راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

موسڵ نابینا ده‌بێت
خه‌لیفه‌كه‌ی‌ داعش ئینته‌رنێت‌و سه‌ته‌لایت حه‌رام ده‌كات

تایبه‌ت
ئه‌و درزه‌ بچوكه‌ی‌ موسڵ ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌جیهانی‌ ده‌ره‌وه‌ له‌به‌رده‌م مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌دایه‌ به‌یه‌كجاری‌ دابخرێت، پاش ئه‌وه‌ی‌ خه‌لیفه‌كه‌ی‌ داعش فه‌رمانی‌ نوێی‌ بۆ ئینته‌رنێت‌و سه‌ته‌لایت ده‌ركردووه‌.
28.04.2016  |  موسڵ
 ( :وێنه Wikimedia Commons / Biswarup Ganguly)
( :وێنه Wikimedia Commons / Biswarup Ganguly)

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌رگاكانی‌ به‌رووی‌ یه‌ك ملیۆن‌و پێنج سه‌د هه‌زار هاوڵاتیدا داخست بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌موسڵ نه‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌مڕۆ داعش له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دایه‌ ده‌رگای‌ په‌یوه‌ندیشیان به‌جیهانی‌ ده‌ره‌وه‌ دابخات، چونكه‌ چه‌ند رێنماییه‌كی‌ ده‌ركردووه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ به‌كارهێنانی‌ ئینته‌رنێت‌و سه‌پاندنی‌ چاودێری‌ راسته‌وخۆ، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ چه‌ند رێوشوێنێكی‌ توند بۆ به‌كارهێنانی‌ سه‌ته‌لایت.

 

رۆژی‌ 11ی‌ ئه‌م مانگه‌ (نیسان) ناوه‌ندی‌ زانیاری‌ سه‌ر به‌داعش فه‌رمانێكی‌ ده‌ركردووه‌، به‌پێی‌ فه‌رمانه‌كه‌ كه‌ كۆپییه‌كی‌ ده‌ست "نیقاش" كه‌وتووه‌، ده‌بێت سه‌رجه‌م كۆمپانیاكانی‌ ئینته‌رنێت فۆرمێك پڕبكه‌نه‌وه‌ له‌باره‌ی‌ ژماره‌ی‌ به‌شداربوانیان‌و ناوو شوێنی‌ نیشته‌جێبوونیان، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ تۆماركردنی‌ ئاماری‌ بورج‌و نه‌خشه‌ی‌ هێڵه‌كانیان.

 

خاوه‌نی‌ كۆمپانیاكان ناچاربوون پابه‌ندبن به‌بڕیاره‌كه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ شمشێریان له‌سه‌ره‌و تیایدا هاتووه‌ "ئه‌گه‌ر ناوی‌ هه‌ر به‌شداربوویه‌ك بشاردرێته‌وه‌ یان زانیاری‌ هه‌ڵه‌ی‌ له‌باره‌وه‌ بدرێت، ئه‌وا خاوه‌نی‌ كۆمپانیاكه‌ رووبه‌رووی‌ لێپرسینه‌وه‌ ده‌بێته‌وه‌".

 

پاش كه‌وتنی‌ موسڵ به‌فه‌رمانی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ هێڵی‌ مۆبایل‌و ئینته‌رنێت له‌و شاره‌دا په‌كخرا، بۆیه‌ داعش رێگه‌یدا هێڵی‌ ئینته‌رنێت له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ سیسته‌می‌ حكومی‌ بخرێته‌وه‌ كار، بازرگانه‌ سورییه‌كان ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر ئه‌م بواره‌داو ئه‌ركی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كۆمپانیا لۆكاڵییه‌كانیش سپێردرا به‌كه‌سانی‌ عێراقی‌ یان ئه‌ندامانی‌ داعش كه‌ وه‌ك كه‌سی‌ مه‌ده‌نی‌ خۆیان ناساندووه‌.

 

جیاواز له‌جارانی‌ پێشوو عه‌بدولحه‌مید كه‌ له‌موسڵ نیشته‌جێیه‌ به‌زمانێكی‌ ساده‌ قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێ‌ ئاواره‌كه‌ی‌ كرد له‌دهۆك‌و بۆی‌ نوسی‌ "ئه‌مه‌ دواهه‌مین په‌یوه‌ندیمان ده‌بێت".

 

كاتێكیش هاوڕێكه‌ی‌ پرسیاری‌ هۆكاره‌كه‌ی‌ لێكرد، عه‌بدولحه‌مید بۆی‌ رونكرده‌وه‌ كه‌ داوای‌ ناوی‌ چواری‌‌و ناونیشان‌و كۆپی‌ به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌كانیان لێكردووه‌و ده‌زانێ‌ ئه‌وه‌ی‌ كراوه‌ ته‌ڵه‌یه‌ بۆ به‌كارهێنانی‌ ئینته‌رنێت تا داعش به‌ئاسانی‌ ده‌ستی‌ پێیان بگات.

 

موسڵییه‌كان ده‌توانن له‌ماڵه‌وه‌ یان له‌كۆفی‌ ئینته‌رنێته‌كان په‌یوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌ره‌وه‌ ببه‌ستن، هه‌رچه‌نده‌ هێڵی‌ ئینته‌رنێته‌كه‌ زۆر خراپه‌و گرانیشه‌، به‌ڵام ناچاریشن به‌رده‌وام بن جا بۆ په‌یوه‌ندی‌ به‌ستن بێت له‌گه‌ڵ‌ كه‌سوكار یان بۆ بازرگانی‌ یان بۆ ئه‌نجامدانی‌ چالاكی‌ بێت له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.

 

چه‌ند مانگێكه‌ داعش هێرشێكی‌ به‌رپاكردووه‌ دژی‌ به‌كارهێنه‌رانی‌ ئینته‌رنێت به‌تایبه‌تی‌ چالاكوانانی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌هۆیه‌وه‌ ده‌یان گه‌نج ده‌ستگیركراون كه‌ به‌شێكیان دواتر ئازادكراون، یه‌كێك له‌وانه‌ گه‌نجێكه‌ كه‌ 10 هه‌فته‌ له‌ژێرزه‌مینی‌ كه‌نیسه‌یه‌ك له‌ناوه‌ندی‌ شاردا ماوه‌ته‌وه‌و پاش ئه‌وه‌ی‌ گه‌یشت به‌توركیا له‌رێی‌ ته‌له‌فۆنه‌وه‌ قسه‌ی‌ بۆ "نیقاش" كرد.

 

ئه‌و گه‌نجه‌ باس له‌رووداوی‌ ده‌ستگیركردنه‌كه‌ی‌ ده‌كات‌و ده‌ڵێت "هاتنه‌ سه‌ر ماڵه‌كه‌مان‌و كۆمپیوته‌رو مۆبایله‌كه‌یان پشكنیم، دواتر چاویان به‌ستمه‌وه‌و له‌گه‌ڵ خۆیان بردیانم".

 

تۆمه‌تی‌ ئه‌و گه‌نجه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ په‌یجێكی‌ له‌فه‌یسبووك به‌ڕێوه‌بردووه‌ بۆ پاڵپشتی‌ سوپای‌ عێراقی‌‌و هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌‌و زانیاری‌ له‌سه‌ر داعش داونه‌تێ‌، به‌ڵام نه‌توانراوه‌ هیچ یه‌كێك له‌و تۆمه‌تانه‌ی‌ به‌سه‌ردا ساغ بكرێته‌وه‌و ئه‌و ماوه‌یه‌ش گیراوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ "بڵاوكراوه‌ی‌ نا ئیسلامی‌" له‌كۆمپیوته‌ره‌كه‌یدا هه‌بووه‌ وه‌ك وێنه‌ی‌ كچان‌و نوكته‌و نوسین كه‌ ئاماژه‌ی‌ سێكسی‌ تیا بووه‌.

 

له‌و كاته‌شه‌وه‌ كه‌ هاوپه‌یمانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هێرشه‌كانی‌ بۆ سه‌ر داعش چڕكردووه‌ته‌وه‌، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی‌ داعشیش چالاكتر بووه‌، چونكه‌ پێی‌ وایه‌ خه‌ڵكی‌ له‌ناو موسڵه‌وه‌ ئامانجه‌كان ئاشكرا ده‌كه‌ن‌و تۆمه‌تباری‌ یه‌كه‌میش به‌كارهێنه‌رانی‌ ئینته‌رنێت‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانن.

 

ده‌ستكه‌وتنی‌ زانیاری‌ له‌باره‌ی‌ به‌كارهێنه‌رانی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ كارئاسانی‌ ته‌واو بۆ داعش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌ستی‌ بگاته‌ ئه‌وانه‌ی‌ گومانی‌ لێیان هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌و ناوچانه‌ی‌ زوو زوو بۆردومان ده‌كرێن.

 

له‌ترسی‌ ئه‌م بڕیاره‌ زۆرێك له‌به‌شداربووان ده‌ستیان له‌په‌یوه‌ندی‌ به‌رێگای‌ ئینته‌رنێت هه‌ڵگرتووه‌، "نیقاش" ده‌ كه‌سی‌ چالاكی‌ به‌كارهێنه‌ری‌ ڤایبه‌رو واتسئاپی‌ به‌نموونه‌ وه‌رگرت كه‌ هه‌موویان رایانگه‌یاند ترسیان هه‌یه‌ له‌ئاشكرابوونی‌ ناوو ناونیشانیان، حه‌وت له‌وانه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد كه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ ئایاره‌وه‌ هاوبه‌شیكردن له‌ئینته‌رنێت راده‌گرن.

 

ئه‌گه‌ر ئینته‌رنێت چاوێكی‌ موسڵییه‌كان بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌دنیای‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پێ بڕوانن، ئه‌وا چاوی‌ دووهه‌مین سه‌ته‌لایته‌ كه‌ ئه‌مه‌شیان مه‌ترسی‌ نابینابوونی‌ له‌سه‌ره‌.

 

داعش پلانێكی‌ روونی‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ته‌واوی‌ سه‌ته‌لایت له‌موسڵدا قه‌ده‌غه‌ بكات، به‌ڵام پێده‌چێت هه‌نگاو به‌هه‌نگاو بیخاته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌، سه‌ره‌تا له‌ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ ئازاردا بڕیاریدا به‌قه‌ده‌غه‌كردنی‌ هاورده‌كردن‌و كڕین‌و چاككردنه‌وه‌ی‌ سه‌ته‌لایت.

 

بۆ یه‌كه‌مجار ده‌زگای‌ حسبه‌ (پۆلیسی‌ داعش) سزای‌ دارایی‌ سه‌پاند به‌وانه‌ی‌ پابه‌ند نابن به‌رێنمایی‌ به‌كارهێنانی‌ سه‌ته‌لایته‌وه‌، به‌مه‌ش سه‌ته‌لایت چووه‌ ریزی‌ جگه‌ره‌كێشان‌و ریشتاشین‌و پۆشینی‌ جلی‌ درێژه‌وه‌.

 

یونس شه‌عبان كه‌ به‌تۆمه‌تی‌ كێشانی‌ جگه‌ره‌ ده‌ستگیركراوه‌و دواتر پێناسه‌كه‌یان لێسه‌ندووه‌، داویان لێكردووه‌ دوای‌ یه‌ك هه‌فته‌ سه‌ردانی‌ پۆلیس بكات‌و ئامێری‌ سه‌ته‌لایته‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ خۆی‌ ببات، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ چووه‌ته‌ ئه‌وێ‌ سه‌ته‌لایته‌كه‌یان شكاندووه‌و به‌بڕێك پاره‌ش غه‌رامه‌یان كردووه‌ ئینجا پێناسه‌كه‌یان داوه‌ته‌وه‌.

 

زۆركه‌سی‌ تر هه‌مان رووداویان به‌سه‌ردا هاتووه‌، ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات كه‌ داعش مه‌به‌ستێتی‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌و شاره‌ بێبه‌ش بكات له‌بینینی‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان.

 

به‌ر له‌هه‌فته‌یه‌ك نوسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ داعش چاپكراوێكی‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ تیایدا 20 هۆكار خراوه‌ته‌ روو بۆ حه‌رامكردنی‌ ته‌ماشای‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان، دیارترینیان "بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ هه‌واڵی‌ درۆینه‌ له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌، بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ كفرو وێنه‌ی‌ ژنی‌ سه‌رنجڕاكێش‌و دورخستنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك له‌خواپه‌رستی‌".

 

تائێستا خه‌ڵكی‌ موسڵ ته‌ماشای‌ كه‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و رێكه‌وته‌ی‌ بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ یه‌كجاری‌ داندراوه‌ یه‌كه‌م رۆژی‌ مانگی‌ ره‌مه‌زانه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ حوزه‌یران.

 

ره‌نگه‌ چانسی‌ ئینته‌رنێت باشتر بێت له‌سه‌ته‌لایت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌مه‌ زیاتر موسڵ له‌ده‌ست داعشدا بێت، كه‌س نازانێت هه‌نگاوی‌ داهاتووی‌ چی ده‌بێت بۆ دابڕینی‌ زیاتری‌ خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ له‌جیهانی‌ ده‌ره‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌