌رمێك بڵاوكرانه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ حه‌شدی‌ شه‌عبین، ده‌ركه‌وت ئه‌وانه‌ش وێنه‌ی‌ كۆنن.

 

دیارترین ئه‌و میدیایانه‌ی‌ به‌م ئاراسته‌یه‌ كاریان ده‌كرد بریتی‌ بوون له‌: ئاژانسی‌ قرتاس نیوز، ئاژانسی‌ هه‌واڵیی‌ نون، ئاژانسی‌ موازین نیوز، ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ جیهانی‌ عه‌ره‌بی‌.

 

تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌ربڵاو رۆڵیان هه‌بوو له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هه‌واڵ‌و وێنه‌ی‌ درۆ، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و په‌یج‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی‌ سه‌ر به‌هێزه‌ شیعه‌كان بوون، له‌و كۆمێنتانه‌ش كه‌ له‌سه‌ر هه‌واڵه‌كان نوسراوه‌ به‌روونی‌ ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و جۆره‌ هه‌واڵانه‌ چ رۆڵێكیان هه‌بووه‌ له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ رق‌و توڕه‌یی‌ له‌لای‌ هه‌ردوولا.

 

دیارترین ئه‌و په‌یجانه‌ بریتی‌ بوون له‌: رێكخراوی‌ به‌در – نوسینگه‌ی‌ خورماتوو، هه‌واڵه‌كانی‌ خورماتووی‌ لێقه‌وماو، سیاسی‌ عێراقی‌، فیرقه‌ی‌ ئاڵتونی‌‌و حه‌شد، به‌سره‌ی‌ ئازاد، نه‌ته‌وه‌ی‌ توركمان، ئاژانسی‌ نون له‌فه‌یسبووك، رووداوی‌ ئێستا 2، باس‌و خواسی‌ عێراقی‌، گه‌نجانی‌ به‌سره‌

 

لیوا مه‌ریوان محه‌مه‌د فه‌رمانده‌ی‌ لیوای‌ پشتیوانی‌ دووی‌  هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ به‌روونی‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ پێشمه‌رگه‌كانیان ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ری‌ زانیاری‌‌و وێنه‌ی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌.

 

لیوا مه‌ریوان به‌"نیقاش"ی‌ وت "تۆڕه‌ كۆمه‌ڵاتیه‌كان ڕۆڵی‌ خراپ ده‌گێڕن له‌گه‌رمكردنه‌وه‌ی‌ شه‌ڕی‌ خورماتوو، زۆر كات دۆخه‌ هێور بۆته‌وه‌، به‌ڵام په‌یجێك یان كه‌سێكی‌ حه‌شد پۆستێك ده‌كات ده‌ڵێت هێزمان له‌ئامرلیه‌وه‌ به‌ڕێكه‌وت بۆ ئازادكردنی‌ خورماتوو، هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ قبوڵی‌ ئه‌و دۆخه‌ ناكات‌و هه‌ڵچوون ڕوده‌دات‌و شه‌ڕه‌كه‌ ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌".

 

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ نموونه‌یه‌ك ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌ڵێت "یه‌كه‌م رۆژی‌ شه‌ڕه‌كه‌ ئه‌م دواییه‌ی‌ خورماتوو په‌یجی‌ ڕێكخراوی‌ به‌در پۆستێكی‌ كردبوو نزیكه‌ی‌ 10 ته‌رم له‌ناو ئۆتۆمبێلێكی‌ جۆری‌ پیكاب نیسان بوو نوسیبووی‌ چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ كوژرا، به‌ڵام دوای‌ ده‌ركه‌وت ئه‌و فۆتۆیه‌ پێشمه‌رگه‌ نیه‌و چه‌كدارانی‌ داعش بوون له‌ئه‌نبار، ئه‌مه‌ به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ شه‌ڕێكی‌ قووڵ دروست ببێ‌".

 

ته‌نانه‌ت خودی‌ پێشمه‌رگه‌كانیش دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ هه‌م تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كاری‌ تێكردوون‌و هه‌م خۆیان بوونه‌ته‌ كه‌ره‌سته‌ بۆ گه‌رمكردنی‌ ئه‌و تۆڕانه‌.

 

ئاری‌ به‌كر پێشمه‌رگه‌ له‌فه‌وجی‌ پێنجی‌ چه‌مچه‌ماڵی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان له‌خورماتوو به‌"نیقاش"ی‌ وت " شه‌وی‌ شه‌ممه‌ له‌سه‌ر یه‌ك شه‌ممه‌ی‌ ڕابردوو بوو ده‌نگی‌ ته‌قه‌ له‌خورماتوو به‌رز بووه‌وه‌، ئێمه‌ش چووینه‌ ناو شار، به‌ڵام به‌قه‌ناس عه‌مید سیروان محه‌مه‌د جێگری‌ ئامر فه‌وجه‌كه‌مان شه‌هید كرا، بۆیه‌ له‌توڕه‌ییدا له‌فه‌یسبوكه‌كه‌م نوسیم: گه‌وره‌م ده‌بێت له‌بری‌ تۆ 10 چه‌كداری‌ داعش سه‌ربڕم، دوایی‌ برایه‌كم كه‌ خوێندكاری‌ زانكۆی‌ سه‌ڵاحه‌دینه‌ له‌هه‌ولێر ته‌له‌فۆنی‌ بۆكردم ووتی‌ ئه‌و پۆسته‌ بكوژێنه‌وه‌ ئه‌مه‌ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر كه‌سایه‌تیت دروست ده‌كات".

 

ئاری‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ ململانێ‌ به‌كارده‌هێنن‌و ده‌ڵێت "ئێمه‌ له‌شه‌ڕێكداین ته‌نها دوو شتمان له‌به‌رده‌ستدایه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵاتیه‌كان‌و چه‌كه‌كانمان، چونكه‌ رۆژگاره‌كه‌ وای‌ لێهاتوه‌ ته‌نها ئه‌و دوو شته‌ دوژمنی‌ پێ ده‌ترسێنێت".

 

له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی‌ تر وێنه‌ی‌ پیاوێكی‌ به‌ته‌مه‌ن كه‌ له‌م شه‌ڕه‌ی‌ دوایی‌ خورماتوو به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌ربڵاو له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌رده‌كه‌وت كاتێك ئاڵایه‌كی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌باره‌گایه‌ك داده‌گرێ‌.

 

عه‌باس قه‌والی‌ (57 ساڵ) ئه‌و پێشمه‌رگه‌ خۆبه‌خشه‌یه‌ كه‌ له‌وێنه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، زیاتر له‌ساڵێك به‌ر له‌ئێستا برایه‌كی‌ عه‌باس له‌جه‌له‌ولا به‌ده‌ستی‌ داعش ده‌كوژرێ‌‌و ئه‌ویش له‌تۆڵه‌یدا ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌، ئێستا شانازی‌ به‌وه‌وه‌ ده‌كات كه‌ بووه‌ته‌ "پاڵه‌وان"ی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "شانازی‌ به‌ئاڵای‌ عێراق ده‌كه‌م، چونكه‌ ناوی‌ خودای‌ له‌سه‌ر نوسراوه‌، شانازی‌ به‌ئاڵای‌ میلله‌ته‌كه‌م ده‌كه‌م كه‌ به‌خوێن و قوربانیدان گه‌شه‌ی‌ كردوه‌، به‌ڵام هیچ ئاڵایه‌كی‌ ترم قبوڵ نییه‌".

 

عه‌باس ده‌شڵێت "خۆم فه‌یسبووكم نیه‌، به‌ڵام خه‌ڵكی‌ زۆر ته‌له‌فۆنیان بۆ كردم وتیان ده‌نگدانه‌وه‌ی‌ دروست كردوه‌ بریاره‌ دوو كه‌ناڵی‌ ئینگلیزی‌ به‌منزیكانه‌ بێن‌و چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵ بكه‌ن، پێمخۆشه‌ كاره‌كه‌م ئه‌و ده‌نگدانه‌وه‌ی‌ دروست كردووه‌".

 

ئه‌و نمونه‌ی‌ ساڵی‌ 2003و سه‌ره‌تای‌ روخاندنی‌ رژێمی‌ به‌عس ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ كاتێك قه‌زای‌ خورماتوو ڕزگار كراو ده‌ڵێت "ئه‌و كاته‌ چه‌ندین ئۆتۆمبێلی‌ حزبی‌ به‌عسمان سوتاندو ئاڵای‌ حزبی‌ به‌عسمان له‌بیناكان فڕێدایه‌ خواره‌وه‌، به‌ڵام كه‌س باسی‌ نه‌كرد، به‌پێچه‌وانه‌ داگرتنی‌ ئه‌و ئاڵایه‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌خورماتوو منی‌ به‌ناوبانگتر كردووه‌، به‌وه‌ش دڵمخۆشه‌، به‌ڵام منداڵه‌كان كه‌مێك ئه‌ترسن چونكه‌ حه‌شد به‌وه‌ زۆر توڕه‌ بوو هه‌رچه‌نده‌ من ناترسم".

 

بۆ به‌ره‌ی‌ دووه‌می‌ ناكۆكییه‌كه‌ش وێنه‌و پۆستی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌هه‌مان ئه‌نده‌زه‌ كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بێ‌.

 

خه‌لیف عه‌واف یه‌كێك له‌فه‌رمانده‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌كه‌ركوك‌و خورماتوو به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و شه‌ڕه‌ی‌ دوز خورماتوو ئه‌جێندایی‌ ده‌ره‌كی‌‌و میدیاو سۆشیال میدیا گه‌وره‌یان كردوه‌، ئێمه‌ نیگه‌رانین كه‌ خه‌ڵك به‌و شێوه‌یه‌ له‌تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌یته‌كانه‌وه‌ جنێو به‌یه‌كتر ئه‌ده‌ن سوكایه‌تی‌ به‌بنه‌ما پیرۆزه‌كانی‌ یه‌كدی‌ ده‌كه‌ن، داوامان له‌ده‌سته‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق كردوه‌ به‌كارهێنانی‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌سنوری‌ كه‌ركوك‌و خورماتوو ڕابگرێت، چونكه‌ شتی‌ زۆر درۆ له‌دژی‌ یه‌كتر بڵاو ده‌كرێته‌وه‌".

 

عه‌واف نموونه‌یه‌ك ده‌هێنێته‌وه‌و ده‌ڵێت "له‌په‌یجێك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ده‌بابه‌و هێزێكی‌ زۆری‌ دژه‌ تیرۆرو هێزێكی‌ ده‌مامكدار گه‌یشته‌ خورماتوو كه‌ ته‌له‌فۆن ئه‌كه‌ین بۆ قایمقامی‌ خورماتوو، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ وانیه‌".

 

فه‌رمانده‌ مه‌یدانییه‌كان پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوده‌بێته‌وه‌، له‌خۆوه‌ نییه‌، به‌ڵكو كارێكی‌ پلان بۆ داڕێژراوه‌و شه‌ڕێكی‌ شاراوه‌یه‌ كه‌ حیزبه‌كان به‌رامبه‌ر یه‌كتر ده‌یكه‌ن‌و خه‌ڵكیش زوو باوه‌ڕی‌ پێده‌كات.

 

عه‌لی‌ نه‌جار جێگری‌ فه‌وجی‌ دووی‌ هێزه‌كانی‌ عه‌باس قیتالی‌ له‌كه‌ركوك‌و خورماتوو دانیشتووی‌ ئه‌و قه‌زایه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "حزبه‌كان به‌بێ‌ جیاوازی‌ كۆمه‌ڵێك گه‌نج به‌پاره‌ ده‌گرن‌و به‌س تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن كه‌ یه‌كتری‌ به‌خائین ناو ببه‌ن، ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌م شه‌ڕه‌دا نه‌بوو، به‌ڵكو له‌دواین هێرش بۆ گرتنه‌وه‌ی‌ گوندی‌ به‌شیر له‌باشوری‌ كه‌ركوك له‌17ی‌ نیسان چوار كه‌سمان شه‌هید بوو، به‌ڵام په‌یجه‌كانی‌ خورماتوو به‌ته‌نزه‌وه‌ باسی‌ هێزه‌كانی‌ ئێمه‌یان ده‌كرد كه‌ ناتوانین گوندێك بگرینه‌وه‌، ئه‌مانه‌ زۆر كاریگه‌ری‌ خراپ دروست ده‌كات".

 

ئه‌و هه‌واڵه‌ ناڕاست‌و واته‌واتانه‌ی‌ له‌سه‌ر رووداوه‌كانی‌ خورماتوو بڵاوكرانه‌وه‌، یه‌كه‌مجار نییه‌و دوا جاریش نابێت، بێسه‌رو به‌ره‌یی‌ سیاسی‌‌و خراپی‌ به‌كارهێنانی‌ ته‌كنه‌لۆژیا باشترین ده‌رفه‌ته‌ بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی‌ پروپاگه‌نده‌، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ وه‌ك فه‌یسبووك‌و تویته‌رو یوتیوب له‌عێراقدا ته‌ماشاكارێكی‌ زۆریان هه‌یه‌و سه‌رچاوه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ ده‌ستكه‌وتنی‌ هه‌واڵ‌و زانیارین، به‌تایبه‌تی‌ بۆ گه‌نجان.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌