راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: إحاطات من داخل وعبر العراق
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پارووه‌ چه‌وره‌كه‌
رومادی‌ له‌قه‌یرانی‌ داعشه‌وه‌ بۆ قه‌یرانی‌ سیاسی‌

که‌مال عه‌یاش
پێده‌چێت چاره‌نووسی‌ رومادی‌ به‌و شێوه‌یه‌ بێت، له‌قه‌یرانێك نه‌بێته‌وه‌ یه‌كێكی‌ تر به‌رۆكی‌ بگرێت‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی‌ دوابخات.
21.04.2016  |  ئه‌نبار
به‌رپرسانی‌ ئه‌نبار
به‌رپرسانی‌ ئه‌نبار

رۆژ به‌رۆژ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ناوچه‌ی‌ زیاتر له‌رومادی‌ ناوه‌ندی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار پاك ده‌كه‌نه‌وه‌، عه‌شیره‌ت‌و هێزه‌ سیاسییه‌كانیش له‌ئێستاوه‌ كێبڕكێیانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ شتێك له‌ئاینده‌ی‌ ئه‌و شاره‌ بۆ خۆیان بپچڕن.

 

خه‌ڵكه‌ ئاواره‌ بووه‌كه‌ی‌ روومادی‌ چاویان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ زوو پرۆسه‌ی‌ ئه‌منی‌ له‌شاره‌كه‌یاندا كۆتایی‌ بێت‌و بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ‌و حاڵی‌ خۆیان، به‌ڵام له‌وه‌ ده‌چێت به‌م زوانه‌ ئه‌و خه‌ونه‌یان نه‌یه‌ته‌ دی‌.

 

ته‌ها عه‌بدولغه‌نی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌رووی‌ ئه‌منییه‌ سه‌قامگیربوونی‌ رومادی‌ به‌مزوانه‌ كارێكی‌ ئاسان نییه‌، چونكه‌ شاره‌كه‌ پێویستی‌ به‌وه‌یه‌ به‌ته‌واوی‌ له‌مه‌ترسی‌ مین‌و ته‌قه‌مه‌نی‌ پاك بكرێته‌وه‌ ئینجا دانیشتوانه‌كه‌ی‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌.

 

ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر ته‌قه‌مه‌نییه‌كانیش به‌ته‌واوی‌ له‌و شاره‌ هه‌ڵبگیرێن‌و قسه‌كه‌ی‌ ته‌ها بێته‌ دی‌، هێشتا چه‌ند مینێكی‌ ترسی‌ سیاسی‌، مه‌ترسی‌ گه‌وره‌بن به‌سه‌ر شاره‌كه‌وه‌.

 

ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا دوو بڕیاری‌ دژ به‌یه‌كی‌ ده‌ركردووه‌ كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر قه‌یرانه‌كانی‌ قووڵ كردووه‌ته‌وه‌، یه‌كه‌میان راسپاردنی‌ سوهێب راوی‌ پارێزگار به‌به‌ڕێوه‌بردنی‌ دۆسێی‌ ئه‌نبار، دووهه‌میان راسپاردنی‌ عه‌بدولله‌تیف همه‌یم سه‌رۆكی‌ وه‌قفی‌ سوننه‌ به‌به‌ڕێوه‌بردنی‌ دۆسێی‌ ئاواره‌كان، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ پارێزگاكه‌ به‌سه‌ر ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌دا دابه‌ش ببن.

 

مه‌زهه‌ر مه‌لا ئه‌ندامی‌ پێشووی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات ئه‌م دوو فه‌رمانه‌ وایكردووه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان تێكه‌ڵ ببن‌و هه‌ریه‌ك له‌و دوو به‌ره‌یه‌ خۆی‌ به‌ڕه‌واتر ببینێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ شاره‌كه‌.

 

مه‌لا به‌"نیقاش"ی‌ وت "زۆرێك له‌هێزو حیزب‌و كه‌سایه‌تییه‌ عه‌شایه‌رییه‌كان كوتله‌ی‌ سیاسیان دروستكردووه‌و خۆیان ئاماده‌ ده‌كه‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو، گروپێك له‌مانه‌ مالیكی‌‌و گروپه‌كه‌ی‌ تریش ئوسامه‌ نوجێفی‌ پاڵپشتیان ده‌كه‌ن".

 

مه‌لا ده‌شڵێت "زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ شه‌ڕیان له‌سه‌ر ئه‌نباره‌، چاویان له‌قازانجی‌ داراییه‌و ده‌یانه‌وێت به‌ڵێنده‌رایه‌تی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ شاره‌كه‌ بگرنه‌ ده‌ست، به‌ڵام خه‌ڵكی‌ ئه‌نبار به‌وه‌ ناخه‌ڵه‌تێن".

 

ئه‌وانه‌ی‌ چاودێری‌ جموجۆڵه‌ سیاسییه‌كانی‌ ئه‌م دواییه‌ ده‌كه‌ن له‌وه‌ ده‌ترسن ناكۆكییه‌كان تامی‌ سه‌ركه‌وتن له‌بیر خه‌ڵكی‌ شاره‌كه‌ بباته‌وه‌و جارێكی‌ تر ئارامی‌ به‌خۆیانه‌وه‌ نه‌بینن.

 

سه‌عدون شه‌علان ئه‌ندامی‌ پێشووی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ ئه‌نبار ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هێزی‌ باڵاده‌ستی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ به‌پێی‌ رووداوه‌كان گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه‌، چونكه‌ له‌پاش ساڵی‌ 2006ه‌وه‌ هێزه‌كانی‌ سه‌حوه‌ بوونه‌ ژماره‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ به‌هۆی‌ ده‌ركردنی‌ داعشه‌وه‌، به‌ڵام دواتر هێزه‌ ئیسلامییه‌كان به‌ڕڕه‌كه‌یان له‌ژێر پێ راكێشان‌و بوونه‌ باڵاده‌ستی‌ سه‌ره‌كی‌.

 

هیچ سه‌رده‌مێك وه‌ك ئێستا ئاینده‌ی‌ سیاسی‌ ئه‌نبار ناڕۆشن نه‌بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئاماژه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن كه‌ ئێستاش حیزبی‌ ئیسلامی‌ به‌پاڵپشتی‌ عه‌شیره‌ته‌كان گه‌وره‌ترین هێزی‌ ناوچه‌كه‌یه‌، به‌ڵام ململانێی‌ قوڵی‌ دوای‌ رووداوه‌ ئه‌منییه‌كان ره‌نگه‌ ده‌رهاویشته‌یه‌كی‌ تری‌ هه‌بێت.

 

ئه‌حمه‌د عه‌بد ئه‌حمه‌د قایمقامی‌ قه‌زای‌ خالیدییه‌ی‌ سه‌ر به‌ئه‌نبار روونی‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌قۆناغی‌ داهاتوودا هه‌ریه‌ك له‌لایه‌نه‌كان كێبڕكێیان ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ جڵه‌وی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئه‌نبار بگرنه‌ ده‌ست، له‌وه‌ش ده‌ترسێ‌ ئه‌م كێبڕكێیه‌ بپه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناكۆكی‌ قوڵترو ناسه‌قامگیری‌ زیاتری‌ لێ بكه‌وێته‌وه‌.

 

ئه‌حمه‌د به‌"نیقاش"ی‌ وت "سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێ‌ له‌كه‌سایه‌تییه‌كان كاتی‌ كه‌وتنی‌ ئه‌نبار له‌هیچ جێگه‌یه‌كه‌وه‌ دیار نه‌بوو، به‌ڵام ئێستا ده‌یانه‌وێت خۆیان به‌سه‌ر جومگه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ پارێزگاكه‌دا بسه‌پێنن".

 

له‌كاتێكدا خه‌ڵكه‌ ئاواره‌كه‌ی‌ رومادی‌ له‌ژیانێكی‌ سه‌خت‌و دژواردا ده‌ژین، به‌ڵام له‌ئێستاوه‌و پێش ئه‌وه‌ی‌ مه‌ترسییه‌ ئه‌منییه‌كان كۆتایی‌ بێت هێز لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان په‌له‌یانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ پاروویه‌ك له‌و نانه‌ چه‌وره‌ بۆ خۆیان بپچڕن‌و له‌قازانجه‌كانی‌ ئاینده‌ی‌ شاره‌كه‌ بێبه‌ش نه‌بن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌